فەڕۆخ نێعمەتپوور

کەرە بەستەزمانەکەیش لانیکەم بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا لە جیاتی مرۆڤێکی قورسی رەزا گران، لەو مرۆڤانەی بە هەزار داو و دەرمان جوان ناکرێن و کەچی پێیان وایە جوانترین بوونەوەری جیهانن، رزگاری بووە و دێڵێکی رەزا شیرینی بە کێش سووکی لە سەر پشت ناوە و جادەی لە ناو قەرەباڵغیدا بڕیوە. 

 

بەر کتێبخانەکە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەیگوت هەموو شتێ لە ژوورەکەوە دەستی پێکرد، لە دانیشتن لە بەر ئەو کتێبخانە بچوکەدا وا بە حەوت ریز کتێبیان لەسەر بوو. لەوەوە، کاتێک لە تەنیایی دا لە بەر کتێبەکان دادەنیشت و لە کاتێکدا بۆنی لاپەڕە نوێ و کۆنەکان لە دەوری دەئاڵا، لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەی دەکرد و، خەیاڵ دەیبردەوە. خەیاڵێک لە رەگەزی رووداوەکانی رۆژانە.

بەڵام ئەو باوەڕی بەم قسەیە نەدەکرد. دەیگوت هەموو شتێ لەو رۆژەوە دەستی پێکرد کاتێک دراوسێکەیان لە ژن و منداڵەکانی توڕە دەبوو، تاقمی دەستکردی دیانەکانی دەردەهێنا و لە رقا بۆی دەهاویشتن. یاخود دەیگوت لەو رۆژەوە وا سەگێکی دێڵیان بە بووکی بە سواری کەر برد. دەیگوت هەر دووکی ئەم رووداوانە وەها لە مێشکی هاوڕێکەیدا مانەوە کە هیچ شتێکی تر نەیتوانی بیانسڕێتەوە.

ئەم بۆخۆی ئەم قسانەی هاوڕێکەی رەد دەکاتەوە، باوەڕی پێیان نیە و دەلێ هەموو شتێ تەنیا لە ژووری کتێبخانەکەوە دەستی پێکرد. دەڵێ ئەو رووداوانەی وا هاوڕێکەی دەیانگێڕێتەوە هەمووی بیانوو بوون بۆ ئەم ژوورە. ئەو ژوورە نەگبەتە! ئەو ژوورەی لێیەوە دیمەنی لێڕوانینی جیهان بە یەکجاری لەبەر چاویدا گۆڕا،... بۆ هەمیشە. وەها ئیتر هیچ شتێک وەک خۆیان لێ نەهاتەوە. قەت قەت.

هاوڕێکەی دەڵێ هەم فڕیدانی دیانەکان و هەم بە بووکی بردنی دێڵێک بە سواری کەر، ئەگەرچی دوو رووداوی بە تەواوی لێک جیاواز و لێک دوور بوون (ئەمیان لە تەنیشت خۆیاندا لە ماڵە دراوسێکەیان رووی دەدا و ئەوی تریان لە گوندێکی یەکجار دوور)، بەڵام لە سەر دڵی بۆ هەمیشە بە قەڵەمێک کە جەوهەرەکەی لە رەگەزی ئاسنی توواوە بوو، نووسرا و ئیتر بۆ هەمیشە تێیدا مایەوە،... لانیکەم هەتا دەژی،... هەتا ژیا.

نازانێ کتێبەکان بۆ وەهان، نازانێ چلۆنە دەتوانن وەها بە بێدەنگی بە سەر دەرون و مێشکی دا زاڵ بن، ئەوەندە زاڵ کە بۆ هەر شوێنێک بچێ، دیسان لە گەڵیدان. ئەوانەی وا هەمیشە دەدوێن و بێ روحمانە رێگای پیشان دەدەن، رێگایەک نەک لە دەرگاوە، بەڵکو لە پەنجەرەوە. ئەو رێگایانەی دەڵێی تەنیا رێگان و بەس، بێ ئەوەی بگەنە هیچ شوێنێک. ئەو کتێبانەی لە هەموو شتێکی ئەم دونیایە توڕەن و تەنیا قسەدەکەن و، بە بێدەنگی دەنگ هەڵدەبڕن.

هاوڕێکەی دەڵێ بەوە نەبوو لە ژوورەکە لەبەر کتێبخانەکەدا دانیشتبوو، لەوێوە جوان جوان گوێی لە گڤەی فڕێدانی تاقمەکە بوو. ئاگای لێ بوو چلۆن بەر گۆنا و دەموچاوی ژن و منداڵەکانی دەکەوت و چلۆن برینداری دەکردن و جێگاکانی هەتا چەند هەفتە دەمانەوە. ئەو تاقمەی قەت نەدەشکا! ئەو تاقمەی دەڵێی دکتۆرەکە بۆ شەڕ دروستی کردبوو، نەک بۆ پارو جاوین و نان خواردن. گوێی لێ بوو چلۆن ژنەکە رۆژ تا ئێوارێ دۆعای لەو تاقمە دەکرد، ئەوەی کە خوا رەحم بکا و رۆژێک لە فڕێدانەکاندا ورد و خاش بێت. ئەوەی کە خوا بەزەیی بە منداڵەکان و خۆیدا بێتەوە و دیانەکان وەها گوم و گۆڕ بکا کە بە یەک مانگیش مێردەکەی نەتوانێ بیاندۆزێتەوە. یاخود شەوێ مێردەکەی لە کاتی خەودا لە کاتی پرخە ترسناکەکانی دا قوتیان بدا. کەچی منداڵەکان وا نەبوون. ئەوان حەزیان نەدەکرد تاقمەکە شتێکی بەسەردا بێت. چونکە باوکیان بە بێ تاقم یەکجار ناشیرین و گوناح دەینواند. ئەو منداڵانەی کە لە کاتی توڕەییەکانی باوکیاندا هەم بۆ خۆیان دەگریان و هەم بۆ باوکیان. ئەم لەم کاتانە لە بەر کتێبخانەکەدا وەها خەیاڵ دەیبردەوە، کە کتێبەکان دادەبەزین و سەریان بە سەریەوە دەنا و هەوڵیان دەدا دڵنەوایی بدەنەوە. هاوڕێکەی دەڵێ عادەتێکی باش کە هەیبوو ئەوە بوو قەت نەدەگریا. دەڵێن ئەو عادەتەی لە کتێبەکانەوە پێ گەیشتبوو.

ئەم لێرەوە ئاگایشی لە دێڵە سەگەکە بوو. خەڵکی دەیانگوت کتێبەکان خاوەن چاو بوون و نیگاکانیان لە سەدان دیوارەوە دەگوزەرا و بە دەیان و سەدان کیلومەتریان دەبڕی و ئاودیوی کێوەکانیش دەبوون. دەیانگوت ئەم لە چاوی کتێبەکانەوە ئاگای لەو دێڵە بووە. بەڵام دوواجار قا قا پێدەکەنین و دەیانگوت:

ـ  "بە خوا سەیرە! ئاخر کتێب کاری بەو سەگە چییە وا بە سواری کەرەوە بە بووکی دەیبەن!"

راستیان دەکرد، بەڵام ئەم پێی وابوو حیکمەتێک لەم کارەدا هەبوو. باشە بۆ نابێ دێڵ بەم شێوازە بە بووکی بەرن؟ تا ئیستا کەسێک هەوڵی داوە پرسیاریان لێ بکا کە داخۆ ئەمە ئاواتیانە یان نا؟ بێگومان کەس نەیپرسیبوو. هەر بۆیە کاتێک بۆ یەکەم جار ئەمە روویدا، کتێبەکان باسیان کرد. ئەم کە بیر لەو دیمەنە دەکاتەوە، بزەیەک دەیگرێ و سوپاسی گەردوون دەکا کە بۆ یەک جاریش بووە ئاواتێکی سەگە بەڕەڵایەکی بەدی هێنابوو. ئەو سەگانەی وا جگە لە دار و بەرد و ژهر و تێهەڵدان و هەڵابڕین، هیچی تریان لەم دونیایەدا بە نەسیب نەدەبوو. داخۆ چ دیمەنێک بووە! وەرە و بیهێنە بەر چاوانت،... کەرە بەستەزمانەکەیش لانیکەم بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا لە جیاتی مرۆڤێکی قورسی رەزا گران، لەو مرۆڤانەی بە هەزار داو و دەرمان جوان ناکرێن و کەچی پێیان وایە جوانترین بوونەوەری جیهانن، رزگاری بووە و دێڵێکی رەزا شیرینی بە کێش سووکی لە سەر پشت ناوە و جادەی لە ناو قەرەباڵغیدا بڕیوە. ئەم لێرەوە لە بەر کتێبخانەکە بە جوانی گوێی لە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنایە. چاوی لە رەشبەڵەک و قوڵەی سەگەکانە. لەو گوندە چۆڵەی وا دانیشتووەکانی هەر هەموویان لە مەزرا یاخود لە قاچاخن و، ئاگایان لە جوانترین دیمەنی دونیا نیە.

بەڵام دانیشتنی بەر ئەم کتێبخانە بچوکەیان پێ رەوا نەبینی. هاوڕێکەی ئەمەی گوت. ئەمەی گوت و سەرێکی بادا.

ـ "ئاخر لە کوێ بینیوتە کەسێک بە تاوانی دانیشتن لە بەر کتێبخانەدا و روانین لە پەنجەرەیەکەوە بگرن،... یاخود راوی بنێن؟ ها، لە کوێ؟... مەگەر ئەم بوو تاقمەکەی فڕێ دەدا؟... مەگەر ئەم بوو لە چۆڵەوانی گوند دا بە دزییەوە شایی و زەماوەندی سازدەکرد؟... ها؟... یان رەنگە....، نا لێم گەڕێن،... لێم گەڕێن!"  

دووای ئەوەی ون بوو و بۆ هەمیشە لە ژوورەکە دوور کەوتەوە، دەنگۆ بڵاو بووەوە کە تاوانی ئەو ئەوە بووە خۆی لە ژیانی خەڵکی تر هەڵقورتاندووە، ئەوەی کە لە بێدەنگی دا دانیشتووە و هەوڵیداوە لە چاوی کتێبەکانەوە بڕوانێتە ژیان. ئەوەی کە لە کاتی فڕێدانی تاقمی دیانەکە لە لایەن دراوسێکەیانەوە، ناو چاوی گرژ کردووە و بە دیتنی دیمەنی شایی دێڵەکەیش بزەی شایی بە لێوانیدا گەڕاوە.

بەڵام راستی ئەو ژوورە چۆن دروست بوو؟... چۆن پەیدا بوو؟

هاوڕێکەی، دووای ساڵانی ساڵ، رۆژێک هەستا و چوو بۆ ماڵیان. لە باوکی پرسی. باوکی کە هێشتا پێی وابوو کوڕەکەی لە ژوورەکە لە بەر کتێبخانەکەدا ماوە،  لەم پرسیارە واقی وڕمابوو، گوتی ئەو ژوورە وەک هەموو ژوورەکانی تر لە شارەدا و رەنگە لە هەموو دونیادا دروست کرابوو. ئەوەی کە باوکێک بیری لەوە کردبووەوە کوڕەکەی پێویستی بە شوێنێکی تایبەتی خۆی هەیە. ئیتر دوواتر بە قوڕ و خشت و گەچ و ئاسن سازکرابوو. ماوەیەک بێدەنگ ببوون، پاشان باوکەکە گوتبووی هەڵبەت ئەو ژوورە بە پێچەوانەی ژوورەکانی تر، شوێنێکی تایبەتی بۆ کومێد تیا چێکرا. ئەو کومێدەی قەت بۆی دروست نەکرا و هەربۆیە رەفەیەکی چەند قاتی ئاسنینی لە جێ دانرا و، کرا بە شوێنی کتێب. ئاخر ئەو رەفەیە تەنیا بۆ کتێب دەستی دەدا.

هاوڕێکەی ئیتر نەیپرسی بۆچی کومێدی تێنەخرا. هەستا و رۆیشت. بە  دەم رێگاوە لە کاتێکدا گوێی لە شەڕ و بەزمی دراوسێکە و فڕێدانی تاقمی دیانەکە بوو، لە کاتێکدا دەنگی حیلکە حیلکی پڕ لە شادیی دێڵەکەی دەهاتە گوێ، بیری لەوە کردەوە کتێب هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان جێێ خۆی دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بیریشی لێنەکرابێتەوە،... بە جۆرێک لە جۆرەکان.  

 

 

  

گەڕان بۆ بابەت