ما 2749 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

  

سەباح ڕەنجدەر

 شیعری کوردی پاڵەوانی زۆر تێدایە، بەڵام ئەستێرەی تێدا نییە. واتە: پاڵەوان تەمەنی کورتە و زوو بێ شوێنەوار دەمێنێتەوە و دەمرێت، بەڵام ئەستێرە تەمەنی درێژە و شوێنەواری لەناو کۆمەڵگا دەمێنێتەوە و وەک نموونەیەکی پڕاوپڕ بە ڕووناکییەوە دەژی.

 

 

 ڕێزگرتن لە شیعر

سەباح ڕەنجدەر

مرۆڤ، کە دەچێتە ناو مەتاھاتەوە: خۆی کارا دەکات و بەدوای خۆیدا دەگەڕێت، بە دوای خۆدا گەڕان نادیار وشیار دەکاتەوە. ئەم وشیارکردنەوەیەش کاری سرووش پێدراوە. ئەو شاعیرەی بەدوای نادیاردا دەگەڕێ، نادیار واتە: خودا، خوداش دێرینترین بوونە. گەڕان بەدوای دێرینترین بوون، گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای سەرەتاکان. واتە: ئەوکاتەی دەمارەکانی پێکھاتەی مرۆڤ ھێشتان تەواو نەڕسکابوون و جۆری خوێن ھێنان و خوێن بردنیان بەڕوونی بۆ دەستنیشان نەکرابوون، ھەروەھا دەمارەکانی زەویش لە چاوەڕوانی کار بۆ دەستنیشانکردندا بوون.

پێش کتێبە ئاسمانییەکان شیعر سەرەتای ھەستپێکردن بووە و ھەستپێکردنەکانی مرۆڤی دەستنشان کردووە و بووەتە گوتار زیندووی. (سوھراب سپێھری) دەمانباتە سەر ئەو ئاماژەیە: (ئەم کتێبە ئاسمانییەی ئێمە (قورئان) سەرەڕای لایەنە خودایی و پیرۆزەکەی، یەکێکە لە بەنرخترین شاکارە ئەدەبییە جیھانییەکان.)

ساڵی ١٩٨٠ لە ژمارە (٦٢)ی گۆڤاری (بەیان)دا شیعرێکی (نەژاد عەزیز سورمێ)م خوێندەوە بە ناوونیشانی (ھەیوە شەوێ). دوای ئەم خوێندنەوەیەمەوە، ھەرچی نووسیوە و ھەرچیشی وەرگێڕاوە خوێندوومەتەوە. کەواتە ماوەیەکی زۆرە ئەم شاعیر و وەرگێڕە ئاشنا و ڕۆشنامە و لێی بێزار نەبوویمە. دڵنیاشم تا بمێنم، ئەگەر ئەو ئەشقی نووسینە ئەو بەرنەدات، بەدوایدا بچم و دەق و وەرگێڕانەکانی بخوێنمەوە لێی بێزار نابم، چونکە شیعری ھەموو سەردەمەکانە و پردی مانەوەیان ھەیە. پرشنگەکانی شیعری ئەم شاعیرە لە کاکڵە و سروشتی ژیانی کوردستان و مرۆڤی کورددەوە ڕسکاوە و بیروبۆچوونی نامۆ و دیمەنی ناتەبای تێدا نییە، ھەروەھا چەمکی ئێستێتیکای بە مانا سنووردارەکەی وەرنەگرتووە. واتە: ڕوو و چینی یەکەمی ئێستێتیکای وەنەگرتووە. بەڵکو پەیوەندی لەگەڵ فۆرمەکانی ھەست و ئەو بیرکردنەوانەی ناوکی ئێستێتیکای بەرھەم ھێناوە دروست کردووە، لە کاکڵەوە تا توێکڵ. دۆزینەوەی ئەو چینانەی لە کاکڵەوە دروست دەبێت تا توێکڵ و چۆنیەتی پێداڕۆیشتنی. خاسیەت و پێکھاتەی شیعرەکان لە بابەتدا فرەئاستە و بابەت دەگۆڕێ، لە ھەندێک شوێنیشدا دەبێتە فرەدەنگ، بەڵام فرەدەنگییەکە بەشداری دەنگی کەسێکی تر نییە، ھەمان دەنگە، دەنگی کەسی یەکەم، بە چینێکی دەنگی وەک چینی مۆسیقا بەشداری دەنگەکە دەکات و دێتە ناو بینا و تۆڕی خاسیەت و پێکھاتەی ناوەرۆکەوە و ڕایەڵەکانی یەکێتی بابەت بە سەنگی ئاست ڕاگرتن وەردەگرێت. ئەوەندەی من ئاگاداربم تەنیا لای ئەم شاعیرە ئەو ئاست و شێوازەم بەدی کردووە.

شاعیرێکی دەمار و خوێن داچۆڕاو و درەوشاوەیە لە باسکردنی ژیانی کوردستاندا، ھەمیشەش سووکایەتی و سەرکۆنەی ئەو مارە دووکەڵبانەی، یاری تەخت و تاج، یان ھەڵپەرست و بەرژەوەندخوازان و گەندەڵییان خستووەتە ناو دەسەڵاتی کوردییەوە، کردووە. لەگەڵ ئەوەش خۆی کوڕی رێز لێگیراوی دەسەڵات بووە، بەڵام ھەمیشەش کۆششی بۆ پاراستنی کاریگەری بیری تاک کردووە و لەناو ئەو بیرە تاکانەوە خاوەن دەربڕینی کەسایەتی ئەدەبی خۆی بووە. واتە: خۆبوونی ئەدەبی خۆی سەنگ ڕاگرتوو کردووە. تەنیا کوڕی ئەم نیشتیمانە نییە. لە دەمار و خوێنیەوە نیشتیمانییە. تاکی وشیار و تەواو نیشتیمانی لە باشترین بار و بواریدا پەیوەستی خودی خۆی و داھاتووی خۆیەتی، ناھێڵێت ئەوانی دی، مافیاکانی ئەدەبی لە ناوەوە داگیری بکەن و ئاراستەی خۆبوونی ئەدەبی بگۆڕن.

 

(لە وچانێکی کورتدا

دڵم بە مەوسیمی گوڵان سپارد..

لەگەڵ ھەمووان بەخشندە..

بێبەختی دەرچوو

داوی بێبەختیی نامەردان.)

                      ل: ٣٢ دەقی: ھەندێ وردە تێبینی

        ***

(لە ژێر قوببەی ئومێددا،

چاو دەبڕینە بنمیچ

کەسمان لە حیکمەتی قیبلەنما ناگەین..

کە دێین کەسمان، سڵاوێک

تەنیا سڵاوێک،

لە چیمەنی حەوشە ناکەین

کە ھەمیشە باکگراوەندی

خۆھەڵخستن و درۆکانمانە...)

                             ل: ١٨٦ - ١٨٧ دەقی: لەژێر قوبەی ئومێددا

            ***

ئەو دەمە

مەیخانە پاڵی بەمەیخانەوە دابوو.

کەس نەیدەزانی مەرگ چییە..

گەلگامێش لە مەیخانە دادەنیشت،

سێوی بە پەلکەوە دەخوارد..

گوێی بۆ حیکایەتی

ئەو سەردەمانە ڕادەدێرا

ھێشتا نەھاتبوون.

حیکایەتی

ئەوەی پاشان،

ناوی لێنرا بێھوودەیی ...

                         ل: ٢٢٨ - ٢٢٩ دەقی: بەرپابوونەی شەو.

شیعری کوردی پاڵەوانی زۆر تێدایە، بەڵام ئەستێرەی تێدا نییە. واتە: پاڵەوان تەمەنی کورتە و زوو بێ شوێنەوار دەمێنێتەوە و دەمرێت، بەڵام ئەستێرە تەمەنی درێژە و شوێنەواری لەناو کۆمەڵگا دەمێنێتەوە و وەک نموونەیەکی پڕاوپڕ بە ڕووناکییەوە دەژی.

کۆشیعری ( ئەوەی لە دوا خوانی برایاندا نەگوترا بوو - ٢٠١٥ ) لەڕووی ناوەرۆکەوە تەواو جیاوازە لە کۆشیعری (بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم لەو کانییانەم خواردەوە - ٢٠١٠) جیھانێکی ئێستێتیکی بە خەمڵیوی ھێناوەتە بەرباس و بینین و لەسەر ئاوێکی ڕوون ھێما و ھێما بۆ کراوەکان نیشان دەدات، بەڵام وەک زمان و شێواز ھەردوو کۆشیعر تیشکدانەوەی یەکن و لەنێوانیشیاندا پێنج ساڵ ماوەی خەمڵین ھەیە. تەنیا تێگەیشتن و بینین و دەربڕین لە بارودۆخ و زانیارییەکان گۆڕاون. لەگەڵ خوێندنەوەی نوێ و سەرچاوەی جۆراوجۆردا. ئەم لێک نزیکییەی شێواز و زمانە وەک ھەڵەیەکی باو لەناو ئەدەبی کوردیدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ھەندێک جار بووەتە حوکمی ناڕەواش بەسەر داھێنەرانەوە. بە پێچەوانەوە ئەم تیشکدانەوەی شێواز و زمانە ڕوویەکی زۆر سەرکەوتوو نیشاندەدەن. کەم شاعیر دەگاتە ئەم پلە و بارە پێگەیشتووە. ئەمەش ئەوەیە شاعیریەتی پێگەیشتووە و شێوازێک بووەتە (ناوەند)ی. نووسەرێک، کە ناوەندێکی بۆ دروست بوو، نزیک بووەتەوە لە تەکامڵ. لەو ناوەندەدا پرشنگەکانی ھەستپێکردن ڕادەکێشێتە ناو بیر و لێکدانەوە و دەربڕینی خۆبوونی ئەدەبی خۆی. ئەو شاعیرانەی ناوەندێکیان بۆ دروست نەبووە و زوو زوو لە شێوازێکەوە دەپەڕنەوە شێوازێکی تر. ئەوانەن نەگەیشتوون بە ناوەند و شێواز گۆڕینیشیان ھەستی دوای خوێندنەوەیە و نەگەیشتوون بە خۆبوونی ئەدەبی خۆیان.

من شەش منداڵم ھەیە. دوای خوێندنەوەیەکی پڕاوپڕ، ھەندێک کۆشیعر بەقەد ژمارەی منداڵەکانم ماچ دەکەم. ئینجا لە دڵەوە ڕێزی لێدەنێم و لەناو کتێبخانەکەمدا لە شوێنی شیاوی خۆی دادەنێم.

لە کتێبخانەکەمدا سێ خانەم بۆ شیعر تەرخان کردووە :

خانەی یەکەم: شاعیرانی داھێنەر.

خانەی دووەم: شاعیرانی نیمچە داھێنەر، ئەوانەی دێڕ و کۆپلەی شایەن بە خوێنەوەیان ھەیە، دێڕ و کۆپلەکانیش لە تراژیدیایەکەوە ھەڵقوڵاون، نەک لە ڕامان و لێ ورد بوونەوەی شاعیرانە.

خانەی سێیەم: شاعیرانی ھیچ لەبار نەبوو، ئەوانەی پاشخاپەرۆکی شیعری کوردین.

برازا و خوشکزا و  کەس و کار و ھەر ئاشنا و ڕۆشنایەکم، کە دێنە ماڵم داوای کتێبم لێدەکەن. ھەمیشە کۆشیعرەکانی خانەی سێیەمیان دەدەمێ. ئەگەرچی ھەر کتێبێک پەیوەندی بە شیعرەوە ھەبێت. بێ یەک و دوو دەیکڕم. ئەگەر بزانم خراپترین کتێبیش بێت. وەک ڕێزێک بۆ شیعر لە خانەی سێیەمی دادەنێم و چاوەڕوانی ئەوە دەبم لە دەرفەتێکدا بیبەخشم. بە پێبەخشراویش دەڵێم: کتێبێکی پڕوپووچ و بێ مانا و گەندە و بێ نرخ و پاشخاپەرۆکە.

ئەم کۆشیعرەی نەژاد عەزیز سورمێ ( ئەوەی لە دوا خوانی برایاندا نەگوترا بوو ) ھێزی کاریگەری خۆی دەرخست و لە درەنگانێکی شەودا بەقەد ژمارەی منداڵەکانم ماچم کرد و بۆ رێزلێنان لە داھێنان لە خانەی یەکەمم دانا، دڵنیاشم ناوە ناوە دەگەڕێمەوە سەری و خاڵی لێکچوواندن و جووڵەی کاتی ئایندەی بەپیتتری لێ دەدۆزمەوە.

 

 

کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ ھەولێر

گەڕان بۆ بابەت