سەباح ڕەنجدەر
چاوى شەهوانى ئەستێرەى شوان/ بە چرپە و هاوارەوە گوتى لەگەڵ تۆمە/ بڕۆ کەژاوەى جەژن و جەنگى ئایینەوە/ پێش تۆ دڵپڕى تر/ دڵگەرم و هۆگربوون بە مەحاڵى هەزار ڕەنگ/ مەحاڵ دوا یار و مەشخەڵ و نوێژى ساتى ساکارى بووژانەوەمە/ هەزار ساڵ لە ڕێگا لەگەڵیدا دەمێنمەوە/ بە نان و ئاوى قوڵفى گۆزە دەژین/ پیتى چامەى باڵندەکانیش چاوى شکۆمەندى ئەوینن/ لە کرمى بن زمانى/جانەوەرى کێوى و/ دێوڕەوشت و/ پەیام شڵەژاو و/ گۆشتدزى پشیلە/ ئاگادارمان دەکەنەوە
1
دەستم لەخۆم بەرزکردەوە
چەقۆ لە جۆگەلەى سوور
لە هەڵم و هاڵاوى گەرمیدا بریسکەى کوژایەوە
برین بەگەرمیى خۆى دەخرۆشێ و ساڕێژ دەبێت
هەموو شتێک بەدڵخۆشى تەڕبووى بەرباران
بەرەو ئاکام زمانى دەگەڕێ
ئاکامى دۆزینەوەى زەردەخەنەى نەرمى یاریکردن لەناو ڕێگاکان
پرسیار لەبارەى ژیان لە ڕێگاى چوونە بەهەشت و دۆزەخەوە
پیاڵە بەدواى یەکدا بەتاڵ دەبن
ئاوازیش بەدواى ئاوازدا دێت
هەموومان لەخۆشى ڕوونیى شەوانى بەهار دەپرسین
لە کۆچى دواکۆچدا
ڕێگاى بەهەشت و دۆزەخ بزر دەبن
ڕەوانبێژى بەهرەمەند واچاکە گەرمە غارت بوەستێنیت و بگەڕێیتەوە
قۆزاخەى گیان وەبەرهاتن و گیاندان و دروود و سەماى جۆراوجۆر
ئەوەى بیستووتە دەیبیستییەوە
شارە دێرینەکانى سەر ڕێت
لەبن باڵى چۆلەکەیەکى خەواڵوودا پێچراونەتەوە
گەشتیان لەناو هێلکە شەیتانۆکەدا
ملى بێزارى دەسووڕێنێت
گیان لە دەست هێلکە شەیتانۆکە ڕزگارى نابێت
ڕەگى دڵى یارانى ناوچەوان ئاڵوواڵا و تیشکى خۆشحاڵ و خرۆشاو
ئەم زەوى و پەنجەرە و بان و خانووە پیرۆزکە
وا بکە خەونى تۆم بێتەدى و مانگى فرۆشراو بکڕمەوە
بیریش لەو شتانە بکەرەوە
لەبارەیانەوە نەدواوى
ئەستێرەیەک وا دەڕژێ و پێشوازى دەکەم
قورئانى دووەم بۆ من دادەبەزێ
گیانى بەرەو پیرەوە غاردان بەهێز و پاراوە
هەموو شتێک دەزانێ و هەموو شتێکیش دەناسێت
خوێنى ئاخۆ چ خۆشیی و لاوانەوەیەکە
لە دەمار و گۆشتى ڕەوانبێژێکى بەهرەمەنددا
بووەتە ڕووداوى ساڵ
دەموچاوى زەوى کردووە بە ڕووتەختى پارێزراو
تا ئاسمان بە شکۆى زەنگوڵە و گۆرانى گەرمیەوە
بیرەوەرى لەسەر بخوێنیتەوە
ڕەوانبێژى بەهرەمەند چووەتە بۆنى دڵپڕیى ئەستێرە و ڕووناکییەوە
ئەو شەوەى ئەستێرەى سەربانى ئێمە دایە کزى
من خۆم ڕاگرت تا بۆنى دڵپڕیت لە سییەکانى شمشاڵدا تەواو پێگەیى
2
بەتاڵییەکى سارد زمانى گرتووم
کفنى ڕەوانبێژە بەهرەمەندەکە تەڕبووە
دەیهێنمە بەرسۆبە و هەڵیدەخەم
پرچى خۆم و کەسکى نەزر و نیازیش وشک دەکەمەوە
وڵاتم چووەتە کەژاوەى جەژن و جەنگى ئایینەوە
زێرابى ناخى دەروونزۆڵ تەقى
ئەم دەست و ئەو دەستى پیس کرد
ئەم دەست و ئەو دەست
دارى پڕ کۆترى لێیە و دڵتەنگن
دارى پڕ کۆتر دڵى لەناو دەڕوێ و خورپەى لەسەر دەگیرسێتەوە
جاڵجاڵۆکە بە گەردەنى دەروونزۆڵەوە تەونى چاووڕاوى چنیوە
چاودێرى بەرزى و نزمیى کۆتایى ڕۆژەکان دەکەم
ڕێ دەهێنمەوە ماڵى مەحاڵى هەزار ڕەنگ
بیرم لە کۆشک و تاجى ناو فنجانى قاوەگرەوە و زەردایى دەنووکى پەڕەسێلکە ڕوون دەکەمەوە
لێوى ئاسمانیم بە گزنگى یەزدانى دەکرێتەوە
ڕازى دێوڕەوشت دەشکێت
وڵاتى کەژاوەى جەژن و جەنگى ئایین
گەلێک باریکە هێڵ لە ڕوخسارى خۆى دەبینێ
3
ئەسپێکى تۆڕ لە دەشتێکى بێ بەڵادا
داواى هاوڕێیەتى کەروێشکە خاتوون و تاژیی خۆشڕست دەکات
حەزیشى لەو ژنە کەزى گەرمە کردووە
سەرپشت و گوڵینگەکانى نەخشاندووە
لە دەنگى فڕۆکەش دەترسێت
لە بێدەنگیى کۆڕى ماتەمینیشدا ئەستێرە نیشتووەکانى سەردەستى
لە هەناسە و چاوى نزیک دەکاتەوە
چ بۆنێکى لێ دێت گیان وەبەرهاتن و گیاندان
4
لە ناوەڕاستى تەمەنم
تیشکى ناوەڕاستى ئاسمانیشم لێ دەدات و پشتێنەمە
هەرچى لە دەروونڕۆشنى هەمە لە ژیان فێرى بوویمە
گوێى لێ دەگرم و گوێڕایەڵیم
تیشک دووربەدوور ناناسرێت ئەى جانەوەرى کێوى و باڵندەى ڕەشى جەنگەڵ
دوور لە ماڵ ڕێگا نابڕم
ئەو ماڵ و ڕێگایەى هەمیشە لە مرۆڤدا پڕ ڕەنگن
گوێم هەیە و چاو
بولبول و گوڵ هاوساڵ و هاوسەروان
ڕۆژیش بە ناچارى هەڵنایە
5
ڕەوانبێژى بەهرەمەند بەرلەوەى مردن بتکاتە ئەفسانە
لە ستایشیدا وتووێژ لەگەڵ خەیاڵ و خوێن بکە و ڕستەیەک بڵێ
شەو پەنجەرە باڵى باڵندەى دڵتەنکن
کاکێشان بەناویدا تێدەپەڕێ و دێتە سەرگوڵى دەممان
چ بۆنێکى لێ دێت گیان وەبەرهاتن و گیاندان
ڕەنگ و ڕووناکى خۆم بەدەستى خۆم بەرزدەکەمەوە
بەرزایییەکان بە گزنگى یەزدانى شکۆفە دەکەن
بۆ درەوشانەوە بە هێمنى بەسەر قاڵدرمەدا سەردەکەوم
بە هێمنیش بۆ ئاهەنگتان پێیدا دێمە خوارێ
ڕەنگى درەنگ وەختى بەختەوەریم ناسى
ڕەنگى بەختەوەرى لە خوێنێکى نەرم و نیانى گەنم ڕەنگەوە
دادەبەزێتە دڵی نۆبەرەى خێزانێکى دوو پەنجە شەختە لەسەر ناوچەوان کەوتوو
لە ناو و ناوبانگى شەرابێکى خواردووەتەوە
چرا بەناو ڕیشاڵى هاتوچووى کردووە
ئاڵۆزى ئەفسانە دەکرێتەوە
لە چاوترووکانێکدا زیندوو هەموو لە دایک دەبنەوە و دەمرن
دەنگى ئاوازیش لەناو قیژە و هەراوهۆریادا ونە
6
ڕێگا چاوەڕوانە دەنگى گۆرانى ڕێبواران دڵى بکوڵێنێت
بیریش لەو ڕێگایانە دەکەمەوە پێیاندا نەڕۆیشتووم و گۆرانیم تێدا نەگوتوون
ئەگەر پێیاندا بڕۆم و گۆرانی تێدا بڵێم
دەبێ بەتەنیا بیانبڕم و هەوڵى پێوانەیان بدەم
ڕێگا لەژێر پێمدا تەواو نابێت و قسەى دڵم لەناویدا ڕژاندووە
من لەناو ڕێگایەکدا تازە باران تەپ و تۆزى مراندووە
لە گەشتى ژیاندام و بێ ئاوێنە پرچم شانە دەکەم
ڕێگا لە ئارامییەکى قووڵ ترسێکى بەدڵداهات
یاریم بە ئاگرى نیوە و ناتەواو کرد و پاشماوەى خۆڵەمێش دروست نەبوو
ڕێگا دووبارە بمخوێنەوە و ئاوێنەم بدەرەوە دەست
برینەکانم ئاوێنەى بەرخۆرن
بە ئاسانى خاڵ و پیتیان لێکدەدرێن و سێبەرى خۆیان دەناسن
ڕێگاکان بەدواى یەکدا تێناپەڕن
دەڕژێنە ناو یەکترەوە و چاووڕاویش لەیەکتر ناکەن
دەستى ملى یار و دەستى ملى گۆزەن
ئەو کاتانە دەڕوانمە شێوەکارێک ڕووتەختى پارێزراوى بەخشیوە
ئەستێرەى کەمدوو و مانگى خۆشڕوو
دەستی خوماریان بۆ ڕەنگ لەسەر گرتنەوەى خۆش کردووە
بە ماڵى مەحاڵى هەزار ڕەنگت
ڕادەهێننەوە و دەتگەڕێننەوە لاى درەختە پێست تەنکەکان
وێنەى ئەو خۆرەى لە ئامێزى ئاسمانى چێشتەنگاودا کێشام
سەماى جۆراوجۆرى چێشتەنگاو
کرانەوەى پێڵووى نۆبەرەى خێزانێکى بەختەوەرە
هێڵى وێنەکێشان درێژدەبێتەوە
تا بنى چیا لەناو ڕووبارى هەناسە خۆشدا
خۆرى هەناسە خۆشى ناو تابلۆیەکەم
تکا دەکەم خۆ لە ئەوینم لا مەدە و گەورە ببەرەوە
خودا هێشتان دڵى بە ڕووناکى ناوچەوانى مرۆڤ خۆشە
ڕۆژ و حەفتە و مانگ و ساڵ
خەرمانەن و لە ژوورسەرم پاراو و گەورە دەبنەوە
7
خودایە قوڵفى هەموو گۆزەى مەیەکانت ماچ دەکەم
بەهرەم بکە سرووش و تەنیا و شکۆمەند خۆم لە ماڵى تۆ ببینمەوە
تا دیارى لە ئاسوودەیى زەوى وەرگرم
شادمانى دەدەم بە هۆگرانم و بەرەو ڕۆشنایى دەڕۆم
ڕۆشنایى بە تەواوى هێز و بەهرەى خۆیەوە
لەگەڵم دەبێت و ڕێگاى نییە بۆ لەخشتەبردن
لە سەرەتاى ژیان دەمناسێت و دەمکات بە هاوڕێى سۆزى سرووش
8
مۆمى ئاگربەدەم
بۆى هەیە چامەى باڵندەکان من نووسیبم
قەلەڕەشیش کە دڵى منى ناسیوە
ڕێ نایەنێتەوە دان و ئاوى من
باران بەناز و خۆڕسکی و بەخشندەیییەوە دەکەوێتە سەر
بەردەنوێژ و دەموچاوى سروشت تێدا حەسایەوەم
نمەکان هەر ئەوە نین دەردەکەون
ئەستێرەى بەختن خوێندراونەتەوە
ئەرێ چیمداوە لەو پەنهانییە
مانگ تەرمێکى ڕاکشاوى ناو ئاوى هەناسە خۆشە
ناشتنى دژوارە و تەماشاکردنیشى دڵبەرە
9
چاوى شەهوانى ئەستێرەى شوان
بە چرپە و هاوارەوە گوتى لەگەڵ تۆمە
بڕۆ کەژاوەى جەژن و جەنگى ئایینەوە
پێش تۆ دڵپڕى تر
دڵگەرم و هۆگربوون بە مەحاڵى هەزار ڕەنگ
مەحاڵ دوا یار و مەشخەڵ و نوێژى ساتى ساکارى بووژانەوەمە
هەزار ساڵ لە ڕێگا لەگەڵیدا دەمێنمەوە
بە نان و ئاوى قوڵفى گۆزە دەژین
پیتى چامەى باڵندەکانیش چاوى شکۆمەندى ئەوینن
لە کرمى بن زمانى
جانەوەرى کێوى و
دێوڕەوشت و
پەیام شڵەژاو و
گۆشتدزى پشیلە
ئاگادارمان دەکەنەوە
10
ئەو ئێوارەیەى ڕێوڕەسمى شکۆدارکردنى دێوڕەوشت
تەڕایى پێستى چاوى ئەسپى دوڵدوڵى هەڵلووشى
گفتوگۆى ڕێبوار و شەقام خۆڕسک و ڕووتە
بەبێ ئاڵاى سپى
ڕێگا لەژێر پێیەکاندا تەواوبوو
کەس پێویستى بە ڕۆیشتن نەما
سوورهەڵگەڕام لە داخان و کزەم لە جەرگەوە هات
بەو کزە و شەرم و شکانەوەش ژیانم لەبیر نەچووەوە
دەوەستم و پێ لە پێخوست نانێم
تا تیشکى ناوەڕاستى تەمەنم دەگاتە ناوەڕاستى ئاسمان
گەرمایى دەداتە پێستى چاو و هەواى ژیان خۆش دەبێتەوە
ژیانیش دەبێتە ئارامییەکى بەهەشتییانە
ئاوازى دڵ و ڕەگى دڵى یاران
لەکەنار ئەم زەوی و پەنجەرە و بان و خانووە پیرۆزکراوە پشوویێک دەدەم
مانگم لەنازى یەکشەوە و چواردە پێشاندە و ئەم سووتاوە مەسووتێنەوە
ستوونى پرد لەناو ئاودا هەمیشە سووتاوە
حوزەیرانى 2014 هەولێر