عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
ئه‌گه‌ر (گومان) له شیعره‌كانی شاڵاودا په‌یوه‌ندی نێوان شوێن و كات له واقیعدا تۆخ بكاته‌وه، ئه‌وه (دڵه‌ڕاوكێ) لێڵی ماناكان چڕ ده‌كاته‌وه! وه‌ك ده‌زانین شیعر له واقیعێكی گوماناویدا سه‌ر ده‌رده‌كات، به‌ڵام مه‌رج نییه شوێن و كاتی شیعریی وه‌ك پێویست سنوره‌كانیان دیار بێت... وه‌ك چۆن لێڵی ماناكان خوێنه‌ر ده‌خاته دڵه‌ڕاوكێوه، به‌و مانایه‌ش (واقیعی گوماناویی) و (دڵه‌ڕاوكێی مانا لێڵه‌كان) به نێو یه‌كدا ده‌چن.
ره‌شبردنه‌وه‌ی بۆشایی له دنیای شیعریی شاڵاو حه‌بیبه‌دا
عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
سه‌ره‌تا
هه‌میشه نووسه‌ر پێش ئه‌وه‌ی خودی خۆی بدۆزێته‌وه، ده‌كه‌وێته نێو (بوون)ی زمانه‌وه! ئه‌و قسه‌یه به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات، كه ده‌قی داهێنه‌رانه نه راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی بابه‌ت، نه به شێوه‌یه‌كی گشتی (ئیگۆ-خود، یان من) لێی به‌رپرسیاره؟!
ئه‌گه‌ر لایه‌نی (بابه‌تی) به جۆرێك له جۆره‌كان له‌وێوه ئاماژه به زمان بكات، كه واده‌كات كرده‌ی تێگه‌یشتن ئاسان بكه‌وێته‌وه، ئه‌وه لایه‌نی (خودی) و به‌كارهێنانه تایبه‌تییه‌كانی دانه‌ر، ئاماژه به مه‌عریفه و فیكر‌و خه‌یاڵ ده‌كات. لایه‌نی یه‌كه‌م ده‌كه‌وێته نێو مێژوو، به‌ڵام لایه‌نی دووه‌م به هوشیارییه‌وه ده‌لكێت. راسته هوشیاریی به‌شێكی سه‌ره‌كی ده‌قی داهێنه‌رانه‌ی پێكده‌هێنێت، به‌ڵام له بیرمان نه‌چێ ده‌قی داهێنه‌رانه له‌وێوه ده‌رده‌كه‌وێت، كه كۆی ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌خاته ژێر ئیقاع و پرسیاری سه‌رده‌می خۆیه‌وه، به مانایه‌كی دیكه هه‌میشه ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له رێگای هاوژیانی و گفتوگۆوه، له رێگای دنیابینیه‌وه وێناكردنی دیكه‌ی جیاواز به‌رهه‌م ده‌هێنێت، وێناكردنێك كه پێشبینیكردن و جوانی و خه‌یاڵ... رۆڵی تێدا ده‌بینێت.
واقیعی گوماناویی/ ساتمه‌كردن له مانا لێڵه‌كان
ته‌نیا ئه‌گه‌ر نه‌ختێك تووندتر
ده‌ستی یه‌ك بكوشین
له‌وانه‌یه زستان
یه‌ك دوو قولانج له شار
دوور بكه‌وێته‌وه
"كتێبی زستان- شاڵاو حه‌بیبه، 2014، ل17"
(شاڵاو حه‌بیبه) له كۆی به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی هه‌وڵده‌دا ساتمه به خوێنه‌ران بكات! ئه‌و (كرده‌یه) دیار نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی زمان قسه‌مان پێده‌كات، خۆی بنوێنێ؟! به‌و مانایه‌ش چه‌ند شیعرییه یان ده‌ستكرد من ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه بۆ خوێنه‌ران جێده‌هێڵم... له به‌رانبه‌ریشدا ده‌مه‌وێ بڵێم ده‌شێ هه‌ندێ له خوێنه‌ران له ساتمه‌كردندا به‌ربنه‌وه نێو گومان، به‌ڵام دووچاری هیچ كێشه‌یه‌كی مه‌عریفی نابن، هه‌ندێكی دیكه له خوێندنه‌وه‌دا به‌رده‌بنه‌وه نێو دڵه‌ڕاوكێ بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست له به‌خشنده‌یی ماناكان بشۆن، هه‌ندێكیان به‌رده‌بنه‌وه نێو بۆشایی و ره‌ش ده‌یانباته‌وه، به‌ڵام چێژ ده‌یانگرێته‌وه! (گومان) و (دڵه‌ڕاوكێ) و (چێژ) سێ ته‌وه‌ره‌ن، ساتمه شیعرییه‌كان دروستیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام من وایده‌بینم بایه‌خی شیعریی هه‌ر ته‌نها له‌و ته‌وه‌رانه‌دا خۆی نه‌بینێته‌وه، به‌ڵكو له ره‌شبردنه‌وه‌ی بۆشایی به‌رجه‌سته‌تر ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌گه‌ر (گومان) له شیعره‌كانی شاڵاودا په‌یوه‌ندی نێوان شوێن و كات له واقیعدا تۆخ بكاته‌وه، ئه‌وه (دڵه‌ڕاوكێ) لێڵی ماناكان چڕ ده‌كاته‌وه! وه‌ك ده‌زانین شیعر له واقیعێكی گوماناویدا سه‌ر ده‌رده‌كات، به‌ڵام مه‌رج نییه شوێن و كاتی شیعریی وه‌ك پێویست سنوره‌كانیان دیار بێت... وه‌ك چۆن لێڵی ماناكان خوێنه‌ر ده‌خاته دڵه‌ڕاوكێوه، به‌و مانایه‌ش (واقیعی گوماناویی) و (دڵه‌ڕاوكێی مانا لێڵه‌كان) به نێو یه‌كدا ده‌چن و یه‌ك ئه‌ویدیكه ته‌واو ده‌كات، ده‌مه‌وێ بڵێم وه‌ك چۆن واقیعی گوماناویی هه‌ڵگری دڵه‌ڕاوكێیه، به هه‌مان شێوه ئه‌و مانا لێڵانه‌ی له دڵه‌ڕاوكێوه له دایك ده‌بن، ده‌بنه هۆكاری سه‌ره‌كی واقیعی پڕ له گومانی شیعریی! لێره خوێنه‌ر له داخستنی كتێبدا، گومانی شیعریی ده‌ڕه‌وێته‌وه، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش له زۆربه‌ی جار له به‌دواداچوونی لێڵی ماناكاندا به رۆناكییه‌ك ده‌گات، كه له بێداربوونه‌وه‌ی ماناكاندا هه‌ڵده‌قوڵێت. كه‌واته خوێنه‌ران دوای خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كانی شاڵاو حه‌بیبه ئه‌وه‌ی له داخستنی كتێب له ده‌ستی ده‌ده‌ن، له بێداربوونه‌وه‌ی ماناكاندا ده‌یقۆزنه‌وه، ئه‌وه‌ی له جێگیربوون به‌جێیده‌هێڵن، له گه‌ڕانی به‌رده‌وامدا ده‌یدۆزنه‌وه...
ره‌شبردنه‌وه‌ی بۆشایی/ ساتمه‌كردن له تاریكی
بێزاری بۆ باخێكی بردم
منداڵێك
به بۆیه كێشابووی
"كه‌سێك لێره‌وه تێپه‌ڕی، شاڵاو حه‌بیبه، 2008،ل21"
(ره‌شبردنه‌وه‌ی بۆشایی) وه‌ك له ناونیشانی ئه‌و نووسینه‌دا هاتووه، یان وه‌ك له شیعره‌كانی شاڵاودا وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌یبینم، له رووی ماناوه په‌یوه‌ندییه‌كی لۆژیكی به تاریكی بۆشاییه‌وه هه‌یه، مرۆڤ له تاریكی بۆشاییه‌وه ساتمه ده‌كات، له رووی ده‌لاله‌ته‌وه په‌یوه‌ندی به جۆرێك له ره‌شبینییه‌وه ده‌كات، واته خوێنه‌ران له ناوكۆییه‌ك ساتمه ده‌كه‌ن، كه به شێوه‌یه‌كی باو به ما‌نایان ناگه‌یه‌نێت، هه‌ڵبه‌ته مانایه‌ك كه لێیڕاهاتوون و قسه‌كردن ده‌یانباته‌وه سه‌ری، به‌ڵكو ده‌كه‌ونه كه‌لێن و بۆشاییه‌وه، كه‌لێن و بۆشاییه‌ك كه جگه له مانای لێڵ و بێداركردنه‌وه‌ی مانا هه‌ندێكجار به تاریكییان ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و تاریكییه‌ش جۆرێك له ره‌شبینی بۆ خوێنه‌ر ده‌سازێنێ، بۆیه ده‌بێ خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌دا چرای خۆی پێبێ بۆ به‌دواداچوون و ته‌ئویلكردنی تاریكی! ده‌شێ له رووی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه بۆ ئه‌و تێگه‌یشتنه (وولفگانگ ئایزه‌ر Wolfgang Iser 1926-2007) بیر بخه‌ینه‌وه، لای ئایزه‌ر مه‌رجی كارلێكردنی (ده‌ق) و (خوێنه‌ر) له‌یه‌كنه‌چوونه! ئه‌و له‌یه‌كنه‌چوونه، نه‌چوونه‌وه سه‌ر ناوكۆیی باو و روانینی باوی نووسه‌ر و خوێنه‌ره، كاتێك هه‌ر یه‌ك له نووسه‌ر و خوێنه‌ر ناسنامه‌ی یه‌كتر له‌بیر ده‌كه‌ن. یان خۆیان له ناسنامه كۆنه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه، له‌و كاته‌دا هه‌ر یه‌ك له سه‌ر ئه‌ویدیكه، یان له دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا حه‌قیقه‌تی خۆیان له سه‌ر "ناشت" وێنا ده‌كه‌ن: بێزاری بۆ باخێكمان ده‌بات، منداڵێك به بۆیه كێشاوویه‌تی... له باخی واقیعه‌وه بۆ باخی سه‌ر كاغه‌ز... له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بۆشاییه و ناشته په‌یوه‌ندی نوێ داده‌مه‌زرێ! بێگومان دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی نوێ له نێوان ئه‌و دوو رسته‌یه یان نووسه‌ر و خوێنه‌ر، له سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌وه دێت كه خوێنه‌ر ساتمه‌ی لێكردووه، له نێوان دوو سه‌وزایی (سه‌وزایی واقیع) و (سه‌وزایی بۆیه) ته‌ئویلكردنی بۆشاییه‌كان ناكه‌ونه سه‌ر یه‌ك ناسنامه، ئه‌و (له‌یه‌كنه‌چوونه)ی سه‌وزاییه‌كان پشت به ته‌ئویلی جیاواز ده‌به‌ستێت. به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین له سه‌ر ناسنامه‌ی كۆن، زۆرجاران ته‌ئویلكردن بۆ وه‌هم ده‌گۆڕێ.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌و وێنه‌یه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی(سه‌وزایی واقیع) و(سه‌وزایی بۆیه) دروست ده‌بێت، په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به لێوردبوونه‌وه و رامانه‌وه هه‌یه، ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌گه‌ر مرۆڤ له تاریكی ساتمه بكات، ئه‌وه خوێنه‌رانی شاڵاو حه‌بیبه له لێوردبوونه‌وه‌ی نهلیستییه‌وه ساتمه ده‌كه‌ن، یان له ناشته‌وه ساتمه ده‌كه‌ن، چونكه كاتێك خوێنه‌ر له (سه‌وزایی واقیع) بۆ (سه‌وزایی بۆیه) هه‌نگاو ده‌نێ، ده‌كه‌وێت! ئه‌گه‌رچی ره‌شبردنه‌وه‌ی بۆشایی له لایه‌ك به چه‌مكی بۆشایی و سپێتی و كه‌لێن و دابڕانه‌كان... ئایزه‌ره‌وه ده‌لكێ، له لایه‌كی دیكه په‌یوه‌ندی به ماوه‌ی گرژبووی نێوان وشه‌كانه‌وه ده‌كات، ئه‌وه ئه‌و گرژبوونه‌وه‌یه خوێنه‌ران ده‌خاته رامانه‌وه!
(چه‌مكی بۆشایی) و (ماوه‌ی گرژبوون) له سه‌ر په‌یوه‌ندی نوێی نێوان وشه‌كان وه‌ستاوه، خودی ئه‌و په‌یوه‌ندییه نوێنه‌رایه‌تی ده‌ق ده‌كات، ئه‌و چرایه‌ی كه خوێنه‌ریش بۆ رۆناككردنه‌وه له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یگێڕێ وه‌ك بنه‌ڕه‌تی خودی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌زموونی رۆشنبیریی خوێنه‌ر ده‌كات، ئه‌وه‌ی كه ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ش ده‌وڕوژێنێ په‌یوه‌ندی به‌و په‌رچه‌كرداره ده‌لالی و ئیستێتیكیانه‌وه هه‌یه، كه پشت به واقیعی گوماناوی دڵه‌ڕاوكێ ده‌به‌ستێ و له‌و نووسینه‌دا له چه‌مكی (ره‌شبردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان)دا كورت كراوه‌ته‌وه... كه‌واته تێگه‌یشتن له ره‌شبردنه‌وه‌ی بۆشایی تێگه‌یشتنه له ماوه‌ی گرژبوو و لێوردبوونه‌وه له‌و په‌یوه‌ندییه نوێیه‌ی كه ده‌كه‌وێته نێوان وشه‌كان و چرای خه‌یاڵی خوێنه‌ره‌وه.
ماوه‌ی گرژبوو/ ئاگایی نهلیستی
كاتێك له خوێندنه‌وه بیر له رسته‌یه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه (دوای ته‌واوبوونی رسته‌كه) ئه‌وه ئێمه ئاماده‌ین له شێوه‌ی رسته‌ی دیكه، بیر له به‌رده‌وامبوون بكه‌ینه‌وه.. به دیاریكراوی رسته‌ی دواتر ده‌بێ په‌یوه‌ندی به رسته‌ی یه‌كه‌مه‌وه بكات، به‌مجۆره خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق به‌بێ ماندووبوون به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چێت... به‌ڵام ئه‌گه‌ر رسته‌ی دووه‌م و (دواتر) به هیچ شتێكه‌وه به‌ند نه‌بوو، ئه‌وه جه‌ریانی بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر ده‌پچڕێ، یان دووچاری ته‌گه‌ره، ره‌شبردنه‌وه‌ی بۆشایی، یان دووچاری گرژبوون و موفاجه‌ئه ده‌بێ... له‌وێوه زینده‌گی له ده‌ستده‌دات و ده‌كه‌وێته چاڵێك (بۆشاییه‌ك) كه له‌و نێوانه‌دا دروست بووه... ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر بیه‌وێ جه‌ره‌یانه‌كه‌ی درێژه پێبدات، ده‌بێ چرای خۆی هه‌بێ، تاكو ئه‌و وه‌ستانه (بۆشاییه) رۆناك بكاته‌وه؟!
هێنده جوان خه‌وتووی ده‌ڵێی كوژراوی له شیعرێكی تردا
هه‌سته له خه‌و
ده‌نووسم
هاتبووم شیعرێكت بۆ بخوێنمه‌وه خه‌وتبووی له شیعرێكی تردا
-كێ نووسیبووی؟
" كتێبێك له باره‌ی ئه‌و گولله‌ی كه هه‌زار ساڵه ته‌قێنراوه و چه‌ند هه‌زار ساڵه لێم ده‌گه‌ڕێت، شاڵاو حه‌بیبه"
وه‌ك له خوێندنه‌وه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ماوه‌ی گرژبووی په‌یوه‌ندییه‌كان و بۆشایی نێوان وشه‌كان پشت به كه‌له‌پوری لێوردبوونه‌وه ده‌به‌ستێت، به‌ڵام لێوردبوونه‌وه‌یه‌كی نهلیستییانه، ئه‌گه‌ر نهلیستیی په‌یوه‌ندی به (واقیعی گوماناویی) و (دڵه‌ڕاوكێی مانا لێڵه‌كان)ه‌وه بكات، ئه‌وه مه‌به‌ست له كه‌له‌پوری لێوردبوونه‌وه له كۆمه‌ڵگای داخراودا په‌یوه‌ندی به ناوكۆیی كراوه‌وه هه‌یه، چونكه كۆمه‌ڵگا داخراوه‌كان هه‌میشه به‌نده‌ی ناوكۆییه ئه‌خلاقیه‌كانن نه‌ك لێوردبوونه‌وه! له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش جیاوازی نێوان نهلیستییه‌تیه‌ت و ئاژاوه‌گێڕیمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه ئاژاوه‌گێڕیی له لێوردبوونه‌وه و رامان ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو له ره‌فتاردا به‌رجه‌سته ده‌بێت، به‌ڵام لێوردبوونه‌وه‌ی نهلیستی له زه‌مه‌نه‌دایه!
هه‌ڵبه‌ته زمان لای هایدگه‌ر حه‌قیقه‌ت ده‌خاته روو، به‌ڵام زمان لای شاڵاو حه‌بیبه هه‌ڵگری لێوردبوونه‌وه‌یه، به‌و مانایه‌ش شیعری ئه‌و سه‌ر به حه‌قیقه‌ت نییه، به‌ڵكو له دنیایه‌ك ده‌ژی كه لێوردبوونه‌وه دیدگاكانی داده‌مه‌زرێنێ، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات خودی شاعیر به نێو سیاقه‌كاندا په‌رت ببێ و بكه‌وێته نێو جوله‌ی زه‌مه‌نه‌كانه‌وه نه‌ك رووداوه‌كان، ئه‌وه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی تێزه‌كه‌ی هایدگه‌ره بۆ زمان و شیعر و بوون!
شاڵاو حه‌بیبه هه‌میشه له فه‌وزای وێرانكردنی سیاقه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه، له نێو زه‌مه‌نی رووخانه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كاندا خۆی ده‌نوێنێ و ده‌بێته كوڕی ئه‌زموونه وێرانه‌كه‌ی مرۆڤایه‌تی و له هه‌موو زه‌مان و مه‌كانێكه‌وه سه‌ر ده‌رده‌هێنێت! هه‌ر له‌وێشه‌وه به ئاگاییه‌كی نهلیستی ده‌نووسێت و به‌ره‌و ئه‌زموونی نهلیستیانه‌مان ده‌كاته‌وه، له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش زمانی ئه‌و ئاگاییه‌كی نهلیستی ده‌خاته‌وه، یان ته‌ڵه‌یه‌كی ئاماده‌كراوه، نه‌ك هه‌ر ده‌مانخاته وه‌سفی مانایه‌كی دیكه‌ی نوێوه و مانایه‌كی نوێ بێ‌دار ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵی ئه‌زموونێكی دیكه له‌گه‌ڵ زمان ده‌دا و به‌ره‌و كه‌وتن و بۆشایی یه‌ك له دوا یه‌كمان ده‌كاته‌وه، نه‌ك سه‌لماندنی رووخانه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كان... به‌و مانایه‌ش زمانی شیعریی شاڵاو حه‌بیبه زه‌مه‌نی وجودی جێده‌هێڵێت و به‌ره‌و زه‌مه‌نی عه‌ده‌میمان ده‌بات!
كه‌واته له‌پڕ ده‌ركه‌وتنی ئه‌و په‌یوه‌نده نوێیانه‌ی نێوان وشه‌كان، یان بێداركردنه‌وه‌ی مانا و رۆناككردنه‌وه‌ی مانا لێڵه‌كان له دووتوێی زمانی كرده‌دا خۆی دروست ده‌كاته‌وه، ئه‌وه په‌یامی سه‌رده‌مێكه بۆ بۆشاییه‌كان، په‌یامی رێبوارێكه به نێو بۆشاییه‌كانی زه‌مان و مه‌كاندا به ئاگاییه‌كی نهلیستییه‌وه ره‌تده‌بێت، كتێبێكی كراوه‌یه خوێنه‌ران بۆ رۆیشتن به نێو بۆشاییه‌كاندا هانده‌دات، په‌یامی نه‌وه‌ستان و به‌دواداگه‌ڕانه و له سه‌ر خود راناوه‌ستێ، له بۆشاییه‌كه‌وه به‌ره‌و بۆشاییه‌كی دیكه و له عه‌ده‌مێكه‌وه به‌ره‌و عه‌ده‌مێكی دیكه هه‌نگاو ده‌نێت، له زه‌مه‌ن و مه‌كاندا ده‌توێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به عه‌ده‌مدا گوزه‌ر بكات، به‌ڵام وه‌ك گوتمان ناكه‌وێته نێو فه‌وزاوه، به‌ڵكو به بێداركردنه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی شیعرییه‌وه ده‌لكێت، خوێنه‌ران له نێوان ره‌شبردنه‌وه‌ی بۆشایی عه‌ده‌می و بێداركردنه‌وه‌ی ئاگایی، هه‌نگاو ده‌نێن... له نێوان لێوردبوونه‌وه و بێداركردنه‌وه‌ی مانا لێڵه‌كان دووباره به‌دواداگه‌ڕانی خوێنه‌ران ده‌ستپێده‌كاته‌وه، له نێوان وێنه و دۆزینه‌وه‌ی مانا خوێنه‌ران چێژ له بۆشاییه‌كان وه‌رده‌گرن.
ده‌رئه‌نجام:
له كۆی ئه‌و نووسینه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه شیعره‌كانی شاڵاو حه‌بیبه سه‌ر به مانا باوه‌كانی زمان نین، ناكه‌ونه سه‌ر ئه‌وه‌ی زمان ده‌مانبات، به‌ڵكو زۆربه‌یان ساتمه به خوێنه‌ران ده‌كه‌ن و به‌ره‌و مانای لێڵ و بێداركرنه‌وه‌ی مانا ده‌ڕۆن و واقیعێكی گوماناوی دروست ده‌كه‌ن، له ده‌رئه‌نجامیشدا خوێنه‌ران ده‌خه‌نه دڵه‌ڕاوكێوه. به‌ڵام به‌شێك له شیعره‌كانی خوێنه‌ران ده‌خه‌نه سه‌ر ره‌شبردنه‌وه‌ی بۆشایی و به‌ره‌و دۆزینه‌وه و به‌دواداگه‌ڕانی به‌رده‌وام هانیانده‌ده‌ن، له‌و به‌دواداگه‌ڕانه‌شدا خوێنه‌ران زه‌مه‌نی وجودی جێده‌هێڵێن و له لێوردبوونه‌وه‌ی بۆشایی چێژ له تاریكی و نهلیستییه‌ت وه‌رده‌گرن. له‌و به‌شه‌دا شاڵاو حه‌بیبه سه‌ر به ئاگایی نهلیستییه و ناكه‌وێته نێو حه‌قیقه‌تی زمانی باوه‌وه.