نەژاد عزیز سورمێ
تا چاو بڕ ده‌كا شه‌وه
به‌یانى شه‌و
نیوه‌ڕۆ شه‌و
ئێواره شه‌و
شه‌ویش هه‌ر شه‌و.
به‌رپابوونه‌وه‌ی شه‌و
نەژاد عزیز سورمێ
(1)
له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه
بۆ ڕۆژهه‌ڵات
سۆمه‌رییه سهرڕەشهكان،
شه‌و به‌خۆیان دا ده‌ده‌ن و
بهپێخواسى،
خاكى قه‌ده‌غه‌كراو ته‌ى ده‌كه‌ن...
تا چاو بڕ ده‌كا شه‌وه
به‌یانى شه‌و
نیوه‌ڕۆ شه‌و
ئێواره شه‌و
شه‌ویش هه‌ر شه‌و.
خۆر ههڵیشبێ
ئه‌و خۆره نییه ڕوناهى
له سنگى سهرڕەشان بپه‌ڕێته‌وه،
كازیوه نابیندرێ
له‌وێ له ڕێدا ، له خاكی قه‌ده‌غه‌كراو
ڕێبواران نازانن سپێده چییه.
ئێوارە و نیوڕۆژ ناناسن
تا چاو بڕ ده‌كا شه‌وه
سۆمه‌رییه سهرڕەشه پێخواسه‌كان
له‌شه‌وى بێ سه‌ره‌تاو بێ كۆتایی
ته‌نیا په‌ى، به‌ناخى خۆیان ده‌به‌ن
له داڵانهكانى ئه‌وێدا
به‌ده‌م ڕێگاوه،
ئه‌ستێران به‌داو وەدهكهن
دره‌ختان ده‌دوێنن.
ئه‌و كتێبانه ده‌خوێننه‌وه،
له‌دوایدا دهیانووسن:
كتێبى چه‌شه
كتێبى چزوو
كتێبى یهكتهنیی و
كتێبى مه‌رگ و نه‌مریی ..
سۆمه‌رییه سهرڕەشه پێخواسه‌كان
به‌درێژایی ڕێ
به‌درێژایی شه‌وى دوانهبڕاو
بهدرهوشانهوهى ناخیان
بیر له‌نان ، له باران
له گیروگرفته‌كانى دڵ و
له مه‌ستبوون ده‌كه‌نه‌وه ..
بیر له خونچه‌كانى ڕاست و چه‌پى ڕێ ده‌كه‌نه‌وه
كه به‌تینى تاریكایی ده‌پشكون .
بیر له ئاسمان ده‌كه‌نه‌وه
به كه‌زیه ئاڵۆزه‌كانى شه‌و
كێشمانهى خۆی ده‌دا ..
ئیتر نه‌ما
شه‌و سیپارهیێكى چه‌ند په‌ڕى بێ
له پێچى مێزهرێكدا بخوێنرێته‌وه
شه‌و ئهسكهندهرنامهیه،
چه‌ندى لێ ده‌خوێننه‌وه
دوو ئه‌وه‌نده، ده ئه‌وه‌نده‌ى دێته سه‌ر ..
شه‌و داستانێكه
كه‌س نازانێ كه‌ى ده‌ستى پێكراوه و
كه‌ى ته‌واو ده‌بێ .
(2)
له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه
بۆ ڕۆژهه‌ڵات
خۆرێكى چه‌ند زه‌رد و گهرمۆكهمان هه‌بوو
ئه‌و ده‌مه‌ى له‌دار و دره‌خت ده‌چووین ..
ئه‌و ده‌مه‌ى خۆمان پێك هه‌ڵده‌واسی و
گه‌ڵامان تێكه‌ڵ ده‌بوون ..
ڕەگمان
له‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ى ده‌خوارده‌وه
ئه‌و ده‌مه‌ى
خۆرێكى زه‌رد و گهرمۆكهمان هه‌بوو
چه‌ند مرۆڤى ساده بووین،
پڕ له ئاره‌زوو .. له مانا
به تاڤگان هه‌ڵده‌گه‌ڕاین
ترسمان له بناران گڕ ده‌دا ..
ئه‌و شه‌وه تایبه‌تییه مه‌حاڵه‌یان
له‌كوێ بۆ سهرڕەشان هێنا؟
لهكوێیان هێنا ئه‌و شه‌وه؟
بۆ هێنایان؟
كه نه به‌هاوار
سه‌داى نووزهى
شهوقێكى كز ده‌بینرا
نه شكۆفه خه‌واڵووه‌كان
جیلیوهیهكیان لێ ده‌بووه‌وه ..
شه‌و ، شه‌و
هه‌میشه شه‌و
به‌یانى شه‌و
نیوه‌ڕۆ شه‌و
ئێواره شه‌و
شه‌ویش هه‌ر شه‌و ..
(3)
له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه
بۆ ڕۆژهه‌ڵات ..
سۆمه‌رییه سهرڕەشهكان
له دونیاى شه‌ودا
خاكى ڕه‌نگینیان
له‌ناخى خۆیاندا ده‌دى،
ئاینده‌یان ده‌خوێنده‌وه
پێشبینى كه‌ش و هه‌وایان ده‌كرد و
له زه‌ماوه‌ندى
شه‌پۆل و ڕووباران به‌شدار ده‌بوون ..
سهرڕەشهكان،
جار هه‌بوو له خۆشیا ده‌گریان
جاریش هه‌بوو له خه‌مان پێده‌كه‌نین .
سه‌رده‌مه سهخیفهكانى دواى خۆیان ده‌دى
فێر ببوون ڕقیان له شه‌ڕ ببێته‌وه
سیماى سهقەتستان و
بوونه‌وه‌ره‌كانى
وێنه‌ى زامى درۆزنانه‌ى بكوژ و ببڕان بناسنه‌وه ..
هاتن گهلگامشیان
له ئه‌شكه‌وت و دڕاڵهكانى
شانیده‌ر و زرزى و هه‌زارمێرد و
ده‌شتاییه‌كانى چه‌رمۆدا برد ..
ئهنكیدۆیان
له لوتكهكانى زاگرۆسه‌وه هێنایه خوار .
ئه‌و ده‌مه
مه‌یخانه پاڵى به مه‌یخانه‌وه دابوو
كه‌س نه‌یده‌زانى مه‌رگ چییه
گه‌لگامش له مه‌یخانه داده‌نیشت
سێوى به په‌لكه‌وه ده‌خوارد ..
گوێى بۆ حیكایه‌تى
ئه‌و سه‌رده‌مانه ڕاده‌دێرا
هێشتا نه‌هاتبوون .
حیكایه‌تى
ئه‌وه‌ى پاشان
ناوى لێ‌نرا بێهووده‌یی
ئه‌وه‌ى ناوى لێ‌نرا شه‌ڕ،
شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خۆ
له‌گه‌ڵ ئه‌و
له‌گه‌ڵ ئه‌وى دى
له‌گه‌ڵ ئه‌وانى دى ..
حیكایه‌تى
ئه‌و قهسیدانهیش
ده‌نووسرێن و
له‌گه‌ڵ دووكه‌ڵى جگه‌ره‌دا به‌با ده‌كرێن ..
(4)
ئه‌وه، خه‌ونى من بوو
پڕ به قووڵایی خۆشه‌ویستیم
له شه‌وێكى سپی‌دا بینیم
پێیان گوتم :
ئێمه
مرۆڤ
پێویستیمان به كه‌شتییه‌كى دیكه هه‌یه.