ما 8489 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

محەمەد محەمەدمرادی

فاتێح سەعیدی هەوڵی داوە لە هەمان مێتۆدی کۆمەڵناسیی ئەدەبیات کەڵک وەرگرێت کە دەکەوێتە ناو گشتیەتی مارکسیزمەوە، بەڵام لام وایە لەگەڵ بیروباوەڕی خۆیدا بڕێک ناکۆکە و لە هەنگاوی یەکەمدا تووشی دوولەتبووێتی و تەنانەت نامۆییشی دەکات. ئەم بابەتە قابیلی گشتاندنە بەو دەگمەن ناسیۆنالیستانەی دیکەیش کە دڵیان لای هونەر و ئەدەب و ڕەخنەیە، چونکە ناسیۆنالیزم لەخۆیدا بەشێوەی ئیمانێنت نە لەناو هونەردا جێگای دەبێتەوە و نە ئەساسەن هونەر لەناو ناسیۆنالیزمدا جێگای دەبێتەوە.

 

ئەدەبیات، موکریانیزم  و ڕەخنەی ئیمانێنت

وەڵامێک بۆ دکتۆر فاتێح سەعیدی

محەمەد محەمەدمرادی

 

لەدوای ئەوەی کە ئێمە وەکوو گروپی کریتیک لە میانەی زنجیرەی کۆڕەکانماندا، لە شاری بانەش کۆڕێکمان بەڕێوە برد بەڕێز فاتێح سەعیدی بەپێویستی زانی وەکوو خۆی هەڵوێست و بیروڕای سەبارەت بە قسە و نووسراوەکانی ئێمە بە قبووڵکراوترین شێواز، واتە بەشێوەی نووسراو دەرببڕێت و ئێمە وەکوو کریتیک ئەوکات و ئێستەش دەستخۆشیمان لێکرد و لێیدەکەن و بەڕاستی ئەم جۆرە کارانە لەم ڕۆژانەدا کە سوپێر ڕۆشنبیرانی ئازیز هەینیی ئارامیان دەبەنە کافە و قاوەخانەکان و بەدەم خواردنی کافی و کاپۆچینۆوە کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر دەکەن، جێی ڕێز و پێزانینە. گەرچی ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەم کۆڕەی ئێمە و ڕەخنەکەی بەڕێزیاندا تێپەڕیوە بەڵام بەهۆی ڕووداوگەلی جۆربەجۆر و حەپەسێنەرەوە کە لە کریتیکدا ئەزموونمان کرد لانیکەم من وەکوو خۆم نەمتوانی تەنانەت بیشیخوێنمەوە و ئەوکاتیش ڕامانگەیاند لە یەکەم دەرفەتدا ئاوڕی لێدەدەینەوە. ئەوە بوو کە ئەو دەرفەتە کەوتە چەند ڕۆژی ڕابردوو و کە ڕەخنەکەم خوێندەوە تامەزرۆ بووم وەکوو دەستخۆشیش بێت ئاوڕێک لە نووسراوەی بەڕێز سەعیدی بدەمەوە. بۆ ئەو کەسانەش کە ئاگاداری باسەکە نین لە کۆتایی وتارەکەدا لینکی هەردوو وتارەکانی پێشووی خۆم و بەڕێز سەعیدی دادەنێم و دەتوانن بیانخوێننەوە.

جێی ئاماژەیە بەڕێز فاتێح سەعیدی گشتیەتی گروپی کریتیک دەکاتە بەردەنگ و لۆژیکییەکەشی ئەوەیە کە چاوەڕێ دەکات گشتیەتی کریتیک وەڵامی بەڕیزیان بدەنەوە بەڵام بەداخەوە من تەنها وەکوو خۆم وەڵامیان دەدەمەوە و وێڕای ڕێز و خۆشەویستییەک کە بۆ کاک فاتێح هەمە بەو پێیەی کە ئەم باسانەی هێناویەتە ئاراوە ڕادەبەدەر سەرەتایی و خاڵی لە لۆژیکێکی ناوەڕۆکین ڕاستییەکەی منیش تەنها پاساوێک کە بۆ ئەم نووسینە هەمە ئەوەیە کە لانیکەم هەلێک ڕەخساوە بۆ ئەوەی بڕێک لەسەر کۆمەڵناسیی ئەدەبیات و جوانیناسیی کەسانی وەک هێگل، لووکاچ و ئادۆرنۆ قسە بکەین.

بەڕێز فاتێح سەعیدی لە ڕەخنەکەیدا هەوڵی داوە، لە هەمان مێتۆد، کۆمەڵناسیی ئەدەبیات، کەڵک وەرگرێت کە مێتۆد و زانستێکە دەکەوێتە ناو گشتیەتی مارکسیزمەوە و ئەمە من خۆشحاڵ دەکات بەڵام لام وایە لەگەڵ بیروباوەڕی خۆیدا بڕێک ناکۆکە و لە هەنگاوی یەکەمدا تووشی دوولەتبووێتی و تەنانەت نامۆییشی دەکات و ئەم بابەتە قابیلی گشتاندنە بەو دەگمەن ناسیۆنالیستانەی دیکەیش کە دڵیان لای هونەر و ئەدەب و ڕەخنەیە چونکە ناسیۆنالیزم لەخۆیدا بەشێوەی ئیمانێنت نە لەناو هونەردا جێگای دەبێتەوە و نە ئەساسەن هونەر لەناو ناسیۆنالیزمدا جێگای دەبێتەوە و سەرەڕای هەموو دابەشکارییەکی ئایدۆلۆژیک و پارتیکولاری هونەر بۆ وێنە «ئەدەبیاتی نەتەوەیی» لام وایە هیچ تێکستێکی ئەدەبی و بەشیوەی گشتیتر هیچ ئافراندنێکی هونەری لە سەرەتادا لەژێر ئەو جۆرە ناوانەدا بەرهەم نایەن و لە سەرەکیترین خەسڵەتەکانی هونەر یونیڤێرساڵبوونیەتی و هەرچەند ڕەنگە کەم نەبن کەس و لایەنگەلێکی پارتیکولار کە بەرهەمەکانی تولستۆی و داستایۆڤسکی لەخانەی ئەدەبی نەتەوەیی ڕووسیادا پۆلێن بکەن بەڵام ئەگەر بەپێی ئەو دابەشکارییەی ئەوان بێت هیچ لۆژیکێک قبووڵی ناکات خەڵکانی دەرەوەی سنوورەکانی ڕووسیا ئەو بەرهەمانە بخوێننەوە.

بەو هۆیەوە کە پانتایی و لقوپۆپی کۆمەڵناسیی ئەدەبیات ئێجگار بەربڵاوە و تۆ دەبێ لە کانت و هێگلەوە بیگرە تاکوو مارکس و لووکاچ و دیتر مارکسیستەکان و قوتابخانەی فڕانکفۆرت و هەموو درێژەدەرانی ڕیگاکەیان و تەنانەت دیتر فەیلەسووف و قوتابخانەکانی دەرەوەی مارکسیزمیش بخوێنیتەوە بەباوەڕی من کۆمەڵناسێکی باشی ئەدەبیات لە خۆیدا دەبێ کەسێکی [جامع الطراف] بێت. بەڵام کەسێکی وەک بەڕێز سەعیدی کە بواری سەرەکیی چالاکیی ئەوان نەک هەر کۆمەڵناسیی ئەدەبیات بەڵکوو زۆرێک لە لق و بوارەکانی سەرجەم زانستە مرۆییەکان دەگرێتەوە بێگومان ئیتر دەبێ جامع الطراف بێت و ئێمە خۆشحاڵ دەبین چونکە کوردستان لەم بارودۆخەی ئێستەیدا بەڕاستی پێویستی بە کەسانی ئاوا بە ئەزموون و شارەزایە. بەڕێز سەعیدی لە نووسراوەکەیدا چەندین ڕەخنەی لێمان گرتووە کە لە تاقەتی ئەم وتارە و نووسەری ئەم وتارەدا نییە دانە دانە وەڵامیان بداتەوە بەڵام لە خوارەوە سەرەکیترین ڕەخنەکانی ڕیز دەکەم و دواتر درێژە بە وتارەکەم دەدەم کە بە دڵنیاییەوە خوێنەر و خودی کاک فاتێحیش وەڵامەکانی وەردەگرێت.

ڕەخنەکان برێتین لەمانە:       

«ــ یەکەم، تاوتوێ‌کردنی ئەم بیرۆکەیە کە هەندێک لە چیرۆکەکان ئەرکێکیان هەیە/ یان دەبوایە هەیانبوایە. دووهەم، زەق‌کردنەوە و هێنانەوەی هەندێک تیۆری لە بوارگەلێک وەک زانستی سیاسی، کۆمەڵناسی و ئەدەبیات، و شرۆڤەی تیۆری چەند بیرمەندێک وەکوو شمیت، ئاگامبێن و سانتاگ؛ هەروەها زیاتر لەوەی کە گرنگیی بە ناوەڕۆکی چیرۆکەکان بدرێ، باس لە فۆرمی گێڕانەوە/کان بکرێ، یان دەستنیشان بکرێت کە ئەم کۆچیرۆکانە لە باری زمانی ـ فۆرمییەوە دەکەوێتە کامە پۆلینبەندی یان لە کوێی ڕەوتی چیرۆکنووسی کوردیدا خۆی دەبینێتەوە، تاقمێک تیۆری پێشوەخت ئامادەکراو لە دەرەوەی دەق، بابەتی سەرەکی توێژینەوەکان بن.

ــ هەموویان کەم تا زۆر باسیان لە هەندێک هەبوایە دەکرد کە چیرۆکەکان و تەنانەت دیزاینی بەرگەکە و جۆری کاغزی بەکارهاتوو دەبوایە هەیبوایە هەتا مانایەکی دیاریکراو، بە وتەی ئەوان وەک مانایەک بۆ سوژەی مۆدێڕن، خۆی نیشان بدات.

ـــ دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە بە شێوەیەکی شاراوە ڕەخنەگرەکان هەڵەیەکی مێتۆدیکیان لە سێ ئاستدا دەکرد ئەو کاتانەی کە ١) دەنگی نووسەریان، بە شێوەیەکی حەتمی، وەک دەنگی گێڕەوەکانی چیرۆکەکان سەیر دەکرد ٢) گشتاندن و زاڵ‌کردنی چیرۆکێک، کە ناوی کتێبەکەش لەوێوە گیرابوو، بەسەر چیرۆکەکانی تردا ٣) دەستنیشان‌کردنی هێڵێک کە دەکرێ لە ڕۆمانێکدا نیشانی بدەیت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کۆچیرۆکێک لە چەندین چیرۆک پێکهاتووە، لێرەدا ١٤ دانە، ناکرێ بەئاسانی ئەم هێڵی مەبەستە لە هەموویاندا بدۆزیتەوە.

ـــ  لە شێوازی بەڵگاندن و بۆچوونەکانی کریتیکدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوت کە بۆ نموونە چونکە دەقی چیرۆکێک نەیتوانیوە مرۆڤ وەکوو سوژەیەکی بڕیادەر کە خاوەنی کەسایەتییەکی سەربەخۆیە نیشان بدات، کەواتە چیرۆکەکە نەیتوانییوە مەبەستێکی کۆتایی بپێکێت؛ یان چونکە وێنەی سەربەرگی کتێبەکە کەسێکی تەم و مژاوییە و خاوەنی ڕوخسار نییە، کەواتە هەمان مەنتقی بازاڕی سەرمایەداری دووپات بووەتەوە کە تاک بێ ناسنامە دەکات و سوژەی بڕیاردەر دەسڕێتەوە. لەم جۆرە بەڵگاندنانە لە کۆڕەکەدا زۆر بەرچاو دەکەوتن. ئەوەی لێرەدا گرنگە و بەدەر لە چۆنیەتی بەڵگەهێنانەوەکان بریتییە لەوەی کە ئەندامانی کریتیک لە هەمان پێش‌گریمانە کەڵک وەردەگرن کە سارتر بەکاری هێناوە و لێرەدا دەق دەبێ خاوەنی مانایەکی دیاریکراو بێت، مەبەستێکی تایبەت بپێکێت و هەروەها، لە ڕێگەی وشەکانەوە، بەڕوونی هەندێک دژەکردەوەمان لە ئاست دنیای دەرەوە نیشان بدات. واتە دەق هەندیک دەلالەتی ئاشکرای لە خۆ گرتووە کە کاری خوێنەر و هەروەها ڕەخنەگر دۆزینەوەیانە. دەق خاوەنی پەیامە و ئەگەر تەنانەت ئەم پەیامە لە خزمەتی بیرۆکەی لەپێشتر دانراوی ڕەخنەگردا نەبێت، کەواتە حوکم بە ناسەرکەوتوویی دەق دەدرێت. نووسەر دەبێ تایبەتمەندییەکانی جیهان و بەتایبەت مرۆڤ بۆ خوێنەر دەربخات، تاکوو خوێنەر لەم ڕێگەوە هەست بە بەرپرسیارەتی بکات و ئەرکی خۆی بە ئەستۆ بگرێت.

ـــ دەتوانم بەپوختی ڕەخنە لە ئەندامانی کریتیک بگرم کە پێش‌گریمانە‌ گرتنی مانایەکی دیاریکراو بەسەر دەقدا، ڕەنگە، هەمیشە لە ڕێگەی ئامانجیکی پێش‌وەختەوە دەستەبەر نەبێت.

ـــ بەشێک لە ئەندامانی کریتیک زۆر بەکەمی باسیان لە چیرۆکەکان دەکرد؛ ئەو ڕەخنەگرانەش کە پاژێک لە کتێبەکەیان وەک نموونە دەهێنایەوە، جەختیان خستبووە سەر یەک یان چەند دانەیەکی کەم لە چیرۆکەکان. ئەم دووربوون لە دەقی چیرۆکەکان وەک ئۆبژەی توێژینەوە دوو گرفتی مێتۆدیکی لێ‌دەکەوێتەوە: سەرەتا هەندێک لە باسەکان لە فەزایەکی گشتیدا ئاراستە دەکران کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان، لانیکەم، بە دەقی چیرۆکەکانەوە نەبوو و دواتریش بەرتەسک‌کردنەوەی کۆچیرۆکێک، بە مەبەستێکی دیاریکراو، ئامانجێک دەپێکێت کە توێژەر دەیهەوێ خوێندنەوەیەکی پێشوەخت بۆ باسەکەی دابڕێژێت.

ـ سەرەڕای ئەوەی کە بەدەگمەن باس لە فۆرمی گێڕانەوە کرا، تەنانەت سەرکۆنەی نووسەر بۆ هەڵبژاردنی "زمانی پەتی" نیشانی دا کە هەمان مێتۆدی پێشوەخت بۆ سەلماندنی پێشگریمانەکانی خۆی دەیەوێت دەق بکاتە قوربانی خوێندنەوەیەکی مەبەستدار.»

هەر لە کۆڕەکەدا و لە چەندین شوێن و نووسراوەی دیکە و تەنانەت لەو وتارەیدا کە لەوێ خوێندمەوە ئاماژەمان بەوە داوە کە بە مێتۆدی کۆمەڵناسیی ئەدەبیات کار دەکەین و هەرچەند ئێمەش دەزانین ئەم مێتۆدە بەڕاستی نەک لە کوردستان تەنانەت لە گشتیەتی ئێرانیشدا زۆر بە کەمی کاری پێکراوە و نەناسراو ماوەتەوە بەڵام بۆ ئەوەی کە داخڵی قسەکردن لەسەر کۆمەڵناسیی ئەدەبیات بین بە جدی دەبێ تا ڕادەیەک ئاشنایەتیمان لەگەڵ گشتیەتی ئەم مێتۆدە هەبێت و بێگومان ئەمەش کاری زۆری گەرەکە و بەم زووانە ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بکەین هەستیاری و کاردانەوەی نەشیاو و بێلۆژیک بەم هەوڵانە کۆتایی بێت. یەکێک لە زەقترین کاردانەوەکان کە لای بەڕێز فاتێح سەعیدیش بەدی دەکرێت ئەوەیە کە ئەم مێتۆدە لەگەڵ ڕەخنەی فۆڕماڵیستی بە هەڵە دەگرن و چاوەڕێی ئەوە دەکەن کۆمەڵناس‌ـ‌ی ئەدەبیات بە شێوەیەکی تەواو پۆزەتیڤیستی باسی فۆڕم، تەکنیک، گۆشەنیگا، جۆری گێڕەڕەوە، ڕەوەندی بزێوی زەین و ... هتد بکات، یان ئەوەی کە کاری سەرەکیی ڕەخنەکەی دابنێت بۆ پۆلێنبەندیی دەق و زانایانە کەشفی بکات کە ئەم دەقە بۆ نموونە ڕیالیزمی سۆسیالیستییە یان لە ناتۆرالیزمی فەڕەنسییەوە نزیکە، ئایا مۆدێڕنە یان زیاتر ڕەنگ و بۆی سیمبۆلیزمی پێوە دیارە، ئاوانگاردێکی مەیلەو پۆست مۆدێڕنە یان نەخێر دەقێکی دریدایی! بۆ ئەم گێڕانەوە لە تەکنیکی تاکبێژیی ناوەکی [Interior Monologue] کەڵک وەرگیراوە یان نەخێر تاکبێژیی ناوەکیی ناڕاستەوخۆیە [Indirect interior Monologue]، گۆشە نیگا سێهەم کەسی جۆیزییە یان بەڵێ وا نییە و گۆشە نیگا زانای گشتییە! بێگومان ئەم بابەتانە و ئەم ئێلێمێنتانە لە دەقی ئەدەبیدا بۆ کۆمەڵناس‌ـ‌ی ئەدەبیات گرنگە و بایەخی پێدەدا بەڵام نەک بە شێوەی فۆڕماڵیستێک، ڕەخنەی فۆڕماڵیستی پاش ئەوەی کە بەباوەڕی خۆی ئەم خاڵانە ڕوون دەکاتەوە لە ڕاستیدا کاری تەواو دەبێت و قسەیەکی پێ نامانێت و ناتوانێ هیچ پێوەندییەکی لۆژیکی لەنێوان دەق و نووسەرەکەی و کۆمەڵگایەکدا کە نووسەر و بەرهەمەکانی بەرهەم هێناوە بدۆزێتەوە. بەڵام کۆمەڵناس‌ـ‌ی ئەدەبیات ئەوکات تازە کارەکەی دەست پێدەکات و هەوڵ دەدات لەنێوان فۆڕم و دیتر ئێلێمێنتەکانی پێکهێنەری دەقی ئەدەبی و ستراکتۆرە زەینییەکانی کۆمەڵگا و ناوەڕۆکی وشیاریی کۆمەڵگادا پێوەندییەکی لۆژیکی بدۆزێتەوە. بۆ نموونە لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ ڕۆمانی سەگوەڕی محەمەدی موکردیدا ڕەخنەگری فۆڕماڵیست [لەباشترین حاڵەتدا] شاگەشکە دەبێت کە چۆن نووسەرێکی کورد توانیویەتی لە کارەکەیدا کەڵک لە تەکنیکی ڕەوەندی بزێوی زەین وەرگرێت و چۆن توانیویەتی لە نامەیەکدا سێ جار گێڕەرەوە بگۆڕێت، بەڵام کۆمەڵناس‌ـ‌ی ئەدەبیات پێی سەیر دەبێت کە چۆن نووسەرێکی کورد ساڵی ١٩٨٢ لە گەرمەی شۆڕشدا پێغەمبەرانە ئەمڕۆ و ئاکامەکانی شۆڕش دەبینێ و لەوپەڕی بێهیواییدا بە شۆڕش دەڵێ سەگوەڕ، کۆمەڵناس‌ـ‌ی ئەدەبیات لەسەر ژێرخانە ئابووریەکانی ئەوکات و سیاسەت و ڕەوشی لایەنە کوردەکان و ئیمکاناتێک کە لەبەردەستی نووسەردا بووە پرسیاری لا دروست دەبێت و هەوڵ دەدات ڕوونی بکاتەوە چۆن گەیشتۆتە ئەو قەناعەتە لە ئیگزیستانسیالیزمی سارترەوە دەست پێبکات و لە دواجاردا سووژەی ڕۆمانەکەی ـ کە بە باوەڕی من بەسەرهاتی ئەو سووژە قابیلی گشتاندنە بە چەمکی «خەڵک» لە مانا فەلسەفییەکەیدا ـ ملکەچی دێتێرمینیزمی مێژوو بکات و دەکەوێتە ستایشی مەرگ و بێهیوایی! یان کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردەیەکدا بە ناوی حەمەساڵەی سووزەنی ڕەخنەگرێکی فۆڕماڵیست لە ڕادیکاڵترین حاڵەتی مومکینی خۆیدا دەتوانێ بڵێ ئەم کەسە سەر بە فڵان تاقمی ئەدەبییە و ئەم تاقمە هەر لە تەواو دنیادا لە دەرەوەی جەریانی سەرەکیی ئەدەبیاتدایە و جێگە و پێگەیان ڕوون و دیاریکراوە و بایی ئەوە نابن کە تەنانەت وەکوو تابلۆیەکی پۆستمۆدێڕن سەیریان بکرێت، بەڵام کۆمەڵناسێکی ئەدەبیات بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێ کە چۆن کەسێک دەتوانێ لە کۆڵانێکدا بژی کە هێشتا قیرەتاو نەکراوە کەچی بەرگی پۆستمۆدێڕن لەبەر بکات و کایە بە وشە بکات و پیت و وشە و وێنە لەتوکوت بکات. کۆمەڵناس‌ـ‌ی ئەدەبیات بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر بەرەی بیت Beatnik [نائومێد لە کۆمەڵگا ـ پەڕاوێزکەوتوو ـ بەڕەڵا] لە ئەمریکا نوێنەرایەتیی چینێکی تایبەتی کۆمەڵایەتییان دەکرد و تایبەتمەندیی سەرەکییان ئەوە بوو کە بێبەندوبارانە هێرشیان دەکردە سەر هەموو بەهایەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و هەوڵیان دەدا بۆ تێکشکاندنی پاڕادایمی ئەخلاقیی زاڵ و بەرگریکردن لە مەسرەفی مادەی هۆشبەر و ئەلکول و سێکسی بێسنوور و چوارچێوە، ئایا حەمەساڵەی سووزەنی لە کۆمەڵگای کوردستاندا و بەتایبەت لەشارێکدا وەکوو سەقز نوێنەرایەتی کام تاقمی کۆمەڵایەتی دەکات، ئایا لەنێوان لەتوکوتکردنی وشە لە شیعردا و لەتوکوتکردنی گەنجان و چەقۆتەوەری لە ناو کۆمەڵگادا ناکرێ پێوەندی و لۆژیکێکی ناوەکی بوونی هەبێت؟ کۆمەڵناس‌ـ‌ی ئەدەبیات هەوڵ دەدات ڕوونی بکاتەوە کە شاعیر خەریکە وشیاریی کۆیی ئەم گروپە کۆمەڵایەتییە دەگوازێتەوە ناو بەرهەمەکانی یاخود خەریکە زانراو یان نەزانراو هەوڵ بۆ بەرهەمێنانەوەی ئەم ئەخلاقە دەدات؟!

جیاوازیی گەورە و سازشهەڵنەگری کۆمەڵناسیی ئەدەبیات لەگەڵ ڕەخنەی فۆڕماڵیستی و یاخود ئەو شێوازە پۆزەتیڤیستییەی کە لە کۆمەڵناسیی ئەدەبیاتیش چاوەڕێ دەکرێت ئەوەیە کە ڕەخنەی فۆڕماڵیستی لە خزمەت دەقی ئەدەبیدایە و ڕاستەوخۆ دەخاڵەت دەکات لە شێوازی تەکنیکی و فۆڕماڵی بەرهەمهاتنی دەقی ئەدەبیدا و لەڕاستیدا دەیان و سەدان ئەبێ و ئەشێ و نابێ و ناشێی هەیە بۆ دەقی ئەدەبی لەحاڵێکدا مێتۆدی کۆمەڵناسیی ئەدەبیات بەپێی سروشتی خودی کۆمەڵناسی زانستێکی نەرم و نیانە بۆ ڕاڤە و شرۆڤەی کۆمەڵگا بەگشتی و دەق بەتایبەت و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هیچ دەخاڵەتێک لە بەرهەمهاتنی دەقی ئەدەبی و بەگشتی ئافراندنی هونەریدا ناکات و لەڕاستیدا وەکوو بڕواپێکراوترین سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر کۆمەڵگا سەیری دەقی ئەدەبی دەکات.

بەڕێز فاتێح سەعیدی لە ڕەخنەکانیدا تۆمەتبارمان دەکات بەوەی کە تەنها پاژێکی بچووک لە گشتیەتی بەرهەمەکەمان کردۆتە بەیسی لێکۆڵینەوەکانمان بەڵام لەڕاستیدا ئەمە کێشەی گەورەی خۆیەتی کە دەیگشتێنێت بە ئێمەشەوە، لە سەرانسەر باسەکانی ئێمەدا بچووکترین ئاماژە بە پرسی تەعەهود نەدراوە و قەت نەمانگوتووە چاوەڕێی مانای دیاریکراوین لە چیرۆکەکان، تەنها لە شوێنێکی وتارەکەمدا من نووسیومە: «لە دامێنی ئەو پرسیارە گشتییەی کە سارتر دەیهێنێتە ئاراوە کە «نووسین بۆ چییە؟» من دەمەوێ پرسیار بکەم کە ئایا مەبەست لە گێڕانەوەی کارەساتێکی مێژوویی وەک ئەنفال لە ئەدەبیاتدا چییە؟ و ئایا تاکوو ئێستە چەندە لەو مەبەستە نزیک بووینەتەوە؟» ئەزقەزا من پرسیومە بۆچی دەیگێڕنەوە؟ و ئەم ڕستەی من هیچ نیشانەیەکی پێوە دیار نییە کە باس لە چاوەڕوانیی تەعەهود لە دەقدا بکات! ئەمە هەموو ئەو شتەیە کە بەڕێز سەعیدی هەموو ڕەخنەکانی لەسەر وەستاندووە و پرسی تەعەهود و بەرهەمی موتەعەهیدی هێناوەتە ئاراوە کە بەڕاستی هیچ پێوەندییەکی بە باسەکەی ئێمەوە نییە و جگە لەوەش خۆی ئاگادارە و تەنانەت نووسیویشیەتی کە «لە بوارگەلێک وەک زانستی سیاسی، کۆمەڵناسی و ئەدەبیات، و شرۆڤەی تیۆری چەند بیرمەندێک وەکوو شمیت، ئاگامبێن و سانتاگ؛ کاریان کرد» بەڵام بەداخەوە هەموو ئەم هەوڵانە دادەبەزێنێت بۆ پرسی تەعەهود کە لە ئەساسدا پرسی تەعەهود و کێشەی نێوان سارتر و ئادۆرنۆ لەسەر تەعەهود کە ڕوون و ئاشکرایە بێگومان هیچ پێوەندییەکی بە باسەکانی ئێمەوە نییە و ئامادە نیم لەم بارەوە لەم وتارەدا هیچ بڵێم چونکە بەڕاستی منیش وەکوو خۆم ئەساسەن کێشەم هەیە لەگەڵ تەعەهوددا بەڵام بەڕێز سەعیدی لە نووسراوەکەیدا زۆر هاکەزایی و زووتێپەڕ باسی «ڕەخنەی ئیمانێنت»یش دەکات کە من بە پێویستی دەزانم وەکوو بەرگریکردن لەو چەمکە بڕێک لەسەر ئەم باسە بوەستم.

نەک هەر ئادۆرنۆ بەڵکوو نزیکەی هەموو بیرمەندانی مارکسیست کە لە بواری جوانیناسیدا کاریان کردووە بەیسی جوانیناسیی خۆیان لەسەر گوتەزای تۆتالیتی داناوە، پێشینەی ئەم گوتەزا دەگەڕێتەوە بۆ کانت و دواتر هێگل بەڵام من تەنها بە هێگل بەسندە دەکەم و بەرلەوەی بچمە سەر ڕەخنەی ئیمانێنت هەوڵ دەدەم بەشێوەی گونجاو لەگەڵ قەبارەی ئەم وتارەدا، شرۆڤەیەک لە تۆتالیتی بەدەستەوە بدەم. نەک هەر بەتەنها بۆ ڕەخنەی ئیمانێنت بەڵکوو بۆ هەموو ڕەخنەیەکی دیالێکتیکی بێجگە لە تۆتالیتی دوو بنەمای دیکەش برێتی لە «بەیەکناکۆکی» [تضاد] و «وەرچەرخان» پێویستن و ئەگەر هەرکام لەم سێ بنەما بەتەنها بخوێنینەوە و بەکاریان ببەین بێگومان لە مێتۆدی دیالێکتیکی دوور دەکەوینەوە. بەڵام ئەگەر بمانەوێ بەتایبەت باسی تۆتالیتی بکەین ئەم چەمکە پێمان دەڵێ توخمە جۆربەجۆرەکانی پێکهێنەری جیهان لەگەڵ یەکتردا لە پێوەندیدان. واتە هەموو کردەیەکی سروشتی و مێژوویی مرۆڤ لە بەرهەمهێنانەوە بیگرە تاکوو دەگاتە هونەر و مارکێتینگ و تاوان و سزا و هەژاری پاکیان ئەکت و حەرەکەتێکی کۆیی و کۆمەڵایەتین و دەکرێ وەکوو پارچەیەک لە تۆتالیتی یان گشتیەتێک سەیریان بکەین و ماهیەتی ئەم پارچانە لەناو تۆتالیتیدا تەنها بەپێی جۆری پێوەندییان لەگەڵ پارچەکانی تر دەستنیشان دەکرێت و لێرەوەیە کە یەک لەو دوو بنەمای دیکە واتە بەیەکناکۆکی دێتە ئاراوە و لەڕێگای ئەم ناکۆکییانەشەوەیە کە وەرچەرخان بە مانا دیالێکتیکییەکەی دەخولقێت. و ئەمە هەمان تۆتالیتیی هێگلییە کە لە شێوەی بەرهەمی هونەریشدا عەینیەت پەیدا دەکات، تۆتالیتییەک کە هەڵگری گەلێک تەنگژە و درز و بەیەکناکۆکییە، تۆتالیتییەک کە دەتوانێ هەموو ئێلێمێنتەکانی پێکهێنەری بەرهەمێکی هونەری ـ کە ئەویش دیسان دەتوانێ بەپێی جۆری بەرهەمەکە جیاواز بێت ـ برێتی لە مەتریال، تەکنیک، ستایل، فۆڕم و بەگشتی ناوەڕۆک [content]ی مێژوویی و فەلسەفی و هونەریی کۆمەڵگا لە خۆیدا کۆ بکاتەوە و یەکگرتووییان پێ بدات و لێکیان بئاڵێنێت کە هەرچەندە ئەم یەکگرتوویی و تێکئاڵانەش باشتر و تۆکمەتر ئەنجام درابێت ئەوا لەگەڵ بەرهەمێکی لەباری هونەرییەوە سەرکەوتووتر و تۆکمەتر و بەگشتی هونەریتردا ڕووبەڕووین.

دواتر ئادۆرنۆ ئەم گوتەزا [totality] وەردەگرێت و گرێی دەدات بە مونادۆلۆژیی «لایب‌نیتس»ەوە. لایب‌نیتس (١٦٤٦ـ ١٧١٦) فەیلەسووف، بیرکاریزان و فیزیازانی ئەڵمانییە کە پێویست نییە بچینە ناو جیهانی ئەندیشەیی ئەو فیلسووفە و هاوچەرخەکانیەوە و هەوڵ دەدەم بۆ تێگەیشتن لە جوانیناسیی ئادۆرنۆ و بەتایبەت ڕەخنەی ئیمانێنت، لە زمانی لایب‌نیتس خۆیەوە شەرحێکی کورت لە مونادۆلۆژی بگوازمەوە ئێرە. لایب‌نیتس لە وتاری «بنەما فەلسەفییەکانی ناسراو بە مونادۆلۆژی[2]»دا ٩٥ ئەسڵ دێنێتە ئاراوە کە لێرەدا تەنها چەند ئەسڵێکی دەهێنمەوە و لام وایە ئەم چەند ئەسڵەش بۆ پێشەوەبردنی باسەکەمان بەس بێت. «١ـ موناد کە لێرەدا باسی دەکەین، هیچ نییە جگە لە جەوهەرێکی سادە [simple] کە دەچێتە ناو «تێکەڵەکان»؛ [composes] سادە واتە بێبەری لە پارچە (اجزا). ٢ـ دەبێ جەوهەرگەلێکی سادە بوونیان هەبێت چونکە «تێکەڵەکان» بوونیان هەیە؛ چونکە تێکەڵە هیچ نییە جگە لە کەڵەکەبوون یاخود کۆبوونەوەی [aggregatum] سادەکان. ٣ـ بەڵام لەو شوێنەدا کە هیچ پارچەیەک بوونی نەبێت، نە درێژەپەیداکردن مومکینە، نە شکڵ و نە دابەش‌هەڵگری [تقسیمپذیری]. و ئەم مونادانە ئەتۆمە ڕاستەقینەکانی سروشت و کورتەی کەلام، توخمەکانی پێکهێنەری شتەکانن. ٤ـ هەروەها، هیچ ترس و نیگەرانییەک بۆ هەڵوەشانەوەی [Dissolution]  ئەوان لەئارادا نییە، و هیچ ڕێگایەک بۆ وێناکردن نابێت کە جەوهەری سادە بتوانێ بەشێوەی سروشتی لەناو بچێت. ٥ـ هەر بەم هۆیەوە، هیچ جەوهەرێکی سادە ناتوانێ بەشێوەی سروشتی دەست پێبکات [بخولقێت] چونکە ناتوانێ لەڕێگای تێکەڵبوونەوە پێک بێت. ٦ـ بەم شێوە، دەکرێ بوترێت مونادەکان ناتوانن چەند جار دەست پێبکەن و کۆتاییان بێت، واتە ئەوان ناتوانن دەست پێبکەن مەگەر بەهۆی خولقان، و ناتوانن کۆتاییان بێت، مەگەر بەهۆی لەناوچوون، لەحاڵێکدا شتێک کە تێکەڵەیە بەهۆی پارچەکان [ی خۆیەوە] دەست پێدەکات و کۆتاییان دێت. ٧ـ هەروەها مومکین نییە بتوانرێ شەرح بدرێت کە موناد چۆن دەتوانێ لە ناو خۆیدا لە ڕێگای مەخلووقێکی دیکەوە بگۆڕدرێت یان وەرچەرخێت. چونکە لەناو ئەودا نە دەکرێ شتێک ئاڵوگۆڕ ببێت، و نە هیچ حەرەکەتێکی هەناوی بەدی بکرێت کە بتوانێ هان بدرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت، یان کەم و زیاد بکرێت، شتێک کە لەناو تێکەڵەکاندا مومکینە، چونکە لەواندا، لەنێوان پارچەکاندا گۆڕان و «گۆڕان بە» ئەنجام دەبێت. مونادەکان هیچ پەنجەرەیەکیان نییە کە لەو ڕێگەوە شتێک بتوانێ داخڵیان بێت یان لێیان دەرچێت.» لە ڕێگای ئەم حەوت ئەسڵەی لایب‌نیتسەوە تا ڕادەیەک ئێمە لەگەڵ سروشتی موناد ئاشنا دەبین بەڵام جێی ئاماژەیە کە ئادۆرنۆ مۆنادۆلۆژیی لایب‌نیتس لە تەواوەتیی خۆیدا و وەکوو خۆی قبووڵ ناکات بەڵکوو وەک پێشتر وتم گرێی دەدات بە گوتەزای تۆتالیتییەوە و دەکرێ بڵێین ئەمە تەوەری سەرەکیی جوانیناسیی ئادۆرنۆیە کە لای وایە بەرهەمی هونەری «موناد»ە. ئادۆرنۆ ئەڵێ بەرهەمی هونەری مونادە بەڵام هاوکات تایبەتمەندییەکانی تۆتالیتیشی پێ زیاد دەکات و پرسی ڕاکێشان و گۆڕەپانی ڕاکێشان دێنێتە ئاراوە. بەرهەمی هونەری وەکوو مونادێکی سەربەخۆ لە سیاسەت، فەلسەفە و مێژوو و لە هەمان کاتدا خاوەنی هێزێکی ڕاکێشان کە لەڕیگای ئەو هێزە و بەیەکناکۆکییەکانی ناو خۆیەوە کە لە فۆڕمی تۆتالیتی یان ستراکتۆرێکی یەکگرتوودا لێک ئاڵاون، هەموو ئێلێمێنت و فاکتەرە دەرەکییەکان بۆ وێنە سیاسەت، ناکۆکییەکانی ناو کۆمەلگا، ئانتاگۆنیزمی چینایەتی و بە گشتی سەرجەم ناوەڕۆکی مێژووی سەردەمی خۆی ڕادەکێشێتە ناو خۆی و دەیانکات بە بەشێک لەو ستراکتۆرە یەکگرتووەی خۆی. ئادۆرنۆ جەخت و پێداگریی لەسەر سەربەخۆیی بەرهەمی هونەرییە بەڵام هێزێکی ڕاکێشان بۆ ئەم بەرهەمە هونەرییە سەربەخۆیە قایل دەبێت و هەر بەم هۆیەشەوەیە کە ڕەخنەی ئیمانێنت لای وایە هەر لە خودی بەرهەمەکەدا دەبێ قووڵ بینەوە. ڕەخنەی ئیمانێنت پێمان دەڵێ ناوەڕۆکی تێکستی ئەدەبی پێوەند نەدەینەوە بە [بۆ نموونە] دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگاوە بەڵام ئەمە بەو مانا نییە لەناو خودی تێکستەکەدا دیاردە و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، ناکۆکییە مێژووییەکان و ناوەڕۆکی مێژوو پشت گوێ بخەین بە دڵنیاییەوە کاک فاتێح و زۆرێک لە ڕەخنەگرانی دیکەش لە ڕەخنەی ئیمانێنت وا تێگەیشتوون بۆیە لەدواجاردا تەنها چاوەڕێی ئەنالیزی فۆڕم و تەکنیکی بەرهەمی هونەری لە ڕەخنەی ئیمانێنت دەکەن و ئەم جۆرە هەڵەتێگەیشتنانە لە گشتیەتی کۆمەڵگای کوردستاندا شتێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە.   

 ئێمەش بەم مێتۆدەوە بەر کۆمەڵەچیرۆکی «جەستەیەکی خۆڵاوی» کەوتین و پرسی ئەنفال و «ڕوانگەی تیۆلۆژیک بۆ مێژوومان» لە ئاسمانەوە نەهێنا و هەر بەشێوەی ئیمانێنت لە خودی تێکستەکەدا دەرمانهێنا و دەرەنجامی ئەو شێوە ڕوانینەشمان دیسان هەر بەشێوەی ئیمانێنت لە خودی تێکستەکەدا دەستنیشان کرد، هەڵبەت لێرەدا پێویستە دان بەوەدا بنێم کە ئەم بەریەککەوتنە لەخۆیدا ـ بەرکەوتنی ئێمە لەگەڵ کۆمەڵەچیرۆکی جەستەی خۆڵاوی ـ کێشەمەندە چونکە لەڕاستیدا من ئەگەر ناچار بم بە ڕوونی ئەو بەرهەمە پۆلێنبەندی بکەم دەبێ بڵێم ئەو بەرهەمە و زۆرێکی تر لەو بەرهەمانەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا بەرهەم دێن بەزەحمەت لە خانەی ئەدەبیاتی نزمیشدا جێگایان دەبێتەوە، و ستراتیژی و لۆژیکی ئێمەش بۆ ئەو بەریەککەوتنە و زۆرێک لەو نووسینانەی ترمان کە بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆمان خستۆتە ناو ڕەوەندێکەوە کە ئەو فۆڕمەی هەڵمانگرتووە بۆ کارکردن لەڕاستیدا لە ناوەڕۆکەکەی زۆر گەورەترە، ئەوەیە کە پێویست بوو لە دۆخی هەبوودا دەخاڵەتێکی تیۆریک بکەین و لامان وابوو و وایە کە ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بکەین کافکایەک و فاکنەرێک و جۆیزێک لە کوردستاندا دروست بن ئەوکات لەسەریان بنووسین و لام وایە ئەدەبیاتی کوردی لە بەشی ڕۆمان و چیرۆکدا دوو سێ کەسی لێبەدەر هەموو سووژەکان و بەرهەمەکانیشیان زۆر لە یەک نزیکن و لە یەک لێڤێڵدان.

   وەک پێشتر وتم کاتێک بەو مێتۆدەوە ـ ڕەخنەی ئیمانێنت ـ بەرەوڕووی تێکستێک دەبینەوە کە دەیەوێ ئەنفال لە ڕوانگەی تیۆلۆژیکەوە بگێڕێتەوە پێچەوانەی تێگەیشتنی بەڕێز فاتێح سەعیدی ئێمە هیچ ئەبێ و نابێیەکمان بۆی نییە و تەنها هەوڵ دەدەین ڕوونی بکەینەوە دەرەنجامەکانی ئەم شێوە ڕوانینە بۆ مێژوو و ڕووداوە مێژووییەکان چییە و چۆن ئەم شێوە ڕوانینە بەشێوەی ئیمانێنت دەبێتە هۆی خەساندنی سووژە و لەدواجاردا زۆر ملکەچ و گوێڕایەڵ و بێدەنگ هەموو شتێک دەداتەوە دەست ئاسمان و خاڵی دەبێتەوە لە هەموو پۆتەنشێڵێکی ئینسانی و سابژێکتیڤ و لە خۆیشی و لە کۆمەڵگا و لە مێژوویش نامۆ دەبێتەوە! بەپێچەوانەی خوێندنەوەی کاک فاتێح لە ڕەخنەکانی ئێمە، ئێمە قەت دەنگی کارەکتەری چیرۆک بە دەنگی نووسەر نازانین و دۆخی ئەم سووژە گوێڕایەڵ و مەزڵوومنوێنە بەخۆنامۆ داماوە ئەوندەی ڕزگار لوتفیم وەکوو نووسەری ئەو تێکستە وەبیر بێنێتەوە زیاتر دەمخاتەوە یادی نامەکانی مەلا مستەفای بارزانی بۆ جیمی کارتێر و لامان وابووە و نووسیومە کە ئەم پاسیڤیتی و داماوییە ڕێک دۆخی کۆمەڵگا و ئەحزابی سیاسیی ئەو بەشە لە کوردستانە و ئەم چیرۆکانە هەرچەند ئەوندە بارێکی بەهێزی هونەرییان نییە بەڵام لە خراپترین حاڵەتیشدا و بەبێ هیچ نێوەنجییەک هەڵگری واقعیەتە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانن و دیسان بەپێچەوانەی خوێندنەوەی بەڕێز  فاتێح سەعیدی ڕزگاری لوتفی بەباوەڕی خۆی هەوڵێکی زۆری داوە موتەعەهد بێت و ڕەنج و ئازار و نەهامەتییەکانی گەلەکەی بگێڕێتەوە.

بەڕێز فاتێح سەعیدی لە کۆتاییدا پرسی زمانی هێناوەتە ئاراوە و بەرگری لە زمانێک کردووە کە تەواو ئایدۆلۆژیکە، ڕزگار لوتفیش وەکوو زۆرێکی تر لە نووسەرانی ناسیۆنالیست تەنانەت لە پرسی زمانیشدا ناتوانن خۆیان لە چوارچێوەی موکریانیزم بکێشنە دەرەوە و دەکەونە ناو کایەیەکی ئایدۆلۆژیک لەگەڵ زماندا کە بەڕاستی لەبەرژەوەندیی خودی ئایدۆلۆژیاکەشدا نییە. لە ئێستەی زمانی کوردیدا نۆرمێک دروست بووە کە لە پاوە و سنە و کامیاران و کەرکووک و سلێمانی و سەقز و  بانە و بۆکان و مەریوان و هەموو ناوچەکانی ترەوە هەوڵێکی زۆر بەدی دەکرێت بۆ نزیکبوونەوە لەم نۆڕمە کە ئەمە خۆی دەستکەوتێکی گەورەیە و هاوکاتیش کەم نین کەسانی ناوچەگەرا و پارتیکولاریست کە وەهومی ڕەسەنایەتی تا سنوورەکانی ڕاسیزم دەیانبات. بەنیسبەت پرسی زمانیشەوە وای دانن لەبەرامبەر موکریانیستێکدا کە لەجیات ئەوەی بنووسێ «لە کوێ دەژین» دەنووسێ «لەچوو دەژین» هەر کەس و شەڕی ناوچەی خۆی بکات چ دۆخێکی گاڵتەجار لە زماندا دروست دەبێت. ئەم ناوچەگەرایی و وەهومی ڕەسەنایەتییە وای لێکردوون کە نووسراوەیەک ئەگەر بە بن‌زاراوەی موکریانی نەنووسرابێت ئەم ئازیزانە لە خوێندنەوە و تێگەیشتنی دادەمێنن و هاواریان دەگاتە ئاسمان کە بۆ بە کوردیی ئاسان نانووسن. دەکرێ بڵێین ناوکی یەکگرتووکەرەوەی ئەم ئەتۆمیزاسیۆنە مەهابادە هەڵبەت نەک مەهاباد بەڵکوو «سابڵاغ» ئەویش لە پارتیکولارترین مانای خۆیدا. سابڵاغێک کە هەڵگری بارێکی قورسی ڕۆمانسی و حیماسییە و هەر ئەمە وای کردووە لەپێشدا خۆی لە گوندەکانی سەر بە مەهاباد جیا بکاتەوە و فەخرفرۆشییەکی قیزەون بگرێتە بەر کە بەڕاستی لانیکەم لە هیچ ناوچەیەکی دیکەی کوردستاندا ناکۆکی و شەڕی نێوان دێهاتی و شاری بەدی ناکرێت و باوی نەماوە، سەیر ئەوەشە کە ئابووری و بەرهەمهێنانی مەهاباد لە قاڵبی باغداریدا ئەرکەکەی لەسەر شانی دێهاتەکانە. دواتر هەر ئەم تەوەهومی ڕەسەنایەتییە پەرەی سەندووە بە سەرانسەر جوگرافیای موکریاندا و خەڵکانێکی زۆری ئەو ناوچانە باوەڕێکیان پێ قبووڵێندراوە کە لە دەرەوەی ئەو سنوورانەوە کوردێک بوونی نییە! ئەگەر مارکس لای وابوو «ڕووسیە ناوەندی ئیرتجاعی سەرانسەر ئەورووپایە» منیش لام وایە مەهاباد قەڵای ئیرتجاعی کوردستانە و بۆ هەر جۆرە بەرەوڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئیرتجاع لە کوردستاندا لەپێشدا دەبێ لەوێوە دەست پێبکرێت.

هەرچەند هاوڕێیانی کریتیک لە ڕوانگەی خۆیانەوە ڕەخنەیان لە سیاسەتی کوردی پەتی گرت و ئەوەش باسێکی ترە و دەکرێ قسەی لەسەر بکەین بەڵام من لام وایە ئەو زمانەی ڕزگار لوتفی جەستەی خۆڵاوی پێ نووسیوە ـ زمانێک کە هەوڵیەتی هەموو ڕێگاکان بباتەوە ناوچەیەکی دیاریکراوـ بەتەواوی لەگەڵ ناوەڕۆکی چیرۆکەکاندا گونجاوە و بەبڕوای منیش بۆ گێڕانەوەی حەقایەت و بەیت بالۆرە دەبێ لە زمانێک کەڵک وەرگیردرێت کە هەڵقووڵاوی کولتوورێکە کە شارەدار و نوێنەری پارلەمانەکەی لە ئاشتی و ئارامیدا باسەفا و خۆشحاڵ پێکەوە گورەوابازی دەکەن... بەڵام سیاسەتی زمانی پەتی پرسێکی جیاوازە و چ لە ستایشیدا و چ لە مەحکوومکردنیدا قسە زۆر کراوە و بەبڕوای من ئەم سیاسەتە وەکوو دیدێکی جەوهەری بۆ زمان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم گەشە و دیڤڵۆپمێنتی زماندا و زمان لەخۆیدا وەک هێگڵ دەڵێ بەردەوام لەحاڵی بیکامینگ یان «بوون بە»دایە و هەرگیز وەستاو نییە و ئێمە هەرگیز ناتوانین ئەو سیاسەتە تەسکە قبووڵ بکەین کە هەر زۆر بە زەقی ڕەنگی ڕاسیزمیشی پێوە دیارە، «زمانی ڕەسەن یان پەتی = ڕەگەزی پەتی». ناسیۆنالیستەکان دەڵێن نا بۆ وشەی ناڕەسەن، ڕاسیستەکانیش دەڵێن نا بۆ هاوسەرگیریی دەرەڕەگەزی.

یەکێک لە فیگۆڕە سەرەکییەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە کە ئەم خێروبەرەکەتەی لێکەوتۆتەوە هەژار موکریانییە کە لە پێشەکیی بەرهەمە بەنرخەکەیدا، هەنبانە بۆرینە، بە کارگوزارانی ئەو سیاسەتە قەڵبە دەڵێ: «دۆستی نەزان» و دەنووسی: «دەڵێن مەیموون خۆی زۆر جوان بوو ئەمجار خوروکەشی لێهات. سەرەڕای پەرژوبڵاوی و بیکڵاویمان، لەمەڕ فەرهەنگ و زمان و هەموو عاشتەباییەکی تر، بە تازەگی چینێک مناڵی ڕیشسپی و پیری بە لانگ و دەسرازەوە، بەناوی کوردایەتی تۆخ، لە زمانە بەستەزمانەکەی والاواز و پەڕەوازە و بێخودانمان بوونە مێمڵ، قل بە قل و چڵ بە چڵی زۆر بە وردی دەپشکنن، هەر وشەیەک بۆنی عارەبییەکی کۆنی یان فارسییەکی مردووی هەزارساڵەی لێ بێت، ئەو زانا کوردپەروەرانەی پێ شێت دەبن و وەک دزێکیان لەناو کادێندا گرتبێ، دوژمنی ڕای ئیمانت بێ، چەی پێ‌دەکەن! هەروا چەقۆیە و لێی دەسوێن، دەیدەنە بەرپلار و جوێن؛ کارێکی بەسەر دەهێنن دۆم بە ژنێ خۆی نەکردبێ. ئاوڕوی وێژەری وشەکەش بە مەرەدی کاورای پیوازفرۆش ئەوەن! مەڵێ قەڵەم! بێژە پێنوس. مەیژە کاغەز! بوشە تێنوس. نەبێژ دەفتەر بڵێ پەڕاو.

ـ ئێمە ئەبێ زوانەکەمان لە وشەگەل بیانی و نامۆ هەڵوەژێرین.

ـ خێرە ئیشەڵا! دەی خودا ممبارەکی کات.

ـ ممبارەک و خێر و ئیشەڵاش، لەوانەن کە دەبێ شاربەدەر بکرێن.»

بەڵام بەڕێز فاتێح سەعیدیش ناتوانێ لەو کایە ئایدۆلۆژیکە لەگەڵ زمان دەرباز بێت و تەنانەت زۆریش پاڕادۆکسیکاڵ ڕەفتار دەکات، خۆی لە قەرەی وشەیەکی سادەی وەک «تەعەهود» نادات کەچی ئامبازی چەمکی ئیمانێنت دەبێت کە چەمکێکی فەلسەفیی تایبەتی ئادۆرنۆیە و بەڕاستی وەرگەڕاندنی ئەو چەمکە و هاوشێوەکانی نە زەروورییە و نە عەقڵانی و هەمبەرێکیشی [ناوخۆجێگر]  بۆ دادەنێت کە بەڕاستی هیچ فڕی بەسەر باری مانایی ئەو چەمکەوە نییە، و ئێمە لەناو تێکستدا چەندە بە وشەی «شیتاڵگەرایی»دا دەزانین مامۆستای مەزن مەبەستی هەمان «دیکانستراکشێن»ە دەبێ هەر ئەوندەش زیرەک بین و بڕێکیش بەخت یارمان بێت تاکوو بزانین ناوخۆجێگر هەمان ئیمانێنتە.

جگە لەم باسەش ئەگەر سەیری ئەزموونی زمانەکانی تر بکەین دەبینین «زۆربەی زمانە زیندووە ڕۆژاواییەکان بۆ ڕیفۆرم و بەرهەمهێنانەوەی خۆیان زمانی یۆنانی دێرینیان لەبەردەستدا بووە و بۆ زاراوەسازیی زانستی و فەلسەفی کەڵکیان لەو سەرچاوە مەزنە وەرگرتووە. هەروەها لە زمانی فارسیشدا دەبینین گەڕاونەتەوە سەر زمانی فارسی دێرین و لەولاشەوە بە شێوەی بەرفراوان کەڵکیان لە عەرەبی وەرگرتووە و لەدواجاردا بەم شێوە بوونەتە خاوەنی زمانێک کە بتوانن فەلسەفە و هزری پێ بگوێزنەوە بەڵام بەداخەوە کورد لە وەها سەرچاوەگەلێک بێبەشە و لەهەمان کاتیشدا هەوڵێکی زۆر کۆمیک لەئارادایە کە بە کوردیی پەتی بچینە پیریی چەمک و زاراوە فەلسەفییەکان کە  بەڕاستی ئەمە گەورەترین خەسار لە زمان دەدات و ئەنجامەکەشی کۆمەڵێ هاوتا و هەمبەری نەگونجاوی گاڵتەجاڕە کە لە نەبوونی سەنتەرێکی خاوەن دەسەڵات و جێ متمانەشدا هێندەی تر ئەو وشانە بێسەقام و تاکەکەسی دەمێننەوە و وەک تەیرێکی فڕیو دیتنەوەیان ئەستەمە.»*

ژێدەر:

 [1] Mukryanism. ئەم تێرمە بۆ یەکەم جار لە لایەن ڕفێقی خۆشەویستم هاوڕێ یووسفییەوە بەکار براوە و هەڵبەت ئەو تەنانەت قایل بە «پان موکریانیزم»یشە.

[2] Les principes de la philosophie dits monadologie. ئەم وتارە لەگەڵ چەند وتاری دیکەی لایب‌نیتس وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و دەتوانن بۆ زانیاری زیاتر بیخوێننەوە. لایب‌نیتز ـ مونادولوژی و چند مقاله فلسفی دیگر؛ ترجمه عبدالکریم رشیدیان ـ ١٣٧٢ تهران.

* گفتوگۆ لەگەڵ محەمەد محەمەدمرادی ـ ڕۆژنامەی هەولێر؛ سازدانی ئارام کۆشکی

http://www.calameo.com/read/00008479315ff4358aa8a

ئاماژە: هەڵبەت بەبێ ئەوەی وتارەکەی ئێمە بڵاو بکەنەوە ڕەخنەکەی بەڕێز سەعیدی دواتر لە «گۆڤاری هایا»دا بڵاو کرایەوە، ڕەخنەیەک کە لەسەر وتارەکەی ئێمە نووسرابوو و بەجۆرێک لە جۆرەکان بابەتەکەی ئێمە پێشفەڕز و بەیسی تێگەیشتن لە ڕەخنەی ناوبراو بوو و بەبێ بڵاوکردنەوەی باسەکە لە گشتیەتی خۆیدا بە کردە ئیمکانی هەموو گفتوگۆیەک لەبار دەبەن کە ئەم کارە ئەوندەی تر لای ئێمە گومانێکی مەعریفەناسانە دروست دەکات بەنیسبەت مەعریفەیەکەوە کە لە پشت ئەو گۆڤارەدایە چونکە هەر ئەو عەقڵییەتە پێشتریش هەر بەم شێوە پشتبەستوو بە سیاسەتی سەرکوت و سڕینەوە لەسەر داخوازیی خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی وتاری یەکێکی تر لە هاوڕێیانی کریتیک [پۆپۆلیزمی شیعر/ ڕامیار حسێنی] پاش ئەوەی کە نزیکەی چوار پێنج مانگ ئەو وتارەیان هێنا و بردیان لەدواجاردا بەیەکناکۆکییە ناوەکییەکانیان ڕێگەی پێنەدان وتاری ناوبراویش بڵاو بکەنەوە و ئەمە باس لە سیاسەتێکی ڕوون دەکات کە لامان وایە ئەگەر ئەمڕۆ لە وەها مقیاسێکدا قایل بە سەرکوت و سڕینەوە بن بێگومان لە ئەگەری دەسەڵاتدا سڕینەوەی پێکهاتەییش بەلایانەوە ئاسایی دەبێت.        
 لینکی وتارەکانی پێشوو:

گێڕانەوەی ئەنفال وەکوو کارەساتێکی پارتیکولار

http://www.kcritique.com/index.php/82-%D8%B3%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%D9%87%E2%80%8C%D8%AA%D8%A7/112-%D8%A6%DB%95%D9%86%D9%81%D8%A7%D9%84.html

سەبارەت بە کۆڕی ڕەخنەیی گروپی کریتیک

 

http://qelam.com/index.php/2014-08-13-21-21-19/286-2015-02-14مو

گەڕان بۆ بابەت