ما 1941 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

چونە نێو هۆڵەکان بابی و دایک و براکانی بینی کە لە خەودا بوون. نیشتمان خۆی بینی کە دووکەڵەکە رایدەکێشا. هەر دەرۆشت و لایدەکردەوە. هەمیشە موسافیر دەستی بە توندی گوشی هەوڵیدا بفرێت و خۆی و نیشتمان لە دووکەڵەکە دەرباز بکات بەڵام نیشتمانی بۆ نەدەهات. دووکەڵەکە گەمارۆی دابوو و وەک گەردەلولێک، وەک گێژەڵوکەیێکی رەش نیشتمانی هەڵدەلوشی و دەیبرد. 

 

هەمیشەموسافیر (بەشی کۆتایی)

رەسوڵ سەفەریانی

وڵات لە دووکەڵی شەڕدا خەریکە دەخنکێت و هەمیشەموسافیریش نیگەرانی ئەشقەکەیەتی کە نەوەک ئاگرەکە بیگرێتەوە و، وەک هەموو هیوا سوتاوەکانی وڵات تەنیا دووکەڵێک لەدوای خۆی جێ بێڵێت. ئەو بەشانەی کە نگریسی شەڕ دایپۆشیوە و ئاڵارەشەکان دەسەڵاتیان پێیە وەک چیرۆکی کتێبە کۆنەکان دێتە بەرچاو. شارەکانی چۆڵ و بۆنی مردن کوچە و کۆڵانی پڕکردوە و سەگە بەڕەڵاکان لە مەیتە بێخاوەنەکان دەخۆن. زیندوەکانیشی تا توانیویانە هەڵاتوون و خۆیان گەیاندوەتە شارەکانیتر. ئەم شارەش وا هەمیشەموسافیر دەچێت یەکێک لەو شاری ئاوارانەیە.

بەیانی زوو لەخەو هەستا و پێش هەموو شتێک داواکەی نیشتمانی جێبەجێ کرد. ئەو داوای لێکردبوو کە قەت ریش دانەنێت و تا بۆی دەکرێت بیتاشێت. پاشان جل و بەرگی پێویستی لە جانتاکەی کۆڵی کرد و لە سەروی هەموویەوە هەورییەکەی نیشتمانی دانا لەبەر ئەوەی کە هەرکاتێک ئارەزوی کرد خێرا بەدەستیەوە بێت و دڵی تاسەباری پێ ئارام بکات. دایک و بابی ماچ کرد و خواحافیزی لێکردن ئەوانیش داوای سەرکەوتنیان لێکرد و لەماڵ دەرکەوت و رێگەی ئەو شارەی گرتە بەر.

سەرچاوەی سێهەم کە یەکێک لە دانیشتوانی ئەم شارەیە دەڵێت نازانم کە لە کەیەوە هاتبووە شارەکەی ئێمە، بەڵام یەکەم جار لە دوکانێکی بەکرێدانی خانوبەرەدا بینیم. دەگەڕا بۆ خانوی کرێ. ئەوکات من چوبووم بۆ سەردانی خاوەن دوکانەکە کە هاوڕێم بوو. هەرچەند هاتنی کەسانی نەناسراو بۆ ئەو جۆرە شوێنانە شتێکی عادییە و کەمتر سەرنج رادەکێشن، بەڵام جل و بەرگی رێک و پێک و ریشی پاک تاشراوی ئەم بڕێک سەرنجی نەخوازراوی رادەکێشای، بەڵام پاش چەند رۆژێک لەگەڵ برادەرێکی هاورێم دەگەڕام کە دیسان ئەم کابرام بینیەوە. برادەرەکەم مەرحەبایی کرد و چەن دەققەیێک پێکەوە راوێستان. برادەرەکەم لێی پرسی چیت کرد بۆ خانوو، وەڵامی داوە کە نییە زۆر زەحمەتە خەڵکی ئاوارەی زۆری تێهاتووە و خانو دەسناکەوێت.  پاش ئەوەی کە ئەو رۆشت بیرم کەوتەوە کە ئەم دەمو چاوەم لە دوکانی هاورێکەم بینیوە. لە برادەرەکەم پرسی ئەمە کێیە و تۆ چۆنی دەناسیت. ئەوەندەی کە دەیناسی و دەیزانی دەربارەی ئەو بۆمی گێراوە. وتی کە هاوپۆلی زانکۆی کوڕی بەرپرسەکەی فەرمانگەیان بووە. پاش گرتنی شارەکان بەدەس ئاڵارەشەکان ئێستا ناچار بووە دەست لەخوێندن هەڵبگرێت و بێت بۆ ئیش بگەڕێت تا بتوانێت لەم رێگاوە بیانوی باوکی خۆشەویشتەکەی ببرێت و کچەکە تەسلیم بکات و ژیانی هاوبەش دەسپێبکەن.

لە رێگەی تەلەفونەوە راپۆرتی رۆژانەی سەرکەوتنەکانی دەگەیشتە نیشتمان و ماڵی خۆیان. بابی وادی پێدابوو کە ئەگەر ئیش و خانوی دەسکەوت، ئەویش کەرەسەی پێویستی نێو ماڵەکەیان بۆ بکڕێت. وزەی ئەوین وای گوڕ  پێدابوو کە تا خانوی نەگرت سرەوتنی نەبوو. ئەو رۆژە بابی پارەی بۆ بەڕێ کرد و ئەویش شتە سەرەتاییەکانی بە هاوفکری نیشتمان جێبەجێ کرد و شتومەکە سەرەکییەکانی هێشتەوە بۆ ئەو کاتەی کە پێکەوە لەگەڵ نیشتمان بیکرن. چەن رۆژ دواتر یەکەم موچەی مانگانەی خۆی وەرگرت. ئیتر دڵی یەکجار خۆش ببوو تێلی بۆ نیشتمان کرد تا پێی بڵێت کە یەکەم موچەی وەرگرتوە . لیی پرسی بزانێت حەزی لە چییە بۆی بکرێت چون دەیەوێت هەر بەیانی بێتەوە و ئەو پشوی حەوتوە لەلای ئەو بێت. شەوکە چوەوە جانتاکەی دانا و دیاریەکەی نیشتمان و هەورییەکەی خستە نێو جاتاکە. بۆ یەکەم جار بوو کە لە ماڵێکدا کە هی خۆی بوو راکشا و کەوتە قسەکردن لەگەڵ نیشتمان. شان بەشانی لە تەنیشتییەوە راکشا بوو و سەری خستبوە سەر سنگی و ئەمیش دەستی لەنێو قژە خاوەکەیدا بوو. هەستی بە فڕینێکی بێدەنگ لە ئاسماندا دەکرد، بە بێ وەزنی، دەستی نیشتمان بە دەستییەوە هەردووکیان وەک دوو پەلی سوک دوور لە هات و هاوار و تەقە و دووکەڵی شارەکان لە ئاسمانەکاندا دەفڕین. بەسەر شارەکەی خۆیاندا تێپەڕین دووکەڵێکی رەش دایپۆشیبوو. چاویان بۆ ماڵی خۆیان و گەڕەکەکەیان دەگێڕا دیار نەبوو. تەنیا بڵێسەی ئاگر و دووکەڵ دیار بوو. نیشتمان گریا و هەمیشە موسافیر دەستی گوشی و دڵخۆشی دایەوە. پێی وت مەگری،  مەترسە من لەگەڵتام. بە خێرایی وەک دوو باڵندەی نەترس و نەسوز خۆیان بە دووکەڵەکەدا کرد و تا ماڵی نیشتمان نەوێستان. چونە نێو هۆڵەکان بابی و دایک و براکانی بینی کە لە خەودا بوون. نیشتمان خۆی بینی کە دووکەڵەکە رایدەکێشا. هەر دەرۆشت و لایدەکردەوە. هەمیشە موسافیر دەستی بە توندی گوشی هەوڵیدا بفرێت و خۆی و نیشتمان لە دووکەڵەکە دەرباز بکات بەڵام نیشتمانی بۆ نەدەهات. دووکەڵەکە گەمارۆی دابوو و وەک گەردەلولێک، وەک گێژەڵوکەیێکی رەش نیشتمانی هەڵدەلوشی و دەیبرد. هەمیشە موسافیر شوێنی کەوت و خۆی کرد بە دڵی دووکەڵدا بەڵام ئیتر نەیبینییەوە. هەستی کرد باڵەکانی وشک بوون و ئیتر ناتوانێت بفڕێت. ئازار هەموو جەستەی داگرت و هەناسەی سوار بوو خەریک بوو بخنکێت، دەیویست هاوار بکات داوای یارمەتی بکات بەڵام دەنگی دەرنەدەهات یان کەس نەبوو دەنگی ببیسێ ، کەس نەبوو بێت بە هاوارییەوە. بە تەواوی توانایەوە هاواری کرد و بەدەنگی هاوارەکەی خۆیەوە داچڵەکا و خەبەری بووەوە. ترسێکی سەیر هەموو جەستەی داگرتبوو. لەشی نیشتبوە سەر عارەقە. بۆنی دووکەڵەکە لە لوتیدا مابوو. پەلاماری تەلەفونەکەی دا کات لە نیوەشەو تێپەڕیبوو تێلی بۆ نیشتمان کرد. چەند زەنگی لێدا و وەڵام نەبوو.دایخست و وتی نیوەشەوە خەوتوە با خەبەری نەکەمەوە شێت دەبێت گوناهە، بەیانی تێلی بۆ دەکەم. هێشتا عارەقەکەی وشک نەبووبوەوە و خەوی لێنەکەوتبوو کە تێلیان بۆ کرد. بە خۆشییەوە هەڵیگرد لەدڵی خۆیا وتی ئەوە نیشتمانە، بەسەزمانەشم خەبەرکردەوە. قەیناکا دەی بڕێک قسە دەکەین و پاشان دەخەوینەوە. وتی هەلەو. دەنگی پیاوێک هات، پیاوێکی ترساو، پیاوێکی بەدەم هەڵاتنەوە، پیاوێک کە بەم نیوە شەوە بەناو هەرا هەرادا دەرۆشت. دەنگەکەی ناسی بابی بوو. وتی بابە ئەوە چییە چی بووە چی روویداوە. بابی وتی شەڕە ئاڵا رەشەکان هێرشیان کردوەتە سەرشار خەڵکێکی زۆریان کوشتوە و هەموو ئەوانەش وا موسڵمان نەبوون گرتویانن، من و دایکیشت خۆمان دەرباز کردوە و هاین بە رێگاوە. خەڵکێکی زۆر رایان کردوە.

هەمیشەموسافیر خێرا هەواڵی ماڵی نیشتمانی پرسی بابی وتی نازانم ئاگام لێیان نییە، کەس کەسی ناپەرژێت، هەرکەس توانیویەتی هەڵاتوە و ئەوەی ماوە یان کوژراوە یان گیراوە. بەپەلە لەبابی خواحافیزی کرد و خێرا تێلی بۆ نیشتمان کرد بەڵام  وادیار بوو ئەو رەقەمە داخراوە یان نەماوە.

 

لەوکاتەوە  لەسەر هەموو رێگاکان چاوەڕوانی کرد و هەموو مۆڵگەی ئاوارەکانی  خێوەت بە خێوەت  بینی و لە هەموو جیران و هاوشاریێکی پرسی و سوراغی نیشتمانی گرت، بەڵام کەس نەیبینی بوو. دواتر هەواڵەکان باسیان لە گرتن و فرۆشتنی کچانی ئەوشارەیان کرد . لەو کاتەوە هەمیشە موسافیر قەت  لە شوێنێک سەقامگیر نەبووە. لەو ئەشقەی تەنیا رەقەم تەلەفونێک و هەورییەکەی و بیرەوەرییەکانی پێیە کە لە جانتاکەی کۆڵیدا هەڵی گرتون. هەموو رۆژێک جارێک  رەقەمەکە دەگرێت و هێشتا ئێستاش بەتەمایە رۆژێک دەنگی نیشتمان لەوسەری هێڵەکەوە وزەی ژیانی پێ ببەخشێت. هەورییەکەی نیشتمان تەنیا وزەی هەنگاوەکانییەتی و تەنیا هاودەمی خەیاڵەکانی و تەنیا شاهدی ئەشقێکی بێ کۆتاییە. 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت