ما 4409 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تەمەنی پر ئەسرینی دوایین هەنگاویشی نا و، مۆمی ژیانی کوژایەوە و کێلێکیش بە قەد باڵای شەم لە ژور سەری نرا. کۆچی کرد و چووە پاڵ وەلی دێوانە و شریتی گۆرانییەکانیشی لەسەر دیوانەکەی وەلی دێوانە لە دوای خۆی جێ هێشت و بوو بە فرمێسکێک و لە چاوی کوردستان نیشت و، هەستی شێعری شاعیرانی بزواند.

 

 

بۆ کۆچی دووایی مامۆستا کەریم کابان

تەمەنی پر ئەسرینی دوایین هەنگاویشی نا و، مۆمی ژیانی کوژایەوە و کێلێکیش بە قەد باڵای شەم لە ژور سەری نرا. کۆچی کرد و چووە پاڵ وەلی دێوانە و شریتی گۆرانییەکانیشی لەسەر دیوانەکەی وەلی دێوانە لە دوای خۆی جێ هێشت و، بوو بە فرمێسکێک و لە چاوی کوردستان نیشت و هەستی شێعری شاعیرانی بزواند.

 جادەی هونەری چۆڵ کرد و وەک تەمەنی رۆیشت و ئاوڕی نەدایەوە. رۆیشت و پێش رۆیشتنی داوای لێمان کرد کە قەت نەدەین ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو. ئەو بێدارانەی وا دڵداریان موسیقایە و جێ ژوانیان دەریای دەنگی کەریم کابانە.

کەریم کابان کۆچی دوایی کرد و دونیای پر لە شەر و ئاژاوە و نامرۆڤایەتی جێ هێشت بۆ خوازیارانی، بەڵام دەنگەکەی وەک قاسپەی کەوی چیاکانی کوردستان هەر دەنگ ئەداتەوە و هەتا هەتایە دۆڵاودۆڵ و هەرداوهەرد بەسەر وڵاتدا دەگەڕێت و لەگەڵ هەر بەیانێکدا بە جادە چۆڵ و سێبەرەکاندا تیدەپەڕێت و لەگەڵ دایسانی هەر شەمێکدا شەمی شەمانی بۆ دەڵێت. تەمەنی درێژی وەک رووبارێک بە ناو دارستانی موسیقا و دەنگدا دەڕوا و هەر بەرهەمێکی دارێکی باڵا بەرزە کە لە سێبەریدا هەموو رۆژێک سەدان کەس دەحەوێنەوە. تەمەن درێژ بوو، بەڵام تامی دەنگی وەها چێژێک دەبەخشێت کە لە لای هۆگرانی وەک وەرزێک هەست دەکرێت. وەرزێکی سەرسەوز و بەهاری کە لە دڵی زستاندا کۆتایی دێت و بەفری کفن جەستەی دادەپۆشێت. هەشتاوهەشت بەهاری بردەسەر و وەک رووبارێک رژایە دەریای زستان و بوو بە کلوە بەفر و گشت وڵاتی داپۆشی، بوو بە ئەستێرەیێک و لە ئاسمانی هونەردا جێگای گرت و چووە خانەی نەمرانی هونەر و موسیقای کوردییەوە.

وەک هۆگرانی دەنگی کەریم کابان چەپکە گوڵێکی رەنگاڵە ئاراستەی خاکی گۆڕەکەی دەکەین و، خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵەکەی و هۆگرانی دەنگی دەزانین و یاد و ناوی بەرز رادەگرین. بە یادی مامۆستای کۆچکردوی خۆشەویستمان گوێ لە گۆرانی تەمەن دەگرین.

 

سایتی قەڵەم

١٥ یانواری ٢٠١٦

 

 

 

 

 

سایتی قەڵەم

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت