ما 2178 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح رەنجدەر

دوای ٣٣ ساڵ ئەزموون وام لێ دەکات بڵێم: شێوەی دەربڕینەکەم کەمێک هەرزەکارانە بوو، یان یاخیبوونێکی کەمێک هەرزەکارانە و خۆبەشتزان و پڕ بوو لە هەستی گەنجانە، زیاتر لە قەوارەی ڕۆشنبیری ئەو سام. ئەگەرچی ئەو بەراوردانەی، کە کردبووم. هەموویانم وەک سەرچاوە پیشان دا.

 

کتێبی: (پووشکین: ژیان و بەرهەمی شاکاری) و سوێى یادێک

سەباح ڕەنجدەر

هەموو درەختێکی بەردار ئەفسانەیەکی هەیە و دەیەوێ مرۆڤ بە ئارامی لەناو ئەفسانەکەیدا بژی. خۆم وەک ئەو خاکەی بۆ ڕەز خۆش دەکرێ دەبینم: درەختەکانی باخ هەموویان لە خاکێکی دیاریکراودا بەیەکەوە دەژین و بەرهەم پێشکێش دەکەن. بەرهەمەکانیش هەر یەکەی تام و شێوە و قەوارەی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر یەکیش کاتی جیا و تایبەتی هەیە لە پێگەیشتن و پێشکێشکردنى بەرهەمەکەی، هەموویان وەک برای دایک و باوکیی بەیەکەوە دەژین و هیچیشیان لە ئیرەیی پێ بردنی ئەوی دیدا هەڵنابزڕکێت.

با دێ پێکەوە لە هەموویان دەدا، باران دێ پێکەوە لە هەموویان دەدا، هەتاو دێ پێکەوە لە هەموویان دەدا، ڕووناکی مانگ دێ پێکەوە لە هەموویان دەدا.....تاد، منیش داهێنەرم تادواپلەى خۆشەویستى خۆش دەوێ. هەر بابەتێک لە داهێنەرێک بخوێنمەوە، ئەوپەڕى ئاوات و دڵڕوونیمە، لەسەر نانى سەرخوانى هەموو ماڵان ناوى بنووسم، یان لەسەر شانی خۆمی دانێم و بەناو شاردا بیسووڕێنمەوە. وەک هێمایەک پێشانی دەستەبژێرى کۆمەڵگاى کوردى بدەم، بەڵام بە هیچ شێوەیەکیش بە ناداهێنەرێکم نەگوتووە دەستخۆش، شیعر پێویستە لەپێناو خۆت و ئێستێتیکاى زماندا بنووسرێت، قسەش پێویستە لەپێناو هەموواندا بکرێت.

خودا ئەو بەندانەی خۆی خۆش دەوێ، هەندێک بیرەوەری و پەیوەندی لێک نزیکی بۆ نزیکتر دەکاتەوە و لە یەک خاڵی خرۆشاندا کۆیان دەکاتەوە، پاشان دەیانخاتە بەر سروەی ئیلهام.

لەناو کتێبخانە بچووکەکەمدا، بە دوای کۆشیعری: (نوختەی نوونەکەی ژیان)ی فەرهاد شاکەلیدا دەگەڕام، پێویستم بوو، بۆ شێوە بەراوردکردنێک لەگەڵ شاعیرێکی هاونەوەی خۆی بۆ جیاوازی و بەکارهێنانی هێڵ و هێماکانی ئەزموونی ئێستایان. بێ ویست و بیرلێکردنەوە کتێبی: (پووشکین: ژیان و بەرهەمی شاکاری)، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: محەمەدی مەلا کەریم، چاپخانەی (الحوادپ) 1983 بەغدا، کەوتە ناو ڕووناکى چاوم و بە ئاهێکەوە دەستم بۆى برد. سام و مووچڕکی یادێک هەردوو شانى گرتم و لە ناخەوە ڕایوەشاندم و خاوی کردمەوە، وەک ئەوەی کەوتبمە ناو قووڵایی ئاوێکی ساردەوە و مانگ لە ناویدا خنکا بێت. لەو چرکە پڕ دەروونڕۆشنییە، داوام لە خودا کرد ڕوو لە جیهانی خامۆش بکەم. بە توندى خۆرەتاوی ئەو ڕۆژە تێم ئاڵا و دەست و پێی بەستم.

محەمەد خدر مەوولود لە (هۆڵی ڕۆشنبیری جەماوەری هەولێر) لە 23/11/1983، کۆڕێکى لەبارەی کۆشیعرى (نیگەرانى) نەوزاد ڕەفعەت گێڕا، لەو کۆڕەدا من و (ئیسماعیل تەنیا) بە تەنیشت یەکەوە دانیشتبووین، ناوونیشانی کۆڕەکە پێش چەند ڕۆژێک ڕاگەیەندرابوو، کە فڵانە ڕۆژ، کۆڕێک بەو ناوونیشانەوە لەبارەی فڵانە بابەت دەگێڕدرێت. منیش کۆشیعرەکەم بەوپەڕی وردەکارییەوە خوێندبووەوە، ئەگەرچی موو بە موو ئاگاداری شیعری نوێی کوردیم و بێ جیاوازی، هەمووی بە ورد و یەک ئاست و بایەخەوە دەخوێنمەوە. هەستم کرد بەشێکی، کە دەیخوێنمەوە بەرزەین و هەستم کەوتوون. ئەو هەستپێکردنە خستمییە کەڵکەڵە و سەر هێڵی بەدواداگەڕان و زەینم ڕوون بکەمەوە لە کوێ بەرزەین و هەستم کەوتوون. وەک سەرەقەڵەم دۆزراوەکانم تۆمارکرد. بۆ بەشداری گفتوگۆ لە کۆڕەکەدا ئامادەییەکم لا دروست بوو، ئەگەرچى بە سروشتى خۆم لەکۆڕدا حەزم لە گوێگرتن و سەرنجدانە. ئەم بابەتەم لای برادەرانم: (مەولوود ئیبراهیم حەسەن و خالید جووتیار و مەسعوود پەرێشان و فەیسەڵ دێهاتی) باس کرد. ئەو پێشنیارەیان کرد، بۆ ئەوەی بۆچوونەکانم ببێتە بەڵگەدار و جێگای بڕوا، ئەو سەرچاوانە لەگەڵ خۆم بهێنمە کۆڕەکە. وام کرد و هەموو سەرچاوەکانم لەگەڵ خۆمدا بردە بەردەم میکرۆفۆنی سەر مێزەکە، هەرچی دۆزیبوومەوە، کە بە وەرگیراوم دەزانی وەک سەرچاوە، هەم لاپەڕەی شیعرەکە و هەم لاپەڕەی سەرچاوە لێوەرگیراوەکەم پێشانی جەماوەر دا. شاعیریش لە کۆڕەکەدا لە ڕێزی پێشەوە دانیشتبوو، دوای ئەوەی هەستپێکردنەکانی خۆمم پێشکێش کرد، شاعیر هیچ وەڵامێکی نەبوو، بەڵام ڕەنگی بە هەموو ڕەنگەکانی هەیە گۆڕا. سەرەقەڵەمەکان بە هیچ ویست و ئاراستەیەک نەبوو، تەنیا و تەنیا حەز و شەیداییەکى قووڵى ئەدەبی نەبێت.

دەبووایە ئەو حەقیقەتە لەبەرچاوی ئەو جەماوەرە زۆر و بێ شومارە ئاشکرا نەکەم. بەوەی نابێت هیچ گیانلەبەرێک بەهۆی منەوە دووچاری ئازار و نیگەرانی ببێت، خودایە: (هەموو دۆست و دوژمنەکانیشم لە کاری باش سەرخەی). داوای بووردنیش لە گوتنی ئەو حەقیقەتە دەکەم، واتە: لەخودى حەقیقەتەکە، کە بە گوتنی مرۆڤێک دووچاری ئازار و نیگەرانی بوو، بێ گومانیشم لە هەستی بێ پەڵەی خۆم. سەرەقەڵەمەکانی من بە ناوی (شاعیری قۆپیەچی)یەوە بوو، دوای ئەم هەستپێکردنانە لەخۆبوونی ئەم شاعیرە بێ ئومێد بووم و لە هێڵى خوێندنەوە و بایەخى مندا کەوتە پەراوێزەوە.

دوای 33 ساڵ ئەزموون وام لێ دەکات بڵێم: شێوەی دەربڕینەکەم کەمێک هەرزەکارانە بوو، یان یاخیبوونێکی کەمێک هەرزەکارانە و خۆبەشتزان و پڕ بوو لە هەستی گەنجانە، زیاتر لە قەوارەی ڕۆشنبیری ئەو سام. ئەگەرچی ئەو بەراوردانەی، کە کردبووم. هەموویانم وەک سەرچاوە پیشان دا، دەستەواژەی: (شاعیری قۆپیەچی) بێ هیچ گومان و دڵ لە دڵدانێک دەستەواژە و دەربڕینێکی هەرزەکارانەیە، دەکرا ئەو حەقیقەتەی دۆزیبوومەتەوە بە شێوەیەکی نەرم و نیانتر ئاشکرام بکردبووایە. بە تایبەتی، کە بینیم شاعیر ڕەنگی بە هەموو ڕەنگەکانی هەیە گۆڕا. خۆم وەک گەنجێکی ئازاردەر هەست پێ کرد، خۆم ئازار دا و سەرقەڵەمەکانی خۆمم هەمووى دڕاند، وەک نووسینێک بۆ بڵاوکردنەوە دامنەڕشتەوە، بۆچوونەکان بوونە جێگای بایەخی زۆرێک لە ئامادەبووان، بەوەى لەکاتى پێشکێش کردنى سەرنجەکانم تەماشاى ئامادەبووانم دەکرد، بینیم هەموویان یەک بە یەک خرۆشابوون. من شڵەژام و حەپەسام، دواى تەواوبوونى کۆڕەکە لە دەرەوەى هۆڵدا زیاتر لە نیو کاتژمێر بەشێکى ئامادەبووان لەگەڵم وەستان و گفتوگۆی سەرنجەکانمیان کرد.  

(مەحموود زامدار) بە نەوایەکى پڕهاندانەوە گوتی: (ئەی لە ئومێد ئاشنا وردتر، بینووسەوە و بیهێنە تا لە ڕۆژنامەى هاوکاری، یان گۆڤارى بەیان، کامیانت ویست بڵاوی بکەینەوە) چما ئەم شاعیرە ئەوەیە.

ئەم دەروازە و زەمینە خۆشکردنە بۆ سوێی یادێکە:

لەناو کتێبخانەکەمدا بووم، هەموو هەستەکانم شۆڕببووەوە ناو ئەزموونى کۆشیعری (نوختەى نوونەکەى ژیان)، کە لە ئەزموونى هیچ شاعیرێکى هاونەوەى خۆى ناچێت. ژیان لەسادەیى خۆى، لەناو نادیاریەکى خوداییدا ئامادە و مانادارە بە بڕوابوون بە بوونى بەختەوەرییەکى نادیار. ئەم چەمک و تێمایە لەناو شیعرى کلاسیکی کوردیدا ڕەگى لە (مەلاى جەزیرى و مەحوى و مەولەوى)یەوە دێت و دەگات بەم، ئەمیش بەختەوەرییەکى وێناکراوى تێدا دۆزیوەتەوە و سنوورى فراوانتر کردووە، زمانیشى کارامانە بەکارهێناوە.

(یاد)ى کوڕم هاتە لام و گوتی: بابە (ئیسماعیل تەنیا)، نامەیەکی بۆ ناردووی، ئەگەر بۆت بێنم لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر دەیخوێنیتەوە، نەک دەستوبرد وەڵامێکت لێ داوابکات. لەسەر شاشە چێژ لە خوێندنەوە وەرناگرم و هەم چاویشم یارمەتیم نادات.

دوای ئەوەی لەسەر شانۆکە هاتمە خوارێ و لە شوێنی خۆم دانیشتم. گەنجێکی نزیک لە تەمەنی خۆم، خاوەنی سیمایەکی منداڵانە بوو، لە کورسییەکەی شانی چەپم دانیشتبوو، گوتی: (ئەم شاعیرەت لە هەڵە ئاگادار کردەوە).

مرۆڤێکی داهێنەر و لە ناخەوە دەوڵەمەند بوو. ئەو لەناخ دەوڵەمەندە: (فوئاد کەریم) بوو، دوای ئەم یەکترناسینەمان بووین بە برادەر و هەستی بێ هوودەی هەمیشە لە خرۆشان دابوو، بە تابلۆی دەگوت: (هاوڕێیە بە وەفاکەم)، لە پێناو هونەری شێوەکاری و ئەدەبدا ژیانی یەکپارچە ببووە یاخیبوون، هەمیشە لەشێوەکارانى کورد بێ ئومێد بوو، شێوەکارى لەسەر ئاستى جیهان دەویست.

پاش ماوەیەک شیعرێکم بە ناوونیشانی (موتوربە) لە گۆڤاری نووسەری کورد، ژمارە (4)ی ساڵی 1986 بڵاوکرایەوە. لە شێوەی بڵاوکردنەوەکەدا بایەخێکی زۆری پێدرابوو، لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا یەکەمجار بوو ئەم شێوە بڵاوکردنەوەیە ڕووبدات، یان لایەنی کەم من بیبینم. ئەو چەند لاپەڕەیەی شیعرەکەی تێدابوو، کرابوو بە ڕەنگێکی جیاواز لە ڕەنگی لاپەڕەکانی تری گۆڤارەکە. فوئاد کەریم شێوەکار بوو، بەڵام ئاگاداری وردی لەبارەی شیعر و هونەری شیعرەوە هەبوو، ئەم کتێبە: (پووشکین: ژیان و بەرهەمی شاکاری) دیاریی ئەم شێوەکارە کۆچکردووەیە، کە هەمیشە سەرخۆش بوو بە هاڕمۆنییەتی ڕەنگ. لە پاداشتی خۆشویستنی شیعری (موتوربە). منیش لە نوواندنی ئەم وەفایەدا، ساڵی 1988، کە ڕۆمانە شیعرى (زێوان)م چاپ کرد، یەکەمین دانەم پێشکێش بەو کرد. شاعیر کاتێک دەنووسێت خەمی خۆی و کاریگەرییەکانی دیکە دەیورووژێنێت. دیاربوو خەمی ئەو لەناو ئەم شیعرەى مندا هەبوو، هەر لە یەکەم یەکترناسینمان هاوڕێیەتییەک، ئەگەر هەفتەیەک یەکترى نەبینین، بیرى یەکتر بکەین. لە نێوانمان پەیداببوو، خۆشبەختانە ئەویش وەک من خەمى ئەم لاو ئەو لاى نەبوو. واتە: ئایدیۆلۆژیا تێکەڵى دیدگاى هونەرى نەببوو، خەمى من شیعرى بێگەرد و خەمى ئەویش تابلۆى بێگەرد.

لە بنەڕەتدا شیعری (موتوربە)م پێشکێش بە (ڕەفیق سابیر) کردبوو، گۆڤارەکە بێ پرسی من پێشکێشکردنەکەیان لادابوو، بە ماوەیەکی کورت دوای بڵاوبوونەوەی شیعرەکە عەسرانێک لەگەڵ برادەرم: (سەڵاح مەزن) لە مەچکۆ دانیشتبووین باسی شیعرەکە و لادانی پێشکێشکردنەکەمان دەکرد. (عەباس عەبدوڵڵا یووسف) هاتە نێوانمان دانیشت. لە گەرمەی گفتوگۆیەکەمان بۆچوونی منی داوا کرد لەبارەی خۆی، یان سەڵاح بۆچوونى منى داواکرد لەبارەى ئەو، نازانم. منیش بە ڕاشکاوى بۆچوونى خۆم دەربڕى گوتم: دە شاعیری وەک تۆ لە کۆسەرە بدەیت و بیتراشیت تا شاعیرێکی لێ پێک بێت شیعرێکی وەک شیعری: (ئەم مرۆڤە)ی ڕەفیق سابیر بنووسێت. بۆچوونەکەم ئەگەر هەڵەش نەبێت، توند بوو، ئەگەرچی ئەم شاعیرەی ئەم بۆچوونەم لە بارەیەوە دەربڕی، ئێستا و ئێستاش (لە شیعردا) نەبووە شتێک مرۆڤ دڵی پێی خۆش بێت. ئەم بۆچوونە حەقیقەتی تێگەیشتن و بیرکردنەوەمە، ناحەقی نییە، یان شتێکی لەمە نزیک و لەم بابەتە.

دواى تێپەڕبوونى ڕۆژ و ڕۆژگارێکى زۆر، ئەوجا بۆم دەرکەوت ئەم دوو بۆچوونەم کاریگەرى خراپى لەسەر دەروونى ئەم دوو برادەرە دروست کردووە. بەوەى لە عەنکاوە لە بنکەى ڕۆشنبیرى کلدان، / /2013 لە کۆڕێکى شیعریدا شیعرم خوێندەوە، هەرکە بانگ کرامە سەرشانۆ ئەم دوو برادەرە: (عەباس عەبدوڵڵا یووسف و نەوزاد ڕەفعەت) بەپەلە، وەک ئەوەى هەواڵى مەترسییەکیان پێگەیشتبێت لە هۆڵەکەدا چوونە دەرەوە و نەیانتوانى گوێم لێبگرن. من نەک شاعیربم. تەنیا مرۆڤبم، مرۆڤێکى خودایی و هەستى. دەبێ دۆخێکى تریان بۆ دروست بکەم و لەم دۆخە دەروونییەى هەیانە دەریانبهێنم. داواى بوردنییش لە هەستى خۆم بکەم. 

لە هەشتایەکان کۆڕی ئەدەبی زۆر دەگێڕدرا، لە زۆرێک لە کۆڕەکان ئامادە دەبووین. دوای تەواوبوونی کۆڕەکان بە پیاسە و بەدەم گفتوگۆوە دەهاتینەوە. گفتوگۆمان هەمووی لەبارەی جیهانی ڕۆمانسیی و ڕۆحانیی بوو، کەمتر بە لای شێوەکارییەوە بوو، زۆرتر بە لای شیعرەوە دەڕۆیی و لای نەدەدا، کتێبی: (پووشکین: ژیان و بەرهەمی شاکاری) بە قووڵی چووبووە دڵ و هەستیەوە دەیگوت: ئەو شیعرانەی (عەبدوڵڵا پەشێو) بە ئارەزووی خۆی بۆ وەرگێڕان هەڵی بژاردوون و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە، شاکار و نایابترن لەم شیعرانەی لەم کتێبەدا لەسەر داوای: (محەمەدی مەلا کەریم) وەری گێڕاون. تووڕەییەکی خوداوەندانە هەمیشە لە ناوچەوانیدا هێمای نائومێدییەکی گەورە بوو، ئەم نائومێدییە هانی دا بە پەلە لە کوردستان ڕابکاتە ئەوروپا، لەڕێگادا شەوەی بەفر دەستی لێ بوەشێنێت و شەهیدی بکات.

جۆرێک ئارەقە لە جەستەی مندا هەیە. نە زێڕ، نە زیو، نە کاتژمێر قبووڵ ناکات. قۆدى جغارەى باوکم و ئەڵقەى هاوسەرگیریم  و ناوکی وشک بووەوەی هەر شەش منداڵەکەم بە بایەخەوە لە شوێنێکی تایبەتدا هەڵگرتووە. ئەم دیارییەی فوئاد کەریمیشم لەناو پەڕۆیەکی کەتان پێچایەوە، لەو شوێنە تایبەتییەم دانا، کە قۆدى جغارە و ئەڵقە و ناوکی وشک بووەوەی هەر شەش منداڵەکەمم تێیدا پاراستووە، هەموو خۆشەویستان وەرنە خەونم تابزانین ژیانى ڕاستەقینە لەخەونبینیندایە.        

                                                                                              ئاداری 2016 هەولێر

براى بەڕێزم کاکە سەباح ڕەنجدەر: بە هیواى ژیانێکى ئاسوودە و بەختەوەر. ماوەیەکە ئاگام لە دەنگوباستان نییە. هەر چەند لە ڕێگاى نووسینەکانتانەوە، کەم تا زۆر، دەزانم ماون و دەستبەردارى شیعر و ئەدەب و یادەوەرى نووسینەوە نەبووینە. ئەمڕۆ لە ڕێگاى بڵاوبوونەوەى شیعرێکتان لە ماڵپەڕى (دەنگەکان)دا، خۆشبەختانە ئێمێلەکەت نووسیبوو، هێندەى یەک دنیا شاد و دڵخۆشبووم، ئەم کورتە نامەیەم بۆ نووسى. ماوەیەکە فەیسبووکم نییە. کاتێکى زۆرى لێدەکوشتم بە خوێندنەوە و نووسین ڕانەدەگەیشتم، بۆیە دامخست.

ئێ، منداڵەکانت چۆنن. لە خوێندندا گەیشتوونەتە کوێ. خۆت لە کوێ کار دەکەیت و کاتت چۆن بەسەر دەبەیت. باوەڕ بکە زۆر تاموچێژ لەو نووسینە بیرەوەرى ئامێزانەت وەردەگرم. نامەکانیش لەوان جوان و نایابتر. نازانم هەر من وام، یان ئێوەش. دەبێت هى ئەوە نەبێت، کە لەسەر لووتکەى تەمەن بەرەوخوار هەنگاو دەنێین. خۆزگەم بە هەشتاکان ئەو کات نووسین و خوێندنەوە و هاوڕێیەتى و کتێب مانا و مەغزایەکى تریان هەبوو، بەڵام ئەو زەمان تازە ناگەڕێتەوە، ئێستاکەش ئەو ڕستەیەى تۆم هەر لەگەڵدایە، کە دەتگوت: (سمکۆ ئەگەر کتێب نەبوایە ئێمە چیمان دەکرد) بژین بە خۆشى و بەختەوەر بن.

                                                                                             ئیسماعیل تەنیا

 

                                                          1/3/2016 هانۆڤەر

گەڕان بۆ بابەت