ما 5918 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

لە بیری ئەوەیدا داخۆ خوێنی تراو چەندە زانست لەخۆدەگرێ، باڵەکانی وەک داڵ کردەوە و خۆی بە ئاسمانی سەر کۆڵانێکدا کرد. ئەو کە هەمیشە رقی لە شیعرگوتن بوو و شاعیرانی بەو هەوەسبازانە دەشوبهاند کە نە بە کەیفی خۆیان ژنیان دەست دەکەوت و نە دەیانتوانی بە جوانی دەستپەڕبکەن، حەزی نووسینی شیعرێک رووی تێکرد.

 

دراکولا و سەفەر بۆ رۆژهەڵات (٦)

ئەو نابێ رووبکاتە شوێنە دەوڵەمەندنشینەکان کە لەم شارە لە بەشی باکور هەڵکەوتبوو. لێرە لە شوێنە دەوڵەمەندنشینەکان بە پێچەوانەی ئەورووپا هیچ خەبەرێک لە جەژنە گەورەکانی ناو باغەکاندا نیە. ئەو جەژنانەی کچان و کوڕان لێرە و لەوێ لە قەراخ و قوژبنەکاندا خۆیان دەشارنەوە و بە جامی شەراب بە دەستەوە قاقا پێدەکەنن و بە باڵای یەکتردا شۆڕدەبنەوە. ئەو باغانەی ئەو هەمیشە دەیتوانی بەشی خۆی نێچیریان تێدا دەست بخا. لێرە هەموو باغە گەورەکان بە شەو یەکجار بێدەنگن. نا، ئەو دەبێ روو لە شوێنی تر بکا. بۆ وێنە بەشی باشور. رەنگە لەوێ ژیان جۆرێکی تر بێ. رەنگە لەوێ سەرئەنجام بتوانێ شتێ دەست بخا.

باکور و باشور. بیر لەم دوو وشەیە دەکاتەوە. نەک لە شارەکان، بەڵکوو لە سەر گۆی زەویش جیاوازییەکی گەورە لە ناو ئەم دوو بەشەدا هەبوو. هەمیشە باکور دەوڵەمەند و باشور هەژار. پەیوەندی بە ئاو و هەواوە هەبوو یان بە جۆری راوەستانی زەوییەوە (باکور قوت و لەو سەرەوە و باشور نزم و لەو خوارەوە لە خولی بێ پایانی زەوی بە دەوری هەتاودا)، یاخود بە سەرما و بەفر و زۆر و بۆریی ئاوەکان لە باکور، نازانێ. دراکولایش لە باکورەوە هاتبوو، لەوێ سەریهەڵدابوو. لە شوێنی دەوڵەمەندنشینەکان و بۆ مژینی خوێنی ئەوان! گەر مرۆڤ نەیتوانیبوو خوێنی هیچ دەوڵەمەندێک بمژێ، ئەوا بوونەوەرێکی وەک ئەو سەرئەنجام چێکرابوو بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکە بگەڕێنێتەوە. بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە مرۆڤ تەنیا بۆ چەوساندن دروستکراوە و بەس، چ فەقیر و چ دەوڵەمەند هیچ فەرقێک ناکا! لێرەدا دیسان گومانەکەی سەفەر بۆ رۆژهەڵات جارێکی تر تێیدا سەریهەڵدایەوە، ئەو پرسیارەی کە داخۆ ئەم سەفەرە راست بوو یان نا. لە شوێنێک کە دەوڵەمەندەکان زیاتر لە هەر شوێنێکی تر خوێنی هەژارەکانیان دەمژی و هەژارەکان زیاتر لە هەر شوێنێکی تر دەستەوەستان بوون لە ئاست ژیان و چارەنووسیاندا، داخۆ سەفەری دراکولا بۆ ئەوێ راست بوو؟ دراکولا بۆ مژینی خوێنی دەوڵەمەندەکان چێکرابوو و کەچی ئیستا لێرە دەبا روو لە ناوچە هەژارنشینەکان بکا، لەوێیش رەنگە روو لە منداڵەکان،... منداڵە بێنازەکان. هەستە ناخۆشەکان تێیدا وەک درەخت باڵایان دەکرد. درەختی گومان و چۆکدادان.  

جارێکیان لە باکوری ئەم شارە کاتێک بە سەر یەکێک لە باغە گەورەکاندا تێپەڕیبوو، درەنگان دوو سەگی بینیبوو پەڕیبوونە سەریەک. ئەوسا باغەوانە پیرەکە کە بە پێمەڕەیەک بە دەستەوە وەها بە پشتی نێرینەکەیدا کوتابوو کە بێگومان قروسکە قروسکی گەیشتبووە مەیدانی شەڕەکەی تەنیشت وێستگەی پاسەکان. خوێنی سەگەکە دراکولای لە خۆ بێ خۆ کردبوو. نزم نزم بە سەریدا فڕیبوو و بە ئاستەم باڵەکانی لێ خشاندبوو. بەڵام دراکولا هەموو خوێنێک ناخوا. باغەوانەکە دەکرا نێچیرێکی چاک بێت، بەڵام خۆ قروسکەی بێ ئامان دەرفەتی دەدا؟

بەرەو باشوور باڵی لێدا. کە گەیشت نزم بووەوە و ورد ورد لە دیمەنەکانی بەردەمی خۆی رووانی. حەوشە و بانەکان پڕبوون لەو مرۆڤانەی لە دەست گەرما هەڵاتبوون و لەوێ خەوتبوون. جەستەی ئەو منداڵانەی وا بە دەرەوە بوون و خۆیان بڵاوبڵاوکردبووەوە. ئەو گەورەساڵانەی بە دزییەوە لە گۆشەیەکی تاریک و نیوەتاریکدا هنکە هنکەیان دەهات و ئەو پشیلە گەڕیدانەی لە جەستەی ئارەقاویی مشکە ترسنۆکەکان بێزاربوون و، بەڵام بە ناچار بە پێی رەسمێکی دێرینە هێشتا هەر خەونیان پێوەدەبینین. دیمەنەکە چەند خەمگین دەهاتە بەرچاوی.

سەرئەنجام بڕیاریدا لە سەر یەکێک لە بانەکان بنیشێتەوە. نیشتەوە. بانێکی خێزاندار! سەیرێکی گەردنی کشاوەی یەکێک لە منداڵەکانی کرد کە لە تەنیشتەوە خەوتبوو. سەیری لاسکی ناسکی گەردنی کرد، سەیری دەمارە کشاوەکەی کە لە شوێنێک لە بن گوێیدا ون دەبوو. حەزێکی شێتانە گرتی. ئەگەرچی خوێنی منداڵ لەلای غەریب نەبوو، بەڵام هەستی کرد ئەمەیان دەبێ لە شێوازێکی تر بێت. ئارام لێی نزیکتر کەوتەوە. لێوەکانی بە گەردنی نا و دیانەکانی بە کاوەخۆ تێچەقاند. ئەگەرچی منداڵەکە بە پێچەوانەی منداڵانی ئەورووپا بۆنی هەتاو و نانی وشک و کۆڵانی دەدا، بەڵام خوێنەکە هەر هەمان خوێن بوو، تەنیا بە چکێک جیاوازییەوە،... خوێنەکە تراو بوو،... تراو تراو!

منداڵەکە خەبەری نەبووەوە، تەنیا کەمێک جوڵا و بەس. ئەوسا ئەم هەستی کرد تەنانەت لە گەڵ هەڵمژینی هەر قومە خوێنێک جوانتر گەردنی دەکشێنێ و جوانتر خۆی بە دەستەوە دەدات. رەنگی زەردی منداڵەکە هەر دەهات زەردتر هەڵدەگەڕا. بیری کردەوە رەنگی مرۆڤی رۆژهەڵاتی چەند لە هەتاو دەکا. خەنی لەوەی سەرئەنجام توانیبووی تامی خوێنێکی گەرم هەرچەند تراوی رۆژهەڵاتی بکا، لە منداڵەکە کشایەوە و رابووە سەرپێ. کەواتە شوێنەکەی بینیبووەوە. تەنیا دەبا بەرەو باشوور هەڵفڕێ و، لە یەکێک لەم سەربانانەدا بنیشێتەوە. مندالەکان لێرە تەنانەت لە ماڵیشەوە ئاسانترین نێچیر بوون.  

ئەو شەوە توانی چەند بانێکی تر بەسەربکاتەوە. خەنی لە دەستکەوت دەمەوبەیانی گەڕایەوە بۆ هۆتێلەکەی. لەو کاتەیدا خۆی بۆی خەوی ژێر تەختەکەی ئامادە دەکرد، بۆ یەکەم جار خۆی نەک وەک گورگ، بەڵکوو وەک قالۆنچەیەکی زەلام دەهاتەبەرچاو کە بە ناو خوێندا گوزری کردبوو و جێ هەنگاوەکانی لە کۆڵانە وشک و خۆڵاوییەکانی رۆژهەڵات تا بێکۆتاییەکان دەکشا. دراکولا چەندە لەم هەستی بەقالۆنچەبوونە بێزار بوو. لە کاتێکدا لە سەر خوێنی رۆژهەڵاتی گومانی لا دروست ببوو، لە بەر خۆیەوە گوتی:

ـ "پێم وانیە هەر ئەزموونێکی سەفەر ببێ بە بەشێک لە من،... بە تایبەت سەفەر بۆ رۆژهەڵات!"

***

دراکولا کە قەت لە ژیانیدا بیری لە ساڵەکان نەکردبووەوە، کتوپڕ حەزی کرد بزانێ ئەم ساڵ چ ساڵێکە. یاخود لە کاتی فڕینەکانیدا چاوی بۆ ساڵەکان بە سەر بیناکاندا دەگێڕا. ئەو کە بۆ خۆی نەیدەزانی کەی هاتووەتە دونیاوە و کێ دایک و باوکیەتی، تاسەی بینینەوەی سەرەتایەک بۆ خۆی، تەواو جیهانی داگیرکرد. بێ ئاگا لە سەرچاوەی ئەم حەزە چاوەکانی تیژتر کرد.

رەنگە هۆکاری ئەم تاسەیە کاریگەریی ناڕاستەوخۆی ژمارەی ساڵەکانی سەر خانووەکانی ئەورووپا بوو. بیری کردەوە کە رۆژهەڵات زۆر لە خۆی دەکا، ناوچەیەک بە بێ ژمارەی ساڵەکان و هەر بۆیە بە بێ سەرەتایەکی زەمەنی،... رەنگە بە بێ دایک و باوکیش. داخۆ بە هەڵە دراکولا لە ئەورووپا نیشتەجێ نەببوو؟ نا، هەڵە نەبوو. تەنیا، کەسێکی بێ ژمارە دەتوانێ ئەوەندە دڵڕەق و خوێنمژ بێت. تەنیا، کەسێک ئەوەندە بێ بەزەیی دەبێ کە زەمەن شمولی نەکات. خەنی لەم بیرە وردەی خۆی بەزەیی بە مرۆڤدا هاتەوە و، هاوکات حەزی مژینی خوێنێکی منداڵانەی تر سەرتاپای هەژاند. دراکولا پێی وابوو بەزەیی ئەو، خاوێنترین و بێ غەل و غەشترین بەزەیی دونیایە.

دراکولا ئیستا ئیتر وەچەیەکی لە دووای خۆی لە دراکولاکانی رۆژهەڵاتی بەجێ هێشتبوو، هەڵبەت بەو تایبەتمەندییەوە کە هەموویان بە تەمەن منداڵ بوون، بەڵام باشتر! ئەوانەی لە تەمەنێکی زووترەوە دەبن بە دراکولا، ئەو بەختەیان هەیە کەمتر رابردوو ئازاریان بدا و، زیاتر وەفاداربن بە ژیانی تازەیان و بە داهاتوو. دراکولا بێگومان دەیتوانی وەچەی زیاتر لە هەموو شوێنێکی دونیادا بخا. بست بە بستی زەویی خاکی. وەها هەموو جیهان ببێ بە هی دراکولاکان. رەنگە رۆژێک ئەوەندە ژمارەیان زیادبکا کە تەمەحی دەستبەسەراگرتنی دونیا دایانبگرێ و ئەوسا یەکجار بۆ هەمیشە بچنە شەڕی هەموو مرۆڤەکانەوە. لە بەر خۆیەوە گوتی:

ـ "سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکا، سەردەمێک وەک  ئەو ساتانەی وا هەسارەکان تازە لە هەتاو جیاببوونەوە، بەڵام ئەمجارە بە بێ مرۆڤ و ئەفسانەی بەرەوپێشچوون و گەشەی!"

لە یەکێک لە فڕینەکانیدا توانی چەند ساڵ ـ ژمارەیەک بە سەر چەند قوتابخانەیەکدا بدۆزێتەوە. ساڵەکان نەک تەنیا کۆن نەبوون، بگرە ئەوەندە تازەبوون کە ئەم پێی سەیربوو بۆچی بە سەر دەرگای قوتابخانەکانەوە نووسرابوون. کەواتە مێژوو لێرە لەم سالانەی دوواییەوە دەستی پێدەکرد، ئەویش مێژوویەکی ئەوەندە تاز کە ناتوانین بە هیچ جۆرێک ناوی مێژووی لێ بنێین.

ئارام باڵی لێدا و، بە دەوری یەکێک لە قوتابخانەکاندا بەو نیوەشەوە سوڕایەوە. ئێرە شوێنی راوەمرۆڤ نەبوو. چۆڵ چۆڵ. پەنجەرە تاریک و زۆرەکان باسی کۆچی مرۆڤیان بۆدەکرد. بێگومان یەکێک لەبەتامترین خوێنەکان دەکرا خوێنێک بێت کە لێرە هەڵیمژێ. سوێندی خوارد لە یەکەمین دەرفەتدا ئەم کارەبکا. دزینی منداڵێک و هێنانی بۆ ئێرە ئەوەندە دژوار نەیدەنواند. هێنایە بەرچاوی خۆی قەرەباڵغیی رۆژانەی ئەم بینایە و حەوشەکەی دەوری. چ دەبوو هەر هەموویان هەر چوار وەرزی ساڵ لە سەر بان خەوتبان!

 

لە بیری ئەوەیدا داخۆ خوێنی تراو چەندە زانست لەخۆدەگرێ، باڵەکانی وەک داڵ کردەوە و خۆی بە ئاسمانی سەر کۆڵانێکدا کرد. ئەو کە هەمیشە رقی لە شیعرگوتن بوو و شاعیرانی بەو هەوەسبازانە دەشوبهاند کە نە بە کەیفی خۆیان ژنیان دەست دەکەوت و نە دەیانتوانی بە جوانی دەستپەڕبکەن، حەزی نووسینی شیعرێک رووی تێکرد. 

گەڕان بۆ بابەت