فەرهاد شاکەلی
لەم بابەتەدا فەرهاد شاکەلی باس لە وتارێکی سەباح رەنجدەر دەکا لە ژێر ناو و نیشانی "هەست رووگەنمای شیعرە". خوێنەرانی سایتی قەڵەم دەتوانن ئەم وتارەی سەباح لە سایتی قەڵەمدا بخوێننەوە. (سایتی قەڵەم)
باسی گوڵ ناکات، چیرۆکی گوڵاو دەگێڕێتەوە
فەرهاد شاکەلی
گرنگیی ئەم نووسینەی کاک ڕەنجدەری شاعیر لەوێوە دەست پێ دەکات کە باسی ئەزموونێک دەگێڕێتەوە، دەبێ شێوازی داڕێشتن و گەیاندنەکەی تایبەت بێت، بەڵام هاوکاتیش وەرگری خۆی هەیە و بە هەموو کەسێک، با خوێنەواریش بێت، ناخوێنرێتەوە. ئەو باسی گوڵ ناکات، بەڵکە سەرنجت بۆ جۆرەکانی گوڵاو ڕادەکێشێت؛ ناڵێ هەور چۆن دروست دەبێت، بەڵام نەخش و نیگاری گۆرانییە جۆراوجۆرەکانی باران دەکێشێت.
لە دنیای ئەدەبی کوردیدا کەم جار نووسەران، بە تایبەت باسی شاعیران دەکەم، ئەزموونی هونەریی خۆیان بۆ خوێنەر و بۆ نەوەکانی داهاتووی کوردەواری دەگێڕنەوە. بۆ دیاریکردنی ئەو ئەزموونە، دەبینی ئاوەڵناوی [هونەری]م بە کار برد، بۆ ئەوەی لە ئەزموونەکانی دیکەی جیا بکەمەوە.
باوەڕ ناکەم خوێنەرە باشەکانی شیعر زۆریان بە لاوە گرنگ بێت ئەم یا ئەو شاعیر چەند جار سەفەری کردووە، سەر بە کام پارتیی سیاسی بووە و هەڵوێستی بەرانبەر ڕاپەڕینەکەی شاری (جابوڵقا) چی بووە؟ ئەوان دەیانەوێ بزانن شیعر لای یارۆی شاعیر چۆن گووراوە؟ وشە ماسیشێوەکانی زمان چۆن دەستەمۆ دەکات و لە تۆڕی هەورێشمینی شیعردا چۆن فێری سەمای مەرگیان دەکات.
خوێنەر حەز دەکات لە زمانی شاعیر خۆیەوە بیبیستێت، ئەو هەستە چییە کە لە پڕ دەچێتە دڵیەوە، یا سەر لە خانەکانی مێشکی دەدات و ناچاری دەکات شتێک بڵێت یا بنووسێت، کەس پێشتر نەیگوتووە. دەیەوێ تێبگات ئایەتە پیرۆزەکانی کتێبی عیشق لە کامە گۆشەی ئاسمانەوە دێنە خوارەوە؟
خۆزگە ئەحمەدی خانی ئەوەی ڕێکوڕەوان دەنووسی کە سەرچاوەی ئەو کوردایەتییە جوان و قووڵ و بێگەردەی بۆ ئێمەی بە جێ هێشت، کام بیریار و کام کتێب و کێهە تیۆری بوو؟ بریا شێخ ڕەزای گەورە چمكێکی ئەزموونە شیعری و ناشیعرییەکانی [یا شەرعی و ناشەرعییەکانی] خۆی بۆ ئاشکرا بکردینایە. خۆزگە مامۆستا گۆران پێمانی بگوتایە ئەو کوودەتایەی لە زمان و لە تەشکی شیعری کوردیدا کردی، چۆن و کەی نەخشەی بۆ دانابوو؟
سەباح ڕەنجدەر بوێرانە نهێنی خەونێک ئاشکرا دەکات، ساڵانێکی دوورودرێژە دەیبینێت و کەسێک نییە بۆی لێک بداتەوە. لەم نووسینەیدا هەندێک ڕازی بینراو و نەبینراو دەخاتە بەرچاوی ئەوانەی دەیانەوێ فێری خەونناسی ببن. گوێی بۆ ڕادێرن:
· وردبوونەوە لە هەستەكانی خۆت لە وردبوونەوە لە گەردوون گرنگترە.
· دهقی ئاستدار سانسۆری زمان و هونهر و خۆبوونیی خۆی كردووه.
· شاعیر بریتی نییه له ههموو شیعرهكانی. چهند شیعرێكی گرنگی ههیه. دهتوانی زۆرینهی شیعرهكانی دیكهی فهرامۆش بكهیت، كارێكیش له شاعیربوونی نهكات.
ئەمانە نە سەرەتای چیرۆکن و نە ڕێنوێنی شیعر، چونکە شیعر هونەرێک نییە بەپێی کاتالۆگ فێری ببین و بە گوێرەی ڕێ و شوێنێکی گشتی پێشوازیی بکەین. ئەو کە دەڵێ: [وردبوونەوە لە هەستەكانی خۆت... هتد]، قسەیەکی ئیمامی غەززالیمان دێتەوە بیر. غەززالی نهێنی دەروون دەگێڕیتەوە بەڵام ڕەنجدەر نهینی شیعر. ئێ، خۆ زۆربەیشمان ئەوە دەزانین کە شیعر لە پزدانی دەرووندا دەڕسکێت.
ئەم نووسینە و هەر نووسینێک ئا بەم جۆرە گەشتنامەی شاعیرێک بەناو شارەکانی زماندا، بەناو وڵاتانی خەیاڵ و جوانیناسیدا و لە پێناوی گەیشتن بە دوڕگەی عیشقدا بنووسێت و بگێڕێتەوە، شاکارێک دەکاتە دیاری بۆ نەتەوەکەی و بۆ زمانەکەی، کە لێکدانەوەی ئایینی شیعرە و تەفسیری کتێبی پیرۆزی خەون و زمان و خەیاڵە.
لینکی وتارەکەی سەباح رەنجدەر:
https://www.qelam.com/index.php?option=com_content&view=article&id=4375:hhst-wwghnmay-shyrh&catid=82&Itemid=475