پێشەوا کاکەیی
پیاوەپیرەكان...
لە هزردا هەمە چەشنەن.
دەشڵێن: "فەیلەسوفێكی سروشتین" *
نەختێكیان ـ پاڵیان بە مەرگ داوەتەوە.
نەختێكیشیان ـ ژیان دە فنجانەیێكی گوڵ دەكەن و،
ئاوی دەدەن.
كەڕەتیوایە ـ بۆنی ڕێحانە دەكەن.
كەڕەتیوایە ـ باسی هەست دەكەن.
كەڕەتیواش هەیە ـ دەستی منداڵ دەگرن.
پیاوەپیرەکان
پێشەوا کاکەیی
پیاوەپیرەكان...
لە هزردا هەمە چەشنەن.
دەشڵێن: "فەیلەسوفێكی سروشتین" *
نەختێكیان ـ پاڵیان بە مەرگ داوەتەوە.
نەختێكیشیان ـ ژیان دە فنجانەیێكی گوڵ دەكەن و،
ئاوی دەدەن.
كەڕەتیوایە ـ بۆنی ڕێحانە دەكەن.
كەڕەتیوایە ـ باسی هەست دەكەن.
كەڕەتیواش هەیە ـ دەستی منداڵ دەگرن.
*
پیاوە پیرەكان...
كە دەچنە سەر دەریا... تەماشای ڕاسانی خۆر دەكەن.
كە دەچنە بن درەختەكان... جیاوازی لەگەڵ تەمەنیاندا دەكەن.
كە دەچیشنە نێو مزگەوتەكان... بە ئاغزە جگەرەكەیان ـ
یاری سێ ڕیزكێنێ دەكەن.
*
پیاوە پیرەكان...
بڕێكیان ـ بە گۆچان یاری "گۆڵف"ێن بە بەرد دەكەن.
بڕێكیان ـ لە ترسان سووڕەتی "فاتیحە" دەرخ دەكەن.
بڕێكیشیان ـ لە نۆشینی قاپێك "ویسكی"دا
گاڵتە بە ڕِۆح دەكەن.
*
پیاوە پیرەكان...
هەنە سروشتناسن... خۆر دەكەن بە دوو ڕەنگەوە.
هەنە وە ماریفەتن... لەسەر پشتی كیسەڵ بیر دەكەنەوە.
هەنە نەخۆشەوانن... پەڕوباڵی پەپوولە هەڵدەبەستنەوە.
هەشنە دارەوانن... بە گوریسی "نووح" خۆ دەبەستنەوە.
*
پیاوە پیرەكان...
لە دواجاردا دەبنەوە بە منداڵێكی زۆر سادە.
ـ وەلێ منداڵێكی خوێن شیرین... نا،
منداڵێكی خوێن تاڵ.
ڕەنگە تەمەنیشیان بكشێتەوە...
بە ئەندازەی ڕۆحی پڕگاڵ.
ئابی 2007 / قەڵادزێ
____________________________________________________
* . بۆچوونێكی "ئۆگۆست كۆنت"ە.
لە کتێبی کۆمەڵە شیعری " پاشماوەی هەناسەکان" ٢٠٠٨ دا بڵاو کراوەتەوە.
·