ما 2047 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بەرژەوەندی گرینگتر لە مرۆڤ

لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و ئێراقدا ئەوانەی وا لە سەر سنور یان نزیک لە سنور لە ناو شار و گوندەکاندا دەژیان، دەیانتوانی لە رێگای تەلەفزیۆنەوە، چ هی ئێران و چ هی ئێراق، شەوانە لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی شەڕدا چاویان بەو دەیان و سەدان و هەزاران مەیت و تەرمە بکەوێت کە لە بەرەکانی جەنگدا کەوتبوون. دیمەنە ترسناک و پڕ لە شورەییەکانی بەرهەمی دڕندەیی مرۆڤ.

 

ئەو کاتانە ئەوانەی دوور لە سنورەکان لە ئێران دەژیان تەنیا تەرمی سەربازی ئێراقیان لە بەرەکاندا دەبینی و، ئەوانەی لە ئێراقیش بوون تەنیا تەرمی سەربازە ئێرانییەکان. لە راستیدا هەواڵی قوربانیانی وڵاتی خۆ هەمیشە دەشاردرایەوە. یەکێک لە کارەساتەکانی شەڕ رێک ئەم شتەیە: درۆی گەورەی کاربەدەستان لە گەڵ میللەت. درۆ بۆ ئەوەی بە قسەی خۆیان ورەی خەڵک دانەبەزێ و هەروەها بۆ ئەوەی بڵێن شەڕ تەنیا رووی جوانی هەیە، رووی لە خاک و خۆڵ گەوزاندنی دوژمن!

ئیستا لە سەردەمی ئێمەدا، لە سەردەمی ئینتەرنێت و راگەیەنێرە گشتییەکاندا ئیتر هەواڵەکانی بەرەی شەڕ یەک لایەنە نیە. ئیتر بۆ ئەوەی ئەگات لە هەر دوو لا بێت، پێویست ناکا لە سەر سنور بژیت، کۆمپیوتر و سەتەلایتێک بەسە بۆ ئەوەئ هەمیشە هەست بکەی لە سەر سنوری نێوان هەموو وڵاتەکاندا دەژیت، لە راستیدا لە دونیایەکی بێ سنووردا.

بەم پێیە دەکرا خەڵک واتە ئەوانەی سووتەمەنی راستەقینەی شەڕن بە سەرەخۆییەکی پترەوە بڕواننە شەڕ. ئەوەی کە شەڕ گەمە نیە، بەڵکو راستییەکی یەکجار ترسناکی دەستکاری مرۆڤە. بەڵام دەبینین کە لە هەموو شوێنێ بەردەوام هەڵخڕاندن و دنەدانی خەڵک بۆ رۆیشتن بۆ شەڕ یەکجار ئاسانە. ئەگەرچی ئەوان دەبینن کە شەڕ تەنیا خاوەنی رووی جوانی سەرکەوتنی بەرەی خۆ نیە، بەڵام هێشتا سەفەکان بۆ ناونووسکردن دوورودرێژن.

هۆکار چییە؟ بێگومان هۆکار بە گشتی لەوەدایە کە کوشتنی مرۆڤ بە دەستی خۆی لە پلەی چەندەمدایە لە چاو کۆمەڵێک بەرژەوەندی و خەونی ئایدیۆلۆژیایی. مرۆڤ هێشتا ئەوەندەی لە لە دەستدانی بەرژەوەندییەکانی دەترسێ، لە کوشتنی ئەوی تر ناترسێ.

سایتی قەڵەم

 

١١ دێسامبری ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت