ئیسماعیل کورده رواندزی
"ئازاد صبحی" له پێناسهیهکیدا بۆ ئازادی ده‌لێ "ئازادی ئه‌و رۆحه‌یه که رێگه‌ی گه‌ڕانمان بۆ ده‌کاته‌وه له جیهاندا، به‌ڵام هه‌رگیز خۆی به‌ده‌سته‌وه نادات" گه‌ران و بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ له هه‌موو چهمکو پێکهاته‌کانی ده‌وروبه‌ری، گه‌یاندوویه‌تیه ئه‌و رەوایەتەی که سڵ له چه‌مکه نه‌دۆزراوه‌کان ئه‌کاته‌وه‌و به ره‌هایی به‌دوای رایهڵهکانیدا بگه‌ڕێ له‌وانه رۆح له ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌وه، ناسینی ئازادی، که بۆچی مرۆڤ هه‌ر ده‌م وه‌ک بوویکی نه‌دۆزراوه‌ی په‌یوه‌ندیدار به رۆح و بۆی گه‌راوه.
گه‌ڕان به‌دوای ئازادی له پانتاییه‌کانی رۆحدا
ئیسماعیل کورده رواندزی
ده‌شێ گه‌ڕان به‌دوای خۆدزینه‌وه له بیری مرۆڤ به به‌شێکی دانه‌بڕوا له جه‌سته و هزرو ژیانی بزانرێ، ئه‌مه‌ش له نێوان ده‌یان چه‌مک تری عهقڵانیو لۆژیکی یان دوا جار پێچه‌وانه‌ی عهقڵو لۆژیک له پانتاییه‌کی وه‌همیدا. ئه‌و به‌دوادا گه‌ڕانه‌ی خودیش سه‌رچاووه‌ی لێکدانه‌وه‌و راڤه‌کردنی بووه له‌لایه‌ن مرۆڤ و له ناو چه‌ندین په‌یوه‌ندی تری کۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌یی په‌یوه‌ستدار بهرایهلی وه‌ک.. رۆح، بون (مرۆڤ)، کۆمه‌ڵ، تاک، ئایین، یاسا سروشتییه‌کان،... هتد که خستنه‌روو و ورووژاندنیان قولتر بوون و له قالبی ده‌یان ده‌ستوور بونه‌ته گه‌شتی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی که مرۆڤه. له نێوانیشیاندا چه‌مکێکی نادیار هه‌بوه وچانی پێنه‌داوه‌و به‌رده‌وام به‌دوایدا گه‌راوه، ئه‌ویش گه‌ڕان به‌دوای گه‌یشتن بووه به ئازادی، به‌و شێوه‌یه‌ی له هاتنه دی‌دا ئارمییهکی جه‌سته‌یی و عه‌قلی و رووحی بۆ به‌ده‌سته‌وه بدات.
به رای ئێمه خوێندنه‌وه‌ی مرۆڤ و گه‌رانی به‌دوای ئه‌م چه‌مکه واقیعییه.. له روانگه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌یه که ده‌ڵێین:
چ په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان ئازادی‌و رۆحدا هه‌یه؟ یان ئاخۆ په‌یوه‌ندی ئازادی به ئیراده‌ی مرۆڤ له چ ئاستێکدایه؟ که بێگومان ئیراده سنوور و نیشانه له‌به‌رده‌م رووداو و هێله سووره‌کانی ژیان ناهێلێ و جاری واش هه‌یه سنوورداریان ده‌کات به مانای ره‌ها بوون و گه‌یشتن به غه‌ریزه‌یه‌ک که خۆی له ئازادی ره‌ها ده‌دۆزێته‌وه.
"ئازاد صبحی" له پێناسهیهکیدا بۆ ئازادی ده‌لێ (ئازادی ئه‌و رۆحه‌یه که رێگه‌ی گه‌ڕانمان بۆ ده‌کاته‌وه له جیهاندا به‌ڵام هه‌رگیز خۆی به‌ده‌سته‌وه نادات) گه‌ران و بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ له هه‌موو چهمکو پێکهاته‌کانی ده‌وروبه‌ری، گه‌یاندوویه‌تیه ئه‌و راوتییهی که سڵ له چه‌مکه نه‌دۆزراوه‌کان ئه‌کاته‌وه‌و به ره‌هایی به‌دوای رایهڵهکانیدا بگه‌ڕێ له‌وانه رۆح له ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌وه، ناسینی ئازادی، که بۆچی مرۆڤ هه‌ر ده‌م وه‌ک بوویکی نه‌دۆزراوه‌ی په‌یوه‌ندیدار به رۆح بۆی گه‌راوه. ئه‌نجامیش ده‌یان فاکته‌ری خودی و هزری مرۆڤ بوونه به هۆی به‌رهه‌مهێنانی وێنه‌یه‌کی وه‌همی بۆ رۆح و وێنه‌یه‌کی نادیاریش بۆ ئازادی که له وانه‌یه مرۆڤ له روانینی خۆی وه‌ک که‌سیتیه‌کی نادیار سه‌یری کردبێ و به‌ره‌ده‌وام له‌گه‌ڵی له ته‌ماس دابووبێ له پێناو ناسینی خۆی‌و ناسینی ئه‌و نادیاره دانه‌براوه له بوونی خۆی. بۆ وه‌ڵامی کۆتایی ئه‌و پرسه‌ش که ده‌لێ ئاخۆ ئازادی که‌سیتیه‌کی نادیاره له ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ یان به‌شێکی له‌بوونی؟
مرۆڤ ده‌یان شێوازی سه‌ره‌تایی و جاری وا کاملی پیاده کردووه بۆ باوه‌ر به‌خۆکردن به‌وه‌ی که به ئازادی گه‌یشتووه.. که پێی وابووه گه‌یشتن به ئازادی هه‌لسوکه‌وت، بۆچوونی ئازاد، ئازادی ژیان.. ئیراده‌ی ئازاد... هتد، کۆتایی ئازادیین، ئه‌گه‌رچی ئه‌م چه‌مکانه به‌شێک له پانتاییه رۆحیه‌کانی بۆ مرۆڤ پر کردۆته‌وه به‌ڵام نه‌یگه‌یاندۆته دوا ئه‌نجامی ئازادی که به‌رده‌وام له‌ده‌ستی مرۆڤ راده‌کات. ئه‌و ماهیهتانهی که مرۆڤ یان وه‌ک بوونێکی ئازاد به‌رهه‌م هیناوه، بێ‌شک ئیراده‌ی هه‌وڵه‌کانیشی بۆ ئه‌و ئازادییه سروشتییه بووه که رۆح پێی به‌خشیوه. له پیاده کردنیش دا یان له‌گه‌ڕان به‌دوای ئازادی‌دا، نه‌کراوه مرۆڤ سنوور‌و یاسای بۆ ئازادییه‌کانی خۆی نه‌کێشابێ به‌ڵام له ههمبهرداو له گه‌یشتن به‌دوا مه‌نزڵی ئازادی نه‌که‌وتووه.. که پێم وایه گه‌یشتن به‌و ئازادییه گه‌یشتنه به‌دوا تروسکاییه‌کانی رۆح وه‌ک پانتاییه‌کی واقیعی بۆ وهڵانمدانهوهی په‌یوه‌ندییه‌کانی رۆح به ئازادی‌و، ئازادی به ئیراده‌وه با جارێ ئازادی ئیرادهگهی له بۆچوونی هێگل بناسین که پێی وایه (ئازادی ئیراده‌یی ده‌کرێ بخرێته سۆنگه‌ی جیاوازی له‌گه‌ڵ سروشتی فیزیکی و سیمایه‌کی ئیرادهگییه) "مختارات هیگل 2 لاپه‌ڕه 85".
وه‌ک ئه‌وه‌ی هیگڵ پێی وایه (رۆح هزرهو له رێگهیهیوه مرۆڤ له بوونه‌وه‌ره‌کانی تر جیا ده‌کرێ) "هه‌مان سه‌رچاوه پێشوو لاپه‌ره 85". پێم وایه ئازادییش به‌شێکه له‌و هزره‌ی که مرۆڤ وه‌ک کرده‌وه ده‌ینوێنێ بۆ ئارام کردنی ئه‌و رۆحه سروشتییه یان واقحێیه وه‌ک سیمایه‌کی هاوبه‌شی مرۆڤایههتی له جیهاندا.
له کرده‌وه عهقڵنیهکانی مرۆڤ و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و عهقڵانییهتهشدا، ئازادییه‌ک ده‌بینرێ، گومانیشم هه‌یه که بوونه‌وه‌ره‌کانی تریش ئه‌وانه‌ی خه‌ته‌نه‌ی سروشتین هه‌مان سیمای هه‌ست کردن به‌و نادیارییه‌ی ئازادی‌و پیادهگیان تێدابێ.. به‌و مانایه‌ی که که ئازادی وه‌ک چهمکو پێکهاته به باڵای مرۆڤه‌وه براوه له ده‌ره‌وه‌ی بوونیشیدا، شێوازه ئازادییه‌ک هه‌یه که هزری ئه‌و بری ناکات به‌و ماهیه‌ته‌ی ئازادی غه‌ریزه‌یه‌کی ونه‌و ئاشنایشی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م بوونه‌وه‌ره‌کاندا هه‌یه.. ده‌شکرێ بلیین به‌شێکه له رۆح به‌ڵام له پانتاییه‌کی نادیاردا.
بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ له ئیراده‌یه‌ک که له سنووریدا ئازاد بیت و، ئازادییهکهش داتاشراو نه‌بێ. هه‌وڵی داوه په‌نا وه‌به‌ر هه‌موو شێوازێکی گه‌ڕان به‌رێ که هاوتای بوون‌و پێکهاته‌کانی خۆی و ده‌ره‌وه‌ی خۆی‌و ژینگه‌ییه‌که‌ی بوون.
وه‌ک په‌نابردنه به‌ر هێزی باڵاتر له توانا سنوورداره‌کانی خۆی ئه‌مه‌ش له رێگای په‌رستنه رۆحانییهکانو عیرفانییه‌کان.. تا راده‌یه‌کیش وه‌همییه‌کان که بۆ هه‌مان ئارامی ئه‌نجام ده‌درێن که له کاتی گه‌یشتن به ئازادییه سهرهتاییو رۆژانه‌ییه‌کان به‌ده‌ست دین، به‌و بۆچوونه‌ی که ئازادی ده‌کرێ له هێزێکی نادیاره‌وه سه‌رچاوه بگرێت‌و ئارامی به رۆح بدات. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه وه‌همێکی گهورێه.. له هه‌مان کاتدا گهرنیش بوه به دوای خۆ دزینه‌وه و دهسگیربوونی ئازادی.
سامانی حوسه‌ینی پێی وایه (ئازدی ئه‌و شته‌یه که ده‌بێ هه‌بێ به‌ڵام نیه) له‌م رووه‌وه تا راده‌یه‌کی کۆک نیم چونکی ئازادی بونی به‌رده‌وامی له ژینگه‌و هزرو جه‌سته‌و رۆحی مرۆڤدا هه‌یه.. نادیاریشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌ی پێ نه‌بردنی تواناکانی مرۆڤ به‌و بووه، بۆ ئه‌وه‌ش که گه‌ڕان به‌دوای بوونی ئازادی‌دا بێ‌وچان بیت و ئه‌و ئیراده‌یه‌ش که به (ئیراده‌ی ئازاد) ناونرا به‌ده‌ر له واقعیه‌تێک نه‌بێ و ئه‌قل بری بکا.. هیگڵ پیی وایه ئه‌و ئیراده و گه‌رانه (بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌بستراکی نه‌مینیته‌وه، ده‌بێ مرۆڤ بوونێک وه‌ک کیان بدات به‌خۆی و ئه‌و پیکهاته هه‌ست پێ کراوانه‌ش بۆ ئه‌م بوونه شته‌کانی ده‌وروبه‌رن، ئه‌مه‌ش شێوه‌ی یه‌که‌مه بۆ ئازادی، که ده‌بێ وه‌ک سیمایه‌ک بیناسین) "هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پیشوو لاپه‌ره 87".
له‌و پیودانگهوه مرۆڤ تا راده‌ییه‌ک توانیوویه‌تی ئه‌و شێوه ئازادییه به‌و بۆچوونه‌ی هیگڵ بناسیت. له ریگای کار کردن بۆی و ناسینی ده‌وروبه‌ره‌ی هه‌ر له هاوره‌گه‌زی خۆی که مرۆڤه‌و بوون‌و پیکهاته‌کانی تریش که ویستویه‌تی له ده‌ه‌ره‌وه‌ی بوونی خۆی وه‌ک پیکهاته‌ی هه‌ست پێکراو له ناو چه‌مکه ئازادییه کۆیان بکاته‌وه که خۆی دهربرییهتی.. له‌وشتانه‌ش "ژینگه‌ی گشتی، رۆح، هێز، ئارامی، خۆشهویستیو رق، دۆزینه‌وه‌ی خود، نادیاری ئازادی..، هتد، ههولیشی داوه له ئازادی بگات وه‌ک فریادره‌س و، رۆح وه‌ک هێزێکی نادیار‌و، له هیز وه‌ک به‌دیهێنه‌رو له ناو هه‌موو ئه‌و پێکهاته‌و هاوکیشهکانشدا که هه‌ستی پێلردون .. ئازادی به به‌شێک له خودی خۆی‌و له هه‌ستی زانیووه‌و خۆشی به ئازادی لێکداوه‌ته‌وه. له ناو لێکدانه‌وه‌شی بۆ ژیان‌و مافه‌کانی پێناسیهیک هه‌بووه که خوێندنه‌وه‌ی خودی خۆی پێش ده‌وروبه‌ر که‌وتوه یان له هه‌ندێ مرۆڤ ئه‌م بۆچوونه پێچه‌وانه بووه. روانینی له ماف له خۆی ده‌ستی پێکردوه‌و دوای چۆته سه‌ر مافه‌کانی به‌رامبه‌ر ئه‌وه له کاتێکدا ئه‌گه‌ر وه‌ک کرده‌یه‌کی رۆحی و ئازادی تایبه‌ت به گیانی خود سه‌یر بکرێ‌و به سه‌رچاوه‌ی ئیراده دابنرێ. ئه‌وا هیگڵ لیره‌دا پیی وایه.. (زه‌مینه‌ی مافه‌کانی سیمایه‌کی رۆح ده‌گه‌یه‌نێ، به شێوه‌یکی روونتر خاڵی ده‌سپێکی ئیراده‌ی ئازاده) "سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ره 89".
به‌م بۆچوونه‌ش ئه‌و مافانه‌ی مرۆ داوای ده‌کا، پێویستی به بریاری رۆح هه‌یه که ئیراده‌یه‌کی پێ ده‌به‌خشێ بۆ ده‌ست که‌وتنی مههرامێک یان ئارامییه‌ک که تاک به به‌شێک له ئازادییه‌کانی دهزانێو له به‌رامبه‌ریدا به ره‌هایی بیر ده‌کاته‌وه‌و سنووه‌کانی تر نابینێ.
لێره‌دا ده‌کرێ پرسیاری ئه‌وه بکه‌ین، ئاخۆ رۆح یان ئازادی له کۆته‌کانی جه‌سته‌و ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر ده‌رچووه یان نا؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش ئه‌گه‌ر له پرسیاری دیکه‌دا بڵیین ئازادی چییه؟ ده‌کرێ بلیین ئه‌و بوونه‌یه که هێشتا مرۆڤ به‌دوایدا وێڵه‌و ده‌یه‌وێ وه‌ک به‌رجه‌سته‌یه‌ک بیدۆزێته‌وه.. بێگومان نه‌شکراوه له‌و کۆتانه جیا وهکرێ که مرۆڤ وه‌ک چه‌ندین رێگر بۆی داناون. کامه مرۆڤیش له ده‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م یاسا‌و ریسا خودی‌و ده‌ست کردییهکانی ژینگه‌ی دروست کراویدا ده‌ژی، تا ئێستا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئازادییه نه‌یتوانیوه له ریگرییه سروشتییه‌کانیش رزگار بیت که بۆخۆی وه‌ک تێکست سه‌یریان ده‌کات.
ئازادیش ئه‌گه‌ر پانتاییه‌کی رۆحی له‌لایه‌ن مرۆڤ داگرتبێ ئه‌و رۆح هیچ سنوورێکی نییه بۆ خۆناساندن یان خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان.. نهشباویشه بلیین وه‌همیکه، چونکه به‌شێکه له بوونی مرۆڤ خۆی، به وههم بوونی مرۆڤه، یانه پانتاییه‌کی له روانین و تیفکرینی ئه‌و دروست کردووه که نایه‌لی ده‌سته‌وه‌ستان بوه‌ستێ له‌به‌رده‌م خۆدزینه‌وه له سۆنگه‌ی ئازادییه‌ک که گوزارشی لی ده‌کاو به وه‌ده‌ست هاتنی ئارمیهکی پێ ده‌به‌خشێ.. له‌و پیناوه‌شدا مرۆ زۆر جار هێزو شه‌رانگێزی به‌کار هێناوه که پێی پێی وابووه دابینکه‌ری ئه‌و ئازادییه‌یه.. به‌ڵام سه‌ره‌نجامیش نه‌یتوانیوه بگاته کرۆکی ئه‌و چه‌مک و تێگه‌یشتنانه‌ی که خۆی وه‌ک بوویک بۆ ئازادی ههیبوونه، بۆچوونێکیش هه‌یه که هه‌رچییه‌ک په‌یوه‌ندی به رۆحه‌وه هه‌بێ مرۆڤ به‌و تواناسنووردارهی ناتوانێ پێی بگات.. به‌ڵام نه‌شبۆته هۆی ئه‌وه‌ی که به‌دوایدا نه‌گه‌ڕابێت.. له‌لایه‌کی تر ئه‌مه وای کردووه ئازادی نه‌چێته قالبی پێناسه‌یه‌کی عهقلانیو مه‌عریفی که مرۆ بتوانێ وه‌ک ماهیه‌ت‌و چهمکیهتی بووه‌کانی تری دهوروبههری بیخوێنێته‌وه. بۆ ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ش گوزارشته‌کان په‌یوه‌ست بوون به کرده‌وه‌ی مرۆڤ و ته‌ماشا کردنی له ئازادی وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی مافه‌کان که به‌و پێیه‌ش (ئازادی سروشتی، مافی به‌ده‌رخستنی ئه‌و ئیراده‌یه که مرۆڤ هه‌یه‌تی بۆ بووێکی هه‌ست پێکراو) "امین واصف بگ.. اصول الفلسفه، چاپی یه‌که‌م 1921".
به‌م سروشتییه‌ی ئازادیش، سه‌دان بۆچوونی وه‌ک را ئازاد، ئازادی هاموشۆ، ئازادییه کۆمه‌ڵایتییه‌کان، ئازادییه سیاسی‌و سیکسییهکانیش نامانگه‌یه‌ننه ئه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌ک بۆ ئازادی بکهینو وه‌ک زمانی ساکاری چه‌مکێک لێی حاڵی بین. وونبوونی پێناسه‌ی ئازادیش وه‌ک پێناسه‌ی (خۆشه‌ویستی، ترس، رۆح،... هتد)ه که هێشتا مرۆڤ نه‌ک پێناسه‌یه‌کی بۆ ئه‌م چه‌مکانه پێ نییه که کۆتایی هێنه‌ر بێ بۆ سنووردانان له گه‌ڕان به دوایان دا، به‌لکو پێناسه‌ی هاوبه‌شیتی مرۆڤایهتیشمان پێ نییه له نێوان ئه‌م چه‌مکانه‌دا، له‌و پیناسه‌یه به‌ده‌ر که هه‌موومان مرۆڤین‌و به‌س! بۆیه هه‌ست به ئازادی‌و یان هه‌ر چهمکو پێکهاته‌یه‌کی تر ده‌که‌ین، ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ش خالی کۆتایی له‌به‌رده‌م ئیئرادهی مرۆڤ ده‌ده‌نێن که ئیتر واز له‌و راڤه کردنانه بهێنێو له ژیانیاناندا نه‌زانێ ئه‌و رایه‌له رۆحیانه له کامه سه‌رچاوه هه‌ڵقوڵاون و چ په‌یوه‌ندییه‌کیان به ژیانه‌وه هه‌یه له ناویشیاندا ئازادی جێی سهرسورمانو بهدواداگهرانی مرۆڤه وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی رۆحی په‌یوه‌ند به‌ژیان.
مرۆڤ بۆ به دوای ئازادی‌دا ده‌گه‌ڕێ؟ ده‌کرێ بڵێین به‌دواداگه‌ڕانی ئازادی له لایه‌ن مرۆڤ گومان بوونه له خود و گه‌ڕانیش بۆ خۆ دزینه‌وه له ناو ئاپۆره‌ی ترس له ئاینده‌یه‌کی نادیار.. که مرۆڤ هه‌رده‌م پیی وایه له رێی گه‌یشتن به ئازادی ، کۆتایی به‌و ترس و نادیارییه دیت و ئاینده‌یه‌ک سنووری ده‌بێ له‌بیر کردنه‌وه‌یدا که هههرگیز به‌و ته‌مه‌نه ئهفسناوییهی که به باڵای براوه ناتوانێ تروساکییهکی ئه‌م مههرامهش به‌دیبهێنێ. ترس له سروشت، ترس له بوونی خۆی ترس له وه‌همه‌کان، له راستییه‌کان، ترس له رۆح که خۆی نیشانی مرۆڤ نادات.. هتد ئه‌مانه‌ش وای لێ ده‌که‌ن ئازادی ببێ به خالی ئارام بوونی مرۆڤ بۆ ده‌رباز بوون له‌و هه‌موو گومانانه‌ی که به‌ده‌وریدا خول ده‌خۆن. گومان ته‌نها له بونی خۆی نا به‌لکوو گومان له راستی و ئه‌فسانه‌یی ژیان‌و سه‌رجه‌م پێکهاته هه‌ست پێکراوه‌کانی ده‌وربه‌ری، گومان له‌راستی و ئه‌فسانیی ژیان‌و سه‌رجه‌م پێکهاته هه‌ست پیکراوه‌کانی ده‌وروبه‌ره‌ی، گومان له گه‌یشتن به ئازادییه‌ک که ئۆقره بگرێت‌و به‌ده‌ر له گومان، پانتاییه‌کی واقیعی دابگرێت. به‌ڵام له‌م بۆچوونه‌ش دا ئازادی ئه‌و گومانه گه‌وره‌یه‌یه له ناو هه‌موومان و به‌دووا داگهرانهکاندا خۆی به‌ده‌ست قه‌ده‌ری مرۆڤ نادات و به‌پێچه‌وانه‌وه مرۆڤ له هه‌مبه‌ر قهدهرکانیدا ده‌خاته گومانی بوونێکی نادیار.
ده‌ره‌نجام مرۆڤ له‌گه‌ڕان به دووای ئازادی‌دا نامۆیه. ئه‌گه‌رچی کۆڵ نادات‌و به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و وونبوونه نابێ، که گه‌رانه به دوای گومان، ترس و گه‌یشتن به نادیارییه‌ک که باڵای ژیان‌و ئازادییه. ئازادییه‌کیش که بۆ دواجار راسته‌قینه‌یی خۆی بۆ مرۆڤ ناخاته روو.
سەرچاوە: گۆڤاری قەڵەم