ما 6843 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

سەباح ڕەنجدەر 

 تاووسێکی بەرچاوڕوون لەسەر دیواری بەندیخانەدا

ھێلانەی شکۆ و بەخشندەیی چێ کردووە

لەپێخەفی چاوی بەندییەکانیش دەنوێ

بەندییەکان پێیان خاو و نەرم

دەماری دڵیان توند و گەرم و کاسەی سەریان پوورەھەنگ

نیازی دەموچاویان ئاشکرا و درەوشاوە و درێژە بەژیاندان

 

 بۆ ئەحمەدی مەلا

   

          ١

تاووسێکی بەرچاوڕوون لەسەر دیواری بەندیخانەدا                                       

ھێلانەی شکۆ و بەخشندەیی چێ کردووە

لەپێخەفی چاوی بەندییەکانیش دەنوێ

بەندییەکان پێیان خاو و نەرم

دەماری دڵیان توند و گەرم و کاسەی سەریان پوورەھەنگ

نیازی دەموچاویان ئاشکرا و درەوشاوە و درێژە بەژیاندان

چەناگەشیان لەناو شیشی زیندان دەرھێناوە

ئەم تاووس و ھێلانەیە بۆیان بووەتە

ئاشنایی و ڕۆشنایی

خامۆشی و فەرامۆشی

واژە و ئاماژە

زەوی و زەری

چووم دەست بۆ گەنجینەی ھێلکەکان ببەم

دڕکم لە پێی ڕاچوو

دڕکی زامی نازی ئەشق و خەمڵینی بێ پەروایی

ئەشق دژایەتیی ئاشق دەکات و ئەم دەخاتە جێگای ئەو

بە حەپەساویش بە چواردەوری مەرگ ڕادەوەستێت

دڵ لە قەپێلکی ھێلکەشدا دەڕسکێ و دەبێتە جەنگەی بەھار

من ئەم جەنگەی بەھارە ھەتا ناو دڵی دەناسم

شێوەکارێکی ئاسۆ پڕ تانوپۆ و دەموچاو ڕوون بەئاشکرایی بەھەشت

تابلۆی ھێلکەکانی لە چرکەی ترووکاندا کێشا

بەندییەکان دوای ئەوەی لەو چاڵە ڕەشە ھاتنە دەرێ و مەستبوون بە

نەوا و ئەنوای بوون و نەبوون

تابلۆکەیان کڕی

بە نیازی کتێبی ڕێنوێنی لە نزیک دڵیان ھەڵیانواسی

پڕ نابێتەوە لە ھەست و یادەوەرییەکانیان

ئاوازی تاووس لەسەرەتای ھێلکە ترووکان

دەستی کە بۆنی چیلکە و پووشی ھێلانەی تێکەڵاون بەسەریان دادەھێنێت

تا ئەبەد ژیان لەناو ئاوازدا بەسەردەبەن

دەشکرێت گوێ لە دەنگێک لەبوون و دەنگێک

لەنەبوون ڕابگرن و بەئاوازێک ڕازی بن

ئاواز باس لە شوێنێکی پارێزراو دەکات

تێیدا تەماشای ھەناوی ئاو دەکەین

ئاویش لەبەر خاتری ئێمەیە نامرێت 

بەگەرمی دڵی دەمانژیێنێت

لە جۆشی ئێمەش پڕ ڕەنگە

تاووس لەبۆشاییدا دەگری ڕەنگی ئەشق دادەڕێژێ

تاووس لەبۆشاییدا دەگەڕێ ڕەنگی دڵ دادەڕێژێ

لەسەر جەستەی ئەشق و دڵیش ڕەنگی بێداری دەڕوێ

دڵخۆش بە شکۆتم لە ئەشق و دڵ ھەڵگرتووە

             ٢

ئەی ئاواز لە ڕووی فرمێسکە سارد و گەرمەکانم دامەمێنە

چاوی جیھان کە لەمندا دەبێتە دڵ

سەرەتای ھەفتە بە ئەستێرەی بچوێنە

کۆتایی ھەفتەش بە مانگ

لە بەراورددا چاوەڕوانم شتە زیندووەکان

نان و نەمری و دڵەخورپەی مەستانم لێ نزیک بێت

ئەستێرە و مانگ و نان و ئومێد و مەی نزا و بانگکردن

خاوەن ھەموو ڕوخسارێکن

دەفتەری مەشق لەباوەش دەگرن و خوێنگەرمی دەدەنێ

شەو و ڕۆژ لە ئەوینی مندا یەکتریان ناسی و کاتیان دابەش کرد

وەک دوو خوشک و برای لە خوێنی پشت گەیشتوو و چاوەڕوانی بەردەوامیم

تاھەتایە دەسووڕێنەوە و فرمێسکە سارد و گەرمەکانم دەپارێزن

منی زۆر بەسەرخۆدا زاڵ

وەک پێغەمبەرێک سەرگەرمی سرووش وەرگرتن بێت

چوومەتەوە ناو دڵی خۆم

ھەست دەکەم ھیچ شتێک دوایی نەھاتووە

دەموچاوی ساکاری عەرد و ئاسمان

تاخودا دەڵێ بەس سپین

پەڕەی وەفا و نمەکیان لە خۆپێچاوە و لەنۆتەی ئاوازدا پشوودەدەن 

ھەوڵ دەدەم سەرنجی دەموچاوی ساکاریان بدەم و بیانناسم

پاشان ئارام و ھێمن لە ھەتاودا مەلە بکەم و لەگەڵیاندا بژیم

٣

دێوەزمەی چرا کوژاوە

خۆی لە ماڵی ئێسک و پرووسکدا شاردووەتەوە و زمانی ھەموو ئێستاکان دەزانێت

دەشیەوێت بە زیندوویی بمانخوات

تاووسەوان پەڕی تاووسەکانی شووشت و ڕۆیشت تا ئەو شوێنە ڕۆیشت

ھێلکە تێیدا وەک نزیکبوونەوە دەبریسکێتەوە و دەبێـتە سرووشی فەرموودە

دەچێتە سەر قەڵای ھێلکەکانی و تەماشای ژیان دەکات

پاش دەستبازی و چاوبازی لەگەڵ ژیان

وەک ئەوەی خوناو بێت لەناو چاوی ڕوونبووەوەی پەیامێک

دەچێتە بەر خۆری گیانبازی

دەڕوات تا ئەو شوێنە دەڕوات

خودا گوێ لە ترپەی دڵی دەگرێت و شیر و ھەنگوین دەڕژێتە شووشەی ماڵان

ترپەی دڵ چەند بارسووکە

بە خوناوی ڕوونبووەوەی چاوی گوڵ

دەڕۆم تا ئەو شوێنە دەڕۆم

دڵ بەر نائومێدی ناکەوێت

مەستیی تاووس دەکەمە بەھرە و پەیام

ئاوازێکی نەرم سەری گەرمم ئاوڕشێن دەکات

تاووس ھەر لە ئاسماندا دەڕوات

لە سروشتی نە شێواویشدا دەنیشێتەوە

من بە دەنگی خەیاڵ دەیدوێنم و باڵی سووک دەبێت

بۆ ھەستان و باوەشێنکردنی ھێلکە و ھێلانەی

تاووس باری ئێمەی لەسەر باڵی ھەڵگرتووە

داوە مووی ناڕۆشنی نێوان ژیان و مردن ڕادەکێشێت

سووڕی دەوران و ژیان خۆشتر و نھێنی ھەست ئاشکرا دەکات     

             ٤

ژیانی من چەند لە سادەیی شەو و ڕۆژ دەچێت

وا بەپەلە و نەرمەغار بەرەو نەمان دەڕوات و درەنگیش لەخەو ھەڵدەستێت

ھێشتان خۆری ھۆگربوون و خەونێکم

نەگەیشتووەتە نیوەڕۆ گەرمم بکاتەوە

ئەستێرەی شەوم دەڕژێتە

نسرمێکەوە و سەرمام دەکاتەوە

دیسان بەسەرچاوی داخراوی ژیاندا پەرت دەبمەوە

داد

دادی دڵ و ڕازێکی مات لە گۆڕێکی ڕووناکدا کۆم بکەنەوە

وەک ئەفسانەیەک بخەوم و لەشەڕ ناگەڕێم

بەڵام کەمێک گەردەنی لاری گوڵی مەرگ بۆن دەکەم

دەرکەون ڕووناکی گۆڕ و دیداری خودا دەرکەون

لەبەرچاوم شاراوە نین دەرگا و پەنجەرەی ماڵ و بەر و پشتی دەستمن

من لە ئێوەوە لەژیان گەیشتم و دوانیگاشم لەسەر ئێوەیە 

ھەر تەنیا ھاوارێک دەبیسترێت و بەس

ھاوارێکی بەئارام

ھەر تەنیا دەرکەوتنێک دەبیندرێت و بەس

دەرکەوتنێکی بە ئاکام

حیکمەتی گوێڕایەڵی دادی دڵ بۆ ھاوار و دەرکەوتن

 پێش تۆفانی نووح

لەژێر ئاسمانێکدا کە ھەموو ڕەنگەکانە

بەڵام شین زاڵە

دادی دڵم بەخەبەر ھاتووە و سەری ناڕەزامەندی ڕادەوەشێنێت

نەخش و نیگاری ترسێکی درێژخایەنی ڕشتووە

دەشبینێت بەردی دیوارەکان دەکەون 

ئای درەختی ئاسوودەیی سێبەرت لە پیاڵەم نەکرد

پیاڵەی دڵبینی چەند لە سادەیی شەو و ڕۆژ دەچێت

ئەوەندەش دڵھەڵگوشراو و بێ پەنای 

ئەی مایەی ڕەنج و بەھرە و ستایش و برینی پیرم

           ٥

فرمێسکی تامەزرۆییم لەبەر چرای ڕێگای کۆچی یاران زۆر ڕشت

فرمێسکی تامەزرۆیی

لارەلار نەیێیت و سەد دڵم نەکەیت

ئاگات لەدەستم بێت

مەیی مانم بەدەستەوەیە

پەیمان ڕاگرم و چاوی پڕگیانم

ڕوونە بەدیاری و خەڵاتی بەخشندە

چاوی پڕگیان بەخشندەیی زۆر و وێنەی پاکیزەیی پێیە

دەیانگەڕێنێتەوە یەکەم ماندووبوون و یەکەم درەوشانەوە

دێت

گوڵێک دێت

گوڵبەدەستەکە ون دەبێت

دەچێت چرای ڕێگای کۆچی یاران گەش دەکاتەوە

ماندوو دەبێت و لەناو یەکەم درەوشانەوەدا پشوودەدات

دەیەوێ بزانێت دووریی نێوان ھەڵچوون و ڕۆچوون چییە و چەندە

یان کامیان وشەیەکی دووچاو ڕاکشاوە

بزەی ڕەزامەندی بەلێوەوەیە

دەچێتە دەستی گوڵبەدەستە ونبووەکەوە                                                                  

              ٦  

دایکە حەوا ئاوێنە و زایەڵەی ھەموو ناوەکانە

جوانیی خۆی لە ڕوخساری جواناندا ئاشکرا کردووە

 باوکە ئادەمیش لە خۆڵی مەستی یەکەمین ڕوان

ئاوازی بۆ گۆرانی ژیان دانا و دەنگی زرینگایەوە

ئەوەی گۆرانی نەبیسێت  ناولەپی خۆی ناناسێت

باخ جوانیی میوەی خۆی دا بە ھەمووان

توانی زەمین بکاتە بەھەشت

ئەرێ ئەستێرە و مانگ چی دەڵێن

بەیارمەتیی ھێزی خودایی نیگا گەرمەکان بکێشنە ھەناوتانەوە            

ئارام و ھێمن بەشوێن نیگا گەرمەکانەوە دێم

بەھرە و پەیامم بۆیە ھاتنم لەرینەوەی ھەیە

ھاتوو یەخسیری نیگا

ئارام و ھێمنیش لەبەر گەرمایی نیگا دیاری و خەڵات وەردەگرێت

دەشزانم نیگا پیاو دەکاتە تیشک و پێڵووی ھەڵدەداتەوە

لە ماڵی ساکاری تەمەن لەگەڵ تۆ لە خەوھەستاوم

دێم دەست بە ڕوومەوە مەنێ

ئاگر لەژێر پێدا بکوژێتەوە

دیاری و خەڵاتی نیگایە و پێستی وشکی زەوی تەڕ دەکاتەوە                       

شکۆی نیگا و سێوی تەڕ لە تەماشاتان پاراوبوویمە

بەباشی کاتی دیاری و خەڵات دەناسم                                                                                                        

             ٧

لە پیاڵە و مەیی سینەتدا باڵی مەلە بھاوێم

پەلەکوتەی نقومبوون بمگرێت

ھێشوو سرووشی خۆگرتنەوەیە

ھێشوو ناودەنێم خانە زیندووەکانی لەش و بۆنوبەرامەی دەستنوێژ

بەردی بەجێماوی سەربەردەنوێژ ھەڵدەگرمەوە و لە قۆڵمی دەبەستم 

تا ئەوپەڕی خوان و گەشت داوەتی دەبم

ئەمە نە ڕووگەیە نە ڕووگەنما نە دووربین نە دانەی داو

ژیانە ھەڵدەقوڵێت و دادەبەزێتە سەرناوچەوانی ڕووناکی

چۆلەکەی سڕبوو گەرم دەکاتەوە و جریوە و جووکە ھێڵکاری سیمامان دەکێشن 

چۆلەکە چاوی لەبەر پێی خۆی ناگیرسێتەوە و گفتوگۆی پیاسە ناگێڕێتەوە

قوربانی و نزا و دروود و چلچرا بەسەر باڵییەوەن

من قەت نەمزانی چۆلەکە لەچی ڕادەمێنێت

جریوە و جووکەشی لەچیدا دەبێـتە نەوا

دەچمە داوەتی خوان و گەشت و بینینی

ئێوارانی بەرەو گوندبوونەوەی مازووچنان                                                

            ٨

تەواوی شەو مەلەی کرد و بە دەموچاوێکی تەواو کراوەوە

لەڕۆخ چەمێکدا ھاتەدەرێ

ئەستێرە و مانگ تا بەرەبەیانی ھەزار ڕەنگ

بە دەرکەوتنی یەکەم ڕوخسار و ڕووخۆشیی پەری دەخرۆشان و زمانێکی تریان دەبوو 

منیش لەپێستی تەنک و ئاو لەسەر نیشتووی مەیخانەی دڵ

کە دەرگای بەڕەنگی ئاو ڕەنگ کراوە

سەیری خرۆشانی ئەستێرە و مانگ دەکەم

وەک کوێرێک لە چڵەپۆپەی خرۆشاندا بزردەبم و ھاواری چاوساغێکمە

چاودادەخەم و دڵ دەکەمەوە

ئەفسوونێک دەبێتە سێبەر و وتووێژی ساکاری دیدار

لە کێڵگەی گەرم و مەستی ئاوتێگەڕاوت ئاڵای سپی ھەڵدەدەم

داخی داخان لەم جەنگەدا دەشکێم

ئاڵای سپیم لێ وەرگرە و لەلام بمێنەرەوە

ئەسپ بە بۆنوبەرامەی سواران دەگەڕێنەوە

پیری لالە بەدەست لەتەنیشتم گۆرانی خەڵوەتی دڵ دەڵێت

ئاشقانە لەگەڵ دەفدا تێک ئاڵاوە

دەستی نزا و ھەستگەرمی بەرزکردووەتەوە

خودای بانی سەر دەستی مێشک و دڵم لەیاخەدا بکەرەوە و ڕزگارم کە

منیش لەتەختی بەرزاییدا بووم

دڵڕوونیم تێدا ڕژا و زانیم چی بکەم

گۆرانی ئەمشەو لەئاو و مەلەدا بمێنەرەوەم بەسەر گژوگیادا پژاند

تاووس بەکۆ کۆرسم بوون

ئاخ لە خرۆشی دەنگیان و دەمودووی درەختەکانی دەوروبەر

بەتەنیا لەڕۆخ چەمدا ماومەوە و لەبەردەمیدا لەسەر قاچێک وەستاوم

دەست بە کەزیی نەرم و شلی ئەستێرە و مانگ دادەھێنم

پەریش بە پێستی تەڕیەوە چەند سانا تێپەڕی

مێوانی شەوی ڕاز و شەوی شەوانی نەکردم

دەستی لەسەر شانم دانا و ڕۆیی پەین بخاتە ژێر درەختی ژوان

نەرم نەرم تەپەی پێیم گوێ لێبوو            

گوێم وەک خوانی ڕایەخستراو بەتاڵ و زمانم لاڵ

چاویش ئامۆژگاری کردم یەکەم بینین بەیاد بھێنمەوە

نیگای ئاشنایی تاھەتایەش لە دڵدا دەپارێزرێت

دڵ لەگەڵ ئەو درەختانە بدوێ

ئێواران پڕدەبن لە جریوە و جووکەی مەستی

خودای بانی سەر مێشک و دڵ ھەراسان و ماندوویان کردووم

بمخەرە ئەوەل دڵۆپە بارانی پەڵەی ساڵ و برینی زەویم پێ داپۆشە

لەبەرەبەیانێک کە ئەستێرە و مانگ بەھەزار ڕەنگ خرۆشاون

تیشکێکی خەمڵیوم پێشاندە         

ببێتە دیدارێکی سادە و گۆناکان دابگیرسێنێت

ھەموو گۆنا داگیرساوەکان دەڵێن

ژیانێکی ئاسوودە ھەیە

دڵمانی تێدا ناکوژرێت

خەریکە دڵمان لە باڵی باڵندەوە دەبێتە فانۆس

تیشکی پڕی ماڵی ھەموو گۆنا داگیرساوەکان دەکاتە تاجی دیدار

           ٩

بێ دەنگی و خورپەی گەرمی ئەوینێک بانگی ئێوە دەکەم

تەزینێکم گەرم بکەنەوە و بەشداری جەنگم بکەن

خۆر بکوژە و تەواوی ئەستێرەکان بانگی شوێنی خەڵوەت دەکات و دەیانکوژێت

بەڕێکەوت کاتێکی ڕووخۆش کە من تێیدا دەکوژرێم دەگەمە بەردەرگای سرەوتن

لەپڕ دەنگم دەنووسێت و دەبێتە لاپەڕەی بەتاڵی ئەلبوومێک

پاش چەند چرکەیەک بەفر دەماری زەوی دەگوشێت

تاووس بۆنی کۆچی گیانێکیان کردووە

دێنە بەر دارەتەرم و چرا و قورئان خوێندن و قەڵەباڵغیی تازیە

پاشای گیانم پاشای بەخشندە پێویستە تۆ گوێت لە دەنگی من بێت

لە ناز و خۆنواندنی بەفردا

بە بۆن دەکەوم و لەخەودا قسە دەکەم

خەو تا چێشتەنگاو درێژدەبێتەوە و بەڵا بەڕێوەیە

ڕووناکی بەفر ھێندە بەھێزە چاو بە شەوارە دەخات

تۆ لەودیوی دەرگاوە وەک ئاوێنە و مۆمت لێ دێت

چاوەڕێی ڕوودانی و تەنیا دەنگی منیش نابیستیت

بەفر خوێنی منی دەوێ

دەتوانن لەمیوەدا بیناسنەوە

چاوەڕوانی گەیشتنە

کات میوەی پێ گەیاندووە

منیش ڕەنگی خوێنی خۆمم بیردەکەوێتەوە و ڕەنگی دڵیشم دەبینم

لەناوچەوانی ڕوون ڕوونی خوداوەنددا شانم دایە شانی برینێکی کراوە

لە کوڵمی داگیرساوی فریشتەشدا ڕاکردنی دڵی خۆمم پێشاندەن و بمنێژن

ناشتن سرەوتی خۆشەویستی و گۆرانییە لە ستایش و تاسەی ئەزەل

تاووسی بۆنکردووی کۆچ دەپرسن کوا

مانگیش کەزی لەسەر زەوییە و کیژە خەواڵووەکانی داپۆشیوە 

لیمۆی بۆنخۆش ڕێگام بدە ڕوو بەناز و خۆنواندنی بەفر

خەڵوەتی گریان بگرم و سەری خۆم بە کۆشی کتێبی شکۆی خوداوەندەکان بکەم

مەرگ ناوی ھەموومان دەزانێت

شەرمی شکاوە و بەناوی خۆمانەوە بانگمان دەکات 

نەشمزانی چۆن وا بە ئاسانی ناوی کەسی لێ تێک ناچێت                                                                                                                                                     

               ١٠

بە ھەموو چەشنێک بەسەر پێستت دەخولێمەوە و ناوت دەڵێمەوە

بەھرە و پەیام و ماتیی دڵم وەربگرە

ئەگەر مەرگ ھات لە دیوانەکەم بمنێژن

شیعری زۆرم بۆ ئازیزان و کۆستی ناکامی خۆم نووسیوە

ئێ خودایە بەڵکو  لەگەڵم بێنە پیاسە

مۆمی سەردەستیان دابگیرسێنن و دەستی سڵاو بەرز بکەنەوە

بەژێر درەختی بەرداردا تێبپەڕین

نەزانین کات دەمەوعەسرە یان تەنکایی بەرەبەیان

پێبکەنین و فرمێسک بەچاوماندا بێتە خوارێ

سرووشی ئارام و بێ دەنگ

بە دڵ دەخوازم کوڕێکی سووکەڵە بوومایە

بەپایسکیل بچووبوومایە نانەواخانە و نانی گەرم و ماستم

بۆ بەرچایی دایک و باوکم بھێنابووایە

پاشان لەگەڵ خوشک و براکانم

بەماڵدا ڕاوڕاوێن بکەین

درەخت و ڕووبار و مانگ و ئەستێرە و گیا و باران

منداڵی سروشتن و خوشک و  برای منیشن

کاتێک ئێسکبەندی جیھان بەیەکەوە گرێدرا

پێش خۆر بزەی من ڕوخساری داپۆشی

ئەو کات تەنیا ژیان ھەبوو

نەشمدەزانی ژیان چ ئازارێک دەکێشێت

ئەسپی ڕاو بیری لەوە دەکردەوە

مێژووی خوێن لەدەماری کەروێشک یان تاژی کۆنترە

ئەی دڵ کێ درەختی بەرداری لێرەدا ناشتووە

من لامپام ھەڵکردووە

لامپاش ھیچ نھێنییەکی نییە و یارییەکانی خۆی پێشان دەدات

لەپشت خۆلێک کێشانەوەی مامز و پەڕکردنەوەی قورینگ بەسەر لکی شلکەوە

تەماشای دەکەم و ھەناسە ھەڵدەکێشم

کرمی ئاوریشم لە ھەناسەوە قۆزاخە پڕ دەکات

 

 

                                                                                ئابی ٢٠١٤ ھەولێردۆخەکان

 

 

گەڕان بۆ بابەت