ما 2354 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

من دەمزانی ژمارەی مێروولەکان یەکجار زیاتر لە هەزار و چوارسەد و... بوون، ئەوەندە زیاتر کە دەیانتوانی هەموو حەوشەکەی ئێمە بە جەستەیان داپۆشن و بگرە گەر کونەکەیان دەرفەتی دابا تەنانەت لاشەی پشیلەیەکی مردارەوەبوویش بە ژێر زەویدا کەن، بۆ ئەوەی نەک تەنیا ئەم زستانە، بەڵکو چەندین زستانی تریش بە دڵنیایی بەسەربەرن.

 

ژماردنی مێرولەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێوارەیان کاتێ من خەریکی ژماردنی مێروولەکان لە حەوشەی پشتەوەی خانووەکەمان بووم، دایکم لە سەر بەرماڵی نوێژەکەی، دەستەکانی بە مەبەستی دۆعا بەرەو ئاسمان هەڵدەبڕی  و داوای لە خودا دەکرد ئەم ئێوارەیە دووا ئێوارەی ژماردنی مێروولەکان بێت. من کە لە ژماردنیان تێرنەدەبووم، رێک لەو کاتەدا خۆر مەیلی داچوونی هەبوو و بایەکی فێنک لە گەڵ کاکۆڵی درەختەکان دەکەوتە گەمەکردن، دەستم دەکرد بە ژماردنیان! ئەمە کاری هەموو رۆژەی من بوو.

ژماردنەکان هەموو جارێک وەک یەک کۆتاییان پێدەهات. کە دەگەیشتمە هەزاروچوارسەدو...، ئیتر لە بەرچاومدا ون دەبوون و تاریکی نەیدەهێشت بەردەوام بم. ئەوان کە سەرێکیان لە ناو کونەکەیاندا بوو و سەرەکەی تریان لە شوێنێکی نادیاری حەوشەکە، قەت دووا ژمارەی خۆیان بە دەستەوە نەدەدا. ئەوان قەتارێکی درێژی بێ سەر و بن بوون کە بە بەردەمی مندا نائارام تێدەپەڕین، بە بێ ناردنی تاقە نیگایەک،... تا ئەو جێگایەی من بزانم.

لە پاش نوێژ، دایکم دەهات لە پشت پەنجەرەی ژوورەکەی من رادەوەستا و هەتا من و مێروولەکان لە دوواساتەکانی ئێوارەدا نوقم دەبووین، سەیری دەکردین. ئەوسا دەچوو گڵۆپەکەی هەڵدەکرد و ئەمجارە نەک لە سەر بەرماڵ، بەڵکو لە ژێر تیشکی زەردی گڵۆپەکەدا سوپاسی خودای دەکرد کە بەقسەی نەکردووە و کوڕەکەی لەم دونیا جەنجاڵەدا تەنیا سەرقاڵی ژماردنی مێروولەیە و بەس،... نە هیچی تر. ئەوەی کە مێروولەکان نەیاندەهێشت رۆژێک یەکێک لە رووداوە تراژێدیاکانی شارەکەی ئێمە، من لە گەڵ خۆی ببا و ئیتر قەت دایکم چاوی بە من نەکەوێتەوە.

من لە رقی تاریکی و لە رقی ونبوونی ژمارەکان بە نابەدڵی دەچوومە ژوورەوەو، لە ژێر لێفەکەدا تا سبەی خەونم بە مێروولەکانەوە دەبینی. ئەو مێروولانەی جار وابوو لە خەونەکانمدا دەبوون بە ریزی ئەو سەربازە پڕ چەکانەی سوپایەکی رەش پۆش، وا لاشەی هەموو جۆرە مردوو و زیندوویەکیان لە حەوشەکەدا کۆدەکردەوە و، بە هەڵەداوان بەرەو کونە سیحراوییەکەی خۆیانیان دەبرد.

من دەمزانی ژمارەی مێروولەکان یەکجار زیاتر لە هەزار و چوارسەد و... بوون، ئەوەندە زیاتر کە دەیانتوانی هەموو حەوشەکەی ئێمە بە جەستەیان داپۆشن و بگرە گەر کونەکەیان دەرفەتی دابا تەنانەت لاشەی پشیلەیەکی مردارەوەبوویش بە ژێر زەویدا کەن، بۆ ئەوەی نەک تەنیا ئەم زستانە، بەڵکو چەندین زستانی تریش بە دڵنیایی بەسەربەرن.

ژماردنیان، ئەوەندە منیان بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد کە تەنانەت پاشماوەی خواردنەکانیشم کۆدەکردەوە و دەهاتم لە بەر دەمی کونەکەیاندا دەمڕشت، بۆ ئەوەی بەڵکو بەر تەمەحیان خەم و رادەیەکی زۆرتریان لە کونەکە پەلکێشی دەرەوە بکەم، بەڵام ئەوان لە جیاتی ئەمە، هەر ئەوانەی دەرەوەیان لێ خڕدەکردنەوە و ئیتر پەڵەیەکی رەشی وەها گەورەیان دروست دەکرد کە سەرم بە دیتنیان سوڕدەما. ریزی قەتاری هەزار و چوارسەد و ئەوەندە ساڵە ئیدی دەبوو بە بنەمەنجەڵێکی رەشی بزۆز کە لە خۆشیی خواردنی ئاسان و بەلاش بە سەروکۆڵی یەکتردا شێتانە هەڵدەگەڕان و، بە پەلەپەل دنکەکانیان بەرەو کونە لەمێژینە سیحراوییەکەیان بەکێش دەکرد.  

رۆژەکان و مانگەکان تێپەڕین. لەو دیوی دەرگای حەوشەکەمانەوە هەواڵ گەیشت سەردەمی رووداوە تراژێدیاکان بە سەرهاتووە و چیدی خەڵک پێویست ناکا بە دڵەڕاوکێوە بژین و خەریکی ژماردنی بۆ وێنە مێروولەکان لە ماڵەکەی خۆیاندا بن. شەوێکیان دایکم لە پاش ژەمی شەو رووی تێکردم و، هەواڵەکەی پێدام. گوتی ئیتر دەبێ کۆتایی بەم کارەی خۆم بێنم و دەبێ بچمە دەرەوە،... وەک هەموو پیاوانی تر. گوتی تەمەنم هاتووەتێ و دەبی بەرەبەرە لە بیری ژن هێناندا بم. تەنانەت باسی کچەکەی دراوسێمانی بۆ کردم، ئەو کچەی ئەوەندە کچی چاک بوو لە ماڵ نەدەهاتە دەرێ و قەت لە چاوی هیچ پیاوێکی بێگانە رانەمابوو!

من کە بەم قسانەی دایکم سەرم سوڕمابوو، ویستم پێی بڵێم کە لە ترسی تراژێدیاکانی دەرەوەی دەرگاکەمان نەبوو وا من خووم دابووە ژماردنی مێروولەکان، ویستم پێی بڵێم زۆر و بۆریی مێرووەکان، ماندوونەناسیان و ئەوەی کە هەموو شتێک کۆدەکەنەوە، ببووە هۆی مانەوەی من لە حەوشەکە. بەڵام کاتێک سەیری نیگا گەش و مەزڵومەکانی دایکم کرد، یەکسەر پەشیمان بوومەوە و بڕیارم دا بە قسەی بکەم. لەبەرخۆمەوە گوتم بە چەند جار یاخود بە چەند رۆژ چوونە دەرەوە هیچ نابێ.

بۆ سبەی، هەر کە ئێوارە هات، دەرگای دەرەوەم کردەوە و رووم لە گەڕەک و کۆڵان و شەقام کرد. هەموو شوێنێک ئاسەواری تراژێدیاکانی کۆن هێشتا بە دەرودیوارەکانەوە مابوون. خوێنە مەیوەکان، نینۆکە بەجێماوەکان، جلە دڕاوەکان، قاپوڕە فیشەکە ژەنگاوییەکان، ئەو هاوارانەی وا هێشتا مابوون و خۆیان بە لقی درەختە پاییزییەکاندا شۆڕکردبووەوە، مەمکی ئەو کچانەی وا پڕی شیر پشیلەکانی گەڕەک دەیانمژین. دیمەنەکان ئەوەندە هەژێنەربوون کە لە دڵەوە سوپاسی مێروولەکانم کرد وا نەیانهێشتبوو بە درێژایی ساڵ ئەم دیمەنانە ببینم. لە دڵەوە سوپاسی دایکم کرد، سوپاسی گڵۆپە زەردەکەی ژوورەکەم وا لە ئێوارەیەکدا ڕای دایکمی گۆڕیبوو. بە شەقامدا داگەڕام. خەڵک هەموو خۆشحاڵ و خەنی و شاد. ئەوەندە شاد کە هەر کەسەو لە بەرخۆیەوە گۆرانی خوایە وەتەن ئاواکەی دەخوێند. بە دەنگێکی جاری وا ئەوەندە حەزین و جاری وا ئەوەندە بەهێز کە نیشتمان لە یەک کاتدا هەزار رەنگی دەگۆڕی. هەر ئەو رۆژەیش کچەکەی دراوسێمانم بینی بە جل و بەرگێکی رەنگاوڕەنگەوە ئیشارەی لە کوڕێکی سەربانەکەی بەرامبەریان دەکرد.  

دووای تێپەڕینی چەند رۆژ، بە دڵ تاسەی بینینی مێرووەکان رووی تێکردمەوە. بڕیارم دا سبەی نەچمە دەرەوە و بە دزیشەوە بێت سەردانیان بکەمەوە. هەر کە ئێوارە هات، لەو کاتەدا دایکم نوێژی دەکرد، رووم کردە حەوشەکەی پشتەوە. بە سەرسوڕمانەوە هەرچی چاوم گێڕا تاقە مێروولەیەک چییە، نەمبینی. هەڵتروشکام، چوومە سەر چۆک، سوجدەم برد، بەڵام هیچم نەهاتە بەرچاو. لە کوێ بوون؟... چییان لێ بەسەرهاتبوو؟ نەکا ئەوانیش ئیستا جورئەتی چوونەدەرەوەیان پەیدا کردبێ؟ پێکەنینم بەم بیرەی دووایی خۆم هات. مێروولەکان قەت بیر لە تراژێدیاکان ناکەنەوە. ئەوان تەنیا سەرقاڵی کۆکردنەوەی تفاقن بۆ زستان و بەس.

بە دڵشکاوی و دڵ گرانی چوومە ژوورەوە. دایکم لە سەر بەرماڵەکەی چاوێکی پڕ موحیبەتی تێبڕیم و گوتی کە کچەکەی دراوسێمان بە کراسە سەوزەکەی بەرییەوە جوانترین و ناسکترین کچی دونیایە. من کە زۆر هەستم لە سەر قسەکانی دایکم نەبوو، ویستم لێی بپرسم کە داخۆ دەزانێ مێروولەکان لە کوێن؟ پرسیارێک کە لە دەروونمدا قەتیش ماو و نەهاتە دەر.

ئەو شەوە بە زەحمەت خەوم لێکەوت. کە خەویشم لێکەوت وەک جاری جارانی خەوم بە مێرووەکانەوە بینی. لە خەومدا پێدەکەنین، هەرهەموویان پێکەوە. چاوەکانیشیان ئەوەندە گەورە ببوون کە ئیستاکە دەمبینی دەمبینن و لێم دەڕوانن. بە چاوە رەش و قاوەیی و وردەکانیانەوە. لە خەوەکەمدا بینیم هەر هەموویان لە کونەکە هاتنەوە دەرەوە. ئەوەندە زۆر بوون هەموو حەوشەکەیان تەنی. لەوە زیاتر تەنانەت بە دەر و دیواردا هەڵگەڕان. لە پەنجەرەکانەوە خۆیان بە ژوورێدا کرد، بە هەموو ژوورەکاندا. هەموو شوێنێک رەش هەڵگەڕا. تەنانەت بەرماڵەکەی دایکم و گڵۆپە زەردە کزەکەی ژوورەکەی منیش. بنەمەنجەڵەکە کشابوو،... یەکجار. کە خەبەرم بووەوە، هێشتا نیوەشەو بوو. تەواوی جەستەم شەڵاڵی ئارەقێکی سارد ببوو. دەستم برد لێوانەکەی تەنیشتم هەڵگرت و هەڵمدا. قوڕگم پڕبوو لە مێروولە!


بۆ سبەی کە لەماڵ چوومە دەر، بینیم هەموو شار پڕی مێروولە بوو. مێروولەکانی حەوشەکەی ئێـمە لەوێ بوون،... هەر هەموویان. نەک تەنیا ئەو مەمکە بەجێماوانەی وا پشیلەکانیان تێردەکرد، ون ببوون، بەڵکو کچە سەوزپۆشەکەی دراوسێکەی ئێمەیشیان داپۆشیبوو. دونیا رەش رەش هەڵگەڕابوو.

 

 

من ئیستایش بیردەکەمەوە گەر ئەو رۆژانەی وا خەریکی ژماردنیان بووم، کەمێک زووتر لە ئێوارە چووبوومە لایان، تەنیا کەمێک زووتر، رەنگە بە ژمارەی راستەقینەیانم زانیبایە و ئیتر نەک تەنیا پاشماوەی ژەمەکانم بۆ ڕۆنەدەکردن، بەڵکو هەموو ئەو لاشە ورد و درشتانەیشم کۆدەکردەوە وا لە حەوشەکەی ئێمەدا دەستدەکەوتن.           

گەڕان بۆ بابەت