خەبات رەسووڵی
سروە ڕەنگی سپی هەڵگەڕاوە و لە نێو دەنگی قاقا و پێکەنینی خوشکیدا بزەیەکی ساردی لە سەر لێوە. پاش ماوەیەکی کورت فاتم دایدەنێتە سەر ئەرزی و وردە وردە بوونی کەمڕەنگ دەبێتەوە. خوشکەکان باسێکی نوێ دادەمەزرێنن و ئەویان لەبیر دەچێتەوە.
لەچکەیەکی سووری گوڵ زەرد
خەبات رەسووڵی
بێ گوێدانە هاتووهاواری یاریکردنی کوڕەکان کە لە حەسارێوە دەنگیان دەگەیشتە نهۆمی سەرێ، شانی بە چوارچێوەی دەرکەکەوە نووساند و نووقمی پرچ داهێنانی چڕۆ بوو. پرچە کاڵەکانی بە سەر شانیدا بڵاو ببوونەوە و ئەو ئامادە نەبوو ئەم دیمەنە لەگەڵ هیچ شتێک بگۆڕێتەوە. تەواو هەستی بە دەنگی دڵی خۆی دەکرد و بەزەحمەت هەناسەی هەڵدەکێشا. بۆ ساتێک چرۆ هەستی بە بوونی کەسێکی دیکە لە نێو ژوورەکەدا کرد. هەر لە نێو ئاوێنەکەدا چاوی گێڕا و جەستەی بچکۆلانەی ئارامی دی. بە بزەیەک لە سەر لێوەوە ئاوڕی لێداوە و بانگی کرد. وەک دەرکەی بەهەشتی بەڕوودا کرابێتەوە بە هەڵاتن چووە پێشێ و لە تەنیشت سەندەڵییەکە ڕاوەستا.
- ئەوە بۆ ناچی لە گەڵ کوڕەکان کایە بکەی؟
چاوی بڕییە پەنجەرەکە و بۆ ساتێک گوێی لە دەنگە دەنگی منداڵەکان ڕاگرت و بە پەلە دیسان رووی لە چرۆ کردەوە و بێ دەنگ سەری داخست.
- پێت خۆش نییە بچییە کن منداڵەکان؟
- چ.
- دەی باشە لێرە ڕاوەستە ئێستا ئامادە دەبم و پێکەوە دەچینە خوارێ بۆ لای دایکت و وان. باشە؟
- لێوم سوور دەکەی؟
- نا عەیبە، کوڕ لێوی سوور ناکات.
- زوو دەیسڕمەوە.
کە ماتیکە سوورەکەی بە سەر لێوی دادەهێنا . حەزێکی شاراوە هانیدا هەروا بە سانایی لە کۆڵ پورزاکەی نەبێتەوە .برژۆڵەکانی بۆ ریمەیل کرد و پشت چاوی بۆ شین کرد.
- بابلیس لە قژم دەدەی؟
- جا کوا قژت هەیە کەچەڵ؟
برێک کرێم لە کوڵمەکانی هەڵدەسوێ و لاکێکی سووڕ لە نینۆکەکانی دەدات . لە نێو ئاوێنەکەدا هەرچاوی لە خۆیەتی و لە خۆشیان شایی لە دڵیدا دەگەڕێ . چرۆ بە چاوی مشتەری سەیرێکی دەکات و پاش کەمێک گەڕان لە نێو کۆمۆدی جلوبەرگەکانیدا قەسرییەکی شینی خزی منداڵی خۆی دەبینێتەوە و هەر بە سەر کراسەکەی خۆیدا لە بەری دەکات و لەچکەیەکی سووری گوڵ زەردیشی لە سەر دەکات.
- ئەو لەچکەیە لە گەڵ رەنگی ماتیکی لێوم دێتەوە؟ چرۆ قاقا پێدەکەنێ.
- بچۆ خوارێ بزانە پێیان جوانە؟
لە خۆشیان وەختە باڵ بگرێ . تا دەگاتە سەر پلیکانەکان چەند جار قەسرییەکە لە لاقی دەهاڵێ و دەکەوێ. بە خێرایی داوێنی قەسرییەکە بە دەستەکانی کۆ دەکاتەوە و بە پلیکانەکاندا دێتە خوارێ و دەرکەی هاڵەکە دەکاتەوە. هەر سێ خوشکەکە لە ژوورێ دانیشتوون و گەرمی قسەن و ئاگایان لە هاتنە ژوورێی نییە . پاش ماوەیەکی کەم فاتم دەیبینێ.
- ئەی ڕۆ ئەوە کێیە؟ کچێ خۆ ئەوە ئارامە. بە هەڵاتن دەچێ و لە باوەشی دەکات و توند کوڵمەی ماچ دەکات.
- حەک پورێ بە قوربانت بێ چەندە جوانی. ئەوە کێ ئاوا جوانی کردووی؟
- دادە چرۆ.
سروە ڕەنگی سپی هەڵگەڕاوە و لە نێو دەنگی قاقا و پێکەنینی خوشکیدا بزەیەکی ساردی لە سەر لێوە. پاش ماوەیەکی کورت فاتم دایدەنێتە سەر ئەرزی و وردە وردە بوونی کەمڕەنگ دەبێتەوە. خوشکەکان باسێکی نوێ دادەمەزرێنن و ئەویان لەبیر دەچێتەوە. دەستی کوڕەکەی دەگرێ و دەیباتە ئاودەست و دەیەوێ دەموچاوی بشواتەوە .ئەو بە گریانەوە لە بەردایکی دەپاڕێتەوە لە کۆڵی بێتەوە . سروە بە هەڕەشە و گوڕەشەوە دەموچاوی دەشواتەوە و قەسرییەکەی لە بەر دادەکەنێ. ئەو وەک مراوییەکی تەڕی چکۆلە لە ئاودەستەکە دێتە دەرێ و دەچێتە حەسارێ. لە بەر تاوی بێ تینی پاییزێ هەڵدەترووشکێ و سەیری یاری کوڕەکان دەکات .