ما 2787 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

لەڕاستی دا ئەم فیلمە سیمبولی یە سەر بە قوتابخانەی واقعیەتی سیحرییە. لەم ڕوانگەوە ئیشی لەسەر کراوە. کار کردن لەسایەی ئەم قوتابخانە زۆر ئاڵۆزە. خوێنەر یا بینەر شارەزایی میژووی میللەتەکە نەبێ ناتوانێ سیمبولەکانی بدوزێتەوە و هەربۆیە تێگەیشتن لێی دژوار دەبێ.

 

ئەنالیزەی فیلمی سینەمایی تەختە رەش

هاوڕێ نەهرۆ

کورتەیەک لە سەر فیلمەکە

فیلمی تەختە ڕەش ساڵی ٢٠٠٠ بەرهەم هاتووە، فیلمنامەکەی لەلایەن محسن مەخمەڵباف و سەمیرە مەخمەڵبافەوە نووسراوە، کاری دەرهینانی فیلمەکە لەلایەن سەمیرە مەخمەڵبافەوە ئەنجام دراوە، کاری نواندن لەلایەن بەهمەن قوبادی و سەید مەحەمەدی و بیهناز جەعفەری ئەنجام دراوە.

لەڕاستی دا ئەم فیلمە سیمبولی یە سەر بە قوتابخانەی واقعیەتی سیحرییە. لەم ڕوانگەوە ئیشی لەسەر کراوە. کار کردن لەسایەی ئەم قوتابخانە زۆر ئاڵۆزە. خوێنەر یا بینەر شارەزایی میژووی میللەتەکە نەبێ ناتوانێ سیمبولەکانی نبدوزێتەوە و هەربۆیە تێگەیشتن لێی دژوار دەبێ.

سەرەتا بە کورتی چەردەیەک لە فیلمەکە دەخەمە روو. سەرگوزەشتەی فیلمەکە باس لە چەند کەسێک دەکا ژمارەیان لە حەوت هەتا نۆ کەسە. ئەم کەسانە تەختە ڕەشیان لە پشت قایم کردووە گوایا مامۆستان و بە دوای خوێندکاردا وێڵن و بژیویشیان لەسەر ئەم کارەیە. هەندێ ژمارەی حسابی قەدەری لەسەر تەختە ڕەشەکان نووسراوە. دواتر دەنگی قیڕە قیڕی قەلە رەش و دەنگی کوپتەر دێت وەک ئاماژە بۆ جەنگ. ئیدی کەسەکان لە ژێر تەختە ڕەشەکان خۆیان دەشارنەوە. کە دەنگی کوپتەر نامێنێ، نووسینی سیمبولی سەر تەختە ڕەشەکان بە قوڕ سواغ ئەدەن، بە رێگای سەخت و دژوار دا دەرۆن. دووانیان دەکەونە شانی یەکترەوە و دەکەونە دیالۆگ. ئەوانی دیکە لە فیلمەکە روڵیان نامێنێ. رووداوی فیلمەکە لەسەر ئەم دوو قارەمانە سەرەکی یە دەڕوا، دوای ماوەیەک هەر یەکەو لە بەناو مامۆستاکان روو لە کۆمەڵی کەس ئەکا. یەکەمیان تووشی پیاوێکی پیر دێت خەریکی شەن کردنە. دوای دواندنی کابرا نامەیەک لەو دیوی سنوورەوەی بۆ هاوتووە دەیدا بە ناو مامۆستاکە. ئەویش ئەم دیو ئەو دیوی کاغەزەکە ئەکا. نایزانی بیخوێنێتەوە. لەسەر بنەمای پرسیاری پیاوە پیرەکە هەندێ وەڵامی بیروکەی خۆی ئەداتێ. دواتر تووشی کاروانێکی ئاوارە ئەبێ کە لەچەند پیاوێکی پیر پێکهاتوون. جگە لەوە ئافرەتێکی گەنج و مناڵیکیان لەگەڵ دایە سەربار پیاوێکیان لەگەڵ دایە میزی گیراوە!  مامۆستاش خۆی دەکاتە رێبەری کاروانەکە. کە دووچاری تەقەو کەمین ئەبن بە ناو مامۆستاکەش تەختە رەشەکە پێ یان ئەدا بەرانبەر بە چل گوێز. ئەوانیش لە شیوەی دارەمەیت بەکاری دەهێنن بۆ هەڵگرتنی پیاوە نەخۆشەکە. دواتر پیاوێک لە کاروانەکە عەرزی هاوسەرگیری کچەکە ئەکا بۆ بەناو مامۆستاکە لە پەنای تەختە ڕەشەکە رێ و رەسمی هاوسەرگیری بە رێوە دەچێ.

وێرای ئەوەی کچەکە لەکاتێ پرس پێکردنی، دەنگی رازی بوون لێوەی ناێی، کە چی هاوسەگیریان مەیسەر ئەبێ. ماوەیەک پێ ئەچێ لە رێگا دیسان تەقەیان لێ ئەکەن. بە ناو مامۆستاکە، تەختە ڕەشەکە ئەکاتە چەتری پاراستنی وەهمی بۆ کچەکەو برا بچوکەکەی و پیاوە نەخوشەکە، کە پێم وایە باوکێتی. لەم دەمە کچەکە بە ورێنە یادی کارەساتی هەڵەبجە ئەکا. چەند جارێک دەڵی ئەمە تەقانە کیمیایەو وەک هەڵەبجە وایە. مامۆستاکەش دڵیان ئەداتەوە و ترسەکەیان ئەڕەوێنێتەوە تا دەگەنە شوێنیکی سەر سنوور. مامۆستا دەڵی ئەمە شارەکەی خۆتانە هەڵەبجەیە بەڵام خەڵکەکە باوەرێ پێ ناکەن. مامۆستاش دەڵی ئەمە بومباران شێواندویەتی، ئەگینا شاری خۆتانە. لەم قوناغە مامۆستا لەگەڵیان ناڕوا، دیسان لە پەنای تەختە رەش تەڵاقی کچەکە ئەدەن! مامۆستای دووەمیش رێگای دەکەوێتە لای کۆمەڵی مناڵی کوڵبەر و داوا ئەکا فیری خوێندیان بکا بەڵام بە گشتی رازی نابن و دەڵێن بەردەوام ئێمە بەرێگاوەین. تەنیا لەکاتی پشوودان مناڵیکیان ڕازی ئەبێ بە ناوی رێبوار بە رێگاوە فێری رێبوار ئەکا کە ناوی خۆی حنجە بکاو بنووسێ. دیسان ئەمانیش لە رێگا دووچاری مەترسی ئەبن لە لێوار شاخێک مناڵیکیان بە کۆڵەکەیەوە بەر دەبێتەوە قاچی دەشکێ لەم کاتەدا مامۆستاکە پارچەیەک لە تەختە ڕەشەکە ئەشکێنێ و دەیبەستێ بە قاچی شکاوەی مێرد مناڵەکە بۆ دواجار دووچاری کەمین و تەقە ئەبن و کوڵبەرێکیان دەکۆژرێ ئەوانی دیکەش خۆیان تێکەڵی ڕانە مەرێک ئەکەن و لەسەر چۆک ئەرۆن و خۆ دەرباز ئەکەن.

ئەنالیزەی فیلمەکە

لە ڕاستی دا ئەگەر ئێمە بمانەوەێ ئەنالیزەی ئەم فیلمە بکەین لەسەر رۆشنایی مێژووی دوورو نزیکی گەلەکەمان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کەسانەی بە ناو مامۆستا، ئاماژەیە بۆ وڵاتانی کولونیالیکەر وەک لەم فیلمەکەدا ئاماژە پێکراوە وڵاتی بەریتانی بە ڕاستەوخۆ و ولاتی شورەویش بە ناراستەوەخۆ. ئەم دوو وڵاتە خاوەن پروژەی ئاشکراو نهێنی بوون لە ناوچەکەو بە تایبەتی لە نێو گەلی کورد. تەختە رەشیش ئاماژەیە بۆ پرۆژە نهینیەکانیان کە وەک تەختەی ڕەش کەم کەس سەری لێ دەرئەکرد. ئەوان خۆیان باکگراوندی شەروشۆڕیان هەبوو، هەر یەکەو لە وڵاتی خۆی جارێ پروژەی خۆی ناتەواو بوو بەمانایەکی تر مامۆستای ناتەواو بوون. وەک کێشەیەکی قەدەری هەر یەکەو کە نوێنەری وڵاتێکی دیاریکراوە بوون تەختە ڕەشێکی بە کوڵیەوە بوو. دەرخستنی حساباتە رەقەمیەکان بە واتای کێشەو تاوانەکانیان بە ئاشکرا دراوەتە کوڵیان، بەڵام دواتر لە ترسی دەسەڵاتی باڵا کە کۆپتەر نمایەندگی یێ دەکا لە فیلمەکە، تەختە ڕەشەکان بەقوڕ سواغ ئەدەن وەک نیشانەی شاردنەوەی کارو کردەوەکانی ڕابوردوویان و خۆپێشاندانی رووی خاکی خۆیان. یەکی لە مامۆستایان کە بەشێوەیەکی میتافوری  نوێنەری بریتانیایە دەچیتە ناو جووتیاران و پیاوانی بەتەمەنی ئاینی لە نێو ئەم توێژە درێژە بە پروژەی خۆی ئەدا و تەنانەت رێبەریان ئەکا، بەڵام مامۆستاکەی تر کە بەشێوەیەکی میتافوری نوێنەری شورەوییە دەچێتە ناو لاوانی کۆڵبەروچینی رەنجدەر لەوێ پروژەکانی خۆی دەباتە پێش تا ڕادەیەک سەرکەوتن بەدەست دەهێنێ، کە ئەمە لە فیربوونی رێبوار بۆ ناوی خۆی بەرجەستە ئەبێ. بۆ نموونە وڵاتە کولونیالیکەرەکان سەرەتا بە ناوی ئاوەدانییەوە روو لە وڵات و گەلی ئێمەیان دەکرد وەک پیشەی مامۆستایی لە فیلمەکە کە برسی و رەجاڵن دەکەونە سازش و سەودا لەگەڵ خەڵکە داماوەکە کە فێری خوێندیان بکەن بەرانبەر پارەیەکی کەم کەچی دوایی ئەڵین بە بەلاش بەمەرجێ پارووی نانمان بدەنێ! جگە لەوەش خەڵکەکە حەزی لە فیربوونی خوێندن و نووسین نییە تەنیا لاوێک نەبێ بە ناوی رێبوار کەواتە پروژەی ئەم وڵاتانە رەنگدانەوەو دەنگدانەوە بە پێ پیویست نەبوو. تەنانەت زەمینە بۆ پروژەکانیان لە بار نەبوو، خەڵکەکە کێشەی ئابوری و تەندروستیان هەیە ئاوارەن، نان بەشی خۆیان پێ نییە کە چی مامۆستاکان داوای پاروو نانیان لێ ئەکەن.

دوخی هەژاریی و کوڵبەری و نەخوێندەواری لە نێو لاوو گەورەدا و بوونی پانتاییەکی کەم بۆ روڵی ئافرەت لە فیلمەکەدا و مارە برێنی بەشیوەیەکی پەرژین لە دوای تەختەڕەشەوە، ئامادەبوونی سیمبولی ئاین کە خۆی لە نوێژکردن و پاڕانەوە لە خودا دەقاو دەق ئاماژەیە بۆ دوخی کۆمەڵگای کوردی لە دەورانێکی میژوویی لەوانەیە لە هەندی ناوچەی گوندنشینی لە حاڵی حازر. پێم وایە مارەکردنی ئافرەتەکەو تەڵاق دانی لەلایەن مامۆستاکەوە ئاماژەیە بۆ پەیمانی سیڤەرو لۆزانە لە دوو ویستگای میژووی گەلەکەمان دا. بەد حاڵی بوونێک هەبوو لە لایەن مامۆستاو ئافرەتکەوە هەر بۆیە تەڵاقی دا تەنانەت مامۆستاکە ژمارەی سیفر بۆ کچەکەوە باوکی کچەکەو خۆی دائەنێ دەڵی من بێ ئەقڵ بووم دوای ئێوە کەوتم کەواتە لە پەیمانی سیڤەر دان بەوەدا نرا کە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ میللەتی کورد دابین بکەن لەبەر بەرژەوەندی و ناتێگەیشتن لە یەکتر لە پەیمانی لۆزان پەشیمان بوونەوە، مەوادای زەمەنی فیلمەکە لەسەر پانتاییەکی میژوویی دیاریکراو ئیشی نەکردووە دەشی بگوتری مۆنتاژی بڕگەکانی مێژووی پر بایەخی گەلەکەمان کردووە، تەنانەت شووشتنی تەختە ڕەشە قوڕاویەکە لە سەحنەیەک دا نیشانەی ئاشبەتاڵە کە لەقوناغێکی دیاریکراو پروژەکە هەڵوەشایەوە!

کردنی تەختە ڕەش لە شێوەی دارەمەیت لە جارێک دا لە وێنەی هەڵواسین بە قاچی شکاوی یەکی لە کوڵبەرانەوە لە جارێکی تردا مانای ئەوەیە وڵاتانی دەرەوە نەیانتوانی ئامانجی سەرەکی پروژەکەیان جێ بەجێ بکەن کە خۆی لە فێرکردنی نووسین و خوێندن لە فیلمەکە بەرجەستە کراوە بەڵام لە هەقیقەت دا نووسین و خوێندن ئاماژەیە بۆ پەیڕەوکردنی پروژەکانیان کە لە دوا ئاکام دا خۆی لە رزگاری و رەهایی دەبینێتەوە! کەچی دەبینین بەناچاری کەوتنە تەوزیف کردنی ئامرازی پروژەکانیان بۆ خزمەت کردنی کێشە هەنوکیەکانی کۆمەڵگای کورد، شایانی باسە لە هەردوو کاروانەکەدا چ کوڵبەرە مناڵەکان چ ئاوارەیی پیاوە پیرەکان ئاماژە بە دوو حاڵەتی نەخۆش کراوە یەکەم پیاویکی پیر کە میزی گیراوە دووەم یەکی لە کوڵبەرەکان کێشەی دان ئێشەی هەیە ئەم دووحاڵەتە ئەوە دەرئەخا کە میللەتی کورد لەو دەمەو تەنانەت ئێستاش کێشەی خزمەتگوزاری و تەندروستی یی هەبووەو هەیە لە لایەک برسی بوونیان بە هەڵەداوان ئیش کردنی مناڵەکانیان بە کوڵبەری ئاماژەیە بە باری ئابوری خراپیان کەواتە لەو دەمە کێشەی میللەتی کورد بژێوی و باری ئابورییە تا وەکو رزگاریی و رەهایی بێ، ئەم فیلمە هەڵدەگرێ زیاتر سیمبولەکانی بدوێنین و قسەی خۆمانی لە بارەوە بکەین بەڵام هیوادارم خوێنەر خۆی زیاتر تەماشای بکاو جوانتر لێ حاڵی بێ.

 

 

١٠ / ٣ / ٢٠١٦

گەڕان بۆ بابەت