فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێوارە ئەو دەمە بوو وا هەر چرکەیەک هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو تاریکیی شەو. هەر چرکەیەک لە گەڵ خۆی دونیایەک رەنگی رەشی هەڵگرتبوو. کچەکە ناهومێدی قورسایی گۆزەکە و تاریکیی شەو و قسە سەیروسەمەرەکانی کوڕەکە، پێی هەڵگرت و رۆیشت. کە گەیشتە قوژبنی دیوارەکەی خۆیان، دوو فرمێسکی روون بە گۆنا ئاڵەکانیدا هاتنە خوارەوە.

 

رێگای کانی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رۆژێک لە سەر کانیی ئاوایی دانیشتبوو و خەونی بەو رۆژەوە دەبینی تەنیا بۆ جارێکیش بێت ئاودیوی ئەو چیایە بکەوێ وا لە رۆژئاوای گوند بەرەو ئاسمان قەدی کێشابوو و هەیبەتی باڵای خۆی بە سەر ئاواییدا وەک پاڵەوانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان خستبوو.

پشتاوپشت ئەم چیرۆکە هاتبوو تا گەیشتبووە ئەو. ئەوەی کە گەر دەتەوێ ناوت بۆ هەمیشە لە سەر زاران بمێنێتەوە و خەڵک هەتا ئەبەد باست بکا، ئەو دیوی ئەو چیایە بکەوە. تەنیا یەک جار. ئەگەریش زیاتر، چ باشتر، ناوت زۆرتر دەمێنێتەوە، زیاتر لە تا ئەبەد.

لەبەرخۆیەوە بڕیاری دا نەک جارێک، بەڵکو چەندین جار، هەتا گەنجە و وزەی تێدایە، ئاودیوی ئەو شاخە مەزنە بکەوێ. ئەوسا لە کاتێکدا لە بەرخۆیەوە بزەیەک دەنیشتە سەر لێوەکانی، جەستەی ئارەقاویی خۆی دەهاتە بەرچاو لە کاتی هەڵکشاندا. جەستەیەک بە دەستماڵێکی مەشهەدی لە دەوری مل و ئەو پێڵاوانەی توێژاڵێک تۆز لەسەری نیشتبوو. چ هەستێکی لەخۆبایی هەموو ئەندێشە و خەیاڵی دادەگرت. بێگومان خەڵکی ئاوایی، هەتا هەتایە، هەتا ژیان دەمێنێ، باسی ئەو دەکەن. ئەوەی کە رۆژێک لە رۆژەکانی تەمەن، رۆژێک لە رۆژەکانی ئەم رۆژگارە بێ ئەسڵ و نەسەبە، کەسێک هەبووە جورئەتی کردووە و رۆیشتووە، ئەگەرچی لە پشت پەنجەرەکان، تەنیا فرمێسکە تەنیاکانی لە دووای خۆی جێ هێشتبوو. وێنەی فرمێسک، کەمێک رایچڵەکاند. بیری ئەمەی نەکردبووەوە. بەڵام دووای ماوەیەکی کورت بەسەریدا زاڵ بوو. هەستی کرد حەزی بە گریانی فرمێسکەکانی پشت پەنجەرەکەیشە. ئەوەی کە، کەس یان کەسانێک بەردەوام بیرلەودەکەنەوە و تەنیا بۆ ئەو دەگرین. چ هەستێکی خۆش! باوەڕی نەدەکرد ئەوەندە دەهێنێ کە بۆی بگرین.

ـ "لێگەڕێ با بگرین! هەرکەسەو مانایەک لە ژیان،... هەرکەسەو و بەشێکی تایبەت بە خۆی!"

ئەو کە لەسەر قاچەکانی هەڵتروشکابوو، هەستایە سەرپێ. سینگی بەرزکردەوە و هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا. سەری هەڵبڕی و سەیری چیاکەی کرد. هەستی کرد لە ئاست قەڵافەتی خۆی، قەڵافەتی چیاکە یەکجار کورتە. ئەوەندە کورت، بە قەڵەمبازێک دەتوانێ نەمریی ناوەکەی خۆی بۆ هەمیشە دەستەبەربکا.

بەڵام،... بەڵام شتێک ئازاری دەدا. شتێک نەیدەهێشت هەنگاوەکانی بەرەو چیاکە هەڵگڕێ و بڕوا. ئاە لەو شتە! چەند لە دەروونەوە دەیگوشی. جاری وابوو بڕیاری دەدا واز بێنێ و بڕوا. مەگەر کارە گەورەکان هەربەم شێوەیە دەست پێناکەن؟... ئەوەی کە مرۆڤ کتوپڕ دڵ هەڵدەکەنێ و ئیدی سەرەڕای هەموو شتێک دەڕوا؟ چەند جارێک لە دڵی شەودا تەنانەت پێڵاوەکانی لەپێکردبوو و چەند هەنگاوی یەکەمیشی هەڵگرتبوو، بەڵام هەر گەیشتبووە تەنیشت کانییەکە (رێگای چیاکە رێک بە تەنیشت کانییەکەدا تێدەپەڕی)، ئەژنۆکانی شل ببوون. ئاه کانییەکە! چەند بۆن و تامی ئەوی گرتبوو. بە پانتۆڵەکەی بەری، بە گۆزەکەی سەرشانی، بە شیوی مەمەکانی، بە سپیایی سەرسینگی، بە قژە رەشە فڕ و لوولەکانی،... ئاە، بە پێکەنینەکانی لە گەڵ دەستەخوشکەکانی. وێنەکان لەوێ لە سەر کانییەکە بوون. هەر کە دەگەیشتێ، هوروژمیان بۆ دەهێنا و ئیتر وێنەی چیا و بەناوبانگییان لە دەروون دەردەهێنا. بۆشیان دەکردەوە. وەها کە جاری وابوو هەستی بە نەخۆشیی جەستە و دەروونی دەکرد. ئیتر لەوێ، لەسەر کانییەکەوە بایدەدایەوە و دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە.

ئیستا لە دووای ئەوەی فێرببوو ئێوارەیان، درەنگان، کاتێک هەموو خەڵک دەچوونەوە ماڵەوە و ئیتر دەرەوە بێدەنگ و بێ چرپە دەبوو، دەچوو لە تەنیشت کانییەکە دادەنیشت و لە کاتێكدا هەم نیگای لە سەر کانییەکە بوو و هەم لەسەر چیاکە، بیری لەوە دەکردەوە کە چیتر بەم شێوازە ناکرێ ژیان بباتە سەر. دەبا هەرچی زووتر چارەیەک پەیدا بکا. یان ئەم یان ئەو، یان کچەکە یان چیاکە،... بەڵام،... بەڵام چۆن؟ کە دەگەیشتە کاتی بڕیاردان ئیدی دۆخەکە زۆر دژوارهەڵدەگەڕا. تا رۆژێک رێک هەر لێرە لە تەنیشت کانییەکە بوو کە بیرێکی نوێ بە مێشکیدا هات. باشە بۆ ناکرێ هەردووکیان پێکەوە؟ دەیانتوانی پێکەوە ئەو سەفەرە بکەن، سەفەری ئەو دیوی چیا، ئیتر کچەکەیش دەیتوانی بە ناووناوبانگ بگا، وەک ئەو، بۆ هەمیشە.

لەو رۆژەوە لە دەرفەتێک دەگەڕا بۆ ئەوەی پێی بڵێ. سەرئەنجام دەرفەتەکە رەخسا. کچەکە کە ئاگای لە نیگاکانی ئەو بۆ سەر خۆی بوو و بارەهای بار لە گەڵ دەستەخوشکەکانی باسی کردبوو و لە بەرخۆیانەوە تلیقانەوەیەکی پڕلەخۆشیی دایگرتبوون، پێی سەیرنەبوو کە بەو درەنگانە لە سەر رێگاکەیەتی. ئەمیش لەبەرخۆیەوە وای لێکدایەوە ئەمڕۆکە کچەکە لەبەر ئەو خۆی درەنگ خستبوو. بۆیە خەنی لەوەی هەر دوو چیرۆکە گەورەکە واتە چیرۆکی ئەشق و سەفەر پێکەوە دەستیان پێدەکرد، لە خۆ بێخۆی کرد. ئارام لێی نزیک کەوتەوە. لە کاتێکدا ئاماژەی بە پشت سەری کچەکە دەدا، گوتی:

ـ "ئەڵێی چی،... تا ئیستا،... ئەڵێم، تا ئیستا سەیری ئەو،... ئەو شاخەت کردووە؟"

رقی لەخۆی هەستا. مرۆڤی ئارەزوو گەورە نابێ دەست و پێی خۆی ونکا. درێژەی بە قسەکانی دایەوە:

ـ "وتم،... وتم گەر پێت خۆش بێ دەتوانین پێکەوە ئاودیوی ئەو شاخە بین،... ئا پێکەوە!"

هەستی کرد لە گەڵ قسەکانی خۆی راحەتترە. ناوی چیاکە، ئارامی و هەیبەتی پێ دەبەخشی. بە جورئەتێکی زۆرترەوە وتی:

ـ "گەر دووبەدوو بین، هەم لەوێ تێدەپەڕین،...، باشتر تێدەپەڕین، هەم پێکەوەین و هەم فرمێسکەکانی پشت پەنجەرەکە ئاسانتر فەرامۆش دەکەین،..."

کچەکە، کە قورسایی گۆزەکە لە سەر شانی کەمکەم وەڕەزی دەکرد، واقوڕماوی ئەم قسە بێسەرەوبەرانە، سەیری ئەو کوڕە قۆز و جوانەی دەکرد وا ساڵانی ساڵ لە شار خوێندبووی و ئەم بە تەمای بوو. ئەو کوڕەی، خەڵکی ئاوایی دەیانگوت شەوێک لە شار کاتێک لە ژوورەکەی تەنیا بووە، هاجوج و ماجوج خۆیان بە ژوورێدا کردووە و تا بەیانی قسەی سەیرو سەمەرەیان بۆ کردووە. لەو قسانەی کە ئاداری بە سەر پادارەوە نیە و تەنیا لە شێتەکان دەوەشێتەوە. ئەوەی کە گوایا بەهەشت لەم دونیایە چێدەکرێ و، رۆژێک دێ هەرچی فەقیرە دەتوانن تێر بە سکیی خۆیان نان بخۆن. بە واقوڕماوی لە کوڕەکە راما. بیری کردەوە شاخی چی و شتی چی. لە رۆژئاوای گوند جگە لە دەشتێکی کاکی بەکاکی هیچ شتێکی تری لێنەبوو.

ئێوارە ئەو دەمە بوو وا هەر چرکەیەک هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو تاریکیی شەو. هەر چرکەیەک لە گەڵ خۆی دونیایەک رەنگی رەشی هەڵگرتبوو. کچەکە ناهومێدی قورسایی گۆزەکە و تاریکیی شەو و قسە سەیروسەمەرەکانی کوڕەکە، پێی هەڵگرت و رۆیشت. کە گەیشتە قوژبنی دیوارەکەی خۆیان، دوو فرمێسکی روون بە گۆنا ئاڵەکانیدا هاتنە خوارەوە.

کورەکە بە تەنیا مایەوە. چلۆن کچەکە بەو چیایەی نەدەزانی، ئەو چیایەی وا هەموو رێگای رۆژئاوای تەنیبوو؟ باشە بۆ لە قسەکانی نەدەگەیشت، چ هەڵەیەک لە هەڵوێستیدا بوو؟ ماندوو و داڕماوی رووخانی کتوپڕی هەموو ئەو کۆشکەی وا لەمێژبوو خەریکی بیناکردنی بوو، بڕیاری دا هەر ئێستاکە وەڕێکەوێ. تەنیا مابووەوە. هەڵبەت نەک زۆر تەنیایش. لەوێ، کەمێک لەولاتر چیاکە چاوەڕێی دەکرد. گەر ئەو نەهات گرینگ نیە، گرینگ ئەوەیە شتێک هەیە هێشتا مانا بە ژیان دەدات. بە چاوی فرمێسکاوییەوە بیری لەوە کردەوە کە هەر لە سەرەتاوە هەڵە بووە. نەدەبا خۆشەویستیی کچێک و تێپەڕین لەو چیایە پێکەوە گرێبدات. بۆ ئەوەی بتوانی لەو چیایە بپەڕیتەوە، دەبێ وەک ئەم هاجوج و ماجوج شەو تا بەیانی قسەیان بۆ کردبێتی، دەبێ باوەڕت هێنابێ رێگایەک هەیە دەبێ بە تەنیا بیبڕی. سەری هەڵبڕی و سەیری تارمایی و سێبەری بەهەیبەت و سامناکی کێوەکەی کرد. لە بەستێنی ئاسماندا بەو ئەستێرانەی وا بەدەورییەوە بوون دەڵێی بە قەڵەمی ئەستێرە کێشرابووەوە.

 

لە کانییەکە تێپەڕی و هەنگاوی بەرەو دەشتەکە نا. با، بۆن و تامی شاخەکەی دەهێنا. شاخ هەمیشە فێنک بووە. رەنگە هەر هی ئەمەیش بێت تامی ئارەقکردنەوەکەی لە سەر جەستە. لەم بیرانەدا چالاک چالاک لە تاریکیی ئەو شەوەدا نوقم بوو، ئەو شەوەی وا کچێکی نەشمیل تا بەیانی بۆ یەکەم ئەشقی نامورادی لە تەنیایی و خەڵوەتی جێگاکەیدا فرمێسکی حەسرەت و پەژارەی هەڵڕشت.   

گەڕان بۆ بابەت