ئیبراهیم ئیسماعیل پوور
قانعی ژیان خۆشەویست دڵۆڤان و مرۆڤدۆست، بۆ پاراستنی گەل و وڵات پەنای نەبردۆتە بەر چەک و کەرەسەی ماڵوێرانکەر. باوەڕی پتەوی بە مافی مرۆڤ هەیە و لە خوێن ڕشتن بێزارە.چون ئاوێنەی باڵانوێی هاوڕەگەزەکانیەتی، پشتی بە یەکگرتووی بەستووە و چاوی لە هێزی پڕبڕستی گەلە.
قانع و کێشەی نەتەوایەتی
ئیبراهیم ئیسماعیل پوور
دای لە دڵ سۆزەی شەماڵێک وەک نەسیمی بەربەیان
دێتە مێشکم هاژەهاژێ وەک فوارەی قەڵپەزان
جاڕی دا بولبول لە گوڵشەن ئەی گرۆهی ئاشقان
سەف بپێکن ڕاوەسن پیاو و ژن و پیر و جوان
مەیلی بێداری ئەکا بەختی خەواڵووی کوردەکان
نەتەوە گەورەترین کۆمەڵی ئینسانییە کە هۆی پێوەندی ئەو کۆمەڵە فەرهەنگ و زانیاری هاوبەشە. هەرچەند ئەو پێوەندییانە بەهێزتر بن و لە نێوان ئەو کۆمەڵەدا شوێنی بەرچاوتریان هەبێت ؛یەکیەتی و یەکگرتووی نەتەوە زیاترە.
شوێنی ژیان و وڵات و هەست بە یەکبوون و لێک نزیک بوون و هەروەها هۆگری بە پارچە زەوی دیاریکراو لە خاڵە بەرچاوەکانی بوونی نەتەوەیە. جیا لەوانەش هەست و بەسترانەوە و خۆشەویستی لە بەرانبەر مێژوو و ئایین و فەرهەنگ و زمانی هاوبەش لە نێو گەلدا؛ دەبنە ناسنامەی نەتەوە. بۆی هەیە نەتەوە بە شێوەی کۆمەڵێکی مێژوویی و پێوەندی فەرهەنگی لە ئارادا بێت؛ بێ ئەوەی خاوەنی سەربەستی ڕامیاری یان دەسەڵاتی سەر بەخۆ بێت.
کورد یەکێ لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە که کەس له دێرینەیی ئەم گەله حاشا ناکا و مێژووش ئەوەی سەلماندووە. به ڕوانین له نووسراوەکان و سەرنجدان له کاروبارێ که ئەم نەتەوە به ڕێوەی بردووە، داتوانین بڵێین خاوەنی شارستانییەتی تایبەتە و بنەمای مێژوویی خۆی هەیە.
ئەم گەلە هەوڵی داوە بە ئاشتی لە گەڵ گەلانی تردا بجووڵێتەوە و وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن لە مێژوودا ناوی خۆی بپارێزێ .سەرەڕای ئەو هەموو جەور و جەفایە که دیکتاتۆران دەرحەق بەم گەلە کردوویانه، توانیویەتی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بپارێزێ و تایبەتمەندییەکانی خۆی لە بیر نەکا. به ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو دەبینین کە هەوڵی نەیارانی ئەم گەلە بۆ سڕینەوەی شوناس و فەرهەنگی نەتەوەیی نەزۆک دەمێنێتەوە و سینگی زانایانی ئەم گەلە دەبێتە قەڵغانی پاراستنی ناسنامە.ئێستاش بە پێی بارودۆخ و هەلی ڕەخساو، خاوەنی کاروانێکی ڕۆشنبیرین و وێڕای گەلانی تری ناوچەکە بۆ لە گۆڕنانی جەهل و نەزانی لە هەوڵ داین. لەڕابردوویەکی نەزۆر دووردا ئێمەی کورد لە کتێب و ڕۆژنامە و ڕادیؤ و گۆڤار و مێدیا و کەرەسەگەلی ڕۆشنکەرەوە و پەرەپێدەری فەرهەنگ بێبەش بووین. هەر بۆیه شاعێران و زانایانی گەل دەبوو بە ڕۆشنگەری و شێعر جێی ئەو کەرەسەگەلە پڕ بکەنەوە و ئەرکی خۆیان به جێ بێنن. لێرەدایە که کەسایەتی دڵسۆز و شاعێری خاوەن هەڵوێستی گەل مامۆستا قانع وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی وێژە و ڕۆسنبیری کورد دا ئەدرەوشێتەوە.
قانع قۆلی هیمەتی لێ هەڵماڵیوە و بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوایەتی سڵی لە هیچ کەند و کۆسپێک نەکردووە و ژیانی خۆی فیدای ئەم مەبەستە کردووە.بە دڵ هەستی بەوە کردووە کە گەل پێویستی بە پیاوی هۆشیار هەیە و تا هۆشیارێک لەخۆبردوویی نیشان نەدا ، گەل لە خەودا دەمێنێ و هەستانی ئەستەمە. بەڵام ئەم لە خۆبردوویییە تەنیا لە نیشاندانی دەرد دا نییە بەڵکوو حاجی قادر گوتەنی دەبێ دەرمانیشی بۆ دەست نیشان بکرێ. دەبێ قانع ئەم هەستە له دەروونیدا وەجۆش هاتبێ که گوتوویەتی:
قانعا خۆتۆ لەلای خۆی تەرکی نووسینت ئەکرد
وا بزانم پێت ئەنووسێ ناتەواوی کاری کورد
هەر بۆیە وەک بلیمەتێکی شارەزا شانی لێ داخستووە و بۆ ساتێکیش خۆی لە گەلەکەی جیا نەزانیوە و ڕازی هەرمانی گەلی لە زانیاری و پەرەپێدانی فەرهەنگدا زانیوە. بەو قەناعەتە گەیشتووە کە تا ڕۆشنبیری لە ئارادا بێ گەل زیندووە و ڕێگای ژیان دەپێوێ.زانیویوتی بە چ سێحرێک دەتوانێ ئاوی حەیات وەدەست بێنێ و نەمرێ:
که تۆ مردی بە یەکجاری ئەبیتە خاک و خۆڵ
منیش دوای مردنم ئینجا بزانە دەوری ژینم هەس
قانعی ژیان خۆشەویست دڵۆڤان و مرۆڤدۆست، بۆ پاراستنی گەل و وڵات پەنای نەبردۆتە بەر چەک و کەرەسەی ماڵوێرانکەر. باوەڕی پتەوی بە مافی مرۆڤ هەیە و لە خوێن ڕشتن بێزارە.چون ئاوێنەی باڵانوێی هاوڕەگەزەکانیەتی، پشتی بە یەکگرتووی بەستووە و چاوی لە هێزی پڕبڕستی گەلە:
ئەتۆ نازت بە شەستیر و چەک و دینار و باخاته
منیش نازم بە کوردانە و بە کورد بڕوای مەتینم هەس
زەبر و زەنگ و قەڵاچۆ و ترس وەبەرنان قانع ناترسێنێ و تەنانەت سەری بەسەردارەوەی پێشەوای گەلەکەشی دەبینێ و نێزەی بەخوێنی لاوان سووری جەلادەکانیش لە بەرچاوانی دەبریسکێتەوە و لەو ساتەوەختە هەستیارانەشدا ئاوا بە نەیار دەڵێ:
قوڕ بەسەرتان ئێوە خاوەن تۆپ و تەیارەی شەڕن
میللەتی من خاوەنی تەئریخ و بیر و باوەڕن
قانع وەک لێزانێکی سەردەم نە حاشا لە فەرهەنگ و کولتووری کۆن دەکا و نە خۆ لە دیاردە نوێکان و بونیادگەلی نوێی زانستی دەبوێرێ. هەستی بەو خەرەندە ماڵوێرانکەرە کردووە کە بەردەوام جیلەکانی نەتەوەکەی لێک دەترازێنێ و ئاڵۆزی دەخاتە ژیانیانەوە .هەر بۆیە دایمە بۆ دەربازبوون لە سەر لێشێواوی گەل لە بیری چارەسەردابووە و وەک تیۆریزانێکی بە پێز ڕێ نیشاندەر بووە . خەڵکی هانداوە بۆ ناسینی خۆیان ڕوو لە زانیاری بکەن و مێژووی خۆیان وەخوێنن و تێیدا شارەزابن. بەشێک لە شێعرەکانی قانع گێڕانەوەیەکی مێژوویییە لە ڕابردوویی نەتەوە و شاعێر ویستوویەتی هاوڕەگەزەکانی لە شوناس و بنچینەی گەلیی خۆیان ئاگادار بکاتەوە. خوێنەری شێعری قانع زۆر و کەم لە ڕابردووی دوور و نزیکی گەلەکەی ئاگادار دەبێتەوە. بەردەوام باس لە پێشخوانێکی ڕەنگین دەکات کە کورد بە درێژایی مێژوو بەرهەمی هێناوە و دەکرێ هەرتاکێکی کورد شانازیی پێوە بکات و باوەڕبەخۆبوونی تێدا دروست ببێ. قانع شاعێری سەردەمی دوورە پەرێزی لە کتێب و خوێندن و جیهانی بوونە، هەر بوویە ویستوویەتی ئەم باسە لە مێشکی هەر هاووڵاتییەکدا جێبکاتەوە کە مرۆڤی بێ خوێندن و زانیاری مردووە. هاندەر بووە تا خەڵک هێزی خۆیان بپارێزن و ژێرچەپۆکە نەبن.بەم پێودانگە زۆر پسپۆڕانە ئایینی لە خورافات جیا کردۆتەوە و نیشانی داوە کە نەتەوەی خورافیپارێز و دوورە زانیاری ناتوانێ مەوجوودیەتی خۆی بپارێزێ و بە دڵنیاییەوە لە دەسەڵاتی کەم دەبێتەوە.
وڵاتت چاوەڕوانی سەنعەتە تا پرچ و زەرگ و ڕیش
خورافات و درۆ لابە ئەگەر تۆ ئەهلی ئیمانی
قانع لە ڕووداوەکانی سەردەمی جیهانی بێ خەبەر نییە و زۆربەی ڕووداوە جیهانییەکان لە شێعری ئەودا ڕەنگدانەوەی هەیە. ویستوویەتی خەڵک لە شۆڕشە بە نێوبانگەکانی جیهان ئاگادار بکاتەوە. بە شاخ و باڵی ڕێبەرانی ئەو شۆڕشە بە ڕواڵەت مرۆدۆستانەی دا خوێندووە و مامۆستا هەژار ئاسایی هەر کەس دەمی لە ڕزگاری گەلانی بندەست داوە پێیدا هەڵگوتووە و لە ئاکامدا لە بەر چەواشەبوون و بەلاڕێداچوونی شۆڕشەکان و درۆی ڕێبەرانی هێندێ لەو شۆڕشانە لە بۆ چوونی خۆی پاشگەز بۆتەوە و لەوە کە گەلەکەی هەر لە خەودا ماوەتەوە کوڵی گریانی هەستاوە و پەژیوانی و سەرکۆنە کردن ئەوکی گرتووە:
ئەگەر گریام لە بەر بێ هۆشی کوردان
مەکەن مەنعم کە چۆن بێ ئیختیارم
هەزاران ئینقلابم هات بە سەردا
کەچی من هەر خەواڵوو و بەردەبارم
قانع لە سەردەمێکدا ژیاوە کە دەرەبەگایەتی تەنگی بە گەل هەڵچنیوە و وەک مۆتەکە باڵی نەحسی بەسەر ژیانی گەلدا کێشاوە . سەردەمێک کە کەس خاوەنی هێزی خۆی نەبووە و هێزی کار لە خزمەتی دەرەبەگەکاندا بووە. ئاستی ژیانی دارا و نەدار تا ڕادەیەک لێک دوور بووه کە ئەو لە چڵەپۆپەی ناز و نیعمەتدا ژیاوە و ئەوی دیش لە چاڵاوی نەگبەتی و نەداریدا.
هێزی دەسەڵاتدار هێزی گەلی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. خاوەن مڵکەکان تەنەنەت ژیان و مردنی خەڵکیشیان لە دەستدا بووە،تا ئەو ڕادەیەی کە دەیان جار دیتوویانە کە خان و شێخ و گەورەی ئاوایی پیاویان لە چینی دیوار داوە. لە وەها بارودۆخێکدا قانعی شاعێر، شێعری تایبەتی بۆ پاڵە و جووتیار و چەوساوەکانی کورد گوتووە.لە نیشاندانی دەرد و بەڵا و زەقکردنەوەی کێشەی نەتەوایەتی لەو بوارەدا کەس وەک قانع کاری نەکردووە و کەسێش وەک ئەو دەڕوستی چەوسێنەران نەهاتووە.نەیویستووە خەڵک هەست بە دۆڕاویی بکەن و هەر دەم هێزی خۆیانی وەبیر هێناونەتەوە. دژبوون بە چەوسانەوە و چەوسێنەری لە قانعدا هێندە بە هێزە که بە شاعێری چەوساوەکان ناسراوە. هاندەرێکە کە زۆر جار وەکوو لیدێڕێک خۆی نیشان دەدا. لە بەڵا چوار چوارەکانیدا ئاغا بە یەکێ لە کەندووکۆسپەکانی ڕێگەی پێشکەوتن لە قەڵەم دەدا و لە شێعرێکی تردا ئاوا زوڵمی زاڵمان دەخاتە بەر چاوی خوێنەران:
خوێنی من و تۆ ناکەنە پیاڵە لە بۆ ئاغا
بیخواتەوە ئاغات وەکوو شەربەتی شیرین
ڕەنگە لە شۆڕشەکانی دژ بە ڕژێمە دەرەبەگەکان لە جیهاندا پەندی وەرگرتبێ و بۆ لابردنی ئەو ڕژێمانە وەک مائۆ پشتی بە جووتیارانەوە بەستبێ کە ئاوا لەو هێزە دواوە:
شادم بە ئەو زەمانەی کە بە داشداری ڕەنجدەران
وەرزێڕ ئەنێتە گەردەنی ئاغا گوریسی سوور
شاعێر شۆڕەسواری گۆڕەپانی ڕۆشنبیرییە؛ ئەو ڕۆشنبیرییەی کە دەبێتە ئاو و خەڵفی ئازادی پێ ئەڕوێ. دایمه بە هیوای شین بوونی داری ئازادی بووە و لەوەی کە ئەم دارە بە خەڵفی بڕاوە و کراوەتە پلاری دەستی نەیاران؛ لە خەم و تاسەدا بووە و جەماوەری وەخەبەر هێناوەتەوە. لە دەست تێوەردانی بێگانەکان لە کار و باری گەل سکاڵای کردووە و لە زۆربەی شێعرەکانیدا ڕووی لە خەڵک کردووە کە لەم پیلانە ئاگادار بن و سەربەستی خۆیان بپارێزن:
دە میللەت مەجلیسێ ڕێخەن بەڵام ئەو مەجلیسە حوڕ بێ
نەوەک مەجلێسی بێ قیمەت لە ژێر دەسکاری بێگانە
قانع دەیەوێ جەژنەکانیش خۆماڵی بکات.لە زۆرجێدا باس لەوە داکات کە تەنیا گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکان شیاوی بە جەژن کردنن نەوەک جێژنی پڵاو و سـمێڵ چەور کردن.جەژنی قانع جەژنی سەربەستی و ئازادییە،جەژنی وشیاری و خوێندنی لاوانی وڵاتە. بەرەو پێشچوونی کار و باری وڵات و ڕوو لە بواری ئابووری کردن بۆ قانع جەژن و بەراتە:
قانێعا پیرۆزە جەژنت چوونکە ئەمڕۆ لاوەکان
یەک لە یەک چاکتر خەریکی خوێندن و هوشیارییە
باسی ئابووری هەوێنی شێعری قانعن. بنیاتی ئابووری لە پەنا بنەماڵە و دین و پەروەردەدا دامەزرێنەر و پێکهێنەری کۆمەڵگان. دەبێ مرۆڤی کوردیش بۆ دەرباز بوون لە خۆ بەکەمزانی و دەستەوەستان بوون ؛ خاوەنی ئابووریەکی تۆکمە بێت.هەر بۆیە شاعێر بە شێعری پاراو و ساکار و هەروەها بڕێک جار تەنزە شێعر، خوێنەری هانداوە کە لە خۆ بەکەمزانی خۆی ببوێرێ و ئەم خاکە پڕپیت و بەرەکەتە بناسێ و بزانێ کە وڵاتەکەی کانگای کان و مەعدەنە.ڤۆڵتردەڵێ : «بێکاری زیندوو نەبوونە؛ هەموان باشن خەڵکی تەوەزەل و بێکار نەبێ.ئیش وکار بە گەل فێربکەن تا شەریف و نەجیم بن،» قانع دەزانێ کە گەل تا برسی بێ تیغی لە حاست زاڵمان کولە و دەستی ناچێتە تێکۆشان:
هەر کەس نانی بوو ئیمانی هەیە
ڕوو سووری مەجلیس دیوانی هەیە
ڕێوی نانی بێ شێرێ تەواوە
شێر، نانی نەبێ پشتی شکاوە
کێشەی شوناس تا ئێستاش پرسی سەرەکی نەتەوە بەشخوراوەکانە. بە درێژایی مێژوو ئەم پرسە کەڵکەڵەی سەرەکی ڕۆشنبیران و شوێندانەرانی کۆمەڵگا بووە. کێشەی بنەمایی و مێژوویی لە شێعری قانعدا ئاڵا هەڵگرە.شاعێر دەیەوێ تاکی کورد وەک ئەندامی نەتەوەیەکی دێرین لە خۆی و گەلەکەی شارەزابێ. دیارە ئەم باسە ئاوهەڵگرە و باسی ناسینی زمان و پێشینەو و بنچینەی نەتەوایەتی و کولتوور و زۆر شتی دیکەش لە خۆی دەگرێ. هەر بۆیە قانعیش حاجی قادر ئاسایی بە تووڕەییەوە لە گەڵ ئەو کەسانە مامەڵە دەکات کە لە خۆیان و بنەچەکەیان نائاگان:
کە ئەمڕۆ لازمە هەر کەس بزانێ خۆی کە کوڕ کێیە
یەقین هەر کەس نژادی خۆی نەناسێ بێ سەر و پێیە
فڕانسیس بیکەن مرۆڤی تێگەیاند کە : ڕەنج و خۆڕاگری؛ سەرنج و دووپاتکردنەوە و بەدیهێنان، ڕەمزی سەرکەوتنن. قانعیش ژیانی پڕ لە ڕەنجی هەڵبژارد و لە شێعری (قانع و سەری)دا ئەم مەبەستە بە باشی دەپێکێ. سەرێکی دەوێ کە دایم لە خەمدا گێژ بێ و لە بیری دەوا و دەرمان و سەودای نیشتماندا بێ. دەرسی هەرە بە نرخی مامۆستا خۆڕاگرییە. قانع چاونەترسی و ئازایی دەوێ. لە ساڵی 1963دا کە دەکەوێتە بەندیخانەی ڕژێمی پاشایەتی تارانەوە؛ لە سایەی چاونەترسی و ئازایەتی خۆیدا زەنجیری پێی وەک زیوەری شاهانە دەبینێ و خوێنی پێشکەشی دەست و پێی بووکی ئازادی دەکات. وەک شاعێرێکی وردبین، کەمتر دەردی کۆمەڵایەتی هەیە کە قانع پەی پێ نەبردبێ و دەرمانی بۆ دەست نیشان نەکردبێ. لە زۆربەی شێعرەکانی خۆێدا کۆڵنەدەری خۆی دەنوێنێ. دووپاتکردنەوەی تێکۆشان پاش هەر کەوتنێک بە پێوەست دەزانێ:
لاوی کوردی هۆشیار بە؛ دەرسی کە ئەم کەوتنە
شەرمەزاری کەن ئەوەی بڕوای بە خەندەی دوژمنە
لە بیری پیشەسازی و داهێنان و بەدیهێنەری دایە. بەڕای شاعێر وڵاتەکەی سەدان خەزێنەی تێدا نووستووە کە ئەندازیار و لاوی بەبەهرەی دەوێ کە لە دڵی خاکی ڕەشدا دەری بێنێ و بەختی خەواڵووی ئەم گەلە ڕاپەڕێنێ.دڵی بۆ ئەو خەڵکە دەسووتێ کە لە سەر بەحری نەوت خەوتووە و وڵاتی سڕ و تاریک ماوەتەوە:
لە ناو هەر مشتە خۆڵێک چەندەها ئەسراری تیا کەتمە
هەمووی کانی زەڕ و زیوە وڵاتی کوردەواریمان
وەک دەڵێن زمان پێناسەی گەلانە.سەرەکیترین و باشترین کەرەسەیە بۆ داخوازی و ئاشتی و تەبایی. قانع زمان و قەڵەم پيکەوە گرێ ددا و بە تایبەتمەندی و کەرەسەی مرۆڤی خاوەن بەهرەیان دێنێتە ئەژمار.هێزی ڕؤشنبیری دەخاتە ڕیزی هەرە پێشەوەی هێزە پۆزیتیفەکانەوە.لە قەڵەم فرۆشی بێزارە و قەڵەم بەدەستی نیشتمانپەروەری دەوێ. تێگەیشتوویی و پێگەیشتووی لە هێزی قەڵەمدا دەبینێ:
پیاوەتی ئەمڕۆ بە نووکی خامەیە و نوتقی زمان
ئیدیعا موحتاجی شیر و ئەسلەحە و خەنجەر نییە
قانعی سەوداسەر؛ نیشتمانپەروەری لێزان؛ ئازاو و چاونەترس، ژیانی تەرخانی ڕێی عەشقی میللەت کرد و هەرچەند پەلامارێکیشی نەدی؛بەڵام بوو بە پردێک بۆ پەڕینەوەی گەلەکەی لە بارودۆخێکی نالەباری نەتەوایەتی بۆ دەست پێکردنی ژیانێکی ڕۆشنبیرانەی نوێ. دوای تەمەنێکی پڕبەرەکەت کە بۆ خەبات لە ڕێی نەخوێندەواری نەهێشتن و لابردنی چەوسانەوە، چەوسایەوە و دەردی چێشت و لە دڵی گەلدا بۆ هەتاهەتایە ماڵی بۆ کرا. هەرچەند وەدیهاتنی ئاواتەکانی بە چاوی خۆی نەدی و هەوای ئازادی هەڵنەمژی؛ بەڵام هەر وەکوو بیکەن دەڵێ :«من ڕۆحی خۆم بە خودا و لەشم بە گؤڕ و ناوم بە سەدەکانی دواتر و گەلانی جیهان پێشکەش دەکەم». قانعیش دەڵێ:
ئەگەر بۆ خۆت نەبوو قانع مەترسە
نەوەت سەربەرز ئەژی بێ زەجر و لێدان
سەرچاوەکان:
1- دیوانی قانع /کۆکردنەوەی بورهان قانع/سلێمانی چاپخانەی دلێر
2- فرهنگ علوم اجتماعی/جولیس گوڵد؛ ویلیام.ل.کولب/انتشارات مازیار
3- جامعەشناسی نخبەکشی/علی رضا قلی/چاپ نشر - هشتم