ئارام سدیق
رۆمانه‌كه بەسەرهاتی دوو برای خەیاڵی دەگێڕێتەوه، کە سەرەڕای ئەوەی لە دایکێک له دایك ده‌بن و دوانه‌ن، بەڵام هەر یه‌كه‌یان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی و ئه‌وه‌ش له‌وكاته‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه هه‌ر یه‌كێكیان لە یەکێک لە مەمکەکانی دایکی شیر ده‌خوات و ئەمەش چارەنووس و رێگای ژیانی ئەم دوو برایه له یه‌كدی جیا دەکاتەوە. رۆمانەکە سەفەری دوو برایە به‌نێو بووندا و نووسه‌ر كه‌شێكی فه‌نتازی له‌نێو فه‌زای گشتی رۆمانه‌كه‌دا خولقاندووه. نووسەر بە جوانی بیرۆکەی فەلسەفی لەسەر ژیان و بوون، به هه‌ناسه‌یه‌كی شاعیرانە له‌نێو رۆمانه‌كه‌دا نه‌خشاندووه و هه‌ر ئه‌م زمانه شیعرییه وه‌كو یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌كانی ئه‌م ده‌قه ده‌رده‌كه‌وێت.
سه‌فه‌ر به‌ره‌و ئه‌ودیوی بوون
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ رۆمانی (باڵنده‌ی بریندار، ماسی سه‌رسام)ی فه‌رۆخ نیعمه‌تپوور
ئارام سدیق
سه‌ره‌تا
ئه‌لبێر كامۆ له به‌رگی یه‌كه‌می یاداشته‌كانیدا ده‌نوسێت:"له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆژ له دوای رۆژ بیروڕاكان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك ده‌بن، ئه‌وه‌ی كه ژیان به جوان و ساده بزانێت، كه‌واته ناتوانێت له ژیان تێبگات". مرۆڤ به درێژایی بوونی له هه‌وڵی ته‌فسیركردن و تێگه‌یشتنه له بوون و ده‌خوازێت مانای پێ بدات. بۆیه كۆششی مرۆڤ ساڵ دوای ساڵ زیاتره و به سه‌دان و هه‌زاران رێگه‌ی جۆر به جۆریش گیراوه‌ته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به مانای جیاوازی بوون بگه‌ن. ده‌مه‌وێت له‌م رستانه‌وه بچمه سه‌ر رۆمانی (باڵنده‌ی بریندار، ماسی سه‌رسام)ی فه‌رۆخ نیعمه‌تپوور، یه‌كێكه له‌و رۆمانانه‌ی ده‌یه‌وێت به زمانێكی ساده باس له ئاڵۆزییه‌كانی ژیان بكات و له‌م رۆمانه‌وه ده‌یه‌وێت له‌ڕێی دوو فیگۆری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌وه بگاته به ماناكانی بوون و تا له‌وێوه پێناسه‌یه‌ك بۆ ژیان ببینێته‌وه.
فه‌رۆخ له‌م رۆمانه‌دا جیا له رۆمانه‌كانی پێشووتری ده‌یه‌وێت خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ رسته‌كاندا به‌ره‌و دونیای بیركردنه‌وه ببات. بیركردنه‌وه‌یه‌ك له بوون و ئه‌و شوێنه‌ی ئێستا ئێمه تێیدا وه‌ستاوین. یه‌كێك له‌و شتانه‌ی له‌نێو بوونی مرۆڤدا گرنگی هه‌یه وشیارییه. بۆیه ئاماده‌بوون له‌نێو بووندا به وشیارییه‌وه گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه و هاوكات یه‌كێكیشه له‌و خاڵانه‌ی فه‌یله‌سوفانی بوونگه‌ری جه‌ختیان له‌سه‌ر كردۆته‌وه. هه‌روه‌ها بوونگه‌راییه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كردۆته‌وه، كه پێویسته مرۆڤ به نیگه‌رانییه‌وه له بووندا ئاماده‌یی هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م نیگه‌رانییه نابێت ببێته هۆی تێكشكاندنی و بوونی بڕوخێنێت، به‌ڵكو بوونگه‌راكان داوای ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه مرۆڤ نیگه‌رانییه‌كانی بكات به پرۆژه. مرۆڤ به پرۆژه‌كانییه‌وه ده‌توانێت بوونی خۆی له جیهاندا بسه‌لمێنێت.
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی (باڵنده‌ی بریندار، ماسی سه‌رسام)ی فه‌رۆغ نیعمه‌تپوور ده‌ده‌ین به كۆمه‌كی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی و هاوكات قسه له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی تری ده‌قه‌كه‌ش ده‌كه‌ین.
رۆمانه‌كه
ڕۆمانه‌كه بەسەرهاتی دوو برای خەیاڵی دەگێڕێتەوه، کە سەرەڕای ئەوەی لە دایکێک له دایك ده‌بن و دوانه‌ن، بەڵام هەر یه‌كه‌یان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی و ئه‌وه‌ش له‌وكاته‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه هه‌ر یه‌كێكیان لە یەکێک لە مەمکەکانی دایکی شیر ده‌خوات و ئەمەش چارەنووس و رێگای ژیانی ئەم دوو برایه له یه‌كدی جیا دەکاتەوە. رۆمانەکە سەفەری دوو برایە به‌نێو بووندا و نووسه‌ر كه‌شێكی فه‌نتازی له‌نێو فه‌زای گشتی رۆمانه‌كه‌دا خولقاندووه. نووسەر بە جوانی بیرۆکەی فەلسەفی لەسەر ژیان و بوون، به هه‌ناسه‌یه‌كی شاعیرانە له‌نێو رۆمانه‌كه‌دا نه‌خشاندووه و هه‌ر ئه‌م زمانه شیعرییه وه‌كو یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌كانی ئه‌م ده‌قه ده‌رده‌كه‌وێت.
هەڵبەت بۆ تێگەیشتنی ته‌واوه‌تی له رۆمانەكه خوێنه‌ر پێویستی به وردبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی له ده‌قه‌كه ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێك له رسته‌كانی نێو ئه‌م رۆمانه رسته‌ی كۆدئاسان. به‌بێ ئاگاداربوون له‌و كۆدانه كردنه‌وه‌ی ده‌رگا داخراوه‌كانی تێكسته‌كه ئه‌سته‌م ده‌بێت.
ئه‌م له‌م رۆمانه‌دا لای من سه‌رنجڕاكێش بوو ئه‌وه‌یه كه بوون تێمای سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه، به‌ڵام روون نییه نووسه‌ر ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێیته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی بوون و له‌ڕێی هه‌ردوو فیگۆره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی رۆمانه‌كه‌وه "باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام"ه‌وه ئایا ده‌یه‌وێت، چۆنێتی په‌یدابوونی ده‌ستنیشان بكه‌یت، بوونێكی نوێی فه‌نتازی بخولقێنیت؟ بێگومان نووسه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه له تێكسته‌كه‌دا به رێژه‌یی ده‌داته‌وه و به جۆرێك ده‌توانین بڵێین له رۆمانه‌كه‌دا به‌ر بۆچوونێكی ته‌واو یه‌كلایكه‌ره‌وه ناكه‌وین، كه ئه‌مه‌ش پێده‌چێت په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت نووسه‌ر بواری بیركردنه‌وه و به‌شداربوونی بۆ خوێنه‌ر به جێهێشتبێت. به گشتی رۆمانه‌كه تا دوا رسته‌كانی كۆتایی به ده‌وری فیگۆری "باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام"دا ده‌خولێته‌وه و هه‌ریه‌كه‌شیان ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسی خۆیان ده‌بنه‌وه.
له‌باره‌ی ناونيشانه‌وه
نووسه‌ر بۆ ناونیشانی رۆمانه‌كه‌ی په‌نای بردۆته به‌ر ناوی هه‌ردوو فیگۆره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی رۆمانه‌كه‌ی كه ئه‌مه‌ش به به‌راورد به دوو رۆمانه‌كه‌ی پێشووتری نووسه‌ر جیاوازی ده‌بینین. ئه‌گه‌ر له ناونیشانی هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌ی پێشووتری نیعمه‌تپوور وردبینه‌وه ده‌بینین یه‌كێكیان ناوی "ساڵه‌كانی خه‌ون"ه و ئه‌ویدیكه‌شیان ناوی "په‌ڕه‌سێلكه‌كانی كۆچ"ه به‌ڵام له‌م رۆمانه‌دا باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام" نووسه‌ر جیاوازتر كاری له‌سه‌ر ره‌گه‌زی ناونیشان كردووه و ناوی هه‌ردوو فیگۆره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی نێو رۆمانه‌كه‌ی كردۆته ناونیشانی رۆمانه‌كه به‌ڵام هه‌ر له دوو رۆمانی پێشووتری نیعمه‌تپووردا هه‌ست به‌وه ناكه‌ین.
هه‌ڵبژاردنی ناوی فیگۆره سه‌ره‌كییه‌كان بۆ رۆمان به‌شی هه‌ره زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و قورساییه‌ی ئه‌و فیگۆره له‌نێو بونیادی ده‌قه‌كه‌دا هه‌یه‌تی. ده‌توانین ئاماژه به رۆمانی "زۆربا"ی نیكۆس كازانتزاكیس بده‌ین، كه فیگۆرێكه قورساییه‌كی ته‌واوی له‌رۆمانه‌كه‌دا هه‌یه، هه‌ر بۆیه كازانتزاكیس ئه‌و ناونیشانه‌ی هه‌ڵبژاردووه. هاوكات ئه‌گه‌ر سه‌رنج له چه‌ند نموونه‌یه‌كی رۆمانی كوردی بده‌ین ده‌بینین عه‌تا محه‌مه‌د له رۆمانی "خواجه نه‌سره‌دین"، كه له پێناو پێكه‌نینێكدا ده‌كوژرێت، ناوی "خواجه نه‌سره‌دین" قورسایی ته‌واوی له‌سه‌ر رۆمانه‌كه هه‌یه بۆیه نووسه‌ر ناوی ئه‌و فیگۆره‌ی له ناونیشانی رۆمانه‌كه‌یدا به‌كار بردووه. هاوكات رۆمانی "هه‌وره‌كانی دانیاڵ"ی به‌ختیار عه‌لیش یه‌كێكه له‌و رۆمانانه‌ی دیكه له به‌هۆی قورسایی دانیاڵ له‌سه‌ر كۆی حیكایه‌تی رۆمانه‌كه بۆیه نووسه‌ر ناوی ئه‌م فیگۆره‌ی له‌ناونیشاندا به‌كار بردووه.
لای نیعمه‌تپووریش به‌كاربردنی ناوی هه‌ردوو فیگۆری "باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام" به‌ته‌واوی په‌یوه‌ندی به قورسایی ئه‌م دوو فیگۆره‌وه هه‌یه له‌سه‌ر حیكایه‌ته‌كان و زیاده‌ڕه‌وی نییه كه بڵێین كۆی حیكایه‌ته‌كانی ئه‌م رۆمان له ده‌وری ئه‌واندا ده‌سوڕێته‌وه.
گێڕانه‌وه له‌نێوان ساده‌یی و ئاڵۆزیدا
كاتێك ڕۆمانه‌كه ده‌ست پێده‌كات هیچ كام له دوو فیگۆری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه بوونیان نییه و له به‌شی دووه‌می رۆمانه‌كه‌دا له دایك ده‌بن. له به‌شی یه‌كه‌مدا ده‌نگی گێڕه‌ره‌وه به‌ره‌و رووداوه‌كان ده‌مانبات و له به‌شی دووه‌مدا له‌گه‌ڵ له دایكبوونی دوانه‌ی باڵنده‌ی بریندار و ماسی سه‌رسامدا خوێنه‌ر له‌ڕێی هێزی گێڕانه‌وه‌وه به‌و دۆخگۆڕانه كوت‌وپڕ و له‌ناكاوه ئاشنا ده‌بێت، كه هه‌ریه‌ك له دوو بوونه‌وه‌ره‌ی له دایك ده‌بن ده‌بنه دوو فیگۆری جیاواز له مرۆڤی ئاسایی. نووسه‌ر زۆر به ساده‌یی و له دایكبوونی ئه‌م دوو فیگۆره خه‌یاڵییه به خوێنه‌ر ده‌ناسێنێت و وه‌كو دوو سیمبوولی بوون دێنه نێو دونیای حیكایه‌تی ئه‌م رۆمانه‌وه.
هونه‌ری گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان و هێڵێكی ته‌ریب نییه، به‌ڵكو خودی رۆمانه‌كه جۆرێكه له گێڕانه‌وه‌یی تایبه‌تمه‌ندی شیعریی به‌سه‌ریدا زاڵه و له زۆرجێگادا ئه‌و زمانه شیعرییه كه‌شێكی فه‌نتازی ته‌واوی خولقاندووه. وه‌لێ زاڵی ئه‌م زمانه شیعرییه چه‌ند بۆته هۆی خاڵێكی ئه‌رێنی بۆ رۆمانه‌كه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا وه‌كو خاڵێكی نه‌رێنیش دێته به‌رچاو به‌وپێیه‌ی له هه‌ندێك شوێندا هێڵه گشتییه‌كانی گێڕانه‌وه به‌هۆی ئه‌م زمانه‌وه ون بووه. بۆیه ده‌بوو هاوسه‌نگی ته‌واوه‌تی له‌نێوان زمانی شیعریی تێكسته‌كه و زمانی گێڕانه‌وه‌دا رابگیرایه.
نووسه‌ر له زۆر شوێندا هه‌وڵی ساده‌كردنه‌وه و ساده باسكردنی حیكایه‌ته‌كه‌یداوه، به‌ڵام له زۆر شوێندا ئه‌م ساده‌كردنه‌وه‌یه به ده‌ردی بونیادی رۆمانه‌كه‌ی نه‌خواردووه، هه‌ر بۆیه نووسه‌ر ونبووه له‌نێوان ساده‌یی و ئاڵۆزیدا. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه كه‌مێك حه‌وسه‌ڵه‌ی ده‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو رۆمانێكی ئاسایی ناچێته نێو قاڵبه كلاسیكییه‌كانی رۆمانه‌وه، ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه‌كان كه‌مێك پچڕ پچڕه، به‌ڵام ئه‌و تێمایه‌ی نووسه‌ر هه‌ڵیبژاردووه و خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا ده‌بات تا دوا لاپه‌ڕه‌كانی كۆتایی.
سه‌فه‌ر به‌ره‌و ئه‌ویوی بوون
رۆمانی "باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام" له شێوه‌ی سه‌فه‌رێكه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا سه‌فه‌رێك به‌ره‌و ئه‌ودیوی بوون، یان سه‌فه‌رێك بۆ ئاشنابوون به بوون. به جۆرێك نووسه‌ر جارێك بوون وه‌ك دیارده بۆ خوێنه‌ر ده‌خاته‌ڕوو و جارێكی دیكه بوون وه‌كو چه‌مكێك ده‌خاته به‌رده‌م شرۆڤه. ئه‌م رۆمانه رۆمانی سه‌فه‌ره. سه‌فه‌رێك به‌ره‌و ناوه‌وه‌ی خۆمان سه‌فه‌رێك به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی خۆمان. ناوه‌وه بۆ بیركردنه‌وه له بوونمان وه‌كو بوویه‌كی سه‌ر زه‌وی. ده‌ره‌وه‌ش پێگه‌مان له‌نێو گه‌ردووندا چییه. هه‌ردوو فیگۆری "باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام" هێمان بۆ دووجۆر بوون جۆری یه‌كه‌میان وه‌كو هێمای ئاسمان، كه ده‌توانین فیگۆری باڵنده له‌م پۆلینبه‌ندییه‌دا دانێین. جۆری دووه‌میش فیگۆری ماسی وه‌كو هێمای بوونی زه‌میننشینی.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م رۆمانه كه به‌ره‌و رۆمانێكی فه‌لسه‌فی، یان دروستتر بڵێم بوونگه‌ری په‌لكێش ده‌كات ئه‌و دابه‌شكارییه‌ی بوونه له‌نیوان ئاسمانی و زه‌ویدا. نووسه‌ر له سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا بوون له دیدی ئایینه‌كانه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه و هه‌ست به‌وه ده‌كرێت كه نزیكی له په‌یڕه‌وكردنی تیۆره‌ی فرۆیدی هه‌بێت كاتێك له لاپه‌ڕه ٣١دا ده‌نوسیت"چ درۆیه‌كی گه‌وره‌یه مرۆڤ له ئاسمانه‌كانه‌وه دابه‌زیوه‌ته خواره‌وه"، لێره‌وه هه‌ست به ڕه‌تكرنه‌وه‌ی بیردۆزه ئاینییه‌كان ده‌كرێت بۆ بوون، به‌ڵام نووسه‌ر له لاپه‌ڕه ٧٥دا بوون وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئاییندا باس كراوه به به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵاتی ئیلاهی ده‌زانێت. خستنه‌ڕووی هه‌ردوو بۆچوونه‌كه و ساغنه‌بوونه‌وه‌ی نووسه‌ر له‌سه‌ر یه‌كێك له‌م دووبۆچوونه پێده‌چێت گه‌ڕان بێت به‌دوای رێگه‌ی سێیه‌مدا و ره‌نگه مه‌به‌ستی خودی رۆمانه‌كه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌م رێگای سێیه‌مه بێت. به‌ڵام ئاخۆ رێگای سێیه‌م بوونی هه‌یه؟
بێگومان قسه‌كردن له‌سه‌ر رێگای سێیه‌م كارێكی ئاسان نییه و نووسه‌ریش له خستنه‌ڕووی ئه‌مه‌دا ساغ نه‌بۆته‌وه، هه‌ر بۆیه پرسیاری بوونی رێگای سێیه‌م به كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه و وه‌ڵامه‌كه‌ی نادیاره. نووسه‌ر له لاپه‌ڕه ٥٩ی رۆمانه‌كه‌دا باس له سنوورداركردنی ئازادی ئینسان ده‌كات و ده‌یبه‌ستێته‌وه به خه‌مناكی مرۆڤه‌وه ده‌ڵێت: یه‌كێك له هۆكاره‌كانی خه‌مناكی بوون له قاڵبدانی بوونه‌وه‌ره. فیگۆری باڵنده‌ی بریندار هێمایه بۆ ئه‌و خه‌ونه‌ی مرۆڤ به درێژایی مێژوو خه‌ونی فڕینی هه‌بووه و ئه‌م فیگۆره ئه‌و خه‌ونه جێبه‌جێ ده‌كات. هاوكات ماسی سه‌رسامیش به‌رده‌وامه له گه‌شته هه‌میشه‌ییه‌كانی به نێو دونیای ئاوه‌كاندا و بینینی ئه‌و دونیا به‌رینه‌ی تا زیاتر لێی وردبیته‌وه زیاتر نهێنییه‌كانیت بۆ ئاشكرا ده‌بێت.
خاڵێكی دیكه كه ده‌مه‌وێت لێره‌دا باسی بكه‌م نزیكی به‌شێكی زۆر له بۆچوونه‌كانی نێو ئه‌م رۆمانه‌یه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی، به‌و پێیه‌ی نووسه‌ر له لاپه‌ره ٥٨ دا هه‌بوون ده‌خاته پێش گرنگییه‌وه، كه ئه‌مه‌ش نزیكی ده‌رده‌خاته له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌راییدا كه بوون لای ئه‌وا بنه‌ڕه‌ته. هه‌ر لێره‌وه‌یه كه ئه‌م رۆمانه له رۆمانی فه‌لسه‌فی نزیك ده‌بێته‌وه.
بوون وه‌كو ژماره
یه‌كێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی نێو بوون ژماره‌یه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌ر له كۆنه‌وه پێگه و گرنگی هه‌بووه و تا هه‌نووكه‌ش ئه‌و پێگه و گرنگییه‌ی خۆی پاراستووه. پێده‌چێت هه‌ر ئه‌مه‌ش بووبێته هۆی ئه‌وه‌ی له‌م رۆمانه‌دا باسكردن له ژماره‌كان پێگه و گرنگی تایبه‌تیان پێدرا بێت. نووسه‌ر هه‌ر له لاپه‌ڕه‌كانی سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌وه باسی له گرنگی ژماره كردووه و سه‌ره‌تا له لاپه‌ڕه ١٣دا ده‌نوسێت"تێگه‌یشتن له مانای ژیان به‌بێ ژماره مه‌حاڵه" دواتریش له زۆر شوێنی دیكه‌ی رۆمانه‌كه‌دا باسی ده‌كاته‌وه و هه‌تا له شوێنێكدا ده‌ڵێت بوون له كۆمه‌ڵێك ژماره پێكهاتووه.
ده‌كرێت بپرسین بۆ نووسه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان بوون و ژماره‌ی گرێداوه؟ خودی بوون خۆی له كۆمه‌ڵێك ژماره پێكنه‌هاتووه؟ وه‌ك له‌سه‌ره‌تاشه‌وه باسمان كرد رۆمانه‌كه له‌رێی دوو فیگۆری باڵنده‌ی بریندار و ماسی سه‌رسامه‌وه ده‌یه‌وێت خۆی له كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نێو فه‌لسه‌فه بدات كه كێشه‌ی بوونه و ئه‌م دوو فیگۆره‌ش دوو فیگۆری خه‌یاڵین و ئه‌فرێنراوی خه‌یاڵی نووسه‌رن، وه‌ڵی باسكردن له بوون باسكردنه له حه‌قیقه‌تێك كه خۆمان به‌ری كه‌وتووین و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه‌ت نووسه‌ر پێویستی به باسكردنی ژماره هه‌بووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ی به‌هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌وه له واقیع له رۆمانه‌كه‌دا دروست بووه له‌ڕێی هه‌ردوو فیگۆره سه‌ره‌كییه‌وه به باسكردن له ژماره و نهێنی ژماره‌كان پڕی بكاته‌وه، چونكه ژماره وه‌كو هێزێك، یان وه‌كو حه‌قیقه‌تێكی موتڵه‌ت وه‌هایه.
یه‌كێك له‌و رسته زۆر سه‌یر و سه‌رنجراكێشانه‌ی له رۆمانه‌كه‌دا خوێنه‌ر به‌ری ده‌كه‌وێت دوا رسته‌ی رۆمانه‌كه‌كه كه نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ری خستۆته نێوان دوو كه‌وانه‌وه و نووسویه‌تی "بوون چه‌ند سه‌یره". به‌ڵام ئه‌گه‌ر بپرسین سه‌یریی بوون له چیدایه بڵێی وه‌ڵاممان ده‌ست بكه‌وێت. بێگومان سه‌یریی بوون له‌وه‌دایه، كه چه‌نده كۆنه به‌ڵام پرسیاری بوون چییه هێشتا پرسیارێكی نوێیه و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی وه‌ڵامێكی موتڵه‌قه‌وه هه‌یه، هه‌ر بۆیه سه‌یریی بوون له وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی، یان له زۆری وه‌ڵامه‌كانی بوون چییه‌وه هاتووه.
ئه‌نجام
به‌ر له‌وه‌ی دواخاڵێك بۆ ئه‌م نووسینه دابنێم كۆی سه‌رنجه‌كانم له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه له چه‌ند خاڵێكدا ده‌خه‌مه‌ڕوو، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ش ده‌مه‌وێت باس له‌وه بكه‌م بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه پێویستمان به دیدێكی نوێ هه‌یه بۆ ڕۆمان، دیدێك كه ئه‌م رۆمانه وه‌كو تێكستێكی سه‌ربه‌خۆ ببێنین و به هیچ رۆمانێكی دیكه به‌راوردی نه‌كه‌ین، یان كۆمه‌ڵێك قاڵبی دیاریكراومان نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ی تێ بكه‌ین. بێگومان ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه هاتووه، كه ئه‌م رۆمانه خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی هونه‌ری گێڕانه‌وه و زمانی خۆیه‌تی. كۆی سه‌رنجه‌كانم له‌م چه‌ند خاڵه‌دا چڕ ده‌كه‌مه‌وه:
١- شوێن له‌م رۆمانه‌دا زۆرجار دیاریكراو نییه و ده‌كرێت هه‌ر شه‌وێن و جوگرافیایه‌ك بێت، بۆیه نووسه‌ر خۆی له دیاریكردنی شوێنێكی دیاریكراو پاراستووه.
٢- ده‌كرێت ئه‌م رۆمانه وه‌كو هه‌وڵێك بۆ نزیكبوونه‌وه له ته‌وزیفكردنی بۆچوونی فه‌لسه‌فی له رۆمان‌دا ئه‌ژمار بكرێت و ره‌نگه زیاده‌ڕه‌ویش نه‌بێت كه وه‌كو رۆمانێكی فه‌لسه‌فی(به كاریگه‌ریی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی) ئه‌ژماری بكه‌ین.
٣-ساغنه‌بوونه‌وه‌ی نووسه‌ر له خستنه‌ڕووی بۆچوونه‌كانی له‌سه‌ر بوون به‌وپێیه‌ی كه جارێك بوون له روانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رییه‌وه ده‌خاته‌ڕوو و جارێكی دیكه وه‌كو به‌رهه‌می كاركردنی خالق پیشانی ده‌دات. له‌م نێوانه‌دا خوێنه‌ر له بۆشایدا ده‌مێنێته‌وه، یان چاو بۆ رێگای سێیه‌م ده‌گێڕێت.
٤-نه‌بوونی هێڵێكی گێڕانه‌وه‌ی دیاریكراو و زاڵبوونی زمانی شیعری له زۆر شوێندا هه‌م بۆته هۆی زیان گه‌یاندن به تێكسته‌كه و هه‌م وه‌كو یه‌كێكیش له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م تێكسته دێته ئه‌ژمار، وه‌لی لاموایه ئه‌مه له زۆر شوێندا به زیانی رۆمانه‌كه شكاوه‌ته‌وه.
٥- خاڵێكی دیكه كه ده‌مه‌وێت لێره‌دا باسی بكه‌م نزیكی به‌شێكی زۆر له بۆچوونه‌كانی نێو ئه‌م رۆمانه‌یه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی و ئه‌مه به ڕوونی له چه‌ند جێگه‌یه‌كدا به روونی هه‌ستی پێده‌كرێت.