ما 6014 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

میمنۆن کاس و وڕ، دڵشکاوی خەفەت و ئازار، بە ناهومێدی بەرەو ماڵ دەگەڕیتەوە. لە چوونە ژوورەوەیدا کۆمەڵێک ئەفسەر کە خەریکبوون کەلوپەلی ماڵەکەی بە قازانجی خاوەن قەرزەکانی دەبردەدەر، پاڵی پێوە دەنێن بۆدەرەوە؛ میمنۆن وەکوو مردوو لە بن دارچنارێک لیێ دەکەوێ. بەیانی لەوێ ئەو خانمە جوانکیلەی دەبینێ لەگەڵ مامە خۆشەویستەکەیدا لە پیاسەدان؛... شەو کە نزیک دەبێتەوە، میمنۆن جێ خەوێک لە پووش و پەڵاش لای دیواری ماڵەکەی بۆخۆی ساز دەکا. 

 

میمنۆنی فیلۆسۆف یان ژیریی مرۆڤ

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

رۆژێکیان میمنۆن کەوتە سەری ببێتە فیلۆسۆفێکی گەورە.کەم نین ئەو کەسانەی رۆژێک لە رۆژانئەم بیرۆکە شێتانەیە بە شێوەیەک لە مێشکیانا دروست نەبێ. میمنۆن بە خۆی دەڵێ، بۆ بوون بە فیلۆسۆفێکی باش و گەیشتن بە بەختەوەری، بێجگە لە وازهێنان لە حەز و ئارەزووەکانم، پێویستیم بە کردنی شتێکی تر نییە؛ خۆ هەموو کەس ئەمە ئەزانێ و کاریش لەمە ئاسانتر نییە.لە یەکەم هەنگاودا،قەت نابێ دڵداری بکەم؛ کاتێک ژنێکی جوان دەبینم، بەخۆم بڵێم، رۆژێک دێت ئەم روومەت و کوڵمە سوورانە چرچ و لۆچ دەبن،  رەنگێکی سووری ئاڵ دەوری ئەو چاوانە لەخۆدەگرێ، ئەو سینگ و مەمکانە شل و شۆڕ دەبنەوە، ئەو سەرەش مووی دەڕژی و دەکەوێتە لەرزین. ئەمانە کە لە داهاتوودا دەردەکەون، هە لە ئێستادا بیانهێنمە بەرچاوی خۆم؛ ئیتر بە دڵنیاییەوە روخسارێکی جوان قەت گومرام ناکا. لە دووهەم هەنگاودا، دەبێ هەمیشە میانەڕۆ بم. بێهوودەیە خۆم دڵخۆش بکەم بە خواردنەوەی شەراب و شتە سەرنجڕاکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە.تەنیا دەبێ، ئاکامەکانی ئەم زیادەڕەویانە بهێنمە بەرچاو، وەکوو سەرئێشە، قێزلێهاتنەوەی ورگ و گەدە، لەدەستچوونی هێزی بیرکردنەوە و لەش ساغی و بە فیڕۆدانی کات. ئەگەر دەبێ خواردن بخۆم ، لەبەر ئەوەیە وزەی لەدەستچووی لەشم قەرەبوو بکەمەوە؛ ئەوجا هەمیشە لەشم ساغ دەبێ و بیرکردنەوەکانیشم خاوێن و روون دەبن. هەموو ئەمانەش ئەوەندە ئاسانن بەدیهێنانیان لێهاتووییەکی وای ناوێ.

میمنۆن دەڵێ، لەبەر ئەمەیە،دەبێ نەختێک بیر لەوە بکەمەوە کە چۆن ماڵ و سامانەکەم رێکوپێک بکەم؛ چونکە، ویستەکانم سنووردارن وسامانەکەیشم لەلای سەرۆکی گشتی بانکی نەینەوا پارێزراوە. من ئەوەندەم هەیە کە سەربەخۆ پێی بژیم؛ ئەمەش گەورەترین خەڵاتی خوایە. قەت ناچمە ژێرباری چوونی زۆرەملی بۆ  گۆڕەپانی سەما: قەت ئیرەیی بەکەس ناکەم، کەسیش بە من ئیرەیی  ناکا؛ ئەمانەش هەموو ئاسانن.ئەو درێژە بە قسەکانی دەدا و دەڵی: هاوڕێیانێکم هەن، من ئەم هاوڕییانە رادەگرم، چونکە جیاوازی لە نێو ئێمەدا نییە؛ هەرگیز کاردانەوەیەکی نادروستم نابێ ببێ بەرانبەر بە شتێک کەئەوان رەنگە بیڵێن یان بیکەن؛ ئەوانیش هەر بەم شێوەیە لەگەڵ منا دەجووڵینەوە، هیج دژوارییەکیش لە هەموو ئەمانەدا نییە.

لە ئاکامدا میمنۆن، پلانە چکۆلە فەلسەفیەکەی خۆی دەخاتە نێو سندووقەکەیەوە  و سەر لە پەنجەرەوە دهێنێتە دەر. دوو ژن لە ژێر سوورەچنارەکانی نزیک ماڵەکەیدا پیاسەیان دەکرد. یەکیان بەتەمەن بوو، زۆر ئارام و هێدی دەهاتە بەرچاو. ئەویتریان گەنجێکی شۆخ و باڵا جوان  بەڵام پەرێشان و ئاڵۆزاو بوو، ئاهی هەڵدەکێشا و فرمێسکی هەڵدەڕشت، هەر لەبەر ئەمەش جوانتر دەینواند. ئەم دیمەنە کاری کردە سەر فیلۆسۆفەکەمان ، بەدڵنیاییەوە ئەمەش نە لەبەر جوانێتی ئەم  ژنە، (چونکە  تەواو سووربوو لەسەر ئەوەی ئەم جۆرە دیمەنانە هەستی نەگۆڕێ ) بەڵکو لەبەر ئەو دڵتەنگییە بوو کە لەو ژنەدا بەدیی دەکرد. میمنۆن لە پلیکانەکان هاتە خوار و بە مەبەستی دڵنەوایی کردن بە فەلسەفە، لەم ژنە نەینەواییە نزیک بۆوە. ژنەکە بەبێ پێچ و پەناو بەشێوەیەکی زۆر هەست بزوێن، ئەو ئازار و ستەمانەی گێڕایەوەکە لە لایەن مامەکەیەوە لێی کراوە؛بە چ فڕوفێڵێکیشئەمی لە خاوەنێتی موڵک و ماڵەکەی بێبەش کردوە و بە چ توندوتیژیەکی درۆزنانەش ترساندوویەتی. ژنەکە وتی: " وابزانم ئەتۆ پیاوێکیزانا و ژیری، ئەگەر گەورەیی بکەی و بێیە ماڵمو لە کاروبارم ورد ببیەوە، دڵنیام دەتوانی لەو گێژاوەی کە ئێستا منی تێدام دەرم بێنی." میمنۆن بەبێ دوودڵی دوای کەوت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فیلۆسۆفانە لە کێشەکانی بکۆڵێتەوە وئامۆژگاری بکا.

ئەم ژنە رەنجەڕۆ و داماوە،  لە ماڵەکەیدا، بەڕێزەوە فیلەسوفەکەمانی بردە ژوورێکی بۆنخۆش. لەوێ لە سەر قەنەفەیەکی گەورە، قاچ لەسەر قاچ بەرانبەر بەیەک بۆ گفتوگۆ دانیشتن؛ یەکیان پەرۆشی گێڕانەوەی چیرۆکەکەی و ئەویتریان تامەزرۆیبیستنی ئەم چیرۆکە.ئەم خانمە لەکاتی قسەکرداندا چاوەکانی دادەخست،  جارجاریش فرمێسکێکیانلێ دەڕژایە خوار،هەر جارێکیش بیوێرایە چاو هەڵبڕێ، چاوی لە چاوی میمنۆنی زانا دەچەقی. ئاخافتنەکەیان پڕبوولە بەزەیی و هەست و سۆز، ئەم حاڵەتەش ئەوەندەی تر زیادی دەکرد، کاتێک کە چاویان لێک هەڵدەئەنگوت. میمنۆن هەموو قسەکانی بەدڵەوە وەرگرت و سات بە ساتیش ئارەزووی زۆرتر دەجووڵا، بۆ یارمەتیدانی  کەسێکی وا داوێن پاک و ناشاد.وردەوردە لە گەرمەی قساندا، رووبەڕوو دانیشتن کۆتایی پێهات؛ ئەوان لە یەک نزیک بوونەوە؛ ئیتر قاچیشیان لەسەر قاچ نەما. میمنۆن لە نزیکەوە راوێژی وای لەگەڵ دەکرد و ئامۆژگاری واهەست ناسکانەی دەکرد، کە ئیتر هیچکامیان نەیاندەتوانی بزانن باس لە چی دەکەن یان خەریکی چین.

رەنگەئاسان بێ بەخەیاڵدا، لەم کاتە خۆش و هەستیارەدا،کێ بێ بێتە ژوور، بێجگە لە مامەکەی؛مامۆیسەرتاپێ پڕچەک، کە هات، یەکەم شتکە وتی، ئەوە بوو مافی رەوای خۆیەتی هەر ئێستائەم میمنۆنە زانا و کچە برازایەی بکوژێ؛کەچی ئەو کچەکەی بەردا کە بڕوا، چونکە دەیزانی ئەم کارەی هەل ئەڕەخسێنێ بۆ بەخشینی پارەیەکی زۆر و بڕینەوەی کێشەکەیان. میمنۆنیش ناچار بوو سەلامەتیی خۆی، بە هەرچی کە پێی بوو، بکڕێتەوە.لەو رۆژانەدا خەلک خۆشحال بوون بەوەی وا ئاسان لەدەست ئەم کێشانە رزگاریان دەبوو. ئەوکات قاڕڕەیئامریکا نەدۆزرابۆوە و ژنانی لێقەوماو وەکوو ئەمڕۆ لە مەترسیدا نەبوون.

میمنۆن ئالۆز و شەرمەزار گەیشتەوە ماڵ؛ لەوێ کارتێکی بانگ کردنی بینی، لەگەڵ چەند کەسێک لە هاوڕێ نزیکەکانی بانگ کرابوو بۆ نان خواردنی شەو. ئەو بە خۆی گوت، ئەگەر بە تەنیا لە ماڵ بمێنمەوە، مێشکم بەم رووداوە ئازاردەرەوە خەریک دەبێ و هیچم بۆ ناخورێ و تووشی نەخۆشی دەبم. بۆیە ژیرانەیە بچمە لای هاورێ نزیکەکانمو بە خواردنێکی کەم لەگەڵیانا بەشدار بم. بەڵکوو لە هاودەمیی شیرینی ئەواندا ئەو کارە کەرانەیەی ئەمڕۆ بەیانی فەرامۆش کەم. لە ئاکامدا چوو بۆ ئەو کۆبوونەوەیە؛ هاوڕیکانی هەستیان پێکرد کە میمنۆن بە شتێک ناڕەحەتە، بۆیە بۆ لەبیربردنەوەی ئەم ناڕەحەتییە شەرابیان پێ خواردەوە. میمنۆنی فیلەسوف لای خۆی وای لێکدایەوە کە: خواردنەوەی نەختێک شەراب، دڵی خوا و مرۆڤ هێور دەکاتەوە.بەمجۆرە سەرخۆشیش بوو. بەدوای خواردندا، یاری هاتە پێش. تاوێک یاری لەگەڵ یەکێک لە هاورێ نزیکەکانیدا، رابواردنێکی بێزیانە. لە  یاری کردنیشدا، هەرچی لە گیرفانیدا بوو دۆڕاندی، چوار ئەوەندەی ئەوەی بەڵێنی دابوو. لەسەر بارو دۆخی یارییەکە کێشە هاتە پێش، مشتومڕ گەرم بوو. دانەیەک لە هاوڕی نزیکەکانی مۆرەیەک دەخا بۆ سەری، مۆرە بەر چاوی دەکەوێ و چاوێکی کوێر ئەکا. میمنۆنی زانا،سەرخۆش بە تەنیا چاوێک و گیرفانی بەتاڵ،دەبرێتەوە بۆ ماڵەکەی.

ئەو بۆ دەرچوونی گێژی و وڕی هەرزەییەکەی لە سەری، شەو لە دەرەوە دەنوێ، کاتێک نەختێک سەری سووک دەبێ و ئاگای دێتەوە بەرخۆ، نۆکەرەکەی دەنێرێ بۆ لای سەرۆکی گشتی بانکی نەینەوا، هەندێک پارە وەرگرێ بۆ ئەوەی قەرزی هاوڕێکانی بداتەوە. نۆکەرەکەی دەگەڕیتەوە و ئاگاداری دەکا کە هەر ئەو بەیانییە سەرۆکی گشتی بانک بە هۆکاری ساختەچییەتی  نابووت بووە و لەبەر ئەمەش سەد بنەماڵە تووشی ناهومێدی و نەداری بونەتەوە. میمنۆن مۆمینەیەکدەخاتە سەر چاوی و سکاڵانامەیەک دەنێتە گیرفانی ودەچێ بۆ کۆشکی شا داوا بکا، لە دژی بانک دادی بدا.لە دیوەخانی شا تووشی ژمارەیەک خانمی رووخۆش و بەدەماخ دەبێ، لە دەوری بازنەیەکی بیست و چوار پێییدا بە لارولەنجە دێن و دەڕۆن. یەکێک لەوانە کە نەختێک دەیناسێ، بە تیلەی چاو سەیری دەکا و بە دەنگی بەرز هاواردەکا:  " وەی لەو دەعبا ناشیرینە!" یەکی دیکەیان کە باشتر دەیناسی، بەمجۆرە بانگی لێ کرد، "بەیانیت باش بەڕێز میمنۆن، هیوادارم باش بیت. بەڕاستی بەڕێز، ئەو چاوەت چۆن لەدەست دا؟" هەر خێراش بێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵام بێت، پشتی تێدەکا و دەڕوا. میمنۆن خۆی لە پەنایەک دەشارێتەوە و چاوەڕوانی ئەو کاتەی دەمێنێ، کە بتوانێ خۆی بخا بەسەر کەوشەکانی شادا. سەرئەنجام ئەو کاتە دەگا، سێ جار خاکی بەر پێی شای ماچ دەکا و سکاڵاکەی پێشکەش دەکا. شای دلۆڤان بەباشی وەریدەگرێ و نامەکەی دەداتە یەکێک لە فەرماندارەکانی، کە ئەو پارەیەی بدەنەوە.فەرماندار،  میمنۆن دەکێشێتە لاوە و بە فیزێک و بە زەردەخەنەو تەوسەوە پێێ دەڵێ ، " گوێ بگرە یەکچاو، تۆ دەبێ سەگێکی سەیر بێ، بەرلەوەی بێیتە لای من خۆت دەگەیێنیتە لای شا؛ زیاد لەوەش شکایەت ئەکەی لە کەسێکی بەراستی مایەپووت،  کە من شانازی پاراستنی ئەوم هەیە و برازای خزمەتکاری ژنەکەی منە.باشترە لەوە زیارتر لەسەری نەرۆی، ئەگەر دەتەوێ ئەو چاوەساغەت بۆ بمێمێتەوە.

بەمجۆرە، میمنۆن کە لە سندووقەکەیدا بڕیاری دابوو، لە خۆشی رابواردن لەگەڵ ژنان دەستهەڵگرێ و زیادەڕەوی لە خواردن نەکا و لە قومار و شەڕ کردن خٶبپارێزێ و بەتایبەت بڕیاری دابوو قەت نەچێتە دادگا، لە ماوەیەکی کورتی بیست و چوار سەعاتەدا، بە ژنێکی جوانکیلە هەلخەڵەتا و رووت کرایەوە، سەرخۆش بوو، قوماری کرد و چاوێکی لە  شەڕدا لە دەست دا، چووە دادگایش، لەوێ گاڵتە و سووکایەتیشی پێکرا.

میمنۆن کاس و وڕ، دڵشکاوی خەفەت و ئازار، بە ناهومێدی بەرەو ماڵ دەگەڕیتەوە. لە چوونە ژوورەوەیدا کۆمەڵێک ئەفسەر کە خەریکبوون کەلوپەلی ماڵەکەی بە قازانجی خاوەن قەرزەکانی دەبردەدەر، پاڵی پێوە دەنێن بۆدەرەوە؛ میمنۆن وەکوو مردوو لە بن دارچنارێک لیێ دەکەوێ.بەیانی لەوێ ئەو خانمە جوانکیلەی دەبینێ لەگەڵ مامە خۆشەویستەکەیدا لە پیاسەدان؛ هەردوویان بە بینینی میمنۆن مۆمینەیەک بەسەر چاویەوە بەدەنگی بەرز پێێ دێنە پێکەنین.شەو کە نزیک دەبێتەوە، میمنۆن جێ خەوێک لە پووش و پەڵاش لای دیواری ماڵەکەی بۆخۆی ساز دەکا. لە جێگەدا لەرز و تا دایدەگرێو خەو دەیباتەوە. لە یەک لەم هێرشی  لەرز و تایانەدافرێشتەیەکی ئاسمانی دێتە خەوی.سەر تا پای ئەم فریشتەیە نووری لێ دەباری: ئەو شەش باڵی جوانی هەبوو، کەچی قاچ و سەر و کلکی نەبوو، لە هیچ شتێک نەدەچوو.      میمنۆن پێی گوت: "ئەتۆ کێی؟" ئەویش وەڵامی دایەوە: "فریشتەی پارێزەری تۆم"

میمنۆن وتی، "کە وایە چاو و سڵامەتی و سامان و عەقڵم بۆ وەگەڕێنە." دوایی بۆی باس کرد کە چۆن هەموو ئەمانەی بە رۆژێک لە دەست داوە. فریشتە وتی: "ئەمانە رووداوێکن لەو دنیایەی ئێمەی لێ دەژین قەت روو نادەن."

میمنۆنی گیرۆدەی ئازار دەڵێ: "ئەتۆ لە کامە دنیا دەژییت؟" فریشتە دەڵێ: "وڵاتەکەی من پێنجسەد میلیۆن فرسەخ لە خۆرەوە دوورە، ئەوەتا لە ئەستێرەیەکی چکۆلەی نزیک بە هەسارەی کاروان کۆژەوە، لێرەوە تۆ دەتوانی بە چاو بیبینی."

میمنۆن دەڵێ: "چ وڵاتێکی خۆشە! بەڕاستی لەوێ ژنێکی هەرزەی لێ نییە پیاوێکی ساویلکە هەڵخەڵەتێنێ، هاوڕێیەکی نزیکی لێ نییە پووڵەکانت لێ بەرێتەوە و چاوێکت لە کار بخا، پیاوێکی ساختەچی و نابووتی لێ نییە، فەرماندارێکی لێ نییە گاڵتەت پێ بکا و نەهێڵی بچیتە دادگا،  مافی خۆت داوا بکەی؟"

ئەو دانیشتووی ئەستێرەیە وتی: "نەخێر، ئەم شتانەی تۆ باسیان دەکەی لای ئێمە نییە؛ ئێمە قەت بە ژنان هەڵناخەڵەتێین، چونکە ژن لە نێوماندا نییە؛ ئێمە قەت لە خواردن زیادەڕەوی ناکەین، چونکە نە دەخۆین و نە دەخۆینەوە؛ ئێمە کەسی نابووت و مایەپووتمان لە نێودا نییە، چونکە لای ئێمە نە زێڕ هەیە نە زیو؛ چاومانیش ناتوانێ لەکار بکەوێ، چونکە لەشی ئێمە لە شێوەی لەشی ئێوە نییە؛ فەرماندارەکانیش قەت بێدادی و ناڕەوایی ناکەن، چونکە لە دنیای ئێمەدا هەموومان وەک یەکین."

میمنۆن وتی: "وەی، خوایە گیان، بەبێ ژن و بەبێ خواردن ئەی چۆن ژیان بەسەر دەبەن؟" فریشتە وتی: "بە چاودێری کردنی ئەو دنیایانەی تر کە بە ئێمە سپیردراون؛ ئێستەش بۆیە هاتووم دڵخۆشیت بدەمەوە."

میمنۆن وتی: "مخابن! ئەی بۆ دوێنێ نەهاتی لەم هەموو هەڵەشەییە بمگێڕیەوە؟" ئەو فریشتە ئاسمانییە وتی: " لای براگەورەکەت حەسەن بووم. ئەو زیاتر لە تۆ پێویستی بە دڵنەوایی کردن و دڵخۆشیدانەوە هەیە. خاوەن شکۆی دلۆڤان پادشای هیندووستان، کە حەسەن شانازی خزمەتکاریی لە دەرباری ئەودا هەیە، لەبەر هەندێک کاری بەهەڵەشەی بچووک، مەحکووم بووە هەردوو چاوی دەربێنن؛ ئێستەش دەست و پێ زنجیرکراو وا لە بەند دایە.

میمنۆن وتی: "بەڕاستی شتێکی خۆشە، لە بنەماڵەیەکدا فریشتەیەکی پارێزەر هەبێ، لە کاتێکدا لە دوو برا یەکیان لە چاوێکدا کوێرە و ئەویتریان لە هەردوو چاودا: یەکیان لەسەر پووش و پەڵاش پاڵئەکەوێ و ئەویتریان لە زیندان."

فریشتە وتی: "چارەنووست بەم زووانە دەگۆڕدرێ، ئەمەش بزانە چاوت قەت چاک نابێتەوە، مەگەر رازی بی بەوەی قەتبیری بوون بە فیلۆسۆفێکی تەواو، نەکەوێتە کەللەت.

میمنۆن وتی: "کەوایە ئەمە هەر نابێ؟"

"نەخێرنابێ، هەروەک چۆن نابێ خێرا ببیە پیاوێکی تەواو ژیر و زانا، تەواو ساغ و بەهێز، تەواو بەدەسەڵات یان تەواو بەختەوەر. ئێمە خۆیشمان زۆر دوورین لەوە. لە راستیدا دنیایەک هەیە لەوێ هەموو ئەمانە دەکرێ ببن؛ بەڵام لەم سەدهەزار میلیۆن دنیایەی کە لە بۆشایی ئەم ئاسمانەدا بڵاون, هەر شتێک بەرە بەرە و وردە وردە دەچێتە پێش و ئەگاتە ئەنجام.خۆشی و ئارامییەکی کەمتر هەیە لە دووهەم جاردا تا یەکەم جار، هەروەها لە سێهەم جاردا کەمترە تا دووهەم جار، هەر بەم پێوانە تا دوایین پلە. لە دوایین پلەدا ئیتر هەموو شتێک گێلانەیە.

میمنۆن وتی: "دەترسم کە، ئەم زەوییەخڕە چکۆلەی ئێمە، شێتخانەی ئەو سەدهەزار میلیۆن دنیایە بێت کە خواوەندکەی تۆ ئەو شانازییەی بە من داوە قسەیان لەسەر بکەم.

 "نەک تەواو،" فریشتەکە وتی. "بەڵام بەم زووانە هەموو شتێک دەبێ بکەوێتە سەر جێگا و رێگای دروستی خۆی."  " کەوایە ئەو شاعیر و فیلۆسۆفانەی کە پێمان دەڵێن هەموو شتێک لە باشترین رەوشی خۆی دایە، لە هەڵە دان؟"  "نەخێر، ئەوان راست دەکەن، ئەگەر ئێمە هەموو شتێک لە پلەی گەشەسەندووی خۆیدا و لە پەیوەندی هەموو ئەم گەردوونەدا لەبەر چاو بگرین."

میمنۆنی داماو وتی: "قەت باوەڕ بەمە ناکەم تاکوو چاوم چاک نەبێتەوە."

 

ژێرنووس:

فرانسە

ڤۆڵتێر ١٧٧٩ـ ١٦٩٤

ڤۆڵتێر ساڵی١٦٩٤ لە پاریس هاتۆتە دنیا. لە خوێندنگەی jesuit چۆتە بەرخوێندن. لە سەرەتای لاوەتیدادەستیکردوە بە نووسینی شیعر. ئەگەرچی باوکی پێیخۆشبوو یاسا بخوێنێ، بەڵام ڤۆڵتێر دەستی لە شیعر نووسین هەڵنەگرت. لەبەر ئەوەیش کە، لە شیعرەکانیدا خراپەی خەڵکی دەگوت و  ناوی دەزڕاندن، زۆر جار خرایە زیندان یان لە وڵات دوور خرایەوە. بەشێکی باشی ژیانی لە دەرەوەی فرانسە بردە سەر. بۆ زیاتر لە نیو سەدەیش، ڤۆڵتێر، لە رێگای نووسینی شانۆنامە و مێژوو، نامیلکە و چیرۆک و تەوس و تیزکردنەوە(طنز)، بەسەر ژیانی فیکری و هونەریی ئەوروپادا زاڵ بووە. ڤۆڵتێر یەکێک بوو لە گەورەترین نووسەرانی فڕانسە و یەکێکیشە لە کاریگەرترینی بیرمەندان و هزرڤانانی چەرخەکانی نوێ. ئەو چیرۆکانەی ئەو نووسیونی ـ کە ژمارەکەشیان کەم نین ـ هەموو فەلسەفی و تەنزن کە خراونەتە قالبێکی چیرۆکبێژییەوە.                      میمنۆنmemnon کە وەک چیرۆکێکی فەلسەفی بەناوبانگە، دانەیەکە لە بەهێزترین تەنزەکانی ڤۆلتێر. نەشزانراوە کی ئەم چیرۆکەی کردوە بە ئینگلیسی.

 

 

گەڕان بۆ بابەت