و./ حه‌مه‌که‌ریم عارف

ئیدی چ کارێک نه‌ده‌کرا. یه‌کشه‌ممه‌ی جه‌ژنی پاک بوو و فاشییه‌کان به‌ره‌و "ئه‌یبرۆ" هیرشیان دێنا. هه‌وری تاریک به‌ری ئاسمانی گرتبوو، فڕۆکه‌کانیان نه‌یانده‌توانی هه‌ستن. تەنێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌و ئه‌وه‌ی که‌ پشیله‌کان ده‌یانتوانی ئاگایان له‌خۆ بێ تاقه‌ دلخۆشی پیره‌مێرده‌که‌ بوون.

 

پیره‌مێردی سه‌رپرده‌که‌

ئێرنست هه‌مینگوای

و./ حه‌مه‌که‌ریم عارف

پێره‌مێردێکی جل‌وبه‌رگ تۆزاویی به‌ خۆ بە عه‌ینه‌کێکی چوارچێوه‌ ئاسنه‌وه‌ له‌ که‌ناری جاده‌که‌ دانیشتبوو. پردێکی ته‌خته‌ له‌سه‌ر رووباره‌که‌ دروست کرابوو. گالیسکه‌و ئۆتۆمبیلی باری‌و پیاوان، ژنان‌و منداڵان به‌سه‌ریدا ده‌په‌ڕینه‌وه‌. گالیسکه‌کان که‌ قاتریان لێبه‌سترابوون، به‌ قورسی‌و ته‌مه‌ڵی به‌ هه‌ورازی که‌ناره‌که‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕان. سه‌بازه‌کان په‌ڕه‌ی پیچکه‌کانیان ده‌گرت و بۆ پیشه‌وه‌یان پاڵده‌نا. ئۆتۆمبێله‌کان به‌ زه‌حمه‌ت به‌ هه‌ورازه‌که‌دا سه‌رده‌که‌وتن‌و دوور ده‌که‌وتنه‌وه‌و هه‌ر هه‌موویان پرده‌که‌یان ده‌بڕی‌و ده‌ڕۆیشتن. ئه‌و گوندییانه‌ی که‌ تا گوزینگی پێیان له‌ گڵ رۆده‌چوو، به‌ قورسی هه‌نگاویان ده‌نا. به‌لام پیره‌مێرده‌که‌ له‌هه‌مان شوێن‌و به‌بێ جووڵه‌ دانیشتبوو. هه‌نده‌ شه‌که‌ت بوو که‌ نه‌یده‌توانی تاقه‌ هه‌نگاوێک بنێ.

من راسپیردرابووم که‌ به‌سه‌ر پرده‌که‌دا بڕۆم‌و ته‌ماشای ئه‌وسه‌ری پرده‌که‌ بکه‌م‌و بزانم که‌ دوژمن تا کوێنده‌ر پێشڕه‌وی کردووه‌. که‌ کاره‌که‌م ته‌واو کرد به‌سه‌ر پرده‌که‌دا گه‌ڕامه‌وه‌.گالیسکه‌کان که‌م بووبووه‌نه‌وه‌و چه‌ند که‌سێک مابوونه‌وه‌و به‌پییان ده‌په‌ڕینه‌وه‌. به‌ڵام پیره‌مێرده‌که‌ هێشتا له‌وێنده‌ر بوو.

لێمپرسی: کوێنده‌ریت؟

گووتی: (سان کارلۆس) و، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی کرد.

سان کارلۆس، شاری ئابادو ئه‌ژدادی بوو. هه‌ر بۆیه‌ش که‌یفی به‌ ناوه‌که‌ی هات‌و بزه‌ که‌وته‌ سه‌ر لێوی.

پاشان گووتی: ئاگاداری حه‌یواناتم ده‌کرد.

من که‌ به‌ جوانی لێی حاڵی نه‌بوم گووتم: ئاوها.

گووتی: به‌ڵێ، من بۆیه‌ مامه‌وه‌ تا ئاگام له‌ حه‌یوانه‌کان بێ. من دووا که‌س بووم که‌ له‌ سان کارلۆس وه‌ده‌رکه‌وتم.

روواله‌تی له‌ شوان‌و مه‌ڕداران نه‌ده‌چوو، رووانیمه‌ جل‌وبه‌رگه‌ تاریک‌و تۆزاوییه‌که‌ی‌و سیما گه‌رد لێنیشتوه‌که‌ی‌و عه‌ینه‌که‌ چوارچێوه‌ ئاسنه‌که‌ی‌و گووتم: حه‌یوانه‌کانت چ بوون؟

به‌ نائومێدییه‌وه‌ سه‌ری له‌قاند و گووتی: هه‌مه‌ جۆر بوون. ناچار بووم به‌جێیان بێڵم.

له‌بیری ئه‌وه‌ دابووم که‌نگێ چاومان به‌ دوژمن بکه‌وێ. هه‌میشه‌ گوێم هه‌ڵخستبوو که‌ یه‌که‌مین هه‌هراو هه‌نگامه‌ی پێکادانی ئه‌م شه‌ڕه‌ نادیاره‌ به‌ ته‌متومانه‌ بژنه‌وم، پیره‌مێرده‌که‌ هێشتا هه‌ر له‌وێنده‌ر دانیشتبوو.

پرسیمه‌وه‌: گوتت حه‌یوانه‌کانی چی بوون؟

گووتی: سێ جۆره‌ حه‌یوان بوون. دوو بزن، پشیله‌یه‌ک‌و چوار جووت کۆتر. پرسیم: ناچار بوویت به‌جییان بێڵی ها؟

- به‌لێ، له‌ترسی تۆپان، ئه‌فسه‌ره‌که‌ پیی گووتم که‌ له‌بوردی تۆپه‌کان دوور بکه‌ومه‌وه‌. پرسیم: خۆ ژن‌و منداڵت نین؟ و ده‌مڕوانییه‌ ئه‌و سه‌ری پرده‌که‌ که‌ چه‌ند گالیسکه‌یه‌ک به‌له‌ز به‌نشێوی که‌ناره‌که‌دا داده‌گه‌ڕان.

گووتی: ته‌نێ ئه‌و حه‌یوانانه‌ بوون که‌ گووتم. هه‌ڵبه‌ته‌ پشیله‌که‌ هیچی به‌سه‌ر نایه‌ت. پشیلان ده‌توانن خۆیان رزگار بکه‌ن. به‌ڵام نازانم ئه‌وانی دی چییان به‌سه‌ر دێت؟

پرسیم: تۆ لایه‌نگری کیی؟

گووتی: من عه‌قڵم سیاسه‌ت ناگرێ. ته‌مه‌نم ٧٦ساڵه‌. ١٢ کیلۆمه‌تران به‌پێیان هاتووم. پیم وانییه‌ بتوانم له‌وه‌ی پتر بڕۆم.

گووتم: ئیره‌ شوێنێکی ئه‌مین نییه‌. ئه‌گه‌ر حه‌زت لێ بێ‌و بتوانی، ئۆتۆمبێه‌لان له‌و جاده‌یه‌دان که‌ له‌ تۆرستا- وه‌ ره‌ت ده‌بێ.

گووتی: ماوه‌یه‌کی دیکه‌ش ده‌مێنم، پاشان ده‌ڕۆم، ئۆتۆمیله‌کان بۆ کوێ ده‌ڕۆن؟

گووتم: بۆ بارشه‌لۆنه‌.

گووتی: من له‌و ناوه‌ که‌س ناناسم، به‌ڵام مه‌منوونی لوتفتانم، گه‌له‌ک مه‌منوونم.

نیگای ماندوو پوچه‌ڵی تێبڕیم‌و ئه‌وجا وه‌کو که‌سێک بییه‌وێ خه‌می خۆی ده‌گه‌ڵ که‌سێکی دیدا دابه‌شبکات گووتی: پشیله‌که‌ هیچی به‌سه‌ر نایه‌ت. دڵنییان. ئیدی بۆچی خه‌می بخۆم‌و نیگه‌رانی بم؟ به‌ڵام ئه‌وانی دی چیان به‌سه‌ر دێ؟ تۆ ده‌ڵێی چییان به‌سه‌ر دێت؟

- هه‌ڵبه‌ته‌ ریگه‌یه‌ک بۆ خۆیان ده‌دۆزنه‌وه‌و نه‌جاتیان ده‌بێ.

- تۆ پیت وایه‌؟

گووتم: هه‌ڵبه‌ته‌ و، ده‌مڕوانییه‌ که‌ناره‌ دووه‌که‌ که‌ ئێستا چ گالیسکه‌یه‌کی لێ نه‌ده‌بینرا.

- باشه‌ له‌ژێر تۆپبارنادا چ ده‌که‌ن؟ ئه‌دی هه‌ر له‌ ترسی ئه‌و تۆپانه‌ نه‌بوو که‌ به‌ منیان گووت له‌وێنده‌ر نه‌مینم؟

گووتم: ده‌رگای قه‌فه‌زی کۆتره‌کانت کردبۆوه‌؟

- به‌ڵێ

- که‌واته‌ ده‌فڕن.

- گووتی: به‌لی. هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌فڕی. ئه‌دی ئه‌وانی دی؟ باشتر وایه‌ پیاو هه‌ر بیریان لێنه‌کاته‌وه‌.

- گووتم: ئه‌گه‌ر ماندوویه‌تیت حه‌ساوه‌ته‌وه‌، بامن بڕۆم. پاشان به‌ سوربوونه‌وه‌ گووتم: ده‌ی هه‌سته‌وه‌ هه‌وڵبده‌ بڕۆیت.

گووتی مه‌منوونم. هه‌ستا. لاره‌لاری پی‌که‌وت، به‌ پشتاشکایه‌وه‌و له‌نێو گڵه‌که‌دا دانیشت. له‌ژێر لێوانه‌وه‌ گووتی: من ته‌نیا ئاگاداری حه‌یوانه‌کانم ده‌کرد. لێ قسه‌کانی دیکه‌ی له‌گه‌ڵ من نه‌بوو.

دیسان دووباره‌ی کرده‌وه‌: من ته‌نیا لای حه‌یوانه‌کان بووم.

ئیدی چ کارێک نه‌ده‌کرا. یه‌کشه‌ممه‌ی جه‌ژنی پاک بوو و فاشییه‌کان به‌ره‌و "ئه‌یبرۆ" هیرشیان دێنا. هه‌وری تاریک به‌ری ئاسمانی گرتبوو، فڕۆکه‌کانیان نه‌یانده‌توانی هه‌ستن. ته‌نێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌و ئه‌وه‌ی که‌ پشیله‌کان ده‌یانتوانی ئاگایان له‌خۆ بێ تاقه‌ دلخۆشی پیره‌مێرده‌که‌ بوون.

 

سەرچاوە:

قەڵەمی ٤

 

 

گەڕان بۆ بابەت