ما 2463 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ         

کاتێ نووسەر لە رۆمانێک دا باسی تەرزی ژیانێکی دیاری کراو دەکا مەبەستی ئاشنا کردنی خوێنەرە بەو تەرزە ژیانە، دراماکانی خۆشەویستی مەبەستی تەوزیفی لێ یان جێگیرکردنی بەهای خۆشەویستی یە لای ئەندامانی کۆمەڵگا و جوشدانی ئەو پەیوەندییە کە وەک ئەکسیر ژیان پیویستی پێیەتی.

 

بە تەوزیف بوونی دیاردەکان

 

هاوڕێ نەهرۆ

پروسەی تەوزیف ئەوەیە دیاردەیەک دەخرێتە پێناو دیاردەیەکی دیکەوە، ئەگەر ئاوەرێک لە سەراپای پروسەی ژیان بدەینەوە دەگەینە ئەو راستی یەی کە پروسەی تەوزیف لە زۆر لایەن ئیشی لەسەر کراوەو دەکرێ، خودی مەبەست لە ژیان پروسەیەکی تەوزیفی یە لە پێناو مانەوەی نەسل.

بۆ نموونە وانەکانی قوتابخانە سەراپای تەوزیفی یە هەر لەوانەی زمانەوە بگرە تا ماتماتیک و میژوو جوگرافیاو فیزیاو کیمیا و بایلوجی، ئێمە بۆیە زمان فێر ئەبین تاوەکو بە شێوەیەکی راست و رەوان کایەی ئاخاوتن و نووسین ئەنجام بدەین کەواتە فیر بوونی زمان مەبەست نییە بەڵکۆ ئامرازێکی تەوزیفی یە بۆ ئەنجام دانی کارێکی تر تەنانەت ئاخاوتن و نووسینیش لەدوا ئاکام دا دەبنە تەوزیفی بۆ راگرتنی پروسەی کومینەکەیشنی نێوان مرۆڤەکان، ئێمە کاتێک وانەی میژوو دەخوێنین لە پێناو میژوودا نییە وەک بابەتێکی ئەبستراکی بەڵکو فیربوونی میژوو لە پێناو شارەزایی یە، شارەزاییش لە پێناو خۆ ناسینە وەک یەکەی بە کۆمەڵ، کەواتە لێرەدا فێربوونی میژوو کارێکی تەوزیفی یە لە پێناو خۆ ناسینی شوناس کە لەئاکام دا خۆناسینیش دەبێتە کارێکی تەوزیفی لە پێناو ناسینی رەگ و سەنگ لەسەر ئاستی یەکەی بە کۆمەڵ یاخۆد لەسەر ئاستی یەکەی تاک.

کاتێ هەر یەکەیەکی بەکۆمەڵ ئاستی میژوویی خۆی ناسی دەتوانی زیاتر بە ئاسانی ئاراستەی پروژەکانی بکات لە پێناو مانەوەو بەردەوام بوون.

سەبارەت بەماتماتیکیش هەمان شتە، رەنگە هەندی کەس پێ وابێ فێربوونی ماتماتیک بۆ هەمووان کارێکی بێهودەیە بەڵام لەراستی دا ماتماتیک دەرهاویشتەی یاسای زانستی نێو یەکەی جەستەی مرۆڤ و سروشتە کە بەشیوەیەکی لۆژیکی کاری لەسەر کراوەو بیردۆزەکانی دەرهێنراوە کە لە ئاکام دا فیربوونی ماتماتیک دەبێتە ئامراز بۆ تیگەیشتن لە میکانیزمی جەستەی مرۆڤ و هەروا پروسەی گۆرانکاری سروشت بەدەر لەمە لەسەر ئاستی ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگا فیربوونی ماتماتیک وەک مەسەلەیەکی تەوزیفی سودی زۆر گەیاندووە، ئەو ئامیرانەی رۆژانە بەکاری دەهێنین هەر لە تەلەفون و کامیراو کومپیوتەرو تەلەفزیون لەسایەی تەکنولۆژیای سەردەم بونەتە ئامێری رەقەمی، بۆ بەکار هینانی هەر یەک لەو ئامێرانە مرۆڤ ناچارە پەنا بەرێتە بەر ماتماتیک لایەنی کەم ژمارە. تەنانەت تەقسیم بەندی شوناسی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای ژمارەو ماتماتیکە، لە وڵاتانی ئەوروپا لە رێگای رۆژو ساڵی لە دایک بوون و چەند ژمارەیەکی تر شوناسی کەسەکان دیاری دەکرێ.

یاری لۆتۆ کە یارییەکی بەربڵاوە لە وڵاتانی ئەوروپی لەسەر بنەمای ژمارە بەرێوە دەچێ. جگە لەوە هەر پیشەیەک دەگری هەر لە فرۆکەوان و دوکتۆرو ئەندازیارو کریکاری هوشیار پیویستی بە ماتماتیکە بۆ راهی کردنی کارەکانیان. کەواتە فێربوونی ماتماتیک تەوزیفی یە لە پێناو ئامانجێکی تەوزیفی تر.

سەبارەت بە کیمیاو فیزیاش و فێربوونیان هەمان دیاردەیە کە بەشێوەیەکی تەوزیف دەخوێنرێ، ئێمە بۆیە کیمیا دەخوێنین تا لە گۆرانکارییەکانی جەستە تێ بگەین تاوەکو لە پێکهاتەی ئەو کەرەستانە تێ بگەین کە روژانە بەکاری دێنین چ وەک خوراک یان کاربرد. فێربوونی کیمیا وەک مەسەلەیەکی تەوزیفی بۆ تێگەیشتن لە پروسەی گۆرانکاری نێو خۆدی دیاردەکان. کە چۆن ئەنتراکشن وپروسەی تێک هەڵچوون تیایاندا ئەنجام دەدرێ. سەبارەت بە فیزیاو فێربوونی فیزیا دیسان مەسەلەیەکی تەوزیفی  بەدی دەکەین، یاساکانی فیزیا مەبەست لە فیربوونیان تەوزیفە بۆ ناسینی جوڵەی جەستەو گۆرانکاریەکانی سروشت و شێوەی ئیش کردنی ئەو ئامێرانەی رۆژانە بەکاری دەهێنین، جگە لەمەش هەموو پیشەکان پیویستیان بە یاسای فیزیاوی یە بۆ ئەنجام دانی کارەکانیان.

سەبارەت بە زانستی بایلۆژی دیسان بە مەسەلەیەکی تەوزیفی دەخوێنرێ بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمی جەستەی مرۆڤ و ئاژەڵ و پەلەوەرەکان تەنانەت رووەکیش. ئەگەر ئێمە بایلۆژیمان نەخوێندبێ نازانین وەزیفەی خوێن چی یە؟ کە خۆی لە هینانی ئۆکسجین و بردنی دووی ئۆکسیدی کاربۆن و راگرتنی پلەی گەرمای جەستەو بردنی وزەو هینانی پاشماوە دەبینێتەوە.

لێرەدا ئەگەر هەڵوەستەیەک لەسەر ئەدەب بکەین لەسەردەمی گڵوباڵیزم و قوناغی پۆست مۆدرێن، ئەدەبیش وەک هەموو ژانرەکانی شیعرو چیرۆک و رۆمان و شانۆ ئەمرۆ کارو ئەرکی تەوزیفی ئەنجام ئەدەن، تەنانەت ئیش کردنی نووسەران لەسەر زمان وەک رەگەزی مانەوەی یەکەی نەتەوە، وەک تەقاندەوەی وزەی ئەم دەسەڵاتە کە ئەمرۆ کاری لەسەر دەکرێ مەسەلەیەکی تەوزیفی یە. دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە لە نێو ژانری ئەدەبێ شیعر یان چیرۆک پەنا بردنە بەر زیاتر لە زمانێک خزمەت بەم ئاراستەیە دەکا، نووسەر کاتێ پەنا ئەباتە بەر وشەیەکی بێگانە مەبەستی ئەوەیە خوێنەرانی نەتەوەکەی ئاشنا بکا بەو وشەیە، کاتێ نووسەر لە دەقێکی شیعری یان درامی ئەدەبی باسی پروسەیەکی بایلۆژی دەکا مەبەستی ئەوەیە ناساندنی خوێنەرە بەو پروسەیە، کاتێ نووسەر لە رۆمانێک دا باسی تەرزی ژیانێکی دیاری کراو دەکا مەبەستی ئاشنا کردنی خوێنەرە بەو تەرزە ژیانە، دراماکانی خۆشەویستی مەبەستی تەوزیفی  لێ یان جێگیرکردنی بەهای خۆشەویستی یە لای ئەندامانی کۆمەڵگا و جوشدانی ئەو پەیوەندییە کە وەک ئەکسیر ژیان پیویستی پێیەتی.

کەواتە دەتوانین بڵێن لەسەردەمی گڵوباڵیزم دیاردەکان دەبنە تەوزیفی، ئەم تەوزیف بوونەش ئەدەبیش دەگرێتەوە لەوانەیە لە ئایندەی نزیک قوتابخانەی ئەدەبی تەوزیفی بێتە کایەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە تا ئێستا ئەدەب وەک تەوزیف ئیشی لەسەر نەکراوە.

 

بەڵام لەمەودوا بەشیوەیەکی تەوزیفی زیاتر بایەخی پێ دەدرێ و ئیشی لەسەر دەکرێ. ئەدەبێ تەوزیفی بە واتای ئەدەبێ سود (نەفعی) ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو مەزهەبەیە (نەفعی) یە کە ئەمرۆ ئەوروپا سودی لێ ئەبینی. لەسایەی هومانیزم و ئایدولوژیەتی لیبرالیزمی نۆی جیهان دیاردەی تەوزیفی و نەفعی رۆژ لە دوای رۆژ برەو پەیدا دەکا. وەک خواستێکی کۆمەڵگای بەکاربەر (مستهلک) پیویست و ژیارییە. بێگومان ئێمە لێرەدا ناچینە نێو بنج و بنەوانی ئەدەبی تەوزیفی و نەفعی هەموو رەهەندە دیارو نادیارەکانی روون بکەینەوە، تەنیا ئەوەندە بەسە کە بڵێن ئەم ئەدەبە ئەمرۆ لە ئەوروپا بوونی هەیە.

گەڕان بۆ بابەت