ما 6832 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

پەنجەی دەچێتەوە سەر وێنەیەکی تر. کلیکی دەکا. فیلمێک دەست پێدەکا. سەنگەرێک و ئەو سەربازانەی چاوەڕوانی فرمانی هێرشن. بارانێکی قورس دەبارێ و سەنگەرەکان قوڕاوین، تا قۆزینگی پێیش، ئاو،... ئاوێکی چڵکن. ئەفسەرێک لە ژوورەوە لە ناو چوارگۆشەیەکی ژێر خاکدا کە بە جوانی بە گوێنی خۆڵ داپۆشراوە، بە ئایپۆدەکەی خەریکی سەیرکردنی فیلمی رووتە. 

 

تاوانبارکردن

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کە بێتاقەت دەبێ، لە ناو یوتوپ دا بە شوێن فیلمی شەڕ یاخود فیلمە کۆنە رەش و سپییەکانی جاران دا دەگەڕێ. کە بێتاقەتتریش دەبێ بە شوێنی فیلمی پوڕنودا. بیردەکاتەوە گەر ژیانی مرۆڤ سەرتاسەر بێتاقەتی بێت، چ دەقەومێ. چ کارەساتێ! لە دڵی خۆیەوە سوپاسی کار و سیاسەت و نووسین دەکا.

بە بێ هیچ هەستێک لە فیلمی شەڕ و فیلمە رەش و سپی و پوڕنوکان دەڕوانێ. هەموو شتێک لە بەرچاویدا تەنیا جوڵەیە و دەنگ و رەنگ. بە بێ هەڵخراندنی هیچ هەستێک وێنەکان لە ناو پانتایی دونیایەکی بێ ناوونیشاندا بەرەبەرە دەپوکێنەوە و وندەبن و، ئەوسا دیسان ئارام ئارام پەیدا دەبنەوە و دەگەڕێنەوە، سەرئەنجام دەبنەوە بە هەمان شتی چەند سات لەمەوبەر.

 جاری وایە لە خەیاڵیدا سەربازەکان لە گەرمەی شەڕدا رووت رووت دەبنەوە و دەستدەکەن بە سێکس کردن و پاڵەوانی پوڕنوکانیش لە گەرمەی هەناسەبڕکێ و چێژ و هەنسکە هەنسکیاندا دەبن بەو سەربازە بێڕەحمانەی فیشەک و هاوەن بە یەکترەوە دەنێن. تەنیا وێنە رەش و سپییەکانن وەک خۆیانن و هیچیان لێ نایەت. ئەوان نە فیشەک و تۆپ بە یەکترەوە دەنێن و نە بە سەر یەکترەوە هەنکەهەنکیانە. ئەوان بوونێکی ئەزەلیی و ئەبەدین،... بێ جوڵە و بێدەنگ.

ـ "ئا، رەنگە تاوانی بێتاقەتیەکان هی ئەوان بێت،... هی ئەوان!"

نازانێ چۆن، بەڵام هەر ئەوەندە دەزانێ قامکی دەچێتە سەر وێنەیەکی تر و بە بێ هیچ پلان و بیرێک کلیکی دەکا. کتوپڕ ژوورەکە دەبێ بە بەستێنی رووباری دەنگێکی سەیر:

ـ "پاییز پاییز بووکی قژ زەرد، من مات تۆ زیز...

وشەکان لەبەر چاویدا چەند جوان چنراون. رستەکان چەند بە رێک و پێکی و تەژی لە ئاواز لەناو بەستێنی ئاهەنگەکەدا بە شوێن یەکتردا دێن و دەڕۆن. بەڵام ئەوانیش لە کۆتاییدا ئارام ئارام تەنیا دەبن بە جوڵەی دەنگ و بەس،... نە هیچی تر. ئەو جوڵانەی وێنەی تر لە دەروونیدا زیندوو دەکەنەوە.

پاییزی وەک کچە قژ زەردەکەی ناو فیلمە پورنوکە دێتە بەرچاو. ئەو کچە قژ زەردەی دەتوانێ بە ئاسانی هەر ساتەی سۆز لە گەڵ کەسێک بگۆڕێتەوە. کچەکە چەند ئاسان جوانیی خۆی لە ناو چێژی جەستەیدا وندەکا.

جوڵەکە بەردەوامە:

ـ "پاییز پاییز گەڵارێزانت،...،... هەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین، ئاڵتونی دار ئەڕژێ بگرین،...

سەربازەکانی وەک گەڵا و گوڵە سیسەکان دێتەبەرچاو. بوونە هەنگ نەدیتووەکانی ژیان. ئاە، وێنە رەش و سپییەکانیش چەند زیزن. هەرچی جوانیی رەنگە لە خۆیان داماڵیوە و کشاونەتەوە بۆ سەرەتاییترین چوارچێوەکانی بوون. چەند حەز دەکا گیرفانەکانی پڕی رەنگە ئاڵاو واڵاکان بن. وەها، رەنگە رۆژێ گەر بێتاقەتیەکان وازیان لێ هێنا، دەست بکا بە گیرفانیدا و مشتێک رەنگ بە روویاندا بپڕژێنێ.

باوکی گوتبووی:

ـ "ئەو رۆژەی ئەو ماندوو بوو، من بە رێکەوت لەژێر درەختێکدا راوەستابووم. لە گەڵ ماندوو بوونی ئەو، بەچکە باڵندەیەک کەوتە خوارەوە. من هەڵم گرتەوە و خستمەوە شوێنی خۆی، بۆ ناو هێلانەکەی. لە دڵی خۆمدا بە خۆمم گوت خۆزگە ماندوویی ئەو لە کەوتنە خوارەوەی ئەم زەڕنەقووتەی دەکرد. دەمتوانی هەڵیگرمەوەو بیخەمەوە شوێنی خۆی و ئیتر هەموو شتێک زۆر ئاسان وەک جارانی لێدەهاتەوە."

بەڵام ماندوویی ئەو لە کەوتنەخوارەوەی زەڕنەقووتەی نەدەکرد. بەڵکو لە فڕینی باڵندەیەک دەچوو کە لە ئێوارەیەکی پاییزیدا بەرەو دوورەکان فڕیبوو.

پەنجەکانی ماندوون. نازانی ئەم ماندووییە لە کوێوە دێت.

داخۆ باوکی دەزانێ ئەو لە ناو جیهانی ئینتەرنێت دا خەریکی چییە! هەڵبەت بشزانێ گرینگ نیە. باوکی تەنیا لە سەردەمی منداڵیی ئەو دەترسا. ئیستا دڵنیایە سمێڵە ماش و برینجی و ئەستوورەکانی چیتر جێگایان بۆ رووانی مووی بەلاڕیداچووندا تێدا نەماوە. باوکی پێی وایە زیرەکترین کوڕی دونیای هەیە. لە دڵی خۆیدا بەخیلی بە لێزانی کوڕەکەی لە بەکارهێنانی کۆمپیوتردا دی. ئەو نازانێ کوڕەکەی چەندە کات بۆ کوشتنی ڤیرووسەکان تەرخان دەکا!

ئەو دڵنیایە سەربازەکان و سۆزانییەکان لەو بێتاقەتترن. بەڵام بۆ وێنە رەش و سپییەکان، نازانێ. ئەوان بێ هەستترین بوونەوەرەکانی جیهانن. ئەوەندە بێ هەست کە دەتوانن ساڵانی ساڵ لە بەرامبەری ئەودا دابنیشن بە بی درکاندنی هیچ جوڵەیەک. چەندە بێڕەحمن!

پەنجەی دەچێتەوە سەر وێنەیەکی تر. کلیکی دەکا. فیلمێک دەست پێدەکا. سەنگەرێک و ئەو سەربازانەی چاوەڕوانی فرمانی هێرشن. بارانێکی قورس دەبارێ و سەنگەرەکان قوڕاوین، تا قۆزینگی پێیش، ئاو،... ئاوێکی چڵکن. ئەفسەرێک لە ژوورەوە لە ناو چوارگۆشەیەکی ژێر خاکدا کە بە جوانی بە گوێنی خۆڵ داپۆشراوە، بە ئایپۆدەکەی خەریکی سەیرکردنی فیلمی رووتە. هاوکات ئەو وێنە رەش و سپییەیشی بە دەستەوەیە کە ئافرەتێکی جوانی قژ لوول تێیدا شۆخ و شەنگانە پێدەکەنێ. ئەفسەرەکە چاوێکی لەسەر فیلمەکە و چاوەکەی تریشی لە سەر وێنەکەیە. دووا نیگاکان دووا چۆڕەکانی ویسکیی کات هەڵدەقوڕێنن. رەنگە چەند خولەکی تر هیچ ئاسەوارێک لەم جەستەیەدا نەمێنێ. بەڵام سەربازەکە نە خەمگینە و، نە دەترسێ. ئەو تەنیا دەیەوێ دووا ساتەکان وەک بەشیك لە ژیانی بژی و تەواو. تازە خۆیشی لە چاو سەربازەکان، ئەوانەی وا لە ناو قوڕ و لم دا لە ژێر باران راوەستاون بە بەختەوەرتر دەزانێ.

کتوپڕ فرمانی هێرش دەدرێ و سەربازەکان دەردەپەڕن. ئەفسەرەکە بە پەلە وێنەکە دەخاتە گیرفانییەوە و بە بێ ئەوەی فریا بکەوێ ئایپۆدەکەی هەڵبگرێ، رادەکاتە دەرەوە. لە دڵەوە سوپاسی وێنەکە و فیلمە رووتەکە دەکا وا ببووە هۆی ئەوەی لە دووای هەموو ئەوانی ترەوە لە سەنگەرەکە وەدەرکەوێ و هێرش بکاتە سەر دوژمن.

لە پاش ماوەیەکی یەکجار دوورودرێژ هەست دەکا  بۆ یەکەمجار ئەم فیلمە خەریکە سەرنجی رادەکێشێ. ئەوەی کە بزانێ دوواتر چ دەقەومێ و چی روودەدا، لە سەر کورسییەکە قیتی دەکاتەوە. تا ماوەیەک تەنیا تەقینەوە سامناکەکانن و ئەو تەرمانەی لێرە و لەوێ کەڵەکە دەبن. سەرئەنجام سوپا ناچار بە پاشەکشە دەبێ و فرمانی گەڕانەوە دەدرێ. ئەوسا ئەفسەرەکە دەبینێ کە لە گەڵ یەکەم سەربازەکان دەگەڕێتەوە ناو سەنگەرەکەی. پیس پیس وەها ناتوانی بیناسیتەوە. تەواوی جەستەی تەڕ و گڵ و لێڵ. یەکڕاست دەچێتەوە هەمان ژووری پێش هێرشەکە. ئەمجارە عەبەساو. لە سوچێک دا دادەنیشێ، شەڵوارەکەی دەردێنێ و سارد سارد لە کاتێکدا لە خاڵێکی نادیاری رووبەڕووی راماوە، خەریکی خۆراحەتکردن دەبێ. لە ئایپۆدەکەوە دەنگی ئەو ئەکتەرە دێ وا دەڵێ خۆشترین سێکس، سێکسی ناو سەنگەر لە مەیدانی شەڕدایە. بە تایبەت لە دووای هێرش. دەنگێکی پیاوانە وەڵامی دەداتەوە و، دەڵێ:

ـ "خەمت نەبێ، لەوێیش فیلمێک سازدەکەین!"

ـ "ژیان بەردەوامە!"        

 ئەو پێی وایە ئەمە راستە، گەر وێنە رەش و سپییەکان بێڵن. تەنانەت نە شەڕ و نە پوڕنو ناتوانن مەترسی گەورە بن بۆ سەر بەشەر. تەنیا ئەو وێنانەن وا خەتەرن. وێنە رەش و سپییەکان. ئەوانن ناهێڵن ژیان بەردەوام بێت، ئەوانن بێتاقەتیەکان دروستدەکەن.

بەرەبەرە ئەمڕۆیش لە سەیرکردنی شەڕ و فیلمە رەش و سپییەکان و پوڕنو بێتاقەت دەبێ! بیردەکاتەوە گەر لە بێتاقەتی بێتاقەت نەبی، ئەوا بێتاقەتی سەرت دەخوا!

سەرئەنجام وزەکان دەگەڕێنەوە. چەند حەزدەکا بەیانی زوو بێ، خۆر هەڵبێتەوە،... وەها، بتوانێ بچێ بۆ کار. حەزدەکا دوواتر زۆر زوو لە کار بگەڕێتەوە و دەست بە نووسین بکا. بەڵام چی بنووسێ؟ ئا، راستی لە سەر چی بنووسێ؟ هەوڵ دەدا بابەتێک ببینێتەوە. هەرچی دەکا هیچ بە زەینیدا نایەت.

بێتاقەتی؟ ئا، دەبێ لە سەر ئەم بابەتە بنووسێ.

بۆ ئەوەی بتوانێ لە سەر ئەم بابەتەیش بنووسێ، دەبێ بێتاقەت بێت. بەڵام کێشە ئەوەیە گەر بێتاقەت بوو ئیتر تاقەتی نووسینی نامێنێ.

هەربۆیە ئەو کاتێ بێتاقەت دەبێ، دەچێتە پشت کۆمپیوترەکەی. لەوێ بە شوێن فیلمی شەڕ و فیلمە رەش و سپییە کۆنەکان و پوڕنودا دەگەڕێ. ئیستایە ئیتر خەریکە بەرەبەرە لە مانای دەنگی تەقینەوەکان، وێنە ناڕوونە رەش و سپییەکان و هەنکەهەنکەکان تێدەگا.

 

تاوانبارکردنی مرۆڤ چەند گران و ئەستەمە!

گەڕان بۆ بابەت