ناڵە حەسەن

ژنێک لە یەکەم شەوی ئاوێزانبوون

ملوانکەی مرۆڤبوونم لە مل بکات و

هەموو دەرگا کلۆمدراوەکانم بۆ بخاتە سەر گازەرەی پشت

ژنێک بتوانێ بە ڕووناکایی میهر پارچە شکاوەکانی

ئاوێنە ڕوونەکەی ڕۆحم لەنێو ڕەشێتی خەونەکانم بدۆزێتەوە

 

ژنێک

 ناڵە حەسەن

 

ماڵە شووشەییەکەی شیعری من

نیشتیمانی هەموو ژنێک نییە

دۆزەخی ناو شیعرەکانی من

هەموو ژنێک ناتوانی بە نێویدا تێپەڕێ

کڵپەی ئاگری نێو دڵی من

هەموو ژنێک ناتوانێ هێوری بکاتەوە

فانۆسە کزەکەی نێو چاوەکانی من

هەموو ژنێک ناتوانی گەشی بکاتەوە

زیکر و هاواری شەپۆلەکانی نێو دەریای ناخی من

هەموو ژنێک ناتوانێ بەلەنجەیەکی ژنانەوە

کڕو ئارامیان بکاتەوە

ناڵە ناڵی ڕەشەبای نێو خوێن و دەمارەکانی من  

هەموو ژنێک ناتوانێ سووک و سانا خامۆشی بکاتەوە

من / جەستە و هەست و ژیانی خۆم

بە ژنێک دەبەخشم کە ڕۆحم داگیر بکات

من خەون بە ژنێکەوە دەبینم

کە تابلۆ ئاوییەکانی نێو ناخودئاگاییم ڕەنگ بکات و

تا ئەبەد لەوێندەرێ بمێنێتەوە

ژنێک هەموو سیحری جوانی و سیحری ڕووناکی و

 سیحری ناز لە چاوەکانییەوە بدرەوشێنەوە

ژنێک پڕ بێت لەو بارانەی کە من تێنوێتیم پێدەشکێ

پڕ بێت لەو فرمێسکانەی لەنێو ڕووبارەکانی کەوتن

تێکەڵ بە فرمێسکەکانی من دەبنەوە

ژنێک لە یەکەم نیگاوە پڕم کات لە تریفە تۆتەمییەکانی

نێو تیشکە شینەکانی شاگەشکەبوون

 ژنێک بە زەردەخەنە خەماوییەکەی

تاوێرێک لە بەردەم پەیکەری تەنیاییم قیت بکاتەوە

ژنێک لە یەکەم شەوی ئاوێزانبوون

ملوانکەی مرۆڤبوونم لە مل بکات و

هەموو دەرگا کلۆمدراوەکانم بۆ بخاتە سەر گازەرەی پشت

ژنێک بتوانێ بە ڕووناکایی میهر پارچە شکاوەکانی

ئاوێنە ڕوونەکەی ڕۆحم لەنێو ڕەشێتی خەونەکانم بدۆزێتەوە

ژنێک لەنێو تاریکایی چاوەکانم

ختووکەی یاخیبوونی خۆرەتاوی نێو لەپم ڕەسم بکات

من ئەشقیایەکی سەرشێت و سەرمەستم

لە مەملەکەتی ئیبلیسەکانەوە هاتووم

 بەتاقی تەنێ بە ڕێگادا دەڕۆم

تەنیا و تەنیا و تەنیا

هەموو ژنێک ناتوانێ شوێن پێی هەنگاوەکانم هەڵبگرێ و

گەمە لەگەڵ دۆلفینەکانی دەریای خەیاڵەکانم بکا

هەموو ژنێک ناتوانێ

خۆی لە قوڕولیتەی وڕێنە تووڕەهاتییەکانی من وەربدا

نەرم نەرمیش لەژێر بارانی نائومێدییەکانی من سەما بکا

هەموو ژنێک ناتوانێ

شێتانە مۆمی شەباهەنگی نێو شەوەکانی من داگیرسێنێتەوە

بمگەیەنێت بە دوا نوختەی سنووری سپیدە سەرمەدییەکانم

هەموو ژنێک ناتوانێ

ژنێتی خۆی بکاتە ژیلەمۆ و کەمانجەیەک

بۆ ژەنینی لاوکە حەسرەتییەکانی من

 ئەوە منم لەوەتەی خۆمناسیوە

قەڵەمێکی باریکەلەی نووک ڕەشم

 لەنێو دەفتەرێکی سپی ڕاکشاوم

توورەگەیەک لە وردە نان و دێمکە ئاوێک و

بەردێکی گەورەش بەسەر شانمەوەیە 

بە جەستەیەکی شەکەت و ماندووەوە

 بەسەر هەورازە ڕکەکانی ژیان هەڵدەگەڕێم

چاوەڕێی ژنێکم خۆی لە شینێتی ئاسمان ئاڵاندبێ و

بە نرکە و ناڵەی هەور هەناسە بدا

ژنێک فوو بەو بڵێسە و ئاگرەوە بکات

 کە لەبەردەم خۆی جەستەم دەکاتە دووکەڵێکی ڕەش

لەنێو خۆڵەمێشی نەبوونم داوداوی سمێڵم بناسێتەوە و

بێدەنگیم پڕ بکات لە قسە

ژنێک زیندانییەکی ئەبەدی نێو شیعرەکانم بێ و

بەکاتژمێری یاخیبوون زەمەن بخوێنێتەوە

وشە ئیرۆسییەکانیشم نەبنە زنجیرێک

بۆ گەردن و دەست و قاچەکانی

زەلیلی ئەوەش نەبێت پێی بڵێم خۆشمدەوێی

ژنێک وەک خۆرەتاوێکی گەش

شاخە بەفرینییەکەی شکۆی پیاوەتیم ورد و خاش بکا!

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت