چیرۆک

کڵۆنجە رێ رێ و ئەردوغان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەگەرچی لەو رۆژە ساڵانی ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام کاتێک ئەردوغان دیسان خەونی سەیرو سەمەرە دەبینێتەوە و دەچێ لە سەر قاچەکانی ژنەکەی رادەکشێ و مەمکەمژەکەی سەردەمی عوسمانی دەخاتەوە دەمی و دەیمژێتەوە، پێی سەیرە بۆچی ئەو گۆرانییە سەیرە و ئەو کچە جوانەی کۆڵانە درێژەکە نەیانتوانی وەها پێکەوە دەمج بن و بسازێن ئەم بتوانێ سەمای سەردەمی عوسمانییەکان جارێکی تر بە زیندوویی ببینێتەوە. گوناهی ئەو زمانە بوو ئەردۆغان لێی تێنەدەگەیشت، یان ئەو ئاوازەی بۆ سەمای تورکی نەدەبوو، یان هەر لە بنەڕەتەوە خودی حەزەکە هەڵەبوو؟ 

 

کڵۆنجە رێ رێ و ئەردوغان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

"کڵۆنجە رێ رێ" لە ناو جێگاکەی کە لە سەر هەرزاڵێکی ناو باخە کۆنەکەیان بوو، راکشابوو و بیری لە دوو سێوی بن باخەڵی خۆی دەکردەوە وا لە کڵۆنجەکەدا خۆیان حەشاردابوو. لەو کاتەیشدا لە دەرەوە، لە ناو کۆڵانە درێژەکەی ئەو دیوی دەرگاکەیان، بە دەیان و سەدان پیاوی شەیدای ئەو سێوانەیش تێدەپەڕین و، داماوانە تەنیا خوازیاری هەڵمژینی نیگایەک بوون لێیان. کڵۆنجە رێ رێ لە سەر هەرزاڵەکە لە کاتێکدا سەیری ئاسمان و ئەستێرەکانی ئێوارەی دەکرد، پێکەنینی بە گەمژەیی پیاواندا دەهاتەوە و، لە بەر خۆیەوە سوپاسی خودای دەکرد کە بە گەلحۆیی و نەزانی پیاوانی خوڵقاندبوو. لەبەرخۆیەوە گوتی:

ـ "جا گەر ئەمە نەبووایە، بەو قەڵافەت و بەو هێزەی هەیانە، نە هیچمان پێدەکرا و نە هیچیان بۆ دەهێشتینەوە،... تەنانەت تاق بڕیشیان دەکردین!"

ئەوسا قاقا پێکەنییەوە و لاسکی ئەو گەڵایەی خستە نێوان لێوەکانییەوە وا پیاوەکانی ناو کۆڵانەکە دەیانگوت تام و بۆنی عەتر و عەبیری جەننەتی لێوەدێ. هەڵبەت ئەگەرچی هیچ کامیان قەت تام و بۆنی عەتر و عەبیری جەننەتیان لە ژیانیاندا نەکردبوو!

لەو کاتەدا کڵۆنجە رێ رێ لە سەر هەرزاڵەکە پاڵکەوتبوو، "رەجەب تەییب ئەردوغان" بە زمانی تورکی خەیاڵی رەقس و سەمایەکی کچانی سەردەمی عوسمانی بردییەوە. ئەم خەیاڵە ئەوەندە بەهێزبوو کە لە عەزرەتدا وەک منداڵ دایە پڕمەی گریان و هەربۆیە ژنەکەی کە لەچکێکی رەشی ئارەقاویی سەردەمی گرتنی ئەنادۆڵیی لە لایەن خێڵە گەڕۆکە تورکەکانەوە بە سەرەوە بوو، هەستا و مەمکەمژە دارینەکەی سەردەمی عوسمانییەکانی خستەوە دەمییەوە و ئەردۆغانی لە سەر لاقە راکشاوەکانی خۆی پاڵخست و، بە لایەلایە گوتن خەواندییەوە. بەستەزمان ژنەکەی، نەیدەزانی گەر ئەردوغان خەوی لێبکەوێتەوە، دیسان هەمان خەون بەرۆکی پێدەگرێتەوە. بۆیە پاش کەمێک دیسان پیاوەکەی دایەوە پڕمەی گریانێکی بەهێزتر. ئەمجارە ژنەکەی بەناچار قەنداوی بۆگرتەوە، بەو قەندانەی وا بەسەر سوڵتان سەلیمی یەکەم و ژنەکەی لە کاتی شاییەکەیاندا لە سەدەی شانزدەهەم شکاندبوویان.

کە شەوداهات و ئەستێرەکان بەجوانی دەرکەوتن و خۆیان تیف تیفەدا، کڵۆنجە رێ رێ حەزی هەبوونی پیاوێک لە تەنیشتیدا دایگرت. جەستەی کشا و هەڵماسی، وەها کڵۆنجەکە لە بەریدا تەسک بووەوە، بەڵام ئەو رقی لە هەموو پیاوە رێبوارەکانی ناو کۆڵانەکە بوو. ئەو گەمژانە تەنیا تێدەپەڕین و ئاخیان هەڵدەکێشا و، هیچی تر. ئەو ئاخانەی کڵۆنجە رێ رێ دەیزانی بۆچییە. بۆیە هەوڵیدا هەر بیریان لێنەکاتەوە و خەیاڵی بەرەو ئەو دیوی کۆڵان، بەرەو شوێنەکانی تر پەلکێش بکا. ئەو دەیزانی پیاو یەکجار زۆرن، تەنانەت زۆرتر لە ژنەکان، ئەگەرچی زۆریشیان لێدەکوژرێ (ئەو پێی وابوو پیاوەکان کاتێک ژنیان لێ ون دەبێ، زیاتر بیر لە سیاسەت دەکەنەوە و زیاتر یەکتر دەکوژن)، بەس دۆزینەوەیان زۆر ئاسان نیە. پیاوەکان هەم هەن و هەم نین. رێک لە سەرباز دەکەن، کە بۆخۆشیان نازانن فەرماندە بۆ کوێیان بەڕێدەکا. بیری کردەوە:

ـ "چدەبێ لە گەڵ سەرۆکێک ئاشنا بم! ئەوان رەنگە لە هەموو ئەوانی تر باشتر بن."

ماوەیەکی چاک بوو تەنانەت دەرگاکەیشی نەدەکردەوە. هەر دەیکردەوە، هاڵاوی گەرمی هەناسە ئاخاوییەکان کە جاری وابوو بۆنی ناخۆشی دەمیان گرتبوو، خۆی بە حەوشەکەدا دەکرد و لەوێوە وەک مێرولە بە هەرزاڵەکەدا هەڵدەگەڕان و، ئیتر ئەو بەناچار دەبا هەموو شمەکی پێخەفەکانی سەرلەنوێ بشواتەوە. ئەویش لەو وشکە ساڵییەدا کە هەموو رۆژێک لە رۆژئاواوە تەوژمی خۆڵ دەهات و وڵاتی دادەگرت. چ دەبا بچێ بۆ جارێکیش بێت دووای ئەو هەموو ماوەیە دەرگاکە بکاتەوە و چاوێک لە کۆڵان بکا؟ بەڵام پەشیمان دەبووەوە. ئەها، ئەو دەبێ تەنیا گوێ هەڵبخا و بەس! ئەو دەبێ بە دەنگ دانەیەک ببینێتەوە،... بەڵام چۆن؟ بیری کردەوە. ئا، بە گۆرانی. هەر کەسێک، یان باشتر بڵێین هەر پیاوێک بەم کۆڵانەدا تێپەڕی و گۆرانی وت، ئەوا ئەم یەکسەر شووی پێدەکا. خەنی لەم بیرەی خۆی، دیسان پاڵکەوتەوە. دانەیەک لە ئەستێرەکان چاوێکی لێداگرت.

ئەردوغان کە تامی قەنداوەکەیش لە دەمیدا تاڵ بوو، رووی کردە ژنەکەی و گوتی رەنگە پیاسەیەک بتوانێ چاکی بکاتەوە. ئەردوغان کاتێک لە دەرگاکە ئاودیو بوو، لە بەرخۆیەوە جوێنێکی خەستی بە سوڵتان سەلیمی یەکەم دا. قەنداوەکە تامی ئارەقەی بن باخەڵی سوڵتان سەلیم و خوێنە رژاوەکانی شەڕی چالدوڕانیان دەدا. پاش ئەوەی تفێکی خەست و زلی رۆکرد، کۆڵانی دەستی راستی گرت و وەڕێکەوت (ئەردوغان هەمیشە دەستی راستی دەگرت، چونکە باوەڕێکی قوڵی بە صراط المستقیم بوو). بۆخۆیشی نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێ. ئەو تەنیا دەبا بڕوات! بە ئەزموون تێگەیشتبوو خەونەکان تەنیا بە گەڕانی بێ مەبەست چارەسەر دەکرێن. هەنگاوەکان بردیان. ئەوان بڕیاردەربوون. ئەو دەیزانی کە لەم جۆرە کاتانەدا هەنگاوەکان سەرەتا ونی دەکەن، بەڵام دوواتر دەیگەیێننە شوێنێک کە ئەگەرچی مەبەست نەبوو، بەڵام دەبوو بە مەبەست. گەر لە زمانی زوودا ژیابا (بۆ وێنە سەردەمی فیلسوفە کۆنەکانی یۆنان)، ئەوا دەیگوت "جوڵە" سەرچاوەی هەموو شتێکە و ئیتر وەک تالیس و فیساغورس و هراکلیت و... ناوبانگی دەردەکرد. بزەیەک بە لێویدا هات. ئاخر ئەو سەردەمانە ئێرە یۆنان بوو، بەشێک لە یۆنانی کەونارا.

 رۆیشت و رۆیشت. کۆڵانی تەسک، پان و فەریح، قوڵ، نزم، پێچاوپێچ، درێژ، کورت، خۆڵاوی، بەردچنکراو، قوڕاوی، خۆڵاوی، خاوێن، بۆگەناوی، تەپ و تۆزاوی و ئاشقاوی یەک لە سەر یەک باوەشیان بۆ دەکردەوە. بەزەیی بە خۆیدا هاتەوە کە بۆچی کاتی خۆی لەم کۆڵانانەدا ئاشق نەبووە. بیستبووی سوڵتان سەلیم هەمیشە بەشێکی بەرچاوی سوپای خۆی لە شارەکان و گوندەکانەوە تێدەپەڕاند بۆ ئەوەی لە رێگای هەیبەتی خۆیەوە دوژمن زراوتۆقێن بکا. ئەگەرچی جاری وابوو لەژێر پێی ئاسنین و قورسیاندا شار و گوندەکان بە سەر یەکتردا دەتەپین و دەڕووخان! ئەوەی رەنگە لە یەکێک لەم کۆڵانانەدا بە سەر رەقس و سەمای سەردەمی عوسمانییەکاندا بکەوێ لەخۆ بێخۆی کرد. گەر قەرارە کۆڵانەکان ئەوەندە زۆر و ئەوەندە نەناسراو و بێ مەبەست بن، بۆچی نا!

سەرئەنجام لە دووای حەوت شەو، حەوت رۆژ، حەوت کاتژمێر، حەوت خولەک و حەوت چرکە گەیشتە کۆڵانەکەی کڵونجە رێ رێ. هێشتا چەند هەنگاوی تێنەپەڕاندبوو شنەی ئاوازێکی سەیر کە بۆخۆیشی لە زمانەکەی نەدەگەیشت و کەچی دەیگوتەوە، هاتە سەر زمانی. وەک بولبول سەری هەڵبڕی و چریکاندی:   

ـ هۆ کڵۆنجە رێ رێ / هەستە بەیانە / تا بەیەک دەگەین ئاخر زەمانە / ماڵ لە مەریوان ئەی هاوار دڵ لە دەروێشان/ مردن خۆشترە ئەی هاوار لە گیان هەڵکیشان

ئەردۆغان کە نە لە شێوەی ئاهەنگەکە دەگەیشت و نە لە مانای وشە و رستەکان، هەروا دەڕۆیشت و ئەم رستانەی دەگوتنەوە. دەنگی ئەوەندە خۆش بوو، کە بۆ خۆیشی بەلایەوە سەیر بوو. بیستبووی لە شەڕی چاڵدوڕان، "سارۆبیرە" هەر بەو دەنگە باسی لە کێوی ئاربەبا و ئەو کانییە کردبوو وا بەهاران بەلاتەنیشتی قوتەکەیدا دەتەقییەوە و تەواوی دۆڵی "خێرومەجنون"ی پڕلەئاودەکرد. نەکا ئەم دەنگەی لە کەسێکی سوپای دوژمنەوە پێگەیشتبێ؟ لێرەدا شەرمی لە خۆی کرد، بەڵام دەنگەکە و گۆرانییەکە هەر لەوێدا بوون. بیری کردەوە باشە دەروێشان کوێیە، ئەی مەریوان، ئەی ئەم وشە سەیرە "کڵۆنجە رێ رێ"!؟ هەرچی بیری لە جۆغرافیا کردەوە و لە ناوە کلاسیکییەکانی سەردەمی عوسمان، هیچ نەدەهاتەوە زەینی. هەڵە،... هەڵەیەک بەربینگی بە رێگا و بە ئەردوغان گرتبوو.

کڵۆنجە رێ رێ کە بەرە بەرە خەرێک بوو ناهومێدی رووی تێدەکرد و ئیستا لە سەر هەرزاڵەکە لە جیاتی سەیرکردنی ئەستێرەکان، دەیخواردەوە و جوێنی بە چارەنووس دەدا، کتوپڕ رۆژێک دەنگێکی سیحراوی سەرنجی راکێشا. گوێی لە ناوی خۆی بوو. سەرەتا باوەڕی نەکرد.جوانتر گوێی هەڵخست و، ئەمجارە ئیتر تەواو دڵنیا هەڵگەڕا. لە خۆشیا بە قەڵەمبازێک لە سەر هەرزاڵەکە دابەزییە خوارەوە و بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە دەرگاکە، کردییەوە تا ئەو پیاوە ببینێ وا ئەشقی ئەو گەیاندبوویە ئەم کۆڵانە درێژە خەماوییە،... ئەو پیاوەی وا چیرۆکەکان لە گەڵ خۆیان هێنابوویان تا خەونەکانی کڵۆنجە رێ رێ بەدی بێنن. ئەوسا لەو سەری کۆڵان پیاوێکی بینی کە شێوازی هەڵێنان و بزووتنی لێوەکانی لە گەڵ وشەکان و رستەکان نەدەهاتنەوە، کەچی دەیگوتن،... دەیگوتن و هەر دەیگوتن! نەبزووت و راوەستا تا نزیک بکەوێتەوە. ئەردوغانیش هەر چاوی بە کچەکە کەوت، زیاتر پێی هەڵگرت. شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوت لەم کۆڵانەدا و لە ناو ئەو دەرگایەدا کچێک راوەستاوە کە بەڵێنە سەمای سەردەمی عوسمانییەکانی بۆ بکا، سەمایەک لە چەشنی رەقسی مار لە ناو کوپەی شمشاڵژەنی هیندی دا، بە گێژولوول خواردنە ئەفسانەییەکانی. کڵۆنجە رێ رێ هەر پیاوە غەریبەکە لێی نزیک کەوتەوە، ئیتر تەواو لە راستییەکە گەیشت. نە ئەو دەم و لێوە هی ئەم گۆرانییە بوو و نە گۆرانییەکە هی ئەو دەم و لێوە. رقێکی وەها دایگرت ئەو ئەستێرەیەی وا جاروبار چاوی لێدادەگرت، لە ترسا بەرەو کاکەشانێکی تر راخوشا و خۆی بزرکرد. کڵۆنجە رێ رێ بە پەلە چووەوە ژوورەوە، دارێکی بنی هەرزاڵەکە کە لە داربەڕووبوو هەڵیکێشا و هەتا هێزی تیا بوو بە شوێن ئەستێرەکە بەرەو کاکەشان و جیهانێکی تر فڕێی دا.

ئەگەرچی لەو رۆژە ساڵانی ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام کاتێک ئەردوغان دیسان خەونی سەیرو سەمەرە دەبینێتەوە و دەچێ لە سەر قاچەکانی ژنەکەی رادەکشێ و مەمکەمژەکەی سەردەمی عوسمانی دەخاتەوە دەمی و دەیمژێتەوە، پێی سەیرە بۆچی ئەو گۆرانییە سەیرە و ئەو کچە جوانەی کۆڵانە درێژەکە نەیانتوانی وەها پێکەوە دەمج بن و بسازێن ئەم بتوانێ سەمای سەردەمی عوسمانییەکان جارێکی تر بە زیندوویی ببینێتەوە. گوناهی ئەو زمانە بوو ئەردۆغان لێی تێنەدەگەیشت، یان ئەو ئاوازەی بۆ سەمای تورکی نەدەبوو، یان هەر لە بنەڕەتەوە خودی حەزەکە هەڵەبوو؟ لە کاتێکدا ژنەکەی رایدەژێنێ و گۆرانییەکی کۆنی سەردەمی سوڵتان سەلیمی یەکەمی بۆ دەڵێتەوە، ئەردوغان خەودەیباتەوە،... ئەمجارە بڕیاردەدا کۆڵانەکەی دەستی چەپی هەڵبژێرێ، نەک راست.