وه‌رگێڕان: سه‌رگوڵ بێتوشی
مه‌حمی ده‌یووت: كوڕه بێ هیوا مه‌به، مادام زیندووین، هیوایه‌ك هه‌یه! ئه‌رێ مادام زیندووین... دواتر هه‌ستان، ده‌مه‌و ئێواره بوو، چوونه قاوه‌خانه‌ی عه‌باس ئاغا و له سوچێكهوه ههڵكورمان... ئه‌رێ... له سوچێك ههڵكورمان!
جلی نوێ!
نووسین: حوسێن شێربه‌گی
وه‌رگێڕان: سه‌رگوڵ بێتوشی
حه‌مه‌د ده‌یووت: "كاتێك كه له دووكانی پێڵاوفرۆشییهكه هاتینه ده‌رێ، دڵم رێك به قه‌ده‌ر ده‌ریایه‌ك گه‌وره ببوو، زۆر دڵخۆش بووم، زۆر زۆر. من و مه‌حمی ئێستا ئیدی به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو كاتێك نوێ ببووینه‌وه. هه‌ر یه‌كه‌مان كراسێكی نوێمان له به‌ر دابوو و جوتێكیش پێڵاوی نوێ نوێمان له پێ بوو.
ئای چه‌ند خۆش بوو! ساڵه‌های ساڵ بوو خه‌ونمان به وه‌ها سات و رۆژ و سهعاتێكهوه ده‌دی و ئێستا ئیدی خه‌ونه‌كانمان وه‌دی هاتبوو. ده‌زانم مهحمیش هه‌ر وه‌كو من بوو. روخسارمان گه‌شابۆوه، سه‌رگۆنا و لێوهكانمان وه‌كو گوڵهباخێك پشكوتبوون و له خۆشیان له كه‌وڵی خۆماندا نه‌ده‌گونجاین. له دڵمدا شاییه‌ك ده‌گه‌ڕا كه هه‌ر باسی مه‌كه، ئه‌ی خوایه، هه‌ر باسی مه‌كه! ته‌نیا شتێك كه ئازاری ده‌دام خێسه‌ی خه‌ڵك و گومانی ئه‌وان بوو."
خه‌ڵك كه ده‌گه‌یشتنه حه‌مه‌د و مه‌حمی راده‌وه‌ستان و به چاوی گومانه‌وه بیرازیان ده‌كردن، هه‌موو كه‌س به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو كاتێك پێیان سه‌یر بوو كه ئه‌و دوانه‌یان ئاوا پاك و خاوێن و رێك و پێك ده‌بینی و له دڵی خۆیاندا ده‌یانوت: "منداڵه سواڵكه‌ر و ئه‌و هه‌موو ئه‌دا و ئه‌تواره!"
مه‌حمی ده‌یووت: حه‌مه‌د، تۆ گیانی خۆت به وردی ته‌ماشای ئه‌و خه‌ڵكه بكه، باش ته‌ماشایان بكه. كه‌سێك نییه پێیان بڵێت ئه‌ی بێ دینینه گورگتان بینیوه؟ چیتان بینیوه كه ئاوا ته‌ماشای ده‌كه‌ن؟ یانی ئێمه‌ی هه‌ژار و نه‌دار بۆمان نییه بۆ یه‌ك جاریش له ژیانماندا جلی جوان له به‌ر بكه‌ین و خۆمان بڕازێنینه‌وه؟... ئه‌رێ هه‌ر به راستی له گه‌ڵ بهستهنییهك چۆنی؟
حه‌مه‌د ده‌یووت: چوینه ناو شیرینی مهنییهكهوه، وه‌ك به‌گزاده‌كان له پشت مێزه‌كه‌وه دانیشتین! به‌ڵام... ئه‌وه‌ی ئێمه بینیمان كه‌س نه‌یبینێ، هێشتا "ب"ی بسم الله مان نه‌وتبوو و داوای به‌سته‌نیمان نه‌كردبوو كه... كڵاو سه‌وزێك، ئه‌رێ براده‌ر كڵاو سه‌وزێكی راسته‌قینه، به‌ڵام وه‌كو ئه‌جه‌ل گه‌یشته سه‌رمان و بێ پێشه‌كی هاواری كرد:
ــ به‌رێزان ببوورن، سهرپێیهك تا وه‌كو بنكه‌ی پۆلیس وه‌رن ... تكایه!
ره‌نگ به روویانه‌وه نه‌ما، بنكه‌ی پۆلیس؟ ...! چاوێكیان له یه‌كتری كرد، بڕیاری پۆلیس بوو و ده‌بوایه جێبه‌جێ بكرێ. به ترس و له‌رزه‌وه له گه‌ڵ پاسه‌وانه‌كه رۆیشتن. كاتێك ترسه‌كه‌یان زیاتر بوو كه مه‌حمی له پاسه‌وانه‌كه‌ی پرسی:
ــ چی بوه به‌ڕێز؟ بۆچی ده‌مانبه‌نه بنكه‌ی پۆلیس؟
پاسه‌وانه‌كه به سارد و سڕی وه‌ڵامی دانه‌وه و وتی: شتێكی گرینگ نییه له بنكه‌ی پۆلیس روون ده‌بێته‌وه!
كه چوونه ناو بنكه‌ی پۆلیس، كه‌شه‌كه لێڵتر خۆی ده‌نواند، دیوارێكی زه‌رد، داڵانێكی دوور و درێژ، شوێنێكی زۆر بێده‌نگ و له كۆتاییشدا ژووری به‌رپرسه‌كه. به تایبه‌تی سرته سرتی ئه‌و پاسه‌وانه‌ی كه ئه‌وانی هێنابوو له گه‌ڵ به‌رپرسه‌كه و نێوچاوانی گرژ و مۆنی به‌رپرسه‌كه به جارێك تۆقاندنی.
حه‌مه‌د ده‌یووت: به‌و چپه چپه و سرته سرتهش رانه‌وه‌ستان و هه‌ر ئه‌وه‌نده كه پاسه‌وانه‌كه هه‌نگاوێك له به‌رپرسه‌كه دوور كه‌وته‌وه، به‌رپرسه‌كه زۆر به تووڕه‌ییه‌وه هاواری كرد: ئه‌حمه‌دی گیرفانه‌كانیان بپشكنه!
زۆر سه‌یر بوو! چونكه له به‌ر ده‌رگا گیرفانه‌كانمان پشكێندرابوون و جگه له بڕێكی كه‌م پاره‌ی دڕا‌و هیچمان پێ نه‌بوو. هه‌ر ئه‌وه‌نده كه پاسه‌وانه‌كه بڕه پاره‌كه‌ی له گیرفانمان ده‌ركێشا، به‌رپرسه‌كه هه‌مدیسان هاواری كرد!
ــ ئه‌حمه‌دی پاره‌كه‌یان بخه‌ره سه‌ر مێزه‌كه!
مه‌حمی ده‌یووت: پاره‌كه‌یان خسته سه‌ر مێزه‌كه، هێشتا چاوێكمان هه‌ر له پاره‌كه بوو كه به‌رپرسه‌كه هاواری كرد:
ــ به‌ڕێزان به چ پاره‌یه‌ك جل و پێڵاوی نوێتان كڕیوه؟
ــ به پاره‌ی خۆمان! ئه‌وه وه‌ڵامێك بوو كه هاوكات له ده‌می هه‌ردووكمان هاته ده‌رێ.
ــ یانی وتتان به پاره‌ی خۆتان!! خۆتان پاره‌تان له كوێ بوو؟ ئه‌وه‌ش وه‌ڵامی به‌رپرسه‌كه بوو كه به ئێمه‌ی دایه‌وه و به دوای قسه‌كانیدا به بێ راوه‌ستان هاواری كرد:
ــ دایك... راستییه‌كه‌ی بڵێین، ده‌نا ده‌ڵێم دارتان تێبڕن، پێتان وایه به‌ره‌ڵڵاخانه‌یه هه‌ر گویهك كه بتانهه‌وێ بیخۆن و هه‌ر غهڵهتێكیش كه بتانهه‌وێ بیكه‌ن؟ پێتان وایه ده‌توانن ده‌ست و گیرفان ببڕن و جانتای خه‌ڵك بدزن؟ نا گیانه، خراپ لێی تێگه‌یشتوون، ده‌ڵێم دارتان تێبڕن...
ــ بۆچی جنێو ئه‌ده‌ی؟ بۆ ئێمه چیمان كردوه؟
ئه‌وه قسه‌یه‌ك بوو كه له ناكاو له ده‌مم ده‌رپه‌ڕی. به‌ڵام هێشتا وشه‌ی كۆتاییم نه‌وتبوو كه به زلـله‌یه‌كی به‌رپرسه‌كه بناگوێم ئاگری تێبه‌ر بوو، هه‌ر دوو چاوم خه‌ریك بوو ده‌رپه‌ڕێ و تا هاتم بزانم چی بوه له لایه‌ن پاسه‌وانه‌كه و به‌رپرسه‌كه‌وه وه‌به‌ر مست و پێله‌قه كه‌وتین...
به هه‌ر حاڵ، كوێت دێشێ، ئه‌و بێ ویژدانانه هه‌تا توانیان جنێویان دا و لێیان داین. سه‌ر و گوێلاك و ده‌م و ددانیان تێك شكاندین، كراسه‌كانمان ته‌واو خوێناوی ببون و جا دوای هه‌مووی ئه‌وانه‌ش هه‌موو شتێك سه‌ر له نوێ ده‌ستی پێكرده‌وه.
ــ ده‌نگی به‌رپرسه‌كه: دایك قهحـ... هه‌تا نهتانكوژم ئازادتان ناكه‌م، راستییه‌كه‌ی بڵێن به چ پاره‌یه‌ك پێڵاو و جلی نوێتان كڕیوه؟ ئێوه‌ی كه دایك و باوكتان نییه، ئێوه‌ی كه كار ناكه‌ن، كه‌واته پاره‌تان له كوێ هێناوه و پێڵاو و جلی نوێتان پێ كڕیوه؟
حه‌مه‌د ده‌یووت: وتم گه‌وره‌م، به خوا، به پێغه‌مبه‌ر، به شێخ و مه‌شایخ، دایكم سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر مرد، به‌ڵام پێش مردنی، نازانم چه‌نده له مه‌وبه‌ر بڕه پاره‌یه‌كی به ئه‌مانه‌ت سپاردبوه ده‌ستی سۆفی كا نه‌بی گۆزه فرۆشی جیرانمان. ئه‌مڕۆ به‌یانی سۆفی كا نه‌بی هاته ماڵمان و به ئاماده‌بوونی جیرانه‌كانمان ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی دامه‌وه. دوای رۆیشتنی سۆفی من و مه‌حمی به‌و پاره‌یه ئه‌و پێڵاو و كراسانهمان كڕی، ئه‌وه‌ش باقی پاره‌كه‌یه كه له سه‌ر مێزه‌كه‌یه، ده‌ڵێی نا، بڵێ با سۆفی و جیرانه‌كان بێن بۆ ئێره، له‌وان بپرسه، ئه‌گه‌ر درۆ بوو بمانكوژه... وه‌ڵڵا ئه‌گه‌ر درۆ بوو له سێداره‌مان بده.
مه‌حمی ده‌یوت: وه‌ڵڵا بڵێم چی، بۆچی سه‌رتان بێشێنم، لێكۆڵینه‌وه‌یان كرد، چوون له جیرانه‌كانیان پرسی، سۆفی كا نه‌بیان كێشایه بنكه‌ی پۆلیس و كه‌وتنه پرسیار لێكردنی... تازه دوای هه‌موو ئه‌وانه جا ئێمه‌یان ئازاد كرد. كاتێك بانگیان كردین كه له‌و ژووره‌ی كه تێیدا ده‌ست به سه‌ر بووین بێینه ده‌ره‌وه و گۆڕی خۆمان ون كه‌ین، به‌رپرسه‌كه پێی وتین: زۆڵی حه‌رامزادانه ئه‌و جاره سۆفی زۆری تكا بۆ كردوون تاوه‌كو بتانبوورین، قه‌یناكه به‌رتان ده‌ده‌ین، به‌ڵام بزانن له ژێر چاوه‌دێریدان، وای به حاڵتان ئه‌گه‌ر پێ خوار دابنێن، جارێكی دیكه لێره بتان بینمه‌وه به خوا پێستتان داده‌ماڵم، له گۆڕه‌پانی شار هه‌ڵتان ده‌واسم تاوه‌كو ببنه په‌ند و عیبره‌ت بۆ خه‌ڵكی تر.
حه‌مه‌د ده‌یوت: له بنكه‌ی پۆلیس هاتینه ده‌رێ، خه‌مبار، ناڕه‌حه‌ت و تووڕه بووین. به بێده‌نگی شۆستهكانمان ده‌پێوا. دوایی چووینه پاركی شار، به دوور له چاوی خه‌ڵك، له سوچێكی چۆڵ له سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتین و به كوڵ گریاین!
ئاخر بۆچی؟ چیمان كردبوو؟ له سه‌ر چی ئه‌و هه‌موو لێدان و كوتانهمان خوارد؟ ئه‌ی خوایه له سه‌ر چی؟ ئێستا چیمان له ده‌ست دێ؟
حه‌مه‌د ده‌یووت: به (مه‌حمی)م ده‌وت: مه‌حمی خۆزگه چه‌كێكم هه‌بوایه، خۆزگه چه‌كێك، ده‌مانچه‌یه‌ك،... ئاخ چی بڵێم؟
مه‌حمی ده‌یووت: حه‌مه‌د... حه‌مه‌د... ئه‌زانی چییه؟ وره با بچین دوو چه‌قۆی زامندار بكڕین، له سه‌ر سوێی كۆڵانی ماڵه‌كه‌یان ده‌بینه كێشك. كه دیار كه‌وتن بڕۆنه ماڵه‌وه، یان كه له ماڵ هاتنه ده‌ره‌وه، به چه‌قۆ زامندارهكه ده‌كه‌وینه گیانیان.
حه‌مه‌د له وه‌ڵامدا وتی: براكه‌م، تۆ گیانی من له سه‌ره خۆ، پێتوایه چه‌قۆی زامندار ده‌ره‌قه‌تی ده‌مانچه دێ؟
حه‌مه‌د ده‌ستی كرد به گیرفانهكانیدا، گیرفانه‌كانی گه‌ڕا، هه‌ر گیرفانه‌ی دووسێ جار گه‌ڕا، به‌ڵام گیرفانه‌كانی به‌تاڵ بوون.
هه‌موو دارونهدارهكهیان هه‌ر ئه‌و پاره‌یه بوو كه له بنكه‌ی پۆلیس لێیان وه‌رگرتبوون و نهیاندابوونهوه.
حه‌مه‌د وتی: مه‌حمی، كه‌واته پاره‌كه‌مان له بنكه‌ی پۆلیس مایه‌وه... بچین وه‌ری بگرینه‌وه؟
مه‌حمی له وه‌ڵامدا: ماشا‌ڵڵا... زۆر به غیره‌تی، ره‌مه‌زانمان جوان گرت نۆره‌ی شهشڵانه! براكه‌م كوێت ده‌خورێ؟ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ بنكه‌ی پۆلیس بۆ ئه‌وه‌ی پێستمان داماڵن؟ ...
حه‌مه‌د ده‌یووت: مه‌حمی گیان،... مه‌حمی... ده‌ڵێم... ئێستا كه ناتوانین چه‌قۆی زامندار بكڕین، وه‌ره با بچین بۆ بێشه‌ڵانی ته‌نیشت چۆمهكه، دوو دارده‌ست په‌یدا بكه‌ین و ئه‌و كات به داردهستهكان...
مه‌حمی ده‌یووت: له سه‌ره‌خۆ گیانه، له سه‌ره‌خۆ، دارده‌ست ده‌ره‌قه‌تی باتوم و ده‌مانچه و بنكه‌ی پۆلیس نایه‌ت... با بچین كار بكه‌ین، كار بكه‌ین و پاره كۆ بكه‌ینه‌وه... ئه‌و كات... كاتێك كه ده‌وڵه‌مه‌ند بووین، ئه‌رێ كاتێك كه ده‌وڵه‌مه‌ند بووین... ده‌كڕین...
حه‌مه‌د ده‌یووت: ئا، ئا... رۆژێك كه ده‌وڵه‌مه‌ند بووین؟ نا، نا... مه‌حمی، ئه‌و رۆژه قه‌ت وه‌دی نایه‌ت، قه‌ت.
مه‌حمی ده‌یووت: كوڕه بێ هیوا مه‌به، مادام زیندووین، هیوایه‌ك هه‌یه! ئه‌رێ مادام زیندووین...
دواتر هه‌ستان، ده‌مه‌و ئێواره بوو، چوونه قاوه‌خانه‌ی عه‌باس ئاغا و له سوچێكهوه ههڵكورمان... ئه‌رێ... له سوچێك ههڵكورمان!