فەڕۆخ نێعمەتپوور

لانیکەم منی خوێنەر کاتێک نیچە دەخوێنمەوە، هەوڵ دەدەم جۆرێکی تر بم و ئیدی رەوە نەبم، بەڵام دەبێ لە بیریشم بمێنێ کە بە پێچەوانەی نیچە رەوە بە شوێن خۆمدا دروست نەکەم! لە هەموو ئەو هەڵس و کەوتانە وا رەوە دروست دەکەن خۆبپارێزم و هەمیشە هەوڵ بدەم بەوی تر بڵێم ئەمەی من دەیڵێم مەرج نیە تەواو راست بێ. رەنگە لە وەها حاڵەتێکدا بکرێ باس لە حاڵەتی سێهەم بکرێ واتە "نە سەرکردە نە رەوە".

 

نیچە روخساری دژ، بەڵام قوڵ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نیچە روخساری ناسراوی دژی دیمۆکراسی، ئایین، ژن و هەژارانە، بەڵام لە هەمان کاتدا فیلسووفێکی قوڵ کە وشیارمان دەکاتەوە. لە راستیدا کاتێک دەقەکانی دەخوێنیەوە، دوو هەستی دژبەیەکمان تێدا دروست دەکا: هەستی سەرسوڕمان و هەستی بێزاری. سەرسوڕمان لە وردبینی و قوڵیی ئەندێشە و، بێزاری لە بێزاربوونی لە دیمۆکراسی و لە ژن و لە هەژاران.

بەڵام هاوکات دەتوانێ هەستێکی دیکەیشمان تێدا زیندوو بکاتەوە، هەستی سێهەم، ئەویش ئەو هەستەی وا تێکەڵێکە لە "سەرسوڕمان و بێزاری". چۆن؟

نیچە رقی لە ئایینی مەسیحییەتە چونکە پێی وایە ئیرادە لە مرۆڤ دەستێنێتەوە و ملکەجی ویستێکی تر (جگە لە ویستی خۆی) لە دەرەوەی خواستەکانی خۆی دەکا. جگە لەوە ئایین لە رێگای وەک یەک لێکردنی مرۆڤەکانەوە جیاوازییەکانی نێوانیان دەسڕێتەوە و بۆیە ئیدی کەس ناوێرێ یان نایەوێ جۆرێکی تر بێ و، هەربۆیە مرۆڤ لە جورئەتی "جۆرێکی تر بوون" دەخا.

هەڵبەت تا ئێرە ئەمە دەتوانێ بە جۆرێک راست بێ. ئەگەرچی ناکرێ هەموو شتێکی ئایین بە نگەتیف سەیربکرێ. بۆ وێنە هابرماس فیلسوفی ئاڵمانی پێی وایە ئایین رۆڵی پوزیتیڤی لە هاوکارییە کۆمەڵایەتیەکان و راگرتنی هەستی ئومێددا هەیە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئاینەکان هەر هەموویان (لانیکەم تەکخوداییەکان)، مرۆڤ ئاگادار دەکەنەوە نابێ واوەتر لە ئیرادە و خواستی خواوەند بڕوات، ئاگادارییەک کە خەسێنەرە،... یەکجار.

با بگەڕێینەوە سەر نیچە. لە پەیوەندی لە گەڵ هەستی سێهەم، واتە "سەرسوڕمان و بێزاری پێکەوە" دەتوانم ئاماژە بە بابەتێک بکەم.

نیچە باس لە مرۆڤە بێ هێز و ترسنۆکەکان و مرۆڤە بە هێز و ئازاکان دەکا. ئەو پێی وایە هەموو مێژووی مرۆڤایەتی بریتی بووە لە رەوەبوونی بێ هێزەکان و سەرکردەبوونی بەهێزەکان. ئەو پێی وایە ئەم یاسایە دەمێنێتەوە و ئەو مرۆڤانە یان ئەو ئەندێشانەی (وەک سۆسیالیستەکان) کە پێیان وایە دەتوانن ئەم رەوتە لە رێگای بیر و کردە و خەیاڵەکانی خۆیانەوە بگۆڕن، هەڵەن. هەر لەم روانگەوەیە هەڵدەکوتێتە سەر بیرە یەکسانی خوازەکان و لۆمەیان دەکا، چونکە پێی وایە دەیانەوەێ یاسایەکی گرینگ پێشێل بکەن یاخود لاناویبەرن. نیچە دەڵێ مرۆڤەکان جیاوازن و دەبێ ئەم جیاوازییەیش رێزی لێبگیرێ و، بپارێزرێ. واتە کەسانێکی کەم هەمیشە سەرکردەن و، زۆرینەیش رەوە و شوێنهەڵگر. ئەو دەڵێ ئەمانە شوێنهەڵگرن چونکا ناتوانن بۆخۆیان بیربکەنەوە، هەربۆیە بەناچار دەست بە شانی ئەوانەوە دەگرن و رێدەکەن وا بیریان بۆ دەکەنەوە.

ئەوەی لێرەدا نیچە بیرمان دەخاتەوە (ئەگەرچی بە شێوەیەکی ناخۆش و بە مەبەستێکی تر)، ئەوەیە کە زۆربەی مرۆڤەکان لە راستیدا بیرناکەنەوە و ئەوندەی گیرۆدەی کاروباری رۆژانەی خۆیانن گیرۆدەی بیرەکان نین، ئەو بیرانەی وا رەوتە گشتییەکانی ژیان پێناسە دەکەن و گرینگیی تایبەتیان هەیە بۆ ژیانی مرۆڤ بە گشتی. لە وەها کۆمەڵگایەکدا زۆرینەیەکی شوێنهەڵگر کە تەنیا چەپڵەلێدەر و پارێزەرە دروست دەبن (ئەو پێی وایە ئەمە سروشتییە). یاخود لە کۆمەڵگایەکی وادا زۆرینە تەسلیم و ملکەجی راوبۆچوونی زۆرینەدەبن، بە بێ جورئەتی بیرکردنەوە بە شێوازێکی تر. ئەمە لە کاتێکدایە کە رەمزی بەرەوپێشچوون لە جورئەتی "جۆرێکی تر بووندایە".

کەواتە نیچە وشیارکەرە، وشیارکەرێکی زمان زبر. بیرمان دەخاتەوە بۆخۆمان توانا و لێهاتوویەکمان هەیە کە دەتوانین کەڵکی لێوەربگرین. ئەگەرچی ئەو لە دوا پێناسەدا ئەم توانایە لە هەموواندا نابینێ.

 

لانیکەم منی خوێنەر کاتێک نیچە دەخوێنمەوە، هەوڵ دەدەم جۆرێکی تر بم و ئیدی رەوە نەبم، بەڵام دەبێ لە بیریشم بمێنێ کە بە پێچەوانەی نیچە رەوە بە شوێن خۆمدا دروست نەکەم! لە هەموو ئەو هەڵس و کەوتانە وا رەوە دروست دەکەن خۆبپارێزم و هەمیشە هەوڵ بدەم بەوی تر بڵێم ئەمەی من دەیڵێم مەرج نیە تەواو راست بێ. رەنگە لە وەها حاڵەتێکدا بکرێ باس لە حاڵەتی سێهەم بکرێ واتە "نە سەرکردە نە رەوە"، کۆمەڵگایەک کە تێیدا بە هۆی گەشەی ژیان و گەشەی زانیاری و فێربوون، زۆرینە دەتوانن تەنیا شوێنهەڵگر نەبن، بەڵکو رەخنەگر و بیرلێکرەوەیش بن، بە بیر و بۆچوونی خۆیانەوە ئەگەرچی نە تەواو جیاوازیش! 

گەڕان بۆ بابەت