ما 545 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەمشەو دووهەم شەو بوو کە خەریک بوو بە بێ دەستکەوت تێدەپەڕی. حەزی خوێن لە خۆی بێ خۆی کردبوو. چاوێکی بەو تابلۆیانەدا گێڕا ناوی اللە یان لە سەر نووسرابوو، ئەو ناوەی کە بە پێچەوانەی خاچی مەسیحییەکان هیچ ترسێکی تیا نەدەبزواند. پێی سەیر بوو چلۆن ناوونیشانە جۆربەجۆرەکانی یەک خودا دەکرێ ئەوەندە کارتێکەریی دوور لەیەکیان هەبێ. 

 

 

دراکولا و سەفەر بۆ رۆژهەڵات (٤)

ئێوارە درەنگان لە خەوبەئاگاهات. خزمەتکاری هوتێلەکە هاتبوو و بە بێ ئەوەی ئاگای لە خەوتنی دراکولا  لە ژێر تەختەکەدا بێ، ژوورەکەی وەک هەمیشە خاوێن کردبووەوە. دراکولا کە خەبەری بووەوە سەری یەکجار قورس بوو، سەرئێشەیەکی سەیری گرتبوو. هەستی کرد هی خوێنی کۆن و وشکە. لەبەر خۆیەوە جوێنێکی دا و تفێکی نەخوازراوی رۆکرد. کتوپڕ تەلەفۆنی سەر مێزی خەوەکەی تەنیشتی زەنگی لێدا. خاوەن هوتێلەکە بوو. زەنگی دا بۆ ئەوەی دڵنیا بێ مشتەرییە بێگانەکەی ماوەو و هیچی لێ بەسەرنەهاتووە. ئاخر لە ساتی هاتنییەوە نەیبینیبوو. ئەم کە زۆر تاقەتی قسەکردنی نەبوو، بە یەک دوو رستەی کورت لە کۆڵ خۆی کردەوە. کە گوشییەکەی دانا بیری کردەوە چ دەبوو بیتوانیبا بۆ ئەم شەو کچێکی گەنجی سۆزانیی دەمار پڕ لە خوێنی گەرم و نوێ سفارش بدات! خۆ مژینی خوێن لە دەستدرێژی کردن بە شەرەفانەتر بوو! خەنی لەم بیرەی خۆی راچەنییە سەرپێ. چووە خوارەوە. دراکولا کە چیدی تاقەتی نەمابوو لە شەوە تاریک و گەرم و بێ خێر و بەرەکەتەکانی رۆژهەڵاتدا چیدی بفڕێ و رقی لە حەبەکانی رۆژانی تەنگانەی خۆی بوو، بە پەلە پێ پلیکانەکانی تێپەڕاند.

خاوەن هوتێلەکە بە بزیەکەوە داواکارییەکەی بەجێ گەیاند، لە کاتێکدا پارە چرچ و لۆچەکان و قەراغ سووراوییەکانی دەخستە چەکمەجەکەی بەردەمی، گوتی:

ـ "تا دووشێک دەگری و ئاوێک بە خۆتدا دەکەی، دەگا!"

سەعاتێک لە شەو لایدا و لە دەرگا درا. دوو ژنی عابا بەسەر هاتنە ژوورەوە. عاباکان دراکولایان بیری قەشەکانی ئەورووپا دەخستەوە، هەربۆیە کەمێک بە نادڵنیاییەوە دەرگاکەی لێ خستنە سەرپشت. باشە بۆچی تا ئیستا بیری لەمە نەکردبووەوە! ئەم وڵاتە، وڵاتی موسوڵمانانە و رەنگە هیچ کلیسا و قەشەیەکی تێدا دەست نەکەوێ. لە ئەورووپا زۆر جار نێچیرەکان بە گرتنی خاچی مەسیحی بە دەستیانەوە و راگرتنی بەرامبەر بە ئەو، خۆیان قوتار کردبوو، بەڵام لێرە ئەم ئیتر لەمە بێ خەم بوو. دراکولا رقی دونیای لە خاچ بوو، نەک تەنیا رق، بەلکوو یەکجار لێیشی دەترسا. بێگومان یەکەم فڕینی تری بەرەو مزگەوت دەبێ.

ژنەکان عاباکانیان داکەند و چاوێکیان بە ژوورەکەدا گێڕا. ئەوسا نیگایان لە سەر دراکولا بۆ ماوەیەک چەقی. یەکیان گوتی:

ـ "ئەم پێستە زۆر سپییە بڕواناکەم زۆر تین و تاقەتی هەبێ!"

ئەوی تریان پێکەنی، پێکەنینێکی سۆزانییانە بەو بنێشتەوە بۆنەکەی دەیدایە ناو ژوورەکەوە. یەکیان هەستایە سەرپێ و بە بێ پرس خۆی کرد بە ئاودەست و حەمامەکەدا. دیار بوو شارەزان! دراکولا کە کتوپڕ هەستێکی ناخۆش رووی تێکردبوو، رووی لە ئەوەیان کە لە ناو ژوورەکەدا بوو کرد و، گوتی:

ـ "پێم وابێ هەڵەیەک کراوە، من داوای دووانم نەکردبوو!"

لەم کاتەدا ئەوەی ناو ئاودەستەکە هاتە دەرەوە و گوتی:

ـ "ئێمە هەمیشە بە جووت دێین. گەر ناتەوێ، دەڕۆین، بەڵام با دڵنیات بکەینەوە کە زەرەر دەکەی. دۆزینەوەی کەسی تر ئەوەندە ئاسان نیە!"

دراکولا کە دڵنیا بوو لەوەی یەکیان بە هەر جۆرێک رێگر دەبێ لە بەرەوپێش چوونی کارەکەی، سەرنجی بۆ گەردنی ئەوەی سەر کورسییەکە راکێشرا کە وەک گەردنی قاز، بەرز و باریک و سپی دەینواند، بەو رەگە بە ئاستەم شینەوە کە لە بنی کراسەکەیدا ون دەبوو. کتوپڕ حەزێکی یەکجار قورس رووی تێکرد. راچەنییە سەرپێ و گوتی:

ـ "چۆنە هەر شەوەو یەکتان؟... گەر وانەکەن مەجبوورم ماڵئاواییتان لێبکەم."

لەم کاتەدا ئەوەی وا بە پێوە وەستابوو و هێشتا دەڵێی لە خاوێن کردنەوەی دەستەکانی نەبووبووەوە، پشت ملی دراکولای گرت و گوتی:

ـ "پێت وانەبێ وەها دەبێ کە تۆ دەڵێی،... هەرئیستا پارەکەمان دەدەیتێ باشە، ئەگینا بەڵایەکت بەسەردا دێنین قەت لە بیرت نەچێتەوە."

دراکولا کە چاوەڕێی وەها دۆخێکی نەدەکرد، خۆی لە ژنەکە راپسکاند و بەرەو دیوارەکە کشا. ژنەکەی سەر کورسییەکەیش هەستا و بەدەم هاوڕێکەیەوە هات. بوو بە قاو و قیژ و هەراهەرایەک نەبێتەوە. یەکیان کتوپڕ دەستی بە گیرفانی دراکولادا کرد و کیفی پارەکەی دەرهێنا. بەشی خۆیانی ژمارد و کیفەکەی فڕێدایە سەر تەختەکە و عاباکەیان بە سەر خۆیاندا دا و ویستیان بڕۆن. بەڵام وەک بڵێی سیمای عەبەساو و ترساوی دراکولا هەستی بەزەیی بزواندبێتن، گەڕانەوە. یەکیان گوتی:

ـ "ئەوەندەیش خراپ و پێنەزان نین!"

ئەوسا شەڵواری دراکولایان داکەند و راکێش راکێش بردیان بۆ ناو توالێتەکە و بە دەست رەحەتیان کرد. دراکولا کە لە ژیانیدا لە گەڵ هیچ ژنێک نەخەوتبوو، بینی خوێنێکی خەست و کڵۆ کڵۆ لێیەوە رژایە سەر کەفی توالێتەکە. ئەو خوێنەی وا بونی سێ سەد ساڵ ژنانی ئەورووپای دەدا.

***

لە دووای سەعات دوانزە وەدەرکەوت. بینینەوەی مزگەوت دژوارنەبوو. بە دوو هۆ: هەم ژمارەیان زۆر بوو و هەم لەوە پێش نموونەیانی بینیبوو. هەروەها دوو ناوونیشانی گەورە و بەرچاویش: منارە و بڵیندگۆ. لە پاش ماوەیەکی کەم یەکی بینییەوە. ئارام لێی نزیک کەوتەوە. بۆنی ئاودەستەکانی بە پێچەوانەی کلیسا سەرنجڕاکێش بوو. جگە لەوە، کە چووە ژوورەوە، بینینی شوێنێک بۆ تابوت و دارمەیت، ئەمە ئیتر لای یەکجار خۆش بوو. بیری کردەوە کە ئیتر تا لەم ناوچەیە دەبێ بە شەو دێتە ئێرە و لە ناو دارمەیتەکەدا دەخەوێ. وەک جارانی ئەورووپای. زەردەخەنەیەک گرتی. ئارام بە بەشەکانی تری ناو مزگەوتەکەدا گەڕا. ئەوەتەی لەبیری دێ لە ئەورووپا لە کلیساکان هەمیشە بە نیوەشەویش بووبێ کەسێ هەبووە بە تەنیا لە بەردەم پەیکەری مەسیح چۆکی لە سەر زەوی دادابێ و بۆ شتێک پاڕابێتەوە، بەڵام لێرە کەسی نەبینییەوە. مزگەوت چۆڵ و هۆڵ بوو. پێی سەیربوو. باشە مەگەر ئێرەیش وەک کلیسا ماڵی خودا نەبوو؟ باشە مەگەر لەم وڵاتە کەسێک دەست ناکەوێ کە بە نیوەشەو پێویستی بە خودا بێت؟ داماوێکی نیازبەخودای خوێن شیرین و خوێن گەرم؟

ئەمشەو دووهەم شەو بوو خەریک بوو بە بێ دەستکەوت تێدەپەڕی. حەزی خوێن لە خۆی بێ خۆی کردبوو. چاوێکی بەو تابلۆیانەدا گێڕا ناوی اللە یان لە سەر نووسرابوو، ئەو ناوەی کە بە پێچەوانەی خاچی مەسیحییەکان هیچ ترسێکی تیا نەدەبزواند. پێی سەیر بوو چلۆن ناوونیشانە جۆربەجۆرەکانی یەک خودا دەکرێ ئەوەندە کارتێکەریی دوور لەیەکیان هەبێ. بێگومان گەر لەم جۆرە وڵاتانە ژیابا هیچ شتێک بەری پێنەدەگرت. گەر موسوڵمانەکان کاتی خۆی دەستیان گەیشتبایە رۆمانیا، ئەوا ئیستا نانی ئەو تەواو لە رۆندا دەبوو! بەڵام نا، راوەستە! بێگومان شتێکیان هەر دەبینییەوە بۆ ئەوەی بەری پێبگرن. هەمیشە وابووە.

ئارام لە ناو حەوشەی مزگەتەوکەوە هەڵفڕییەوە و سووڕێکی تر بە دەوری منارەکەدا دا. ئەوسا حەزی خەوی ناو تابوت رووی تێکردەوە. کاتێک لە ناو دارمەیتەکەدا راکشا، دونیا خەریک بوو بەرە بەرە روونی دەکردەوە. لە گەڵ هەڵدانی یەکەم قومی خەو، خەونی بە سێ سەد ساڵ لەوە پێشەوە بینی، کاتێک باوکی بۆ یەکەمجار لە ناو یەکەم تابووتی ژیانیدا چیرۆکی ئەو مرۆڤە ترسنۆکانەی بۆ گێڕایەوە کە لە دەنگی گورگ زیاتر لە خودی گورگ دەترسان. باوکی بە گوێیدا چرپاندبووی کە:

 

ـ "لە بیرت نەچێ، نێچیرەکەت هەمیشە بە ترس راوبکە!"  

گەڕان بۆ بابەت