سەباح ڕەنجدەر
ئەگەر هەنگاوێک هەڵێنین
هیوایەک بۆ شارى خاڵی و خەواڵوو دێتەدی
دەرگاى ماڵ هەر بە بۆن و چاو پێدا خشانەوەیان دەکرێنەوە
کتێبى نەرم و نیانی
سەباح ڕەنجدەر
چیا سینگى چل حۆرییە و زەماوەند ڕادەگرین
تەرمى نوێژ بۆ نەکراوى مەسیحى بچکۆلە
بە ئاوێنە و مۆمى داگیرساوەوە لەبەر خۆر دادەنێین
تیشک لە ناوى پشوو دەدا و خۆى تێدا بەهێز دەکات
وزە دەداتە باڵى باڵندە و درەخت و گژوگیا
وزەى باڵى باڵندە
تفەنگ و ئەسپى سواران دەلاوێنێتەوە
باڵندەیەک دەنووکى لە تەڕایى درەخت و گژوگیا نا
باڵى بەسەریاندا شۆڕ کردەوە و تێنەپەڕى
هەر بەسەریاندا سووڕایەوە و بڕواى بە هەموو شتێکى کردن
کەس لەناو نوێندا نەماوە
کێڵگە و باخ چاوەڕوانن جۆگەلەکان بکرێنەوە
تەرمەکانمان چاویان لە کێڵگە و باخ داڕێژراون
شاعیرانى شەرم لە فرمێسک کردوو
لە چاوەڕوانیى بەروبوومیدا دوا بەشى کتێبى نەرم و نیانی دەخوێننەوە
ژیان بێزار و بێدار ناکەن
وەرن ئاوێنەى سەر ڕووى بەردى سڕ و خوداوەندى گۆزەى باڵندە بە دەمەوە وەرن
تا خوێن لە گورچیلەى منداڵە ڕوومەت داچۆڕاوەکانمان نەبووەتە دڵۆپەى شووم
ڕەوڕەوەى ڕەنگ تێکچوویان ڕەنگاوڕەنگ بکەینەوە و بیکەینە هیوا
ماچیش لە دەمیان بخۆینەوە
ببینین کە لە چیا دێنە خوارەوە
گەرد بە پێیانەوە نییە و بە گۆرانییەکانیان بریندارمان دەکەن
خەونى خۆشم پێیانەوە بینیوە
ئەگەر هەنگاوێک هەڵێنین
هیوایەک بۆ شارى خاڵی و خەواڵوو دێتەدی
دەرگاى ماڵ هەر بە بۆن و چاو پێدا خشانەوەیان دەکرێنەوە
چیا کە سینگى چل حۆریت
ماڵ دەزانێت باسى جۆلانە و جەژنى خۆى بکات
پارچە گۆشتێکى گەرم و بە شەکر و شیر داپۆشراوە
لە تۆدا دەبێتە دڵ و ژیانى ئەو دەژى
بە ناوى تۆوە لە ئاو و ئاسۆ دەپەڕێتەوە و ئاماژەی زەمین سوور هەڵدەگەیمان دەداتێ
دەمەوێ وێنەى درەختێکى نەرم و نیان بۆ باڵندە بکێشم
درەخت خۆى بە باڵندە مەست دەکات
منیش باڵندەى دەمى گۆزە دەهێنمە سەرشانم و دێمە ناو چیا
چرایەکم هەیە دایدەگیرسێنم