رەسوڵ سەفەریانی
نەمدەزانی چی بووە، یان قەرارە چی بێت. دەمزانی هەمووان چاوەڕوانی شتێکن. لەم سەر بۆ ئەوسەری ژوورەکە هاتووچۆم دەکرد. جار و بار لەبەینی کەسەکانەوە سەرێکم دەکێشا و، دەمدی دایەگەورەم بێدەنگ و بێ جوڵە راکشاوە. سەیرێکم دەکرد و، پاشان سەیری بازنەی کەسەکانی دەوروبەری. جێگام دەگۆڕی و، دیسان لە کونێکی ترەوە سەیریم دەکرد. سەیری خەڵکەکەم دەکرد کە دڵتەنگ و مات بۆ دایەگەورەمیان دەڕوانی. چاوەکانی دایەگەورە وشک و بێ رۆح دەیانروانی. کەسی دەدی؟ نازانم، بەڵام هەمووان ئەویان دەدی و، چاوەڕوان بوون.
دووا هەناسە
رەسوڵ سەفەریانی
مردن و ژیان بەردەوام لە مێشکی ئەودا خەریکی غارغارێنن. مێشکی دەڵێی دەشتێکی کاکی بە کاکییە کە دوو ئەسپی مردن و ژیان تێدا غار دەکەن و، تەپ و تۆزێکی وەها بەرپا دەکەن کە چاو چاو نابینێت و رێگە بە هیچ بیر و خەیاڵێکی تر نادەن خۆیان بنوێنن. بە بینینی هەر شتێک دەیان نمونە لە مێشکیدا دێنە سەر شاشە و خۆیان گرێدەدەن بەو شتەوە. وا دیارە هەر هەموو بیرەوەرییەکانیش، تەنانەت هی سەردەمی مناڵیش ناوشیارانە و بێئاگا خۆیان دەنووسێنن بە بیرەکانی ئەمڕۆیەوە. وەرن با بزانن کە چی بە چییەوە گرێدەدات. ئەمە بۆ ئەوەیە کە ئەمڕۆ شتێکی بینیوە و مێشکی ئاخنیاوی لەم خەیاڵانە چووەتەوە بۆ کوێ. لەوانەیە قەت خۆی ئەو کاتە و تەنانەت لە ساڵەکانی تەمەنیشی بیری لەو رووداوە نەکردبێتەوە، یان لانی کەم لە شوبهاندن و لێکچواندنی ئەو رووداوە لە گەڵ ئەمەی ئەمڕۆ نەکردبێتەوە.
نەمدەزانی چی بووە، یان قەرارە چی بێت. دەمزانی هەمووان چاوەڕوانی شتێکن. لەم سەر بۆ ئەوسەری ژوورەکە هاتووچۆم دەکرد. جار و بار لەبەینی کەسەکانەوە سەرێکم دەکێشا و، دەمدی دایەگەورەم بێدەنگ و بێ جوڵە راکشاوە. سەیرێکم دەکرد و، پاشان سەیری بازنەی کەسەکانی دەوروبەری. جێگام دەگۆڕی و، دیسان لە کونێکی ترەوە سەیریم دەکرد. سەیری خەڵکەکەم دەکرد کە دڵتەنگ و مات بۆ دایەگەورەمیان دەڕوانی. چاوەکانی دایەگەورە وشک و بێ رۆح دەیانروانی. کەسی دەدی؟ نازانم، بەڵام هەمووان ئەویان دەدی و، چاوەڕوان بوون.
شیوەن و گریانی بێدەنگ دەورەکەی تەنیوە و بە دریژای بالای پاڵکەوتوی ئەو، بەدەوریەوە کەسەکانی ئامادە لە هۆڵەکەدا کۆبووبوونەتەوە و بێدەنگ بە چاوی فرمێسکاوییەوە سەیریان دەکرد. ئەو چاوی تەنیا چەند دەققە پێش داخست و ئیتر نەیکردەوە بەڵام هەناسەکان وەک دوا نیشانەی زیندوبوون لە تەنکایی سکیدا دەبیندرا. هەموو چاوەکان بەدەوریدا بە دەوری سک و قورگ و هەناسەکاندا دەسووڕان. بۆ ئەوەی نەیشڵەژێنن و رۆحی ئارام بێت، بێدەنگ دەگریان و فرمێسکەکانیان بە دەسماڵەکانی دەستیان یان بە سەردەست و لۆی کراسەکانیان دەسڕی. تەنیا دەنگ، دەنگی خوێندنەوەی ئایەتی قورئان بوو کە لە نزیکترین کەسی پەنای گوێیەەوە دەهات. گوێی لێیە یان نا بۆ ئەو دەخوێندرێت. تێیدەگات یان نا کەس نازانێت. هەمووان دەزانن کە نەخوێندەوار بوو و عەرەبیشی نەدەزانی.
چاوەکان بە سکیدا بەرە و ژوور دەچن و، پاشان بە دەورا لە چاوەکانی تر دەڕوانن. هەمووان دڵ پڕن و، چاوەکان بێ ئێختیار فرمێسک بەردەدەنەوە. هەرچی دڵەکان نزیکتر و خوێنەکان هاوبەشتر بێت لەگەڵ خوێنی جەستەی روو لەسارد بوونەوەی سەرعەرزەکەدا، ئەوا چاوەکانیشیان بە خوڕتر فرمێسک بەردەدەنەوە و هەناسەکانیشیان لەگەڵ هەناسەکانی ئەو هەنیسک دەدەن. لە نێو چاوە فرمێسکاوییەکاندا خزم و کەس و جیرانەکانیش دەبینریت. هەمووان وەک یەک دەگرین. دەگرین و بێدەنگن. بێدەنگ و چاوەڕوان. هەمووان دەزانن چاوەڕوانی چین. چاوەڕوانی ئەو چرکەن، چرکەی کۆتایی. هەموو چرکەکانی ژیان بەرەو ئەو چرکە دەچێت. هەر چرکەیەکی زەمان چرکەی کۆتایی کەسێک یان بوونەوەرێکە. چرکەکانی دووای دووا چرکەی هەر کەسێک چرکەکانی لەبیرچوونەوە پێکدێنن.
دوێنێ زانیم کە جیرانەکەمان نزیکەی مانگێک لەمەوبەر ئەو چرکەی تێپەڕاندووە و، چووەتەوە باوشی خاک. لە کوێ؟ نازانم. منیش ئەمەم لە کەسانی تر بیست. دڵم پڕ بوو. نێوانمان خۆش بوو. کەسێکی دڵسۆز و جیرانێکی یارمەتیدەر بوو. تێلم بۆ ژنەکەی کرد. لەماڵ نەبوو. وتیشی ناتوانم ئێستا بێمەوە سەرم قاڵە. من حەزم دەکرد ئەو دواچرکە لە لای بووایەتم و بە ئارامی فرمێسکم بۆ برژانایەت. پاش ماوەیەک ژنەکەیم لە کۆڵان بینی. سەرەخۆشیم لێکرد. سپاسی کردم و زۆر ئاسایی کەوتە قسە و باسی ژیانی رۆژانە و باسی ئەوەی کرد کە قەرارە بچێت بۆ سەفەرێکی دەرەوەی وڵات. وتم خۆشت بێت. وتی سپاس بە دڵنیاییەوە وا دەبێت. وتی ئەچم بۆ شوێنی گەرم، ئێرە زۆر سارد و تاریکە پێویستە بۆ ماوەیەک لێرە دوور بین. بەڵام بەداخەوە سەیارەکەم خراپ بووە و ناتوانم پێی بچمە تەیارەخانە ناچارم تاکسیەک بگرم.
زانیم چرکەکانی لەبیرچوونەوەی مەرگی مێردەکەی زۆر کاریگەرتر لە چرکەی کۆتایی بووە و، مەرگەکەی ئەو بەقەد خراپ بوونی سەیارەکەی کاریگەر نەبووە. لێرە خانەنشین بوون سەختتر لە مردن قبووڵ دەکرێت. ژیان بە چەشنی تەکنولۆژیا سارد و سڕە و مرۆڤەکان مەکینەکانی پەنای یەکن. هەرکەسە و کاری خۆی دەکات. کەس خۆی لە کاری ئەوی تر هەڵناقورتێنێت. ئەم مەکینانە بە وایەری یاساکانەوە ثێکەوە بەستراونەتەوە و بێ ئەوە و دوورتر لەوە ناڕۆن. تەنیا ئێختیاری جووڵە و حەزی خواردن لە مەکینەکانی بەردەستیان جیایان دەکاتەوە. زەردەیەکی سارد و نەرمیش تێکەڵاوی چەند وشەی تیکراری لە بەینی یەکتردا پێمان دەڵێت کە ئێمە مرۆڤین و زیندو. زیندوی هەنگاوهەڵگر بەرەو خاڵی کۆتایی. دواویستگەی ژین، مردن. مردن، مردن.
مردن و بیری مردن دەیبات بەرەو تامکردنی دوا چرکە. لەبەر خۆیەوە دەڵێت: هەرچەند هێشتا زیندووم، بەڵام جار و بار هەڵمدەگرێت. کە دەمبات و دێمەوە دەزانم هێشتا زیندووم چونکو بیر دەکەمەوە. دەزانم کە نەمان، بیر نەکردنەوەیە، بیر دەکەمەوە، واتە ماوم. بیرم لێدەکەنەوە. یادم دەکەن. یادم دەکەن، تا دەتوانن یاد بکەن. ئیتر خاکم، ئیتر خاکین و خاکن. خاک خا...
دەنگێک دایچڵەکاندم و لە خاک هاتمە دەر و رووامەوە. هاوسەرەکەم بوو. وتی: ئەوە لە کوێێت؟ ئەڵێیت لەم دونیا نیت. وەرە با شتێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە.
هەستام چووم بۆ خواردنگەکە، هاوسەرەکەم لەوێ خەریکی ئیش بوو. بۆنی خواردنی تازە پڕ بە ماڵەکە بڵاو بووبووەوە، بەڵام نازانم بۆ من تا ئەو کاتە هەستم پێنەکردبوو. بۆنەکە گەدەی بزواندم و داوای خواردنی کرد. وتم بۆنی خۆشی خواردن برسیەتییەکەمی لە خەو هەستاند، کەی نان دەخۆین؟ وتی پەلە مەکە با قسەکەت بۆ بگێڕمەوە جا جوابی برسییەتیەکەشت دەدەمەوە. وتی زۆر سەیرە ئەمڕۆ یەکێک لە هاوکارەکانم زۆر خەم ساردانە وتی دوێنی باوکم مرد. ئەو وتی چووم بۆ لای باوکم لە نەخۆشخانە کەوتبوو و دواهەناسەکانی دەدا کە لە پەنایا وەستام و دەستەکانیم گرت و وتم نیگەران مەبە بابە گیان ئارام بە، ئەچی بۆ لای دایکم لە ئاسمانەکان. ئارام بە باوکە گیان. لە دوای قسەکانی من ئیتر چاوی نەکردەوە و گیانی سپارد.
هاوسەرەکەم وتی زۆرم لا سەیرە هیچ خەم و پەژارەی پێوە دیار نەبوو. وەها دەیگێڕایەوە کە ئەننەهوو ئەمەی لە فیلمێکدا دیبێت.
وشەی فیلم دیسان ئەمی بردەوە بۆ دونیای خۆی و لە هەموو شتێک دایبڕی و لەبیری چوو کە قەرار بوو برسی بێت و خواردن بخوات. دوو سێ جار بە دووپات کردنەوەی فیلم چووە سەیری فیلمەکانی خەیاڵی خۆی.
فیلمێک، فیلم. بەڕاستی ژیان هەمووی فیلمە، فیلمی ژیان. ئێمە هەموومان ئەکتەری ئەو فیلمەین. بەڵام وادیارە دەرهێنەرەکانی جیاوازن. لە لایەک هەستەکان گەشە نادرێت و ئینسانەکان دەبنە رۆبۆت و لە شوێنێکی تر دەرهێنەرەکان دەیانەوێت ئەکتەرەکانیان بە دەمووچاوێکی پڕسۆز و هەستەوە دەرکەون. بۆیە ئەگەر تەنانەت خۆیشمان نەمانەوێت دەبێت وای پیشان بدەین کە واین. ئەبێ بینوێنین کە بە عاتفە و هەست ناسکین. دەمانەوێت بنوێنین کە مەرگی کەسێک برینداری کردووین. دەبێت بینوێنین کە ئەرێ منیش وەک تۆ جەرگم بریندارە. بریندارم، بەڵام هەرئەو کاتەی تۆ دەدوێنم، دەگریم بەڵام بە سۆزەکانی تۆ دڵپڕ دەبم. دەبێت دڵپڕ بم. من ئەکتەری ئەم فیلمەم، ئەگینا لەم فیلمەدا دەورم نابێت و ئەکتەرێکی تەریک و سوتاو دەبم. دەگرین و هاواردەکەین و پاشان هەر دەچینەوە رێگەی ئەوانەی وا لە فیلمی دەرهێنەرەکەی تردا دەیان بینین و پێکەنینمان پێیان دێت و گاڵتەیان پێدەکەن. ئێمە فێری درێژدادڕین، نازانین راستەوخۆ بچینە مەنزڵ. نازانین هەرچەند دەوربدەینەوە هەر دێینەوە رێگای ئەکتەرەکانی دەرهێنەرەکەی تر چوون ئەمە تەنیا دەرمانی مردنە، تەنیا چارەیە. دەرهێنەرەکانی فیلمەکەی ئێمە لەمە نان دەخۆن. مرۆڤی گرینۆک چاوی تەڕە و بینایی کەم حوکم و ئاسانتر ڕام دەکرێت. بە وشەیەک نەرم دەبێت. گرینۆک دونیا بە هەست دەبینێت و، دەیناسێت. بەڵام مرۆڤی چاو کراوە باشتر راستییەکان دەبینێت. بە چاوی هزر دونیا و راستییەکان دەبینێت. بۆیە ...
ئەوە بۆ وا بێدەنگ بوویت. ویستم بڵێم بەراستی دڵی چاکیان هەیە. دەنگی هاوسەرەکەی بوو کە خەیاڵی پێبڕی. ئەویش لە وەڵامدا بە دەم پێکەنینێکی گاڵتە نواندنەوە دەڵێت: جا باشە ئێمە کە دڵمان ناسکە و بە ئاسانی قبووڵی ناکەین، چی دەکەین. تەنیا خۆمان دەڕووخێنین و بەس. ئەگینا مەرگ هەر مەرگە. ئەمان رەگی عاتفی و بەستنەوەیان بە یەکترەوە ئەوەندە قووڵ و پتەو نییە کە بە پچڕانی نەتوانن خۆیان لەسەر پێ بگرن. جیا لەوە ...
بە دەنگی کردنەوەی درگاکەی دەرەوە قسەکەی وەستان و بێ ئاگا سەری ورگەڕان بەرەو درگاکە. ئەو کە پشتی لە درگاکە بوو بۆی زەحمەت بوو تەواو وەرگەڕێ و کەسەکە ببینێت. بەڵام زانی کوڕەکەیانە بۆیە ئیتر زۆر هەوڵی نەدا بە تەواوەتی بیبینێت. کوڕەکە سلاوی کرد و هەر دووکیان وەڵامی مەرحەبایییەکەیان دایەوە. بەڵام چاوی لە هاوسەرەکەی بوو کە وێڕای جواب دانەوە پرسیاریشی کرد کە ئەوە چییە؟ کوڕەکە وتی ئەمە ماشین لێیداوە و حاڵی باش نییە. بەم قسە ئەویش هەوڵی دا سوڕێک بە خۆی بدات تا بتوانێت کوڕەکەی و ئەوەی وا باسی دەکات ببینێت. خۆی کێشا بەرەو لای چەپی و نیوە سوڕێکی بە خۆی دا و رووناکی نێو زاری درگا کراوەکەی لێدەرکەوت و لە ناو گەماڕۆی رووناکییەکەدا کوڕەکەی وەک رەشاییەک بینی. شتێک بە سەر هەر دوو دەستییەوە بوو. زەحمەت بوو لەوێوە بزانێت ئەوە وا ماشین لێیداویە چییە. بۆیە دەستی دانا سەر عەرزەکە و کردی بە کۆڵەکەی جەستەی و نیوسوڕی دا بە خۆی و هەستا و چوو بەرەو درگاکە کە تەنیا چەند هەنگاو دوور بوو. لە لای درگا کراوەکە لە پەنای ئەواندا وەستا. سەرنجی دا ماسیخۆرێکی زەلام و زەبەن بە بێدەنگی و بێ جوولە لەسەر دەستەکانی کوڕەکە ئارامی گرتبوو. کوڕەکە دانەوییەوە و بە هێمنی لەسەر عەرزەکە داینا. ماسیخۆرەکە هەر بێدەنگ و بێ جووڵە لەسەر عەرزەکە لەسەر سنگ مایەوە.
ئەمیش بە ڕوواڵەت لە پەنایاندا وەستابوو و، سەیریانی دەکرد. بەڵام ماسیخۆرە بێ جووڵەکە بردی و دیسان لە هەمووان دابڕا و کەوتە فڕین. فڕین بە باڵی ماسیخۆرەکان.
لە مێشکیدا وێنە و دەنگی ئەو ماسیخۆرانە دەبینێت کە لە دەوروبەری زەریاکان و چۆمەکاندا بە قیژە قیژ دەهاتن و دەچوون.. زۆر سرک و پڕ لە هاروهاجین و کەمتر بە بێدەنگی دەبینرێن. بەردەوام لە فڕین و قیژو واژدان. ئەو کە وەها بێدەنگ و بێ جوولە بینی وتی زەبری پیسی پپگەیشتووە و لەوانەیە زۆر حاڵی خراپ بێت. چووە نێو ناخی ماسیخۆرەکە. زاڵ بوونی مەرگ دەبینرا. ژیان لە دووا هەوڵیدا دەردەکەوت. مەرگ لەم بوونەوەرەدا دەستی نابووە بینی ژیان. ژیان خەریکی تەسلیم بوون بوو. مەرگ بە بێ رەحمی و بێ بەزەییانە چووبووە نێو جەستەی و بە تەواوی توانایەوە پاڵی بە ژیاننەوە دەنا و لە ژووری جەستەی ماسیخۆرەکە دەری دەکرد. ماسیخۆرەکە بە بێدەنگ گوێی لە مەرگ و ژیان گرتبوو و سەیریانی دەکرد. ئەمانیش بە دەور باڵای ماسیخۆرەکەدا وەک جەستە راکشاوەکەی دایەگەورە وەستابوون و چاوەڕوان بوون.
ژیان دەیگوت ئەم ماسیخۆرە دوو بەچکەی هەیە و، لە هێلانەکەیاندا بە برسییەتی چاوەڕیی ئەمن. ئەمڕۆ نەیتوانییەوە هیچیان بۆ ببات. بە ئاسمانەوە دەگەڕا کە ئەو کارتۆنی پیتزای بینی لە پەنای شەقامەکەدا کەوتبوو. بە هیوای تێدابوونی پارچەیەک لە پیتزاکە بە پەلە خۆی گوشی بەرەو زەوی و چوو بۆ لای. پێش ئەوەی فرایا بکەوێت دەندوکی پێبگات قاڵاوێک دەندوکی لێدا و کێشای بۆ نێو جادەکە. ئەم بە گوڕ بەرەو قاڵاوکە رۆیشت و دەریکرد. هێشتا فریا نەکەوتبوو درگاکەی بکاتەوە و سەیری نێوەکەی بکات. تۆ بە سەیارەیەکەوە بە خێرایی هاتیت. هاوارم لێکرد. بەڵام تۆ زۆر خێرا بوویت. هات بفڕێت و هەڵێت کە تۆ نەیگریت، بەڵام تۆ زۆر لەوە خێراتر بوویت. هەڵبەت هەستی برسیەتی خۆی و خەمی برسی بوونی بەچکەکانیشی تا رادەیەک سڕی کردبوو بۆیە نەیتوانی وەک هەمیشە خێرا بێت. ئەو وایدەزانی تۆ تەنیا لە بەرگی برسیەتیدا دەردەکەویت. مەرگ دەڵێت من لە هەموو بەرگێکدا و لە هەموو شوێنێکدا کە تۆ هەبیت، هەم. تۆ کە لە جەستەی بەچکەکانیشدا هەبیت منیش هەوڵ ئەدەم ببم، بەڵام تا تۆ بە هێز بیت من دیار نیم. ژیان دەڵێت ئەو بەچکانە بێ دایکیان هەڵناکەن و ..
مەرگ قسەکەی پێدەبڕێت و دەڵێت: هەڵناکەن و چی؟ یانی دەمرن واتە تۆ نامێنیت و من زاڵ دەبم.
ژیان دەڵێت بەڵام ئەوان بچکۆلە و بێدەسەڵاتن تامێکیان لە من نە بینیوە.
مەرگ دەڵێت: وا باشترە تا بچوکتر بن و بێ ئەزموونتر ئەوا کەمتر لە من دەترسن و، زووتر خۆ بە دەستەوە دەدەن و تۆش کە هێشتا بنەت دانەخستووە ئاسانتر دەردەکرێیت. جیا لەوە من بچوک و گەورە و مناڵ و پیر نازانم، من تەنیا لە دەرکردن و نەمانی تۆ بیر دەکەمەوە. لە هەر کوێ و هەر شتێکدا تۆ ببیت من هەوڵ ئەدەم دەرتکەم.
ژیان دەڵێت بەڵام ئەوە زۆر نادادپەروەرانەیە؟
مەرگ قاقا دەکێشێت و دەڵێ: مەبەستت لە داد و ناداد چییە بۆ لە نێوان من و تۆدا شتی وا هەیە؟ یان بووە یان دەتوانێت ببێت؟ بە دڵنیاییەوە نا، هەمیشە یەکێک لە ئێمە دووانە دەتوانێت ببێت. ئێمە وەک شەو و رۆژین. ئەمەش هیچ پێوەندی بە داد و نادادەوە نییە. لە ئەساسدا من سەرەتا لە دونیادا بووم و تۆ لە هیچ کوێیەک نەبوویت. کەس نازانێت تۆ لە کوێوە هاتیت و بووی بە رەقیبی من. ئەرکی من لابردنی تۆیە. تۆیت کە بە ناعەداڵەتی هاتی و جێگەت لە من گرتووە. ئێستا تۆش باسی داد و عەداڵەت دەکەیت.
ژیان: هەر وەک خۆت دەڵێیت ئێمە وەک شەو رۆژین، بەڵام من دیوی رۆژەکەم. لە بەشی تۆدا تەنیا تاریکی و بێ رەنگ و دەنگی هەیە. ئەوەی من پڕە لە رەنگ و بۆن و جوانی و تام و چێژ. جگە لەوە بە بوونی من تۆش مانا دەگریت لە دونیای بێ مندا تۆش بێ مانا دەبیت، یان باشترە بڵێم هەر نابیت. تۆ دەبێ زۆر خۆشحاڵ بیت بەوەی کە من هەم و هاتووم، ئیتر چۆن هاتووم و دروست بووم باسی ناکەم. جیا لەوە بە بێ من تۆ چی دەکەیت. بوونی من وا دەکات کە هەیبەت و ترسی تۆ لە لای ژین پێدراوان دەرکەوێت.
مەرگ هاوکات هەر خەریکە پاڵ لە ژینەوە دەنێت بۆ ئەوەی لە جەستەی ماسیخۆرەکە دەری بکات. ژینیش هەو ڵئەدات خۆڕاگری بکات. ئەم شەڕ و زۆران گرتنە دەتوانم لە چاوەکان و سەروملی ماسیخۆرەکەدا ببینم. کاتێک مەرگ بە هێزی ژیان پاشەکشەی پێدەکرێت ماسیخۆرەکە چاوەکانی هەڵدێنێت و دەیان سوڕێنێت و سەر و ملیشی بە ئاستەم دەبزوێنێت بەڵام کە هیزی مەرگ زۆرتر دەبێت چاوەکانی بێ هێز دەنوسێن و ملی شل دەبێت. وادیارە مەرگ هەتا ملی باڵندەکەی داگیر کردووە و تەنگی بە ژین هەڵهێناوە و شەڕەکەیان کەوتوتە گەردن و سەری ماسیخۆرەکە. ئەمە بە جەستەی ساردی ماسیخۆرەکەدا هەست پێدەکەم.
ژیان کە دەبینێت دەرەقەتی مەرگ نایەت و، لێرەدا دەبێت شوێنەکە بەجێ بێڵێت هاوار دەکات لە مەرگ ئەی بێبەزەیی بیرێک لە بەچکەکانی بکەوە. من ئەگەر لێڕەش بڕۆم روو لە شوێنێکی تر دەکەم ژیان بەوێ دەبەخشم، بەڵام بە مردنی ئەم باڵندە بێچوەکانیشی ... ژیان قسەکەی تەواو ناکات و رادەوەستێت. خۆی بە خۆی دەڵێت ئەوە من چی دەڵێم خۆ ئەوە مەرگە و مەرگیش مانای بوون نازانێت. بەزەیی و رەحم تەنیا لای زیندەوەران مانای هەیە. بۆیە ئیتر قسەناکات و بە جێگەی ئەوە هەوڵ دەدات خۆڕاگرییەکەی زیاتر بکات و ماسیخۆرەکە تەسلیمی مەرگ نەکات. مەرگیش کە دەبینێت ژیان بێ دەنگ بوو و قسەکەی تەواو نەکرد وتی مەبەستت لە بەزەیی چییە؟ بۆ بێدەنگ بوویت. رەنگە بیرت کەوتەوە کە تۆ خۆت بێ بەزەییتر لە منیت و بەشێکی ئەرکی من تۆ جێبەجێی دەکەیت. تۆ دەزانیت بۆ مانەوەی خۆت هەموو گیان لەبەرێک دەبێت بەردەوام گیان لەبەرێکی تر بخوات ئەمەش بەشێکی زۆری ئەرکی منی کەم کردووەتەوە. لەوانەیە هەر ئەو بەچکانە وا تۆ باسیان دەگەیت بەدەم مارێک یان ژیندەوەرێکی ترەوە بن. چون ئەگەر ئەوکارە نەکەن خۆیان دەمرن.
ژیان خێرا وەڵامی دەداتەوە و، دەڵێت وایە بەڵام ئەمەش تۆ وات لێکرددوە نەک من. ئەوان لەترسی تۆ، لەترسی ئەوەی تەسلیمی تۆ نەبن ناچارن ئەوە بکەن. ئەمە مەرجی سەرەکی مانەوەیە. واتە تۆی نەگبەت لە دەسپێکی هاتنی من و شەڕە گەورەکەی هەوەڵمان ئەمەت بە مەرج دانا کە بۆ ماننەوەی ژینلەبەران دەبێت ژینیان سنوردار و کورت پێببەخشرێت. یانی هیچ ژین لەبەرێکیش نابێت هەتا هەتایی ژینی هەبێت. وتت بۆ ئەم کارەش دەبێت یارمەتی من بدەن و بەشێک لە ئەرکی من جێبەجێ بکەن. ئەگینا من خۆم نامەوێت هیچ ژین لەبەرێک کۆتایی بە ژیانی بێت و نەمێنێت.
مەرگ دای لە قاقای پێکەنین و بۆ یەک چرکە دەستی لە پاڵ تێوەنانی ژیان هەڵگرت و، ژیانیش بە هەلی زانی بڕێک پاشەکشیێ پێکرد و باڵندەکە چاوەکانی هەڵ هێنا و بڕێک دەمی کردەوە و دەنگێکی بچوکی لێوەهات. هاوکات ژیان وتی ئەوە بە چی پێدەکەنیت ئەڵێ شێتی. بەڕاستی پێکەنینەکانیشت ناخۆشن. گوێی ژیان ئازار دەدات و حەز بە بیستنیان ناکەم.
مەرگ وتی ئەم پێکەنینانەی من بەشێکن لە تامی بوون. هەتا قاقای من نەبێت گۆرانی ژیان خۆش نابێت. کە واتە با بزانی هەر ئەو سنوردارییەی ژینی ژین لەبەران وای کردووە هەموویان زۆر تۆیان خۆش بووێت ئەگینا ژین بێ مانا دەبوو و کەس هەستی بە چێژی نەدەکرد. ئێستاش وا باشە تۆ ئەم جەستە بەجێ بێڵیت و بهێڵی با ئەم ماسیخۆرەش ببێتە خۆراکی مانەوە بۆ ژینلەبەرانی برسی و چاوەڕێ.
ژیان دەڵێت من هەتا پێم بکرێت و دەرەقەت بێم تەسلیم نابم و تەسلیم ناکەم. لانیکەم لەبەر دڵی ئەو کوڕە کە بە بینینی ئەم باڵندە و هەست کردن بە رەنگی مەرگ لە رواڵەتیدا لە ماشێنەکەی دابەزی و بە پەلە هەڵیگرت و لەگەڵ خۆی بردی بۆ ئەوەی بتوانێت یارمەتی بدات. ئەو کوڕە بە بینی ئەم سەحنە زۆر هەستی ورووژاوە و دڵی تەنگە، بۆیە تا پێم دەکرێت لەبەر ئەویش بووە بە ئاسانی تەسلیمی تۆی بێ بەزەیی ناکەم.
مەرگ دیسان پێکەنی، وتی ئەو کوڕە خۆی هەموو رۆژێک بە بێ بەزەیی و بیرکردنەوە جەستەی چەندین ژین لەبەری تری بێ ژین کراو دەخوات. ئێستا بۆچی بۆ بەشی ئەوانی تر نارەحەت دەبێت. بۆ ئەوانەی تر حەزیان لە ژین نییە؟
ژیان ماق دەبێت و، بێ وەڵام و سست و بێ هێز لەگەڵ قومێک پاشماوەی لیکاوی نێو قوڕگی ماسیخۆرەکەدا دێتە دەرەوە و دواهەناسەی بن قوڕگی جەستە راکشاوەکەی ماڵەکەش هاوکات لەگەڵ لیکاوی باڵندەکە سنگی جەستە جێدێڵێت و مەرگ هەموو جەستەی باڵندەکە ومرۆڤەکە دەگرێت. ئیتر بۆ دواجار چاوکانیان لێکدەنێت و هەموو جەستەیان سڕ و سارد دەبێتەوە و هەموو قیژەکانی ئاسمان و دەریا و سەر عەرزی بەجێماوی باڵندەکە جێگەی خۆیان دەدەن بە ژینلەبەرانی دیکەی سەر پەردەی کورتی ژین و ماڵی مرۆڤە مردوەکەش پڕ پڕ دەبێت لە قیژە و هاوار و ناڵە و زریکەی بێ ئەمان. منیش وەک چاوەڕوانی چرکەکانی رۆچوون لە خاک، بێدەنگ و کش و مات. بنە ئاسمانی خەیاڵدا بە ناوی یادی جیرانەکەمان و مرۆڤە مردوەکەی ماڵەکەدا دەخوڵێمەوە و بە ئارامی سەیری کوڕەکەم دەکەم کە چاوەکانی قەتیسی ماسیخۆرە بێ چرکەکەیە. خەمبارتر لە هاوکارە باوک مردوەکەی هاوسەرەکەم دەستێک بە سەری باڵندەکەدا دێنێت و سەیرێکی خەمبارانەی من دەکات و، دەڵێت ئەمە لانیکەم تا چەند رۆژ لە مێشکمدا دەمێنێت و ئازارم دەدات.