ما 2726 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئیبراهیم ئیسماعیل پوور (شەماڵ)

خۆشەویستی سروشت لە نیشتمانپەروەرییەکی تۆکمە و لۆژیکییەوە سەرچاوە دەگرێ. واتە تاکی نیشتمانپەروەر کاتێک ئەم ناوەی دەخرێتە سەر کە بە گیان و دڵ دار و بەرد و خاک و ئاو و ئاژەڵ و مار و مێرو و گوڵ و گوڵزار و تەنانەت دڕکستان و زەلکاو و زۆنگ و هتد نیشتمانەکەی خۆش بووێ. ئەگینا نیشتمان خۆشەویستی چ واتایەکی دەبێت؟

 

کێن ئەوانەی ئاگر لە جەستەی نیشتمان بەردەدەن؟

 

سووتاندنی شوێنە تایبەتەکان و ئاگر لە سروشت بەردان، ساڵ بە ساڵ پەرە دەستێنێ وبەردەوام ڕوو لە زیادبوونە. ئەم دیاردەیە هێنده دووپات بۆتەوە کە بەداخەوە خەریکە لە بەر چاوی خەڵک و کۆمەڵگا ئاسایی دەنوێنێ. سەرەتا ئەم کارە دزێوە وەرزێڕەکان کردیان و بە بیانووی ئەوەی کە دەیانەوێ مەزراکانیان لە گیای بژار و بێ کەڵک بۆ ساڵی داهاتوو پاک بکەنەوە، ئاگریان لە جاڕ و پەرێز و مێرگ و قەد و لاپاڵ بەردەدا. ئەوان بەو کارەیان ساڵانە هەزاران گیانلەبەری بەستەزمانی بێ دەرەتانیان دەسووتاند و بەستێنێکیان بۆ خەڵکانی دژە سروشت دەڕەخساند که بە ناوی پاک کردنەوەی زەوی و بە پاساوی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی ئاگرەکه بەشێکی زۆر لە سروشت بسووتێنن. پاش چەند ساڵ دەرکەوت کە ئەم کارە خێرێکی بۆ کشتوکاڵ پێوە نییە و بە خۆشییەوە بەردەوام ڕووی له کەمبوونەوە کرد. هەروەها بەناوی پارێزگاری لە ژیانی مارومێرو وخشۆک و گیاندارانی پەرێز و جاڕەکان، ئەم کارە سەرکۆنە کرا. هەنووکە بەداخەوە سووتاندنی لێڕەوار و دارستان و پارکی سروشتی و کێوە بە دیمەن جوان و دڵڕفێنەکانی شارەکان بۆتە دیاردەیەکی دزێو و ناشیرین کە هەموو هاوینێک لەشی نیشتمان زاماردەکا. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ کە: کێن ئەوانەی دەبنە هۆی ئەم ئاگر کەوتنەوانە؟

ئا- خۆشەویستی سروشت لە نیشتمانپەروەرییەکی تۆکمە و لۆژیکییەوە سەرچاوە دەگرێ. واتە تاکی نیشتمانپەروەر کاتێک ئەم ناوەی دەخرێتە سەر کە بە گیان و دڵ دار و بەرد و خاک و ئاو و ئاژەڵ و مار و مێرو و گوڵ و گوڵزار و تەنانەت دڕکستان و زەلکاو و زۆنگ و هتد نیشتمانەکەی خۆش بووێ. ئەگینا نیشتمان خۆشەویستی چ واتایەکی دەبێت؟

ئاخۆ نیشتمان جیا لەم ئاو و خاک و گیاندار و شاخ و بەرد و سروشتەیه که مرۆڤ وەکوو زێد و مەوتەن تێیدا دەژی؟ ئەم خۆشەویستییه چۆن لە دڵ و دەروونی تاکی کۆمەڵگادا دروست دەبێ؟

هەر وەکوو گوتمان نیشتمانپەروەر کەسێکە کە بە خۆشەویستییەوە لە سروشتی زێدەکەی دەڕوانێ و هەمیشە خزمەتکاری زێدەکەیەتی. ئەم خۆشەویستییه یەکێک لە توخمەکانی پێکهێنەری کەسایەتییە، کە لە ڕێی پەروەردەوە لە ڕۆح و دەروونی تاکدا چەکەرە دەکا و سەوز دەبێ. بەڵام ئەم توخمە لە دڵ و دەروونی زۆربەی تاکەکانی کورددا نییە و هەستی سروشت خۆشەویستی غەوارەیە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە بە هۆی شەڕوشۆر و توندوتیژی وداگیرکراوی و دەیان ئاوەڵناوی ترەوە لە بارودۆخێکی ناجێگیر و سەقامنەگرتوودان، چەمکی نیشتمانپەروەری تەنیا بۆ پاراستنی نیشتمان لە دەست داگیرکەر و نەتەوی هاتۆتە ئاراوە و سەر و خوێن بەخشین لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی بووە و تاکی نیشتمانپەروەر هەموو ژیانی بۆ ئەمە تەرخان کردووە. هەربۆیە ڕەنگە بە کەموکورتی زانیبێ کە باس لە سروشت و دار و بەرد وئاژەڵ و کیسەڵ و گیا و گژی نیشتمانەکەی بکا و وا پەروەردەکراوە کە تەنیا بەرگری کردن لە خاک و نیشتمان بە کردەوەی شیرانە بزانێ. کاتی ئەوە هاتووە کە بۆ هەموو ئەو چەمکانەی کە ساڵانێکی دوور و درێژە لە سەر زار و زمانمانن، پێناسەیەکی تازەبکەین و شان بە شانی پێناسە تازەکان بۆ هەر چەمکێک بڕۆینە پێش.

لە لایەکی تریشەوە سیستمی پەروەردە کە بەهێزترین پێکهاتەی کۆمەڵگایە بۆ پەروەردەی شارۆمەند و تاکی وشیار، لە باتی ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی بۆ ئەو پەروەردەکردنە هەوڵ و تێکۆشانی ببێ، بە شێوەی سەقەت و ناتەواو ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە دەبا و لە بارهێنانی تاکێکی ساغ و نیشتمانپەروەر بە هۆگەلی جۆراوجۆر خۆدەبوێرێ. ئەوە قوتابخانەیە کە دەبێ هەوێنی سروشت خۆشەویستی بخاتە دەروونی قوتابیانەوە و شێوەی پاراستنی سروشت بە هەموویان فێر بکا و لەو ڕێگایەوە کۆمەڵێکی سروشتخواز و پارێزەری نیشتمان دروست بکا. ئەگینا سروشت لە بەر چاوی تاکی کۆمەڵگا جیا لە دار و بەردێکی ڕەقوتەق و بێ ڕۆح هیچی تر نابێت. بۆ ئەوەی سروشت و سروشت خۆشەویستی نەکەوێتە پەراوێزەوە، سیستمی پەروەردە دەبێ پلان و گەڵاڵەی تایبەتی بۆی هەبێ و بە جۆرێک لە بەر چاوی قوتابی شیرین بکا کە زیندوومانەوە و ساغبوون و ئارامی خۆی بە سروشتی هاوشێوەوە ببەستێتەوە. دەبێ کتێبە دەرسییەکان دەیان چیرۆک و بابەتی سروشت خۆشەویستی تێدا بگونجێ و قوتابی لە سروشتێکی پاک و خاوێن و زیندوودا کەسایەتی خۆی ببینێتەوە. نووسەران و شاعێران و دەرهێنەرانی فیلم و بە گشتی هەموو ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک دەتوانن لە سەر پەروەردە و دروست بوونی کەسایەتی تاکی کۆمەڵگا شوێندانەر بن، سروشت خۆشەویستی بکەنە هەوێنی کارەکانیان.

بنەماڵەش دوای سیستمی پەروەردە پێکهاتەیەکی بەهێزی ترە کە دەتوانێ لە سەر تاک شوێنی بەر چاوی هەبێ. دایکان و باوکانی سروشت خۆشەویست لە هەموو ئاکار و کردەوەکانیاندا دەتوانن منداڵەکانیان بە شێوەیەک بار بێنن کە شیاوی شارۆمەندێکی بە تەواو مانا بێت. شارۆمەندی ساغ دەستکردی بنەماڵەی ساغ و پەروەردەی ڕێکوپێکە. منداڵ لە هەموو ڕۆژانی چوونە نێو سروشت و گەشت و سەیران و سێزدەبەدەر و پشوودان و هتد لە گەڵ بنەماڵەدایە و بنەماڵەکان دەتوانن خۆشەویستی سروشت بخەنە دڵی منداڵانەوە و بەم کارە شارۆمەندێکی بەرپرس لە بەرانبەر سروشتدا پێبگەیەنن. کۆمەڵگای سروشت خۆشەویست بە گشتی کۆمەڵگایەکی خاوەن بەزەیی و بێ توندوتیژییە. بۆ وێنە منداڵانی ئێمە لە هەر جێیەک پشیلەیەک ببینن، دەبێ بێ سێ ودوو بەردێکی تێبگرن و سەگ بە حەوشەیەکی پێبکەن و ژنان و پیاوانیش دەبێ لاقێکی لێ بە عەرزی دابدەن و بە فسە و ختە هەڵیبڕن. دەیان کردەوەی ناشیرینی تری دژ بە ئاژەڵ و سروشت دەبیندرێ کە هەموو ڕۆژێ دووپات دەبنەوە و بوونەتە شتێکی زۆر ئاسایی و نۆڕمێکی کۆمەڵگا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەندامانی کۆمەڵگا لە ئاست هەموو گیانداران خاوەن بەزەیین و تا ئەو جێیەی بۆیان دەکرێ ژیانیان دەپارێزن. هەر وەها ئەو بنەماڵانەی کە لە بەر دەرکەی خۆیان گیا و گوڵ و دار بە شێوەیەکی بەرچاو ڕەعەمەل دێنن، لە ماڵیات و پووڵی ساڵانەی شارەداری مەعاف دەکرێن. لە هەر بنەماڵەیەکدا لانی کەم گیانلەبەرێک هەیە کە خۆیان بە بەخێو کردنیەوە خەریک دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی خۆشەویستی سروشت و گیانلەبەرانی.

ب-  لە کۆمەڵگای گەشە نەکردووی دواکەوتوودا، دیاردەی خۆبەکەمزانین و دۆڕاوی لە ئاست نەتەوەی باڵادەستدا، زەق و بەر چاوە. ئەم نەتەوانە هەمیشە لە بەرانبەر زمان و کولتوور و فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست دەستەوەستان و بە چۆکدا هاتوون. بۆ دەرباز بوون لەو دەستەوەستانی و خۆبەکەمزانینە هەموو شتە بە نرخەکانی خۆیان تووڕ دەدەن و خۆیان بە شێوازی شارۆمەندانی نەتەوەی باڵا دەست دەردێنن و بە زمانی ئەوان دەدوێن و فەرهەنگی ئەوان ڕەچاو دەکەن و بە گشتی خۆیان لە خۆ پاک دەکەنەوە. بەم جۆرە دەچنە نێو ڕواڵەت و کەسایەتی ئەندامانی نەتەوەی سەردەستەوە. ئەم خۆبەکەمزانینە دەیان دیاردەی سەقەت و ناشیرینی لێدەکەوێتەوە. لە پێش هەموو شتێکدا تاکێکی وا قینی لە خۆی و زمانەکەی و جلوبەرگ و جۆری ژیان و نیشتمانەکەی دەبێتەوە. هەرگیز حەز ناکات بە زمانی خۆی بدوێ و بە هەمان شێوە منداڵەکانیشی لە زمانی زگماکی بێزار دەکا. بە گشتی خۆی بە شتی بێگانەوە هەڵدەکێشێ. لە هەمان کاتدا بێز لە شار و گوند و نیشتمان و هاووڵاتی و هاوسێی خۆی دەکا و بە چاوی نفرەتەوە لێیان دەڕوانێ. ئەوانە کەسانی دۆڕاوی سەر لێ شێواون کە بۆ بێ ڕێزی بە شتەکانی خۆیان هەموو کارێک دەکەن. دەیانەوێ هەموو ئەو شتانە بسڕنەوە کە بە جۆرێک باس لە پێشینە و شوناس و ڕەگەزی ئەو دەکەن. هەر بۆیە مل دەدەنە پاکتاوی زمانی و لە پێش هەموو شتێکدا زمانەکەیان فەرامۆش دەکەن و بە زمانی بێگانە دەدوێن. کە زمانیان وەلا نا، لە فەرهەنگ و وێژە و داهێنانی گەلەکەیان دوور دەکەونەوە و وردە وردە لە هاوڕەگەزەکانیان جیا دەبنەوە و خۆیان بە غەریب دەزانن. لە لایەکی تریشەوە نەتەوەی باڵادەست کە ئەم تاکە دۆڕاوە خۆی پێوە هەڵواسیوە، بە هەموو شێوەیەک تیتاڵی پێدەکا و هەرگیز بە خۆیی و هاوڕەگەزی نازانێ. ئیتر لەم حاڵەتە دایە کە تاکێکی دۆڕاو و بێ لیاقەت و نەشیاوی لێ دروست دەبێ و وەک کوردەی لە هەر دوو دین بوو، دەست لە پێ درێژتر خۆ بە کۆمەڵگاکەی خۆیدا دەکاتەوە و بە هیچ جۆرێک لە گەڵ نۆڕمەکانیدا ناگونجێ. هەر بۆیە چەواشەکاری و خرابکارییەکانی دەست پێدەکا و بۆ سڕینەوەی هەموو بەها و بایەخە نەتەوەییەکان دەکەوێتە کار. دەیەوێ تەنانەت ئەو هەوا و ئەتومسفێڕەش لە نێو بەرێ کە تێیدا هەناسەدەدا.ئەوسا دەست دەداتە تێکدانی ئارامی و ئاسایشی خەڵک و بە تێکدان و شێواندنی شوێنە گشتییەکان و سروشتی زێدەکەی بێزاری و نفرەتی خۆی نیشان دەدا. بە ئاگر تێبەردانی سروشت دەیەوێ سیما و ڕوخساری نیشتمان بشێوێنێ. بە گشتی ئەم تاقمە نەخۆش و سەرلێشێواون و بەم کارە دزێوە ئاگر لە شەڕەنگێزی خۆیان بەر دەدەن. بەڵام لە دەروونەوە بەردەوام دەپوکێنەوە و هەر دەم ئەو خۆبەکەمزانین و دۆڕاوییە دەیانخواتەوە و هێدی هێدی دەیان سووتێنێ. ئەمانە تۆڵە لەو ئاو و خاک و نیشتمانە دەستێنن کە بۆخۆیان ڕۆژێک لە ڕۆژان پشتیان تێکردووە و لێی دوور کەوتوونەوە. ئەوە ئەرکی ڕۆشنبیر و تاکی دڵسۆزی نیشتمانە کە ئەم کەسانە بناسن و دەروون ناسانە مامەڵەیان لە گەڵدا بکەن و کەسایەتی ون بوویان تێدا بدۆزنەوە و بیان هێننەوە نێو خەڵک و خۆیی. تا چی تر ئاگر لە دڵی خۆیان و جەستەی نیشتمان بەرنەدەن.

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت