ما 3763 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

چ لە نیگایەکی میتۆلۆژیانەوە و چ لە سۆنگەیەکی ئایینی ـ بڕواییەوە چیرۆکی نوح نەک ناتوانێ باوەڕی مرۆڤ بە سڕینەوەی سەرئەنجامی گوناح و تاوان لە سەر زەوی زیاد بکا، بەڵکو دەبێتە هۆی دڕدۆنگیی زیاتر سەبارەت بە هێزی چاکە.

 

کاتێک میتۆلۆژیایش دەستەوەستانە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە میتۆلۆژیای "نوح" دا دەخوێنینەوە کاتێک خودا بینی مرۆڤ لە سەر زەوی بە شێوەیەکی ترسناک ئالوودەیە و تێکەڵ بە گوناح و تاوان بووە و ئیتر لەوە نەدەچوو وازی لێ بێنێ، داوای لە پەیامبەری خۆی "نوح" کرد (کە تاکە پیاوچاکی ئەو سەردەمە بوو)، پاپۆڕێکی گەورە دروست بکا و لە هەر ئاژەڵێک جووتێکی نێر و مێی تێهاوێ و چاوەڕوانی ئەو رۆژە بمێنێتەوە وا لافاوێکی ترسناک و گەورە سەرتاسەری زەوی دەگرێتەوە. بەم شێوەیە خودا دەیویست لە رێگای سڕینەوەی هەموو زیندەوەرەکانی تر، جگە لەوانەی وا لە ناو پاپۆڕەکەدا دەمانەوە (بە رەوایەتێک نوح و ژنەکەی و سێ کوڕەکەی و هاوسەرەکانیشیان لەم پاپۆڕەدا بوون)، یەکجار بۆ هەمیشە زەوی لە گوناح و لە مرۆڤە ناپاکەکان خاوێن بکاتەوە. بە گوێرەی ئەم میتۆلۆژیایە، تۆفانە ترسناکەکە چل شەو و چل رۆژی خایاند و، لە پاش ئەمە ئاو نیشتەوە و سەرنشینەکانی پاپۆڕەکە گەڕانەوە سەر زەوی وشک تا درێژە بە ژیان و بە زاوزێ بدەنەوە. لە کۆتایی ئەم چیرۆکە دەخوێنینەوە کە خودا بە پیشاندانی کۆڵکەزێڕینەیەک ویستی ئەو پەیامە بە مرۆڤ و بوونەوەرەکانی سەر زەوی بگەیەنێ کە چیتر رووداوی وا دووپات ناکاتەوە و بوونەوەرەکانی سەر زەوی ئیتر دەیانتوانی بە بێ ترس لە وەها دیاردەیەک درێژە بە ژیانی خۆیان بدەنەوە.

هەڵبەت لەو سەردەمەوە (واتە لە سەردەمی دروستکردنی ئەم میتۆلۆژیایەوە) هەتا ئیستا، لە دووای ئەم سزادانە میتۆلۆژیائاسایە کە تێیدا منداڵە بێ تاوانەکانیش لە گەڵ گەورە تاوانبارەکان سزادران، نەک تەنیا گوناح کەمی نەکردووە، بگرە لە زۆر قۆناخی مێژووییدا ترسناکتریش بووە، بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی بکەین کە تێیدا نزیکەی سەد میلیۆن مرۆڤ تێداچوون، بێ ئەوەی خودا جارێکی تر تۆفانێکی تر بۆ سەر زەوی بنێرێتەوە. هەڵبەت زۆر کەس لەوانەی لە باوەڕەوە بۆ ئەم رووداوە ئەفسانەییە دەڕوانن، پێیان وایە ئەم چیرۆکە زۆرتر هێمایەکە بۆ وشیارکردنەوەی مرۆڤ بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ تاوانەکانی خۆی دابنێ، چونکە گەر وا نەکا ئەوا رەنگە رۆژێک بە تووش غەزەبی دووبارەی خواوەند بێتەوە.

یەکێک لە دەرس و وانە ترسناکەکانی ئەم چیرۆکە وەک لە چەند دێڕی پێشتردا باسی کرا ئەوەیە کە خودا لە کردەی سزادەرانەی خۆی جگە لە بنەماڵەی نوح، هەموو مرۆڤەکانی تری بە سزا گەیاند، کە بەشێکی گرینگیان بریتی بوون لەو منداڵ و مێرمنداڵانەی هیشتا نەگەیشتبوونە ئەو تەمەنەی وا بتوانن بە لێکدانەوەی چاکە و خراپە بەرپرسی کردەی خۆیان بن. پرسیار ئەوەیە کە بۆچی وەها سزادانێکی بێ بەزەییانە و گشتگیر؟

وەڵامیك دەکرێ ئەمە بێت، لەبەر ئەوەی ئەو منداڵانەیش لە بەر دەستی ئەو دایک و باوکانەدا پەروەردە دەکران، دەبوونەوە بە خاوەنی هەمان کەسایەتی! واتە ئەوان بە بێ ئەم لاولا نەوەی تاوانباری داهاتوویان پێک دەهێنا. هەربۆیە خودا تەنیا بنەماڵەی نوحی نەجات دا کە بە هۆی کەسایەتی خودی نوحەوە دڵنیا بوو لە خاوێنیی کەسایەتیی ئەندامانی بنەماڵەکەیشی.

کەواتە کاتێک باس لەوە دەکرێ "قهار" ی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی خودایە، رێک ئەم خەسڵەتە پشت ئەستوورە بە رووداوێکی لەم چەشنە کە زۆر یەک لە مرۆڤە ئایینیەکان پێیان وایە رووداوێکی راستەقینە بووە و نەک میتۆلۆژیا.

لە دووای ئەوەی کەشتی نوح دەنیشێتەوە سەر زەوی و بنەماڵەی نوح لە گەڵ ئاژەڵەکانی تر دەرفەتی ئەوە پەیدا دەکەنەوە بکەونەوە زاوزێ، سەرلەنوێ وەچەیەکی نوێ لە مرۆڤ لە سەر زەوی پەیدا دەبێتەوە. سەیر ئەوەیە کە لە گەڵ ئەوەی ئەم نەوە نوێیە هەر هەموویان لە بنەمالەی نوحی دەروون خاوێن و پیاوچاک دەکەونەوە، بەڵام دیسان مرۆڤ دەکەوێتەوە ناو دەورێکی نوێ لە تاوان و کردەی گوناحکارانە. تەنانەت دەورێکی یەکجار ترسناکتر.

پرسیار ئەوەیە، گەر خودا بۆ خۆی تا ئیستا نەیتوانیووە لە رێگای سزا و پاداشەوە، دادوەری لە سەر زەوی دابین بکا، گەڕانەوەی بەردەوامی مرۆڤ بۆ ئەم چیرۆکە وەک نمونەیەک لە توانای خودا بۆچی؟

چ لە نیگایەکی میتۆلۆژیانەوە و چ لە سۆنگەیەکی ئایینی ـ بڕواییەوە چیرۆکی نوح نەک ناتوانێ باوەڕی مرۆڤ بە سڕینەوەی سەرئەنجامی گوناح و تاوان لە سەر زەوی زیاد بکا، بەڵکو دەبێتە هۆی دڕدۆنگیی زیاتر سەبارەت بە هێزی چاکە.

لە راستیدا ئەم جۆرە چیرۆکانە زیاتر لەوەی چیرۆکی سەرکەوتنی چاکە بن، چیرۆکی سەرهەڵدانەوەی بەردەوامی خراپە و بە هێزبوونی بێ پسانەوەیەتی. یاخود چیرۆکی سەرکەوتنی کاتیی چاکەن بە قیمەتی تێدابردنی مرۆڤایەتی.

 لە نێوان لافاوەکەی خودا و سڕینەوەی زەوی مەودایەکی وەها نیە!

 

 

گەڕان بۆ بابەت