ما 2509 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

من کە پێم وابوو من دوواترین مرۆڤی سەفەر دەبم و چیتر هیچ کەسی تر ناچار نابێ وەک من سەفەر بکا، هەستم بە خەڵەتانێکی گەورە کرد. من خەڵەتێنرابووم. بە کێ؟ نەمدەزانی. بە پلانەکەم، بە دووکاندارەکە، یان بەم جانتایە؟ کتوپڕ هەستم بە ئازار و سەرئێشەیەکی گەورە کرد. ئاە، رەنگە بە هەر هەموویان خەڵەتێنرابووم.

 

جانتایەک لە رەگەزی ساڵەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

جانتایەکم هەیە لە رەگەزی ساڵەکان. رەنگە بپرسی ساڵەکان چۆنن؟ دەبێ بڵێم بۆ ئەم پرسیارە وەڵامم پێ نیە. من تەنیا حەز دەکەم بڵێم جانتایەکم هەیە لە رەگەزی ساڵەکان. لە ماڵەوە دامناوە، لە هەوێشقان، لە ناو هەموو شتەکانی ترم، ئەو شتانەی وا بەرە بەرە مانایان نامێنێ و مرۆڤ تەنیا حەز دەکا وەلایان بنێ و لە شوێنێک لە چاوی خۆی ونیان بکا. من ئەو جانتایەم وا لە رەگەزی ساڵەکانە لە شوێنێک فڕی داوە. ساڵانی ساڵە.

من حەزم بە بینینی نیە، بەڵام زۆری بیر لێدەکەمەوە! بێ موناسەبە و بە موناسەبە،... بێ هۆ و بە هۆ دێتەوە ناو خەیاڵەکانم،... ناو مێشکم. چلۆن؟ نازانم. رەنگە لەبەر ئەوەی لە رەگەزی ساڵەکانە، ساڵە نەناسراوەکان،... سالە قەت پێناسەنەکراوەکان.

رەنگە بپرسی بۆچی بە یەکجاری فڕێی نادەی، خۆ هەر زبڵدان زۆرە؟ دەبێ بڵێم دیسان نازانم. بەڵام لەم پرسیارانە گەڕێ! با بۆتی بگێڕمەوە،... بەسەرهاتی جانتاکە دەڵێم.

جانتاکەم لە دووکانێکی دراوسێمان کڕی. دووا جانتای سەر رەفەی قوژبنی دوواوەی دووکانەکە بوو، بە توێژاڵێکی ئەستووری تۆز لەسەری. لەو جانتایانەی کاتێک هەموو هاوڕێکانی تری دەفرۆشرێن و دەڕۆن، نازانی داخۆ بەم مانەوەیە خۆشحاڵە یان خەمین. ئەوەی کە ئەو بە تازەیی دەمێنێتەوە و ئەوانی تر پاش ماوەیەک کۆن دەبن، دەدڕێن و لە شوێنێک فڕێ دەدرێن و دەخرێنە زبڵەوە. توێژاڵە تۆزەکە نەیهێشت من بەمە بزانم. کە پارەکەم دا و تەکاندم، جانتایەکی چەرمی رەنگ قاوەییم بینی کە بە ئاسانی جێگای چەند کوت جل و بەرگ دەبووەوە بە دوو گیرفان بەم لاولایەوە. تۆز، بەری بە ساڵەکان گرتبوو. نوێ نوێ کەوتە بریقانەوە. ئەوەندە خۆشحاڵ بووم نەبێتەوە. هەر ئەو کات زانیم کە بە گارانتی بە چەندین ساڵ لە گەڵم دەمێنێتەوە و کێشەی هاوڕێیەتیم نامێنێ. دووکاندارەکە کاتێک پارەکەی وەرگرت، گوتی:

ـ "دووا جانتا نەک بۆ دووکاندار، بەڵکو بۆ مشتەریش یەکپارچە خێرە. دەزانی بۆ؟ چونکە بۆ دووکاندارەکە، جانتا فرۆشراوەکانی تر مایەکەیان لەمێژە دەرهێناوەتەوە و بۆ مشتەریش لە چاو جانتای تازەی تر کە هاتوونەتە بازاڕەوە، هەرزانتر دەکەوێ. هەڵبەت هەر ئەمەیش نا، شتێکی تریش هەیە. دوواجانتا، کە فێری تەنیایی سەر رەفەی دووکان بوو، ئیتر لێی بێ خەم بە،... تەواوی دونیای پێ بکە!"

من نازانم دووکاندارەکەی دراوسێمان تا چەندە بە سەفەری دەوری دونیای منی دەزانی، بەڵام بۆ منێ کە بڕیاری سەفەرەکەم نهێنی ترین بڕیار بوو و جگە لە خۆم کەسی تر پێی نەدەزانی، ئەم قسانە توش دڵەڕاوکێیان کردم. لە ناو خۆمدا رووخام. هەر بۆیە هەر لە دووکانەکە چوومە دەرەوە، بڕیارم دا چی تر رانەوەستم و دەست بە جێ وەڕێکەوم.

وەرێکەوتم.

هەتا دوورکەوتمەوە و لەچاوان ون بووم، هەر لام دەکردەوە. خەمی ئەوەی نەکا دووکاندارەکە بە شوێنمەوە بێ، یاخود خەڵکی تری بە شوێنمدا رەوانە کردبێ بۆ ئەوەی راستیی خەیاڵ و زانیارەکانی خۆی بسەلمێنێ، لە خۆ بێ خۆی کردبووم. هەڵبەت با ئەوەیش بڵێم ئیستاکە دەزانم من چەندە هەڵە بووم. ئاخر دووکاندارێکی وەک ئەوەی گەڕەکی ئێمە کە تەواوی تەمەنی هەر لەو دووکانەدا بووە و هەر لەوێیش سەر و ریشی سپی کردبوو و بە دەیان زیندووی بۆ ناو قەبر بەڕێ کردبوو، چلۆن و چۆن تاقەتی کات و پارە سەرفکردنی دەبێ بۆ کەسێکی وەک من. منێک کە دەمتوانی بیر لە شوێنی تریش بکەمەوە. کەسانی وەک ئەو تەنیا خەیاڵ و بیرێکیان بە مێشکدا دێت و ئیتر تەواو. ئەوان وەک من نین کە بیر و خەیاڵ تەنانەت لە دووای هاتنیشیان هەر بەرۆکی بەرنەدەن و جانتای بە کۆڵدا بدەن و دەوری دونیایشی پێ بدەنەوە بۆ ئەوەی بزانێ داخۆ چ بوو. بەهەرحاڵ! هەر کە لە سنوور پەڕیمەوە زانیم کەس بە شوێنمەوە نیە و کەسی تریش نابێ. تەنیا خۆم و خۆم. کتوپڕ چەندەیش بەم بیرە ترسام و تاسام. چەندە کتوپڕ دووکاندارەکە بوو بە پڕماناترین کەسی ژیانم! بەڵام بە خۆشییەوە ئەم بیرەیش رەوییەوە. خۆشی سەفەر ئەمەیە. بیرەکان دێن و دەڕۆن،... بە لێشاو. تەنانەت جاری وایە نایشتوانی لە سەریان راوەستی. رێگا بە یەکتر نادەن. پاڵەپەستۆیانە. هەراهەرا و مقۆمقۆیانە. دەلێی ئەوانیش زەوقی سەفەر گرتوونی. زۆریان دەکەونە خوارەوە و هەر لەو شوێنە دەمێننەوە. بۆ هەمیشە. لە سەر ئەو رێگایانەی کە تەنیا خۆت دەزانی پێیاندا رۆیشتووی و بەس.

ئەوەندەی پێنەچوو پاش ماوەیەک هەستم کرد جانتا قاوەییەکەی دەستم قورس و قورستر دەبێ. لە گەڵ هەر هەنگاوێکم، لەگەڵ هەر گوند و شار و سنوورێکی تازە، کەمێک قورستر دەبوو. سەرەتا بەمەم نەدەزانی، دەچووم جل و بەرگەکانم دەردەهێنا و جوان جوان ناوەکەیم دەپشکنی، بەڵام بێ سوود بوو. هیچم تیا نەدەدیتەوە. بە بەتاڵی جوان جوان دەستم پیادەهێنا. هیچم بەردەست نەدەکەوت. بە خۆم دەگوت ماندوو بووی ماندوو و خەریکی تاوانەکە دەخەیتە سەر جانتاکە، جانتا قاوەییە بەستەزمانەکەی دووکاندارەکەی گەڕەکەکەمان کە تەنیا بە چەند تمەن ببوو بە هی من. ئەوسا لە کۆڵم دەکردەوەو بەڕێ دەکەوتمەوە.

بینینی شوێنە تازەکان هەمیشە بۆ ماوەیەک سەرنجیان دەقۆستمەوە و ئیتر ئاگام لە جانتاکە و قورساییەکەی نەدەما. بەڵام هەر ئەوەندەی عادەتم بە شوێنەکان دەگرت، سەرلەنوێ قورساییەکە دەگەڕایەوە. بگرە ئەمجارە قورستر. دیسان وەک شێتان دەکەوتمەوە پشکنینی. خەڵکی لێیان دەڕوانیم و لە هەڵس و کەوتی نائاسایی من لە قەراخ جادەکان سەریان سوڕدەما. بە سەرسوڕمانەوە لە یەکتریان دەڕوانی، سەریان بادەدا، تێدەپەڕین و دەڕۆیشتن. منیش بە بێ گوێ پێدانیان تەنیا سەرقاڵی دۆزینەوەی قورسیی نائاسایی جانتاکەم دەبووم. ئەمجارەیش بە بێ دۆزینەوەی شتێ، دیسان وەڕێ دەکەوتمەوە. سەیر ئەوە بوو لە دووای هەر پشکنینێک هەستم دەکرد بەهێزتر دەبووم و هەر بۆیە هەڵگرتنی جانتاکە لام ئاسانتر.

بەرە بەرە پێڵاوەکانم دەدڕان، جل وبەرگە کۆنەکانم ئەوانەی وا لە سەرەتای سەفەرەکەمەوە پێم بوون، کۆن بوون و شیتاڵ شیتاڵ هەڵگەڕان. یەک پارچە شت چییە لە شتە کۆنەکانم لا نەمان. تەنیا جانتاکەم هی ئەو سەردەمانە بوون، سەردەمانی دەستپێکی سەفەر. بۆیە جارجارە کاتی حەسانەوەکان بە دەم دانیشتنەوە بە وردی لێم دەڕوانی و بیرم دەکردەوە. ئیستا تەنیا من و ئەم جانتایە هی ئەو سەردەمانە بووین. من بۆ ئەو و ئەو بۆ من. کە لێم دەڕوانی، چەرمە قاوەییەکەی لە جاران لووستر و بە بریق و باقتر لە بەرچاومدا دەینواند. سەرم لێی سوڕمابوو. وا دیارە دووکاندارەکە راستی کردبوو. لە یەکێک لە حەسانەوەکانمدا هەستم کرد جانتاکەیش لێم دەڕوانێ و تەنانەت هەوڵ دەدا قسەیشم لە گەڵ بکا. بەو چاوە زل و دەرپەڕیوانەوە کە تەنیا سەفەرییەک لە پاش سەفەری زۆر و دیتنی رووداو و بەسەرهاتی بێ ئەژمار و غەریبایەتییەکی قوڵ دەتوانێ ببێ بە خاوەنیان. لێم رووانی، لێی رووانیم،... لێی رووانیم، لێم رووانی. کتوپڕ وەها دایە پڕمەی پێکەنین، کە من داچڵەکام. ئەوسا چاوەکانی قونجاند و بێدەنگ بوو. بە تووڕەی رابووم، هەڵمگرت و دام بە شانما. جانتا قاوەییە تۆزلێنیشتووەکەی جاران دەڵێم!

ساڵەکان تێدەپەڕین. جارێکیان کاتێک لە چاخانەیەکی قەراخ رێگا لامدابوو بۆ کەمێک حەسانەوە و خواردن و خواردنەوە، لە کاتێکدا لە سەر ئەو کورسییە لە تەنیشت ئەو مێزەی دانیشتبووم وا بە سەر بیابانێکی کاکی بە کاکیدا دەیڕوانی، لێم هاتە دەنگ و گوتی:

ـ "ئەرێ ئەوە تۆ ماندوو نەبووی؟"

سەیرم کرد. سەیری ئەو چاوانەی هێشتا دەڵێی تۆزی دووکانەکەی بەسەرەوە مابوون. وتم:

ـ "نا، ماندوو نەبووم."

ـ "مەبەستم ماندوویەتی لە منە نەک لە شتی تر. بۆ شتی تر کەیفی خۆتە."

ـ "حە،... بۆ تۆ چ فەرق دەکا لێرە بە سەر رێگاکانەوە، یان لە سەر رەفەی دووکانەکاندا؟ تازە، لەوێ تۆز لێی دەدای و لێرە رۆژ بە رۆژ جوانتر دەبیتەوە. کەس بە قەدەر تۆ سەفەر لێی نایەتەوە!

کتوپڕ تێگەیشتم بە هەڵە وەڵامم داوەتەوە. بۆیە بێ راوەستان وتم:

ـ "لە تۆ!... جا بۆ لە تۆ؟"

ـ "من بۆنی خوێن دەکەم. تۆ ئاگات لێ نیە. سەر شانەکانت برین دڕیونی، چاڵ بوونە."

بە پەلە هەستامە سەرپێ و ملی کراسەکەم گرت و رامکێشایە خوارەوە. وابوو. بە هەر دوولادا دوو هێڵی چاڵ. دوو برینی ناحەز و ناشیرین. هەردووکیان لانیکەم بە قەدەر نیو سانت قوڵ. بەو خوێنە دەڵەمە و وشکانەوە کە کراسەکەشمیان خوێناوی کردبوو. وتی:

ـ "دەمێکەیە دەمویست پێتی بڵێم، بەڵام دەرفەت دەستی نەدەدا. وتم بۆ خۆت سەرئەنجام تێدەگەی. بەڵام دیتم هێشتا لەوە سەرقاڵتری کە بیر لە برینی وا بکەیتەوە. دەڵێی بەردەوام سەرەتای سەفەرتە! حەح، بەلامەوە سەیرە. تا ئیستا هیچ جانتایەکی هاوڕێم نە شتی وای بینیوە و نە شتی وایان بۆ گێڕاومەتەوە. تەنانەت بۆ خۆیشم شتی وام قەت نەبینیوە."

بە گومانەوە سەیرم کرد.

ـ "نەتبینیوە؟ بۆ،... بۆ مەگەر ئەمە یەکەم سەفەرت نیە؟"

بە لێوە چەرمییە قاوەییە لووسەکانی بزەیەکی هاتێ:

ـ "هیچ جانتایەک نە یەکەم سەفەریەتی و نە دووا سەفەر. ئێمە جانتاین بۆ ئەوەی هەمیشە لە سەفەرداین،... بۆ ئەوەی لە سەفەردا بین. نە کۆن بوونمان کۆتاییمان پێ دێنێ و، تەنانەت نە فڕێدانیشمان. ئێمە سەرلەنوێ دروست دەکرێینەوە،... سەرلەنوێ و سەرلەنوێ!"

بیری قسەکانی دووکاندارەکە کەوتمەوە کە ئیستا وەک جانتاکەی ئەو سەردەمە تۆزی ساڵەکانی لێ نیشتبوو. تەنانەت تۆێژاڵێکی یەکجار ئەستوورتر لەو سەردەمە. کاتێک گوتی دوواجانتا یەکپارچە خێرە و ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێ تەواوی دونیای پێوە بکا. چەند رقم لە بزەکەی سەرلێوی بوو. سەر لێوە گەڕۆکەکانی. جانتاکە دەڵێم.

من کە پێم وابوو من دوواترین مرۆڤی سەفەر دەبم و چیتر هیچ کەسی تر ناچار نابێ وەک من سەفەر بکا، هەستم بە خەڵەتانێکی گەورە کرد. من خەڵەتێنرابووم. بە کێ؟ نەمدەزانی. بە پلانەکەم، بە دووکاندارەکە، یان بەم جانتایە؟ کتوپڕ هەستم بە ئازار و سەرئێشەیەکی گەورە کرد. ئاە، رەنگە بە هەر هەموویان خەڵەتێنرابووم.

سەیرم کردەوە. جوان جوان. بیرم لە لووسی و بریق و باقی چەرمەکەی کردەوە. ئاە، من چەندە گێژبووم! باشە مەگەر چەرم دەکرێ قەت کۆن نەبێ. ئیستا دەمزانی، ئیستا. بۆ دڵنیایی زیاتر هەڵمگرت و بە جوانی لێی وردبوومەوە،... لە جانتا قورسە قاوەییەکە دەڵێم کە ئێستاکە ئیترجوڵانی ئەستەم بوو. هەڵەم نەدەکرد. جانتاکە لە ساڵەکان دروستکرابوو. لە ساڵە هەرە کۆن و نوێکان. هاوارێکم لێ بەرز بووەوە و هەتا هێزم تیا بوو فڕێم دا. جانتاکە لە هەڵەمووتێک بەربووەوە. گوێم لە تلدانی بوو. لە هاوارکردنە پڕ لە ئازارەکانی.

کات چەند تێپەڕی نازانم. هەستام. بڕیارم دا بڕۆم. رۆیشتم. بەلام نا،... هەنگاوەکان راوەستان. من بێ ئەو جانتایە چ بووم؟ بەڕاست چ بووم؟ نەک تەنیا خۆم، بەڵکو برینەکانی سەر شانەکانیشم تاسەیان دەکرد.

گەڕامەوە. لە قوڵایی دۆڵی بەردەم هەڵەمووتەکەدا سەرئەنجام دۆزیمەوە. چەند بێ ناز کەوتبوو! چەند پەرتەوازە و دوور! خۆشحاڵ بوو بە گەڕانەوەم. ئاە، جانتا قاوەییە تۆزلێنیشتووە ساڵاوییەکە!

***

 

من لەوێ لە هەوێشقانەکە فڕێم داوە، جانتاکە دەڵێم. ئەو جانتایەی وا قەت کۆن نابێ. نامەوێ فڕێی بدەم، نامەوێ هیچ کەس لە هیچ زبڵدانێک سەرلەنوێ هەڵیبگرێتەوە و دیسان جانتای تری لێ دروست بکاتەوە. ئەو دەبێ لەوێ لە پاشخانەکە بێت،... بۆ هەمیشە. ئەو دەبی لەوێ بێت تەنیا و تەنیا بۆ بیرلێکردنەوەکانی من،... تەنیا و تەنیا بۆ ئەمە،... بۆ ئەمە،... ئەم ە ە ە ە..."

گەڕان بۆ بابەت