ما 1079 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 د.عوسمان یاسین 

سەباح رەنجدەر نەهاتووە ئەو چەند دێرە شیعرەى رۆمی بکاتە دەروازەى شیعرەکەى خۆى، بەلام بۆ دەرخستنى ئەم حالەتە فونابوونە دێرە شیعرێکى دیکەى ڕۆمى لە سروودى نەیدا فریاى دەکەوێت، کە هیچ باسى سووتان ناکات، بەڵام  شاعیر هەمان ئاکامى فەنابوونى لێ هەڵدەوێنجێنێ.

 

پەیبردن بە نهێنى "بوون" لە هەردوو دەقی شاعیر سەباح رەنجدەر:

(تۆم ئەم بەرەیانییە ناسی نەمزانی لە کام نوێژدا)

(لە نوێژی ئەم بەیانییەدا  کەوتمە ناو ئاگرى گەورەى سرووش و بەرزبوونەوە)

 د.عوسمان یاسین

  دەقى (تۆم ئەم بەرەیانییە ناسی نەمزانی لە کام نوێژدا) خوڵیاو پەرۆشی خودێکە لە بەرامبەر نهێنى بوون لە نیگەرانیدا دەخولێتەوە، هەر لە ناونیشانى ئەم دەقەشیعرییەدا ئاماژەیەک هەیە بە پەیبردنى شاعیر بە زانینی نهێنییەک ، بەلام نازانێت لە کام رێگایەدا لە رێگاکانی گەیشتن بەو نهێنیە ، ئەو نهێنییەى زانیوە!  پەیبردن بەو نهێنییە دەرککردنە بەراستییەکى رەها، کە نزیکبوونەوەى خودە پاک وبێ گەردەکانە لە دەرکەوتەکانی دونیاى تەلیسماوى راستەقینەى بوون.

بەکارهێنانی رستەیەک بۆ ناونیشانی ئەم دەقە شیعرییە، خۆى لە خۆیدا ئاسۆکردنەوەیەکى دیکەیە بەسەر ماناکردنەوەى نهێنییەکان. لەبەر ئەوەى ناونیشانى شیعرەکە رستەیەکى مانابەخشی ئاسایی نییە، چونکە لەم رستەیدا  (تۆم ئەم بەرەیانییە ناسی نەمزانی لە کام نوێژدا) تێکەلییەکى زەمەنەکان بەدى دەکرێت،ئەم بەیانیییە... لەکام نوێژدا، نوێژەکان لە کات وساتی جیاجیادا دەکرێن، بەڵام شاعیر باسی ئەم بەرە بەیانییە دەکات وئاماژەش بە چەندان نوێژدا دەکات، ئەم تێکەڵکردنەى زەمەنەکان مانا بەخشینێکی دیکەیە بە زەمەن بە میانەى تێکشکاندنی ئەو پێوەرانەى کە مرۆڤ بۆ زەمەنەکانی داناوە ، بەیانی، ئێوارە،شەو،ئەم ساڵ ، پار ساڵ...ئەگەر بۆ راپەراندنی ئیش و کارەکانى رۆژانە ئەم پێوەرانە سوود خۆیان هەبێت، ئەوە بۆ شاعیرێکی خولیاى ئەودیو پێوەرەکانى رۆژانە، سودێکی واى نییە، کە گرنگی پێ بدرێت، بۆیە شاعیر لە هەوڵى تێکشکاندنی ئەو مانایەى زەمەن دایە، کە خۆى لە تێکەلکردنی زەمەنەکان دەبینێتەوە. دیارە ئەمەش لە رستە نائاساییەکەى  ناونیشانى شیعرەکەدا بە دى دەکرێت.

ژیان و مردن چیرۆک وسەربوردەى مرۆڤەکان ، کە لەم نێوەدا نەرم وبۆندارى ڕووناکى ئۆقرەیی پێ دەبەخشن، بەڵام  ئەم چیڕۆک و سەربوردانە مێژوویەکى دوورو درێژیان هەیە، مقۆمقۆ ودەمودومی گەرمییان هەیە، کە لە کتێبەکاندا نووسراونەتەوە، ئاخۆ بلێى هاوەڵانى شاعیر ئەو کتێبانەیان خوێندبێتەوە، کە شاعیر پێیانی داوە ؟! 

ژیان ومردن ئێمە پێکەوە لەبەر نازی نەرم وبۆندارى ڕووناکیدا زۆر ڕۆیشتووین

خۆبدەنە بەر گەرمایى دەمودووم

کتێبی ئێوەم زۆر داوە بە هاوەڵانم بیخوێننەوە

ئەم سێ دێرەى دەقەکە دەروازەیەکە بۆ چوونە ناو دونیایەکى فراوانتر لە پەیبردن بە بوون، کە دواتر دەبینین یەکەم پەیژەى چوونە ناو ئەو دونیا فراوانە خەڵوەت کێشانە، لەیەکەم خەڵوەتیشدا شاعیر سەرگەرمی خۆشەویستى خودایە:

لە یەکەم خەڵوەتدام وسەرگەرمی خۆشەویستى خودام

خوداى ناو تەورات

خوداى ناو ئینجیل

خوداى ناو قورئان

  ئەو خۆشەویستییەى شاعیر لە یەکەم خەڵوەتدا ، بۆ ئەو خودایە بوو کە لە سێ کتێبە پیرۆزەکاندا باسى لێوە کراوە، واتە بێ ئەوەى پەردەى ئاینێکى دیاریکراو بینایی بگرێت، لەو سێ ئایینەدا بەبێ جیاوازى  سەرگەرمی خۆشەویستى خودا بووە،  ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ کرۆکی فەلسەفەکەى شاعیر، کە خۆشەویستى بۆ خودا بووە، ئەم سێ دێرە شیعرەى کۆتایی ئەو پارچە شیعرەى (ئیبن عەرەبی) بەبیرمان دەهێنێتەوە، کە باس لە فراوانی دڵی شاعیر سۆفى دەکات لە بەخۆوەگرتنی خۆشەویستیەکى بێ سنوور:

لقد ێار قلبی قابلا کل ێورە فمرعى لـــغـــزلان ودیــــر لـــرهـــبــان

وبــیــت لڕوپان وکـعــبــە گــائـــف وڕلواح تـــوراە ومـێحف قرآن

ڕدیـن بــدیــن الـحــب ڕنــى توجــهــت رکائبه فالـحـب دیـنـی وإیمانی

لــنــا ڕســوە فی بـشــر هـنــد وڕخــتها وقـیـس ولـیـلى پــم مــی وغــیلان

دیارە خۆشەویستى خودا پانتاییەکى فراوانی شیعرى سۆفیگەرى داگیرکردووە، بۆیە بابەتێکی سەرەکی شاعیرانی سۆفی بوو، چونکە خۆشەویستى بنچینەى زانین و سەرەتاى بوون بووە لایان، خۆشەویستی گەردوونی لە نەبوونییەوە هێناوەتە بوون( د.الشیخ شبر الفقیه، الحب الالهی وتگور عند المتێوفە، دار الهادی، 2008، ێ 123) ،  هەروەک حەلاج گوتوویەتی :

العشق فی ازل الازل من قدم       فیه به من یبدو فیه إبدا

العشق لا حدپ اژا کان هو ێفە   من الێفات لمن قتلاه احیاء

(شرح دیوان الحلاج، عبدالقادر الحێنی، دار الفرقد، دمشق، 2011، ێ 24)

خۆشەویستى خودا سەرتاپا ژیانى رابعە عەدوییەى شەهیدى عیشقی ئیلاهی داگرتووە، لەبەر ئەوە دەڵێت:

حبیب لیس یعدله حبیب       وما لسواه فی قلبی نێیب

حبیب غاب عن بێری وشخێی    ولکن عن فۆادی لا یغیب

(عبدالرحمن بدوی، شهیدە العشق اڵالهی رابعە العدویە، 170، 187)

خۆشەویستی خودا کە بە پڵەى عیشقی ئیلاهی دەگاتە، لە خۆشەویستییەکى ئاسایی تێدەپەڕێنێت، سەرتاپای ژیانی شاعیر دەبێتە ئەو عیشقە، هەروەک چۆن لە قەسیدەیەکى شاعیر جەمال غەمبار بە ناونیشانی ( کەس نییە لە عیشقا بچێتەوە سەر" ئەو " )  ئەمە بەدى دەکرێت. لاى شاعیر (ێباح رەنجدەر) خۆشەویستى و ناسینى ئەو خودایە بێ سنورە ،بەڵام هەست دەکات داستان و گێڕانەوەى ناو کتێبە پیرۆزەکان ئەو خۆشەویستییە خودا چوار چێوەى بۆ دادەنێن وپەڕژینى دەکەن:

تەورات و ئینجیل و قورئان داستانى خودایەکم بۆ دەگێڕنەوە پەڕژینى نەشکێنم 

لێرەدا شاعیر دەگاتە ترۆپکی خولیاى سۆفییانە کە خۆشەویستییەکى بێ سنوورە..بەڵام دواتر شاعیر لە بارێکی نامۆیی رۆحیدا دەخولێتەوە، کاتێک گەشە رۆحی لە دوا خەڵوەتدا واى لێ دەکات ئەو خۆشەویستراوەى بۆ وردنەکرێتەوە:

گەشەى رۆح لە دوا خەڵوەتدام و ئەو خۆشەویستراوەم  بۆ ورد ناکرێتەوە

لێرەدا دەکرێت لە پال ئاماژەکردن بە نامۆیی، ئاماژەش بێت بۆ تواندنەوە لە خۆشەویستى خودادا؟

ئەو بارە نامۆبوونەى شاعیر (سەباح ڕنجدەر) لە کۆتایی دەقێکى دیکەیدا بە ناونیشانی (دوا شیرنی) دەردەکەوێت ، کاتێک شاعیر لە شەڕى زەمەندا گوزەر دەکات و بە دواى نهێنی دەروشانەوەو روناکیدا وێلە:  تەمەن وبزەیەکى نائومێد....خودا وڕۆژى دیوانی خودا..من نەزانم و نهێنیزاننیم...تۆ ڕازى دڵى خۆتم پێ بلێ.....چۆن رووناکى تۆ بدۆزمەوە( رۆژنامەى هەولێر، ژمارە 1986 لە 22/9/2014 لاپەڕەى ئەدەب-17- )

لە دواى مانگێک لە بڵاوکردنەوەى دەقی(تۆم ئەم بەرەیانییە...)، ئەم دەقە بە نەختێک گۆڕانکارییە بە ناونیشانی (لە نوێژی ئەم بەیانییەدا  کەوتمە ناو ئاگرى گەورەى سرووش و بەرزبوونەوە) لە 8/2/2016 لە رۆژنامەى هەولێر بڵاوکرایەوە. لەم ناونیشانەدا ئەو تێکەلکردنى زەمەنەکان بەدى ناکرێت کە لە ناونیشانى یەکەمجاردا ئاماژەمان پێ کرد. بەڵکو لەو ناونیشانەدا ئاماژە بە حالەتى کەوتنە ناو ئاگرى سروش وبەرزبوونەوە دەکرێت، کە لەوانەیە خۆى لە فەنابوون دا ببینێتەوە، بەڵام ئەم رستە ناونیشانە راستەو خۆ باسى ئەم فەنابوونەت بۆ ناکات، بەڵکو ئاماژەیەک بە پاکبوونەوەى زیاترى خودى شاعیر دەکات لە نوێژێک کە

هەمیشە لە هەڵکشان و بەرزبوونەوەدایە، بەڵام دواجار کەوتنە ناو ئاگر سووتانى بە دوادایە، واتە لەو ناونیشانەدا ئاماژیەک هەیە بۆ سووتان لە ناو ئاگرى گەورى سرووش ،  جەلالەدینى رۆمی لە مەسنەویدا باس لەم جۆرە سوتانە دەکات ، کە توانەوەیە لە تاکپەرستى و خۆشەویستى خودای ، رۆمی دەلێت:

(چیست توحید خدا اموختن    خویشتن راپیش واحد سوختن )

فێربوونى تەوحیدى خودا چییە ؟ خۆ سوتاندنە لەبەردم ئەو تاک وتەنهایە

(گر همى خواهی کە بفروزى چو روز     هستئ همچون شب خود را بسوز)

گەر دەتەوێت وەکو خۆر بدرەوشێیەوە   تاریکییەشەئاساکەى گیانى خۆت بسوتێنە

(هستیت در هست ان هستى نواز  همچو مس در کیمیا اندر گداز)

بتوێوە لە ناو ئەو بوون پارێزەى   وەک چۆن مس لە کیمیادا دەگۆڕدرێت و دەتوێتەوە

(در من و ما سخت کردستى دو دست    هست این جملە خرابى از دو هست)

 خۆم و خۆمانت بەهەردوو دەستت گرتووە    ئەم دوانەییە–دووبوونە- خەراباتێکى گەورەیە

(دورە کامل مپنوى معنوى مولانا جلاالدین محمد بلخى مولوى، بەکوشش واهتمام رینولد نیکولسن، با مقدمە شادروان محمد عباسى، نشر گلوع، چاپ هفتمن 1379، دفتر اول، ێ 130)

سەباح رەنجدەر  نەهاتووە ئەو چەند دێرە شیعرەى رۆمی بکاتە دەروازەى شیعرەکەى خۆى، بەلام بۆ دەرخستنى ئەم حالەتە فونابوونە دێرە شیعرێکى دیکەى ڕۆمى لە سروودى نەیدا فریاى دەکەوێت، کە هیچ باسى سووتان ناکات، بەڵام  شاعیر هەمان ئاکامى فەنابوونى لێ هەڵدەوێنجێنێ، دیوێکى دیکەى ماناى پێ دەبەخشێت. لەسەرەتاى دەقەکەدا ئەم دێرە شیعرەى سرودى نەى رۆمی هاتووە:

تۆ زەریا ڕۆکە بە ناو گۆزەیەک... گۆزە چەند دەگرێ بەشى یەک رۆژە یەک.  

 (گر بریزى بحر را در کوزە‏اى           چند گنجد قسمت یک روزە‏اى‏) دفتر اول مپنوى

ئەم دێرە شیعرەى مەسنەوى مانایەکى قولى بەخۆوە گرتووە، لەبەر ئەوە دەبینین خودی ئەم دێرە شیعرە بۆتە بابەتى ناونیشانى کتابێکى نووسەرى فارسی عبدالحسین زرین کوب بە ناونیشانی ( بحر دەر کوزە) ، هەروەها د.مەحەمەد رچا سرگلزایى هەر سەبارەت بەو بابەتە کتابێکى بە ناونیشانی ( کوزەاى از اب بحر-7 درس زندگى از مپنوى معنوى ) نووسیوە.

ناونیشانى دەقی شیعرەکە لەگەل ئەم دێرە شیعرەى مەسنەوى رۆمی لەوەدا یەکدەگرنەوە کە دەربڕى پەیبردنى شاعیرن بە بوون و بەرەو سووتان و فەنابوون لە ناو ئاگرى گەورەى سرووش. ئەو پەیبردنە زەریایەکە رۆکراوەتەوە ناو گۆزەیەک کە خودى شاعیرە، بەڵام ئەفسوس کە گۆزەکە زۆر بچووکە، چۆن دەرهەقی لەباوەشگرتنی زەریا دێت ؟! بەڵکو هەر تەنیا بەشێکی زۆر زۆر کەم لە ئاوى زەریا لە خۆ دەگرێت، کە بەشى زەمەنێکى کورت دەکات.

تێهەلکێشکردنى ئەم دێرە شیعرەى جەلالەدینى رۆمی لە گەل دەقە کەدا ، ئاماژەکردنە بە پربوونى گۆزەى شاعیر لە زەریاى بووندا. بەڵام هەر خێرا پێمان رادەگەیەنێت کە زەریا بەهەڵرژتنى گۆزەکەى ئەو مەى پێ خۆش نەکرا:

دەمی گۆزەى پرم شۆڕکردەوە ناو زەریا

زەریا مەى پێ خۆش نەکرا.

لاى رۆمی زەریاى بوون زۆر سەرسامە گۆزەیەک –کە خودى رۆمییە- چۆن دەتوانى تەواوى ئەو سەرسامییە بەخۆوەبگرێت، بەڵام گۆزەى پڕى رەنجدەر شۆرى ناو زەریاى بوون دەکرێت، هیچ کاریگەرییکى نابێت.

گۆزەکەى رۆمی بچووکەو بەرى سەرسامى گەردوون ناگرێت ==== گۆزەکەى رەنجدەر پڕەو هیچ کاریگەرى لەسەر زەریاى گەردوون نییە.

 ئەم هاوکێشەیە بەهەردوو دیوەکەیەوە دەربڕى پەیبردنە بە نهێنى گەردوونە.

جائەگەر لاى رۆمى ئەو پەیبردنە بە دیوێکى باس کرابێت ، ئەوا لاى شاعیرى دەقی (لە نوێژی ئەم بەیانییەدا  کەوتمە ناو ئاگرى گەورەى سرووش و بەرزبوونەوە) بە دیوێکى دیکە باسکراوە، کە راڤە لە داهێنانى نووسەرەکەى دەکات بە دارشتنەوەى فەلسەفەکەى رۆمى بەزمانێکى دیکە. ئەگەر گۆزەى رۆمی بەرى زەریاى بوون نەگریت ، ئەوا گۆزەى پری رەنجدەر لە ناو زەریاى بووندا دەتوێتەوە، ئەمەش حالى فەنابوونى شاعیرەى لە دواى پەیبردنى بەنهێنى بوون.

تێبینی : دەقی یەکەم (تۆم ئەم بەرەیانییە ناسی نەمزانی لە کام نوێژدا) شاعیر ێباح رەنجدەر ، لە رۆژنامەى هەولێری ژمارە 2287 لە 4/1/2016 لاپەڕە (16) بڵاوکراوەتەوە. دەقی (لە نوێژی ئەم بەیانییەدا  کەوتمە ناو ئاگرى گەورەى سرووش و بەرزبوونەوە) لە رۆژنامەى هەولێری ژمارە 2311 لە 8/2/2016 لاپەڕە (16) بڵاوکراوەتەوە.

ژێدەر:

 

مەبەست لە هایدن بوون، جودە.

گەڕان بۆ بابەت