ما 880 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

بە گوێرەی بۆچوونی سوسیالیستەکان جیاوازییە چینایەتییەکان تەنیا کاتێک دەسڕێنەوە کە کەس مافی ئەوەی نەبێ بە شێوەی پریڤات و تاکەکەسی خاوەنی فابریک و ئامرازەکانی بەرهەم هێنان بێ و، لە جیاتی ئەمە دەبێ جەماوەر واتە هەمووان خاوەنی ئەم ئامرازانە بن. لە کردەدا ئەمە بە مانای ئەوە دێ کە دەبێ دەوڵەت خاوەنیان بێت. دەوڵەت دەبێ مشوری ئەوە بخوا هەموو کەس بە گوێرەی توانا و حەزەکانی خاوەنی کارێک بێ.

 

سیاسەت

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

زۆربەی فیلسووفەکان بە درێژایی مێژوو سەبارەت بەوەی کۆمەڵگا دەبێ چلۆن بەڕێوەببرێ، تیۆری جۆربەجۆریان داهێناوە. هەروەها فیلسووفەکان هەر هەموویان حەزیان بە دۆخی ئەو کۆمەڵگایە نەبووە وا تێیدا ژیاون. ئەم تیۆرانە دەچنە خانەی فەلسەفەی سیاسییەوە. زۆربەی ئینسانەکان بیروباوەڕی سیاسییان هەیە، لەبەر ئەوەی سیاسەت هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە.

سوسیالیزم

مرۆڤی سوسیالیست دەیەوێ هەموو مرۆڤەکان تا رادەیەکی بەرچاو وەک یەک وابن. هەڵبەت وەک یەکبوون نەک تەنیا لە بەرامبەر یاسادا، یان ئەوەی هەمووان لە سەرەتادا لە یەک دەرفەت بۆ دەست پێڕاگەیشتن بە ژیانێکی باش بەهرەمەند بن، بەڵکوو وەک یەکبوون لە بوارەکانی دیکەیش دا. لە سوسیالیزم دا وەها ژیانێک جودایە لەوەی مرۆڤ چەندە هەوڵ دەدا. لە راستیدا لەم سیستمە بەرهەم بە گوێرەی ئەم دروشمە دابەش دەکرێ "هەرکەس بە گوێرەی توانای و بە گوێرەی پێداویستییەکانی". بەم بۆچوونە دەڵێن بەرابەرخوازی، واتە Egalitarianisme.

سوسیالیزمی نوێ لە گەڵ شۆڕشی پیشەیی لە ئینگلیز سەری هەڵدا. لە سەرەتای ئەم شۆڕشە مەزنەدا بەشێکی یەکجار زۆر لە خەڵکی گوند (لەو شوێنەی وا کاری کەمی تێدا دەست دەکەوت)، بەرەو شارەکان کە تێیدا بە هۆی فابریکەکانەوە کاری زۆر هەبوو، کۆچیان کرد. لە شارەکان ئەوان لە دۆخێکی یەکجار نالەباردا ژیانیان بەسەردەبرد. چونکە خاوەن فابریکەکان پارەی چاکیان دەست دەکەوت و ژیانێکی یەکجار باش و پڕ لە ناز و نیعمەتیان بەسەردەبرد، بەشێکی بەرچاو هاتنە سەر ئەو رایە کە ئەمە ناڕوا و ناعادڵانەیە. ئەوەی کە هەندێ کەسی خاوەن فابریک دەیانتوانی وەها ژیانێکیان هەبێ بە بێ ئەوەی کاربکەن و، بەڵام ئەوانەی وا کاریان دەکرد و ئارەقیان دەڕشت دەبا وەها ژیانێکی دژوار بەسەربەرن.

لە بنەڕەتدا سوسیالیستەکان لە کرێکارەکانیان وەک تاک نەدەڕوانی، بەڵکوو وەک ئەندامی چینێکی کۆمەڵایەتی سەیریان دەکردن، واتە وەک پرۆلیتاریا (لەراستیدا پرۆلیتاریا وەک شۆڕشگێڕترین بەشی چینی کرێکاران). خاوەن فابریکەکانیش سەر بە چینێکی تری کۆمەڵایەتی واتە سەرمایەدارەکان یان بورژوازی بوون. دابەشکردنی خەڵک بە سەر چینەکاندا لای سوسیالیستەکان گرنگیی تایبەتی هەیە. ئەوان دەڵێن هەر مرۆڤێک سەر بە چینێکی کۆمەڵایتی تایبەتە بە گوێرەی ئەو رۆڵ و نەقشە ئابورییەی هەیەتی. ئەوان دەڵێن رکەبەرییەکی سروشتی لە نێوان چینە جۆربەجۆرەکاندا هەیە و، باس لەوە دەکەن کە سەرتاپای مێژووی مرۆڤایەتی بریتیە لە مێژووی شەڕی چینایەتی.

بە گوێرەی بۆچوونی سوسیالیستەکان جیاوازییە چینایەتییەکان تەنیا کاتێک دەسڕێنەوە کە کەس مافی ئەوەی نەبێ بە شێوەی پریڤات و تاکەکەسی خاوەنی فابریک و ئامرازەکانی بەرهەم هێنان بێ و، لە جیاتی ئەمە دەبێ جەماوەر واتە هەمووان خاوەنی ئەم ئامرازانە بن. لە کردەدا ئەمە بە مانای ئەوە دێ کە دەبێ دەوڵەت خاوەنیان بێت. دەوڵەت دەبێ مشوری ئەوە بخوا هەموو کەس بە گوێرەی توانا و حەزەکانی خاوەنی کارێک بێ و، هەمووان دەبێ مووچەیەکیان پێبدرێ کە لە گەڵ پێداویستییەکانیان بێتەوە.

بە گوێرەی مارکس، پێشڕەوترین تیۆریسیەنی سوسیالیستی، لە پەڕینەوە بەرەو سوسیالیزم دەبێ دەسەڵاتێکی بەهێزی دەوڵەتی بە سەر هەموو ئەو شتانەدا هەبێ کە لە کۆمەڵگادا روودەدەن، لە کاتێکدا ئامانج سڕینەوەی چینەکانە. کاتێک ئەم ئامانجە لە رێگای دیکتاتۆریی پرۆلیتاریاوە بەدەست هات، چیدی پێویست بە دەوڵەتێکی بەهێز ناکا. چونکە لە راستیدا سەرچاوەی هەموو جیاوازی و شەڕ و دژواری و پێکنەگەیشتنەکان لە جیاوازییە چینایەتییەکاندایە. کەواتە کاتێک بە سوسیالیزم دەگەین، ئیدی دەوڵەت خۆبەخۆ هەڵدەوەشێتەوە و مرۆڤ ئەوجار پێ دەنێتە کۆمەڵگایەکی بێ چین کە ناوی کۆمۆنیزمە.

سەرچاوە:

http://filosofi.no/politikk/

 

 

 

 

 

  

گەڕان بۆ بابەت