ما 4288 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسووڵ سوڵتانی

پار لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕ ئێوارەیەک چەک و رەختی لەخۆی دابوو و هاتە بەردەرگا بۆ ماڵاوایی. گوتی: ئەوە رێی هات و نەهاتە. دەڕۆم. ئەگەر هاتمەوە و چاوم پێت کەوتەوە زۆر شت هەیە بۆتی باس دەکەم، ئەگەر نەشهاتمەوە، کلیلی ماڵەکەمم لە فڵانە شوێن داناوە، دەفتەرێکی بەرگ قاوەیی لە ریزی یەکەمی کتێبەکانمدا لە تەنیشت رۆمانەکەی دۆن کیشۆتەوەیە. بیکەوە موو بە موو هەموو شتێکم تێدا نووسیوە. ماچم و کرد و رۆیشت. 

 

کلیل

رەسووڵ سوڵتانی

یاخوا بەخێر بێیەوە. وەڵاهی چاوم پێت روون بۆوە. بڕوا بکە دە ساڵ گەنج بوومەوە، کاری باشت کرد هاتییە ماڵی من. هەرچەندە لێم روون نییە کێ ئەم ناونیشانەی پێداوی، بەڵام گرینگ نییە. گرینگ ئەوەیە تۆ هاتووی و لە دەرگایەکت داوە کە دەرگای ماڵی بێگانە نییە. ماڵی خۆتە و حەز دەکەم هەست بە نامۆیی نەکەی، لاقت راکێشە، کەی خەت هات بنوو، کەی برسیت بوو هەستە نان بخۆ، نانی خەڵک نییە، تۆ بەشت بەو ماڵەوەیە. روو لەولا مەکە. بۆ نێوچاوانت تێک ناوە؟ ئەوە دەگریی؟ نا، واز لە گریان بێنە. تۆ شکور گەورەی و بۆ وەی دەبێ بەرپرسیارەتیی گەورەت پێ بسپێرن. بۆ دەستت بە بەرچاوتەوە گرتووە؟ واز لەو گریانە بێنە بۆ زۆر شتت بۆ بگێڕمەوە. دەزانم لەو دوو رۆژەدا کە بەم گەڕەکەدا گەڕاوی و پرسیارت کردووە زۆر شتی خراپیان بۆ باس کردووی. حەز دەکەم دڵنیات بکەمەوە ئەوەی بۆیان گێڕاویتەوە زیاتر لە نیوەشی درۆیە. بەڵام چ لە زاری خەڵک دەکەی، وەک برادەرێکم دەیگوت زاری ئەو خەڵکە قوونی خۆم نییە بیقووچێنم و نەهێڵم بتڕێ. بمبوورە ئەو قسەیەم کرد. من هەموو شتێکت بۆ دەگێڕمەوە. سیروان لە براش خۆشەویستتر بوو. کەس هێندەی منی لێ نزیک نەبوو. رۆژ نەبوو دوو سەعاتان لەسەر یەک دەردەدڵم بۆ نەکا. هەر سەیر بوو. کە دەستی پێ دەکرد بڕوات بێ دەتگوت نووسیوێتەوە، یەکبین قسەی دەکرد. زۆری لەدڵدا بوو. گوتی کە ئەو ژنەم هێنا پێم وابوو لە تەنیایی رزگار بووم. یەکەم چێشتم کە لە ماڵەکەی خۆمدا خوارد، قەیسەری رۆمم بە سەپان نەدەگرت. لە زەماوەندێک یەکتریان ناسیبوو. بە سیلەی چاوێک دڵیان چووبووە سەر یەکتری و دواییش ماوەیەکی زۆر قسەی فەلسەفییان بۆ یەکتر کردبوو. چیی کتێبی خوێندبوویانەوە و لەو کتێبانەش چیی لە مێشکیاندا مابۆوە ئەوندەی دیکەیان لێ زیاد کردبوو و بۆ یەکتریان گێڕابۆوە. هەر ئەم ویستبووی وا بنوێنێ لەویانی زیاتر خوێندووەتەوە و ئەو هەوڵی دابوو بۆی بسەلمێنێ کە لەمیان باشتر لە فەلسەفەی ژیان تێگەیوە. دەیگوت جاری وابوو سێ سەعات لە پشت ئەو تەلەفۆنە دادەنیشتین ئەو کتێبانەمان راڤە دەکرد کە خوێندبووماننەوە و هەر لەبیرمان نەدەما ئێمە کوڕ و کچێکین و یەکتریمان خۆش دەوێ. هەر پێم وابوو خۆشەویستی ئەوەیە تۆ زانیاری بەو بدەی و ئەویش لێت وەرگرێ و هەندێ شتی دیکەت بداتەوە. کە دەبنە دەسگیران وردە وردە هەندێ قسەیان لێک هەڵدەبەزێتەوە. ئێوارەیەکیان کە لە پارکە گەورەکەی شاری پیاسە دەکەن، ئەو شیعرێکی مەولەوی دەخوێنێتەوە و دەسگیرانیشی دەڵێ، واز لەو توڕەهاتە بێنە، هەر کچان دەبینی شیعری شاعیرانت بیر دەکەوێتەوە. ئەویش زۆری پێناخۆش ببوو، گوتبووی چما ئەو شیعرانە هەموو شەوێ بۆ تۆش ناخوێنمەوە؟ بەڵام دەیگوت دیارە بیانووەکە شتێکی دیکە بووە. من پێم گوت، گوتم لەوانەیە سیلەی چاوێکت دابێتە ئەو کچ و کاڵانەی بەلاتاندا تێپەڕیون. هیچی نەگوت. وەک بڵێی وا بووبێ. تۆ ئاگات لەو باسوخواسانە نییە. دەزانم هیچ کەس ئەوەی بۆ نەگێڕاویتەوە، ئاخر کەس وەک من لە نێو وردەکارییەکانی ژیانیاندا نەبوو. بە حوکمی ئەوەی منیان بە سەنگی سەبووری خۆیان دەزانی، هەر دووکیان. دیارە زۆر درەنگتر لەگەڵ ئۆشین تێکەڵ بووم. زۆر پاش زەماوەندەکەیان وردە وردە روومان لە یەکتر کراوە و توانیمان قسە بکەین. ئەودەم هێشتا کێشەکانیان زەق نەببوونەوە. ئوشین پێی وابوو ژیان بریتییە لە کۆمەڵێک بڕگەی تایبەت و تەنیا زەمان پێکەوەیان دەلکێنێ. ئەوانەی بۆت باس دەکەم بەشێک لە تێڕوانینی ئەون. ئاخر ئەگەر بۆتیان نەگێڕمەوە نازانی کێشەکان لە بنێڕا چۆن سەریان هەڵداوە. دەنا راست دەکەی خۆ من هەر ئەهلی ئەو فەلسەفەبافی و شتە نیم. ئەو پێی وابوو ژیان وەک رووبارێکە، بەڵام هیچ لوێچە ئاوێکی ئەو رووبارە نابێ لەوی دیکە بچێ. ئەوەش لە قسەی فەیلەسووفێکی گەورەی هەڵێنجابوو. لەو کتێبانەدا کە خوێندبوونییەوە و دایکم ئێستاش دەڵێ رۆڵە ئەوەندە سەر بە کتێباندا مەکە با شێت نەبی. بەڵام ئوشین شێت نەبوو. بیروباوەڕێکی قووڵی تایبەت بەخۆی هەبوو. دەیگوت ژیان واتە چێژوەرگرتن لە چرکەساتەکان، لەو هەناسانەی هەڵیاندەکێشی. گرینگ نییە خەڵک دەڵێن چی، گرینگ ئەوەیە دڵی خۆت ئاسوودە بێ. زۆر جاران دەکەوتینە چەلەحانێ و ئەو منی بە پیاوێکی سوننەتی و زۆرجاریش کۆنەپەرست دەزانی. دەیگوت، من جەستەم هیی خۆمە و چیم پێ خۆش بێ وای لێ دەکەم و وای پێ دەکەم. دەی سیروانیش ئەو شتانەی پێ قبووڵ نەدەکرا. تۆ بڵێی و نەڵێی ئەو پیاوی ئەم کۆمەڵگایە بوو. هەتا ببووە پیاو و ژنیشی هێنابوو هەر سێبەرێک بوو لە سێبەرەکانی باوکی خۆی. ئەویش زۆری هەوڵدابوو نەبێتە کۆپییەکی باوکی، بەڵام خۆ خەتای ئەو نییە، دەوروبەر و ژینگە بڕوات بێ وەک دەفرێک وایە و تۆش وەک ئاوێک لەو دەفرەدا شکڵ دەگری. بۆیە ناکرێ من و تۆ بەو بڵێین دواکەوتوو، چونکە بڕوای بە زۆر شتی تازەش هەبوو. هەموو جارێ کە پرێسکەی دڵی بۆ من دەکردەوە دەیگوت: من لە ئینسانێک دەگەرام و ئوشین لە کەرێک. ئەو کەرەکەی خۆی دۆزییەوە بەڵام من هێشتاش لە ناخی ئەودا بەشوێن ئەو ئینسانەوەم کە هەر لەوێدا دەیبینم بەڵام ناتوانم دەستەمۆی بکەم. سەرەتاکان پەرۆشی مەسەلەی سەرجێیکردن بوو. دەیگوت لەوانەیە چێژ لە جەستەم وەرنەگرێ و کێشەکان سەرچاوەیان لەوەدا بێ. حەبی بەهێزکەری سەیرو سەمەرەی دەخوارد و بۆشی باس دەکردم کە لەوەدا هیچی کەم نییە. ناچمە نێو وردەکارییەکانی ئەو بەشەیانەوە چونکە ئەوەیان ئیدی راز و نهێنین. بۆشت باس بکەم لەوانەیە هیچت لێ روون نەبێتەوە یان هیچ یارمەتیدەرێکت نەبێ. من زۆرم خۆش دەویستن، دیارە کە پێکەوە دەتدیتن، قەت پێتوانەبوو بەختەوەرتر لەو جووتە لە دنیادا هەیە. بەڵام ئیدی ئینسانە و هەموو کەسێک لە ناخی خۆیدا ئەکتەرێکە. جا هەیە دەورەکەی جوان دەگێڕێ و هەشە کرچوکاڵ. لەوەیاندا کەس هێندەی ئەوان هونەرمەند نەبوو. کە پێم دەگوتن ئەو دەورە چۆن دەگێڕن، ئوشین دەیگوت، دەورەکە هەمووی ئەو دەیگێڕێ دەنا من هیچی شاراوەم نیە. لەویشی نەدەشاردەوە. دەیگوت من حەزم بچێتە هەر پیاوێک بەو مەرجەی تینوێتیی رۆحم بشکێنێ لەگەڵی دەخەوم بەڵام تا ئێستا تووشی وەها پیاوێک نەهاتووم. لەو دواییانەدا ئیدی راشکاوانە بە سیروانی دەگوت: رۆحم ئیدی تینوێتییەکەی بە تۆ ناشکێ. سیروان لەوە تێنەدەگەیشت. لەوێ بووم کە پێی گوت: تێ بگە سیروان، من کەسێکی گانی گانی نیم. من لە ساڵێکدا یەک جارم بەسە بەو مەرجەی رۆحم پاراو بکا و بمحەسێنێتەوە. ئاخر تۆ تێناگەی، تۆش وەک هەموو پیاوێکی ئەم دنیایە پێتوایە هەر سواربوون و دابەزینەکەیە. کاکی خۆم وا نییە نا، من جۆرێکی دیکەم بۆ تێناگەی... دڵنیا بە دڵم نەچووەتە سەر هیچ کەسێکی دی، ئێستاش بە زۆر باردا هەر تۆم خۆش دەوێ بەڵام کە لێم نزیک دەبیتەوە دەڵێی لە نێو باقە دڕوودام، دەڵێی هەموو گیانت دەرزیی پێوەیە. ئەوەندە بەس نییە؟

 

جا من دەزانم کەس ئەوشتانەی بۆ تۆ نەگێڕاوەتەوە. چونکە کەس ئاگای لەو وردەشتانەی نێوانیان نەبووە. بەڵام لەو نێوەدا ئەوەی بووەتە قوربانی هەر تۆی. سیروان ئەودەم زۆر زۆری خەمی تۆ بوو. هەر دەیگوت، من چارەنووسی ئەو منداڵەم بەلاوە گرینگە. ئەوە سبەی رۆژێ لەدایک دەبێ نازانم چیی بەسەر دێ. چۆن وەڵامی پرسیارەکانی بدەمەوە؟ چیی پێ بڵێم. جا پێت وانەبێ دایکت خەمی تۆی نەبوو، ئەویش هەموو خەمی ژیانی ئەوە بوو کە بۆچی منداڵێکی کەوتووەتە زگی و بۆچی وەها بەرپرسیارەتییەکی کەوتووەتە سەرشانی. ئاخر تۆ دایکتت نەدیتووە. من دیتم. ئینسانێکی سەیر بوو. بڕوات بێ ئامادە بوو گیانی خۆی دابنێ بەڵام ژیانی کەس نەشێوێ. ئیدی ئەو روانگەیەی بۆ ژیان وای لێ کردبوو لە هێلانەیەکی هەمیشەییدا نەحاوێتەوە. دەزانم خەڵک زۆر خراپیان بۆ باس کردووی، بەڵام بەخوا وا نەبوو. ئەو کەسێکی هەرزە نەبوو. وا بایە نیوەی ئەم شارە مڵکی ئەو دەبوو. دڵنیام درۆی نەدەکرد، بەڵام خۆی بۆ بازرگانەکانی ئەم شارە بۆ بەرپرسەکانی ئەم وڵاتە شل کردبایە، کام مۆڵ و مارکێتی گەورەی ئەو وڵاتەیە هیی ئەو دەبوو. دەیاندایە. کارم بەوە نییە دوایی چیی بەسەر دەهات بەڵام لەوە دڵنیا بە داوای مۆڵە هەرە گەورەی ئەم شارەی کردبا کابرا بەناوی دەکرد بەو مەرجەی شەوێک لەگەڵی خەوتبا. بەڵام ئەو شتی وای نەدەکرد، دەیگوت رۆحم خۆی پێم دەڵێ دەبێ لەگەڵ کێ بنووم، جا خوای دەکرد شوانێک، سواڵکەرێک، چەرچی یان پادشایەک دەبوو. ئاوای بیر دەکردەوە. من و تۆ دەکرێ لەگەڵ بۆچوونەکەی نەبین، بەڵام هەقی ئەوەمان نییە لۆمەی بکەین و بەسووکی بزانین. ئینسانە و مافی خۆیەتی چۆن دەژی. نامەوێ سەرت بێشێنم، ئاخر جار کە ئوشینم دیت، جانتایەکی بەشانەوە بوو، دەیگوت دەرۆم. یەکەم جاریش بوو بیبینم ئارایشتی نەکردبێ. بەڵام قەتیش هێندەم جوان نەهاتبووە بەرچاو. پاش بیست ساڵان کە چاوم بەتۆ کەوت، بەبێ ئەوەی خۆت بناسێنی، یەکەوڕاست ئەو  رۆژەم بیر کەوتەوە. ئاخر خەمێکی زۆر قووڵم لە روخساریدا بەدی کرد. ئەگەرچی وەک ئەکتەرێکی باش هەوڵیشی دەدا خۆشحاڵ بنوێنێ. هەر لە خۆوە هەستم کرد خەمی هەموو دنیای لەو جانتایە ناوە و بەشانیدا داوە. بە شۆخی پێم گوت: جانتاکەت چیی تێدایە؟ هەر ویستم سوعبەتێکی لەگەڵ بکەم. گوتی شتی پێویست. گوتم: ئەوە دەڕۆی بەڵام هەر کات هاتییەوە دەبێ یەکەم کەس من ئاگادار بکەیەوە. گفتی دا وا بکا. ئیدی ئاگام لێی نەما. کە ئەمڕۆش تۆ هاتی و سڵاوت کرد، تەزوویەک بەهەموو گیانمدا گەڕا. بۆ چرکەیەک هەر وەمزانی ئەوی و زەمان نەیگۆڕیوی. ئاخر بەژن و باڵاشت پێم وا نیە سەنتیمێک لە بەژنی ئەو بەرزتر یان کوتتر بێ. ئیدی ئەو رۆیشت و وەشوێن ئەو شتانە کەوت کە ناوی نابوون خەونەکانی رۆحم. پاش ئەو سیروان زۆر شکابوو. پار لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕ هەر ئەوەندەم دیت کە ئێوارەیەک چەک و رەختی لەخۆی دابوو و هاتە بەردەرگا بۆ ماڵاوایی. گوتی: ئەوە رێی هات و نەهاتە. دەڕۆم. ئەگەر هاتمەوە و چاوم پێت کەوتەوە زۆر شت هەیە بۆتی باس دەکەم، ئەگەر نەشهاتمەوە، کلیلی ماڵەکەمم لە فڵانە شوێن داناوە، دەفتەرێکی بەرگ قاوەیی لە ریزی یەکەمی کتێبەکانمدا لە تەنیشت رۆمانەکەی دۆن کیشۆتەوەیە. بیکەوە موو بە موو هەموو شتێکم تێدا نووسیوە. ماچم و کرد و رۆیشت. ئەوە دوا دیدارمان بوو. زۆری نەبرد لە کەناڵەکانەوە باسی شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگە هات و داخی گرانم ئەویشیان لەگەڵ بوو. بەڵام من نەچووم بۆ دەفتەرەکە. تەنیا چووم کلیلەکەم هێنا و دڵم بەرایی نەدا دەرگاکە بکەمەوە. ئەوەش کلیلەکە. حەز دەکەم یەکەم کەس خۆت ئەو کتێبەی باوکت بخوێنیتەوە.

گەڕان بۆ بابەت