ما 5950 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

 

دوڕگەیەک وا لەوپەڕ ئورتیگیاوە ــــ لەوانەیە ناوی گەیشتبێتە گوێت ــــ ئەو شوێنەی خۆری لێ دەگەڕێتەوە. ئەم دوڕگەیە هەرچەندە زۆر بەرین نییە، بەڵام شوێنێکی زۆر جوانە. پرە لە مێگەل و باڵندە و گەنم و شەراب. لێرە کەس بەرەوڕووی برسییەتی و نەخۆشییی کوشندە نابێتەوە، هەر کە پیاو پیر بوو، ئاپوللۆی کەمان زێڕین، لەگەڵ ئارتمیس دێ و بە هێواشی بە ڕمەکەی دەیکوژێ. 

 

چیرۆکی ئومەوس

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

 

یۆنانی کۆن

هومێر

نزیکەی ١٠٠٠ساڵ پ.ز

دەرکەوتنی ناوی هومێر بۆ یەکەمجار, دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش لەدایکبوونی مەسیح. بەڵام ئەمە کە هومێر کەی ژیابێ،  یان خۆ لە راستیدا، ئایا هەر بوونی هەبووبێ، مەتەڵ گەلێکن هەتا ئەمرۆکە هەڵنەهاتوون. لەوانەیە ئیلیاد و ئۆدیسەی‌ هەزارساڵ بەر لە سەردەمی مەسیح هەڵبەسترابێتن.

کورتە چیرۆک، وەک ئێمە ئەیزانین شێوەیەکی ناسراوی وێژە و ئەدەب نەبوە، بەڵام چیرۆکی ئومەوس  لە ئۆدیسەیدا دەتوانی نموونەیەکی بەرز لەم بوارەدا بێت

 شوانێکی بەرازان ئەم چیرۆکەی بۆ ئودیسیوس گیڕاوەتەوە

ئەم دەقەش کە لە بەردەستدایە، کورتکراوەی سێ جۆر گێڕانەوەیە کە نووسەر لە پەخشانێکی سادەدا بە زمانێکی ئاسایی بۆمان ئەگێڕێتەوە.

سەرچاوەکەیشی هیچ ناو و نیشانێکی لەسەر نەبوە.

چیرۆکی ئومەوس

دوڕگەیەک وا لەوپەڕ ئورتیگیاوە ــــ لەوانەیە ناوی گەیشتبێتە گوێت ــــ ئەو شوێنەی خۆری لێ دەگەڕێتەوە. ئەم دوڕگەیە هەرچەندە زۆر بەرین نییە، بەڵام شوێنێکی زۆر جوانە. پرە لە مێگەل و باڵندە و گەنم و شەراب. لێرە کەس بەرەوڕووی برسییەتی و نەخۆشییی کوشندە نابێتەوە، هەر کە پیاو پیر بوو، ئاپوللۆی کەمان زێڕین، لەگەڵ ئارتمیس دێ و بە هێواشی بە ڕمەکەی دەیکوژێ. دوو دانە شار، زەوییەکانی ئەم دوورگەیان لە نێوان خۆیاندا بەش کردوە. باوکم، ستەسیوس، کوڕی ئورمەنیوس، نیوە خوا و شای هەموو ئەم دوڕگە بوو.

فەنیقییەکان کە دەریاگەڕ و بازرگانێکی چاوبرسی بوون، لە کەشتییە رەشەکانیانا زۆر شتیان دەهێنایە ئێرە. ژنێکی فەنیقی بآڵابەرز و خوێن شیرین، بەتوانا لە دروستکردنی شتی جوان جوان، لە کۆشکەکەی باوکمدا بوو. فەنیقییەکان ئەم ژنەیان بە فڕوفێڵ و زۆڵیەتی فریو دابوو.

کاتێک ئەم ژنە لە نزیک کەشتییەکی خاڵییەوە، خەریکی جل شتن ئەبێ، یەک لەو فەنیقییانە لە خشتەی بردبوو؛ حەز بەنزیکی، زۆر ژنان  ئەخەڵەتێنێ، تەنانەت نەجیبترینیشیان. فەنیقییەکە لێی دەپرسێ کێیە و خەڵکی کام سەرزەمینە، ئەویش یەکڕاست کۆشکە بەرزەکەی باوکمی نیشان ئەدا و دەڵێ، "خەڵکی سەیدوونم، ئەو وڵاتەی کە برۆنزی زۆرە و کچی  ئاریباسی دەوڵەمەندم . کاتێک لە مووچەی دەگەڕامەوە، تافیانەچەتەکان، گرتیانم و هێنایانم بۆ ئەم وڵاتە و بە نرخێکی گران فرۆشتیانم بەم خاوەنەی ئێستامە." پاشان ئەو کەسەی کە لە خشتەی بردبوو، لە وەڵامدا وتبووی، "لەگەڵمان ئەگەڕێیتەوە بۆ وڵاتەکەت بۆ بینینی کۆشکەبەرزەکەی باوکت و دیتنی دووبارەی دایکت؟ ئەوان  ئێستاش هەر ماون و بەناوبانگن لە دەوڵەمەندیدا." ژنەکە وەڵامی دابۆوە و گوتبووی، "ئەرێ، بەو مەرجەی ئێوە مەلەوانان سوێندم بۆ بخۆن بە سڵامەتی بمگەیەننە ماڵەوە،" بەوجۆرەی ئەو گوتبووی دەریاگەڕانیش سوێندیان بۆ خواردبوو. دوای سوێند خواردن، ئەو ژنە پێی وتبوون: "ئێستە هیچ مەڵێن؛ کاتێک لە خیابانیشدا دەمبینن، با کەس قسەم لەگەڵ نەکا، تەنانەت لەسەر کانیش، نەکوو قسەکە بدرکێ و بگاتەوە بەو پیرەمێردە، ئەویش لە من بەگومان کەوێ و توند بمبەستێتەوە و ئێوەش هەمووتان بکوژێ. بەڵام ئەم پلانەتان لەبیر نەچێ، خێرا بن لە هێنانی بار بۆ سەفەری گەڕانەوە بەرەوماڵەوە. کە کەشتییەکەتان تەواو بار کرا، زوو کەسێک بنێرن بۆ کۆشک بەدواما، من لەگەڵ خۆما زێڕ دەهێنم، هەرچی کە دەستم بگا، بێجگە لەوە شتی تریش هەیە، لەگەڵ خۆمی بهێنم: من ئاگاداری لە مناڵێکی خاوەنەکەم دەکەم، کوڕێکی خوێن شیرین، هەمیشە بەدوامەوەیە؛ ئەویش لەگەڵ خۆم دەهێنم بۆ کەشتییەکە. ئەو نرخێکی زۆر ئەکا ئەگەر بەخەڵکانێک کە بە زمانێکی تر قسە دەکەن، بیفرۆشن.

دوایی گەڕایەوە بۆ کۆشک. فەنیقییەکان ساڵێکی تەواو لە نێومانا مانەوە، بارێکی زۆریان بۆ کەشتییە خالییەکەیان کۆکردەوە، کاتێک باریان کرد و ئامادەی رێکەوتن بوون، کەسێکیان نارد بەشوێن ژنەکەدا. پیاوێکی زۆرزان و فێڵباز بە زنجیرێکی زێڕ و زەردووییەوە هات بۆ کۆشکەکەی باوکم. دایکم و کارەکەرەکانی کۆشک خەریکی سەیرکردنی ئەو زنجیرە بوون و سەودایان دەکرد، ئەو بە بێدەنگی ژنەکەی تێگەیاند و خۆی گەیاندەوە کەشتییەکە. ژنەکە دەستی منی گرت و لە ماڵ هێنامیە دەر. لە داڵانەکەدا  چەند مێزی بینی فنجانیان لەسەر بوو، ئەمانە بۆ میوانان دانرابوون. میوانەکان چووبوونە شوێنی کۆبوونەوە، ئەو جێگەی کۆڕی لێ دەبەستن، چاوەڕوانی باوکم بوون. ئەم ژنە سێ دانە فنجانی لە سنگ و بەرۆکیا شاردەوە و هێنانیە دەر. ئەمنی بەسزمانیش بێئاگا لە هیچ بەدوایەوە بووم. رۆژ ئاوابوو و تاریکی داکەوت. خێرا دەڕۆیشتین، گەیشتینە بەندەر و کەشتییە تیژڕەوەکەی فەنیقییەکان؛ دەریا گەڕەکان سواربوون و ئێمەیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرت و لێیانخوڕی بۆ سەر دەریا. زیئووس بای کردە هاریکارمان. کەشتی بەشەو و بەرۆژ بۆ شەش رۆژان بێوچان بە دەریادا رۆی، بەڵام زیئووس کوڕی کڕۆنوس کە رۆژی حەوتەمی هێنا، ئارتەمیس ژنەخوای راوچی دای لەم ژنە و وەک پەڕەسەلکە خستییە تەختی کەشتییەکە. دەریاگەڕان فڕییاندایە نێو ئاو بۆ سێڵ و ماسییان، سوێ و پەژارە کەوتە دڵی منەوە. بە هاریکاری شەپۆل و با، کەشتی گەیشتە ئاتیکا، لەوێ لارێتس ئەمنی کڕی.  بەمجۆرە بوو من بۆ یەکەمجار ئێرەم بینی.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت