ما 3039 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

 

 و: ئیبراهیم ئیسماعیل پوور (شەماڵ) 

بەڵام کاتێک کە باس لە پشتیوانی گشتی لە خوێندنی باڵا دێتە ئاراوە، لە سەر ئەم ئەرکە کۆمەڵایەتییە زۆر باس ناکرێ. ناتوانین بە لێژنەی باوەڕپێکراوان و کۆمیسیۆنی دەوڵەتی و کۆمیسیۆنەکانی تری لەم چەشنە بڵێین کە ئەرکی ئێمە هاندان و مەجبوورکردنی کۆمەڵگایە بۆ هەست بە خەتاکاربوون وتێکدانی هاوسەنگی. ناتوانین بەو کەسانەی کە ماڵیات دەدەن، بڵێین ئێمە دابمەزرێنن تا کار بۆ ئەوە بکەین کە منداڵەکانتان جیاواز لە خۆتان بیر بکەنەوە. 

 

ڕۆشنبیرانی زانستە ئینسانییەکان:یازدە بۆچوون

 

   نووسینی: ڕیچاڕد ڕۆڕتی          

 

وەرگێڕان: ئیبراهیم ئیسماعیل پوور(شەماڵ)

 

1-نابێ زانستە ئینسانییەکان بەم پرسیارە پێناسە بکەین کە ئەم گرووپە لە زانستەکان لە چیدا هاوبەشن کە ئەوان لە باقی زانستگا جیا دەکەنەوە؟ بەڵکوو، سنوورێکی سەرنجڕاکێش ئەوان لە یەک جیا دەکاتەوە، ئەویش سنووری نێوان گرووپەکان و ڕشتە بنەڕەتییەکانە.

 

ئەم سنوورە، کەسانێک کە لە پێوانە تەواو قەبووڵکراوەکان پەیڕەوی دەکەن تا لە زانست و مەعریفەدا بەشداری بکەن، لەو کەسانە جیادەکەنەوە کە تێدەکۆشن وێناکردنە ئەخلاقییەکانی خۆیان پەرە پێبدەن. تاقمی دواتر بەو مەبەستە کتێب دەخوێننەوە کە زانستی خۆیان لە سەر هەر شتێ که شیاو و گرینگە زیاتر بکەن – چ لەبارەی خۆیانەوە وەکوو تاکەکان و چ لە مەڕ کۆمەڵگاکەیان. ئەمانه ناو دەنێین ڕۆشنبیرانی زانستە ئینسانییەکان. ئەم تاقمە زۆرتر لە نێو گرووپی خەڵکناسدا دەبیندرێن تا لە نێو گرووپی وێژەی قەدیمدا. له زانکۆی مافدا زۆرتر دەبیندرێن تا له گرووپی فەلسەفەدا.

 

2- ئەگەر کەسێک بپرسێ، ئەمانە چ کەڵکێکیان هەیە و چ ئەرکێکی کۆمەڵایەتیان وەئەستۆیە؟ نە «فێرکردن» و نە «لێکۆڵینەوە» وڵامێکی پڕ بە پێست نیین. وێناکردنی ئەوان لە فێرکردن - یان ئەو جۆرە فێرکردنەی کە لانی کەم دەیانەوێ بە ئەنجامی بگەیەنن– کتومت ڕاگواستنی زانست نییە، بەڵکو زۆرتر له هاندانی منداڵان دەچێ. لە کاتێکدا که بۆ مۆڵەت یان وام وەرگرتن داخوازی پڕدەکەنەوە، کەچی مەجبوور نین بۆ ئامانج و ڕێگای لێکۆڵینەوەکانیان بەرگی تایبەت پڕ بکەنەوە. تەنیا کارێک کە دەیانەوێ بیکەن ئەوەیە کە کتێبی زۆر بخوێننەوە تا بەشکوو کەسێکی جیاوازیان لێ دەربچێ.

 

3- بەم پێیە، ئەرکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیرانی زانستە ئینسانییەکان، دروستکردنی شک و گومانێکە لە قوتابیانی زانکۆدا لە مەڕ ئەو وێناکردنەی کە لە سەر خۆیان و ئەو کۆمەڵگایەی کە پێیەوە بەستراونەتەوە هەیانە. ئەمانە ئەو مامۆستایانەن کە متمانە دروست دەکەن لەسەر ئەوەی کە وشیاری ئەخلاقی هەر جیلێکی نوێ، تاڕادەیەک جیاواز لە جیلی پێش خۆیەتی.

 

4- بەڵام کاتێک کە باس لە پشتیوانی گشتی لە خوێندنی باڵا دێتە ئاراوە، لە سەر ئەم ئەرکە کۆمەڵایەتییە زۆر باس ناکرێ. ناتوانین بە لێژنەی باوەڕپێکراوان و کۆمیسیۆنی دەوڵەتی و کۆمیسیۆنەکانی تری لەم چەشنە بڵێین کە ئەرکی ئێمە هاندان و مەجبوورکردنی کۆمەڵگایە بۆ هەست بە خەتاکاربوون وتێکدانی هاوسەنگی. ناتوانین بەو کەسانەی کە ماڵیات دەدەن، بڵێین ئێمە دابمەزرێنن تا کار بۆ ئەوە بکەین کە منداڵەکانتان جیاواز لە خۆتان بیر بکەنەوە. هەرکەسێ بە دڵ – تەنانەت ماڵیات دەرێکی ئاساییش _ ئەوە دەزانێ کە یەکێک لە ئامانجەکانی قوتابخانەکانی پێش زانکۆ و زانکۆش هەر ئەمەیە. بەڵام کەس ئەوەندە بەزات نییە کە ئەمە بدرکێنێ.

 

5 – ئێمەی ڕۆشنبیرانی زانستە ئینسانییەکان، خۆمان لە بارودۆخێکدا دەبینین وەکوو بارودۆخی لایەنگرانی بزاڤی سەدەی 20ی پرۆتستان لە ئەمریکا، پێشەوا ئایینییەکانی پابەند بە ئیلاهییاتی ئازاد، ئەو قەشە و مەلایانەی کە پێیان وایە بەهەشتی خودا لە سەر ڕووی زەوی دروست دەکەن. نەیارانیان، تێکۆشانی ئەوان وەک کردەوەی سیاسی چەپەکان دادەنێن. ئەوان دەڵێن پارە ئەدەن بە پیاوانی ئایینی تا ڕاگوێزەری وتەی خودا بن، بەڵام دەچن دەست لە کاروباری سیاسی وەردەدەن. ئێمە بەوە تاوان بار دەکەن کە مووچە وەردەگرین تا لە زانست و مەعریفە و گواستنەوەیان دا بەشدار بین، بەڵام بە پێچەوانەوە زانستە ئینسانییەکان دەکەینە سیاسی. هەر بۆیە ناتوانین بیری زانستە ئینسانییە ناسیاسییەکان لە کەسانی ئایینی و بیری کڵێسەی ناسیاسی، جیدیتر بگرین.

 

6 – هێشتا چاوەڕوانییان لە ئێمە هەیە لە سەر "پێوانە بابەتییە بەرزەکان"، "بایەخە بنەڕەتییە ئەخلاقی و مەعنەوییەکان"، " کێشە هەمیشە باسکراوەکانی دۆخی مرۆڤ" و شتی تری لەم بابەته، دەنگ و هەرایەک ساز بکەین، کە لێژنەی باوەڕپێکراون و ڕێکخراوەکانی پارەدابینکەر لە گەڵی ڕاهاتوون، دروست بەو شێوەیە کە بڕیارە پیاوە ئایینییە لیبڕاڵەکان ڕێگای خۆیان لە نێو ئەو بنەما بڕواییانە بدۆزنەوە کە ڕۆژگارێکی کۆن و ساکارتر نووسراون. بەڵام ئەو گرووپە لە ئێمە کە شوێندانەری نووسەرانی دژبە ئەفلاتوون، دژ بە باوەڕ چییەتی، مێژووییگەر و سروشتخوازی چەند سەدەی ڕابردوویان بە سەرەوە دیارە (لە کەسانێکی وەکوو هێگڵ، داروین، فڕۆید، وێبێڕ، دیۆیی و فۆکۆ) یان دەبێ سەگ ڕێبازی بن یان ئەوەتا ئەو شتەی کە بۆ خۆیان بە ڕەنج و زەحمەت دروستیان کردووە، لە سەر ئەم دەستەواژە ئایینییانە بیدۆڕێنن.

 

7 – ئەم کێشە و هەرایه بۆ لە پەیامبەری گەیشتن لە نێوان دەربڕینی گشتی و شێوەی تاکەکەسی، زانستگا بە شێوەیەکی گشتی و ڕۆشنبیرانی زانستە ئینسانییەکان بە تایبەتی، دەخاتە داوی ڕاوچیانی لە دین وەرگەڕاون. سیاسەتمەدارانی بەرزەفڕی وەک ویلیام بێنت یا خۆ ڕۆژنامەوانانی سەگ ڕێبازی وەک ویلیام باڵکی لاو (نووسەری کتێبی خودا و مرۆڤ لە یێل ) یا خۆ چاڕلێز سایکس (نووسەری پڕۆفێسکم) بەردەوام دەتوانن ئاماژە بە نێوانی دەربڕینی فەرمی و کردەوەی ڕاستەقینە بکەن. هەڵبەت ئەم جۆرە ڕاوچییانەی لە دین وەرگەڕاوان زۆر جار لە بەرانبەر هاوپێوەندی زانستگایی خێرا بە چۆکدا دێن و کەم ڕەنگ دەبن.مامۆستایانی فیزیا و ماف، هەر ئەوانەی کە کەس حەز ناکا لە گەڵیان ڕووبەڕوو ببێتەوە، دەتوانن لەدەوری ئەندامانی ئەنجوومەنی زانستگای ئەمریکا کۆببنەوە کە وانەی خەڵک ناسی یان زمانی فەڕانسە دەڵێنەوە، تەنانەت ئەگەر نەزانن یاخۆ گرینگی نەدەن کە چی دەڵێنەوە.

 

8- هەڵبەت ڕاوچیانی ئیڕتێداد و لە دین وەرگەڕاوی، لەم ڕەوتە تایبەتەی زانستە ئینسانییەکاندا، ئامانجێکی خەسارهەڵگرتریان لە حاڵەتی ئاسایی هەیە. ئەم ڕێبازە هەر ئەو شتەیە کە ئالێن بلووم (چەپی بە نیچەیی کراوی)  ناو دەنێ. ئەمە لە ئامریکا چەپێکی نائاسیی یە. چەپی ئامریکایی لە ڕابردوودا، لە ئامریکای دەویست کە پابەندی ئارمانەکانی وڵات بێ. هەنگاوەکانی بەرەو ئازادی مرۆڤ بێ کە پێشینیانی ئێمە گەڵاڵە داڕێژەری بوون. ئەو ڕێگایەی کە ئێمەی لە لابردنی کۆیلەتی و مافی دەنگدانی ژنان و بزاڤی مافی شارۆمەندی و یاسای وێگنێڕەوە تێپەڕاند و بە فیمینیزم و ئازادی و هاوڕەگەز بازی(نێربازی و مێبازی) گەیاند.بەڵام چەپی نیچەیی دەڵێ کە وڵات تا سەر ئێسقان گەندەڵە _ واتە ئەو کۆمەڵگایەی کە ڕەگەز پەرەست و باوەڕمەند بە ئاپاڕتایدی جنسی و ئیمپڕیالیستە، کۆمەڵگایەک کە ناکرێ تاقە تۆزێکیش متمانەی پێبکەی. کۆمەڵگایەک کە هەر وتەو کردارێکی دەبێ بێبەزەییانە و لە بندا بڕوخێ.

 

9 – هۆیەکی تر بۆ ئەوەی کە ئەم ڕێبازە خەسارهەڵگرە، ئەوەیە کە بە شێوەیەکی یەکجار زۆر بە خۆیەوە خەریکە و نەڕسکاوە و هەر وەها بە شێوەیەکی بێ حاسڵ و لەڕادە بەدەر فەلسەفییە. ئەمە ئەو بۆچوونە سەریرەی (پۆل دومان)مان وەبیر دێنێتەوە کە " تەنیا لە سەر بنەمای شیکاری ڕەخنەگرانەی _ زمان ناسی ئەتوانین لە کێشەی تایبەت بە ئایدۆلۆژیا و لە بازنەیەکی فراوانتردا لە پرسگریکی تایبەت بە سیاسەت نزیک ببنەوە". ڕەنگە واباش بێ کە لە سەر ئەم باسە دەبێ بانگەشە سەرسووڕ هێنەرەکەی هیلیس میلێڕ ڕەخنەگری ئەمریکایی قەبووڵ بکەین کە ئەڵێ :" هەزارەی {ئاشتی و دادوەری جیهانی لە نێو خەڵکدا} کاتێ دێتە ئاراوە کە هەموو ژنان و پیاوان بە واتای دومانی خوێنەرێکی باش بن. کە دەر بارەی گەڵاڵەیەکی ئارمانی بۆ داهاتووی وڵات لە چەپە نوێکان پرسیار دەکرێ، بە پێی یەکێک لە چەنەبازییەکانی فۆکۆ وڵام دەدەنەوە. کاتێ کە پرسیار کرا کە بۆچی یوتۆپیایەکتان گەڵاڵە نەکرد، فۆکۆ لە وڵامدا ئەڵێ: بەڕای من وێنا کردنی سیستمێکی تر، پەرەپێدانی بەشداری کردنی ئێمە لەم سیستمە هەنووکەییە دایە. دومان، فۆکۆ و هەروەها میلێڕیش بۆچوونێکی گەلێ باشتریان لەم دەربڕینە ناسازگارە هەیە، بەڵام تاقمێک لە وەدواکەوتوانیان زۆر خراپترن. ئەم چەپەی لەڕادە بەدەر فەلسەفی و گیرۆدەی خودە، ئاوێنەی باڵانوێنی ڕوانگە ئیشتراوسییەکانی لە ڕادە بەدەر فەلسەفی و بە خۆ گیرۆدەکانن. بە سووکایەتییەوە ڕوانینی هەر دوو تاقمەکە بۆ کۆمەڵگای ئەمریکای هاوچەرخ هێندە بەر چاوە کە باسی سیاسەتی نەتەوەیی، ئەیالەتی یا خۆ ناوچەیی دێتەئاراوە، خۆیان بە بێ دەسەڵات نیشان دەدەن. ئەمە بەو مانایەیە کە هەموو هێزی خۆیان بۆ سیاسەتە زاستگاییەکان دەخەنە گەڕ.

 

10 – هەر دوو گرووپەکە لە سەر ئەوەی کە چۆن پێڕستی سەرچاوەکان بۆ خوێندن ئامادە بکەن، بەم دواییانە شەڕی زێڕینگەرییان وەڕێ خستووە. ڕوانگە ئیشتراوسییەکان دەڵێن کە پێوانە بۆ هەڵبژاردنی کتێبەکان، بایەخی دەروونییە و چەپی نیچەییش دەڵێن کە بێ لایەنی یە - بۆ وێنە بێ لایەنی لە بەرانبەر ژنان، ڕەش پێستەکان و جیهانی سێهەمییەکان. هەردوو لا خەتا دەکەن. پێرستی سەرچاوەکانی خوێندن دەبێ بە جۆرێک دەست نیشان بکرێن کە هاوسەنگی لە نێوان دوو پێویستیدا بپارێزن. سەرەتا قوتابیانی زانکۆن کە پێویستییان بە هەبوونی ڕوانگەکانی سەرچاوەیی هاوبەش لە گەڵ بەرەکانی ڕابردوو و چینە کۆمەڵایەتییەکانی تر هەیە، بە جۆرێک کە باب و کاڵ و ڕۆڵەکانییان، خەڵکانێک کە لە وایت واتێڕ دەچوونە زانستگای ویسکانس یا خۆ زانستگای ئەستێنفۆڕد، چەند دانە لەو کتێبانەیان خوێندبێتەوە. دووهەم پێویستیییە بەو مامۆستایانەی کە بتوانن ئەو کتێبانە بڵێنەوە کە ئەوانی هەژاندووە و وەسەر زەوقی خستوون و ژیانی ئەوانی گۆڕیوە. نە ئەوەی کە مەجبوور بن بە پێی ئەو بەرنامەیە وانە بڵێنەوە کە ئەنجومەنێکی تایبەت بۆی دەست نیشان کردوون.

 

11_ فەیلەسووفانی پەروەردە، ئەنجومەنە ئامانجدار و خێرخوازەکان و ڕێکخراوەکانی حکومەتی تێکۆشاون زانستە ئینسانییەکان فام بکەن و وێڕای پێناسە کردن بەڕێوەی ببەن. هەڵبەت خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئاڵوگۆڕ لە زانستە ئینسانییەکاندا ئەوەندە خێرایە کە پێناسە نەکرا و بەڕێوەنەبراو دەمێننەوە. ئەگەر ئازادی، لە شەڕی ڕاوچیانی ئیڕتێداد و لە دین وەرگەڕاو و پرتە و بۆڵەیان لە بە سیاسی بوون ڕزگاری بێ، هەروەها ئازادی هەر تاقمێکی نوێ لە مامۆستایانی یاریدەدەر، کە سووکایەتی بە پارێزەرانی قەدیمی زانستە ئینسانییەکان دەکەن- ئەوانەی کە بۆ خۆیان دەست پەروەردەی ئەوانن - بپارێزرێ، زانستە ئینسانییەکان لە بارودۆخێکی باشدا دەمێننەوە. ئەگەر حاڵ و هەوای ئایدیۆلۆژیکی گرووپەکانی زمان و ویژەی ئینگلیزی زانکۆ خۆجێی یەکانی ئەمڕۆژانەتان خۆش ناوێ، جیلێک سەبر بکەن. بزانن چی بە سەر چەپی نیچەیی دێ ئەو کاتەی کە لە ساڵی 2010دا دەیەوێ دیسان خۆی نیشان بداتەوە. پێم خۆشە مەرج بکەم کە درەوشاوەترین دەرچوانی دوکتورای زمان و وێژەی ئینگلیزی لە ساڵی 2010دا ئەو کەسانە دەبن کە هیچکات نایانەوێ لە ژیانیاندا جارێکی تر دەستەواژەی ( بەرەنگاربوونەوەی دوولایەنە) یان (گوتاری سەروەری خوازی) ببیستن.

 

گەڕان بۆ بابەت