ما 1831 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 ئیستایش لە پاش تێپەڕینی ساڵانی ساڵ بە سەر مەرگی سەرۆک، پێیان وایە سەرئەنجام رۆژێک سەرۆک رێگایەک لەو دونیا بۆ گەڕانەوە بۆ ئەم دونیا دەدۆزێتەوە و کۆتایی بە بیرەبیرەی ئەو سێ ژوورە دێنێ. ئەو سێ ژوورەی وەک ژووری سەرۆک بۆنێکی سەیری پیریی گرتووە.     

 

سەرۆک دەگەڕێتەوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرۆک ئەگەرچی بۆخۆی تەمەنی هەفتاد ساڵ بوو، بەڵام حوکمی خانەنشین کردنی ئەوانەی دا وا تەمەنیان دەگەیشتە پەنجا. لە کۆنگرەکەی دوواتری هەمان ساڵدا، لەبەر ئەو بڕیارە پرشنگدارەی سەرۆک، دیسان سەرۆک بۆ چوار ساڵی تر دەستبەجێ هەڵبژێردرایەوە. زۆربەی ئەوانەی وا دەنگیان دایە، یان پەنجا ساڵیان تەمەن بوو، یان هاوسەری پەنجا ساڵەکان بوون. لەو کۆنگرەیەدا لە دووای سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی سەرۆک، بەشداربووان وەک دەربڕینی شادومانی، ئەوەندە چەپڵەیان لێدا کە هەم بەری دەستەکانیان شین شین هەڵگەڕا و هەم ئەوەندە گوێیان قورس و کاس بوو کە هەتا کۆنگرەکەی تر بە بێ ئەوەی جوان لە گوتەکانی سەرۆک حاڵی بن و تێبگەن تەنیا وتیان "بەڵێ قوربان، ئەشەمیللا وایە!"

دووای ئەوەی سەرۆک ئەم بڕیارەی دەرکرد، بەرپرسانی بەشی ژنان، گەنجان و بە گشتی رێکخراوە مەدەنییەکانی سەر بە حیزب لەناو کوڕ و کچ و زاوا و کەس و کارە نزیکەکانی بەرپرسەکانی تر یاخود سەرۆک هەڵبژێردران. سەرۆک لە کۆبوونەوەیەکدا گوتی کە هۆکاری ئەم کارە ئەوەیە ئەوانەی ژێر پەنجاساڵ تەمەنیانە تەنیا ئەو کوڕ و کچ و زاوا و خزمانەن کە لێرە لەناو حیزبدا لەدایک بوون. پەنجاساڵەکان کە گوێیان لەم قسانەی سەرۆک بوو ئەوەندەی تر سەریان سوڕما بە زیرەکیی و بیرتیژیی ئەو، چونکە ئەوان کتوپڕ بە راستییەکی روون و ئاشکرای وەک هەتاویان زانیبوو کە تەنیا سەرۆک توانیبووی کەشفی بیکا و بیدۆزێتەوە. هەر لەو کاتەدا منداڵەکانی پەنجاساڵەکان لە دەرەوە لە سەر ئەو جادەیەی خانووی لایەنگرانی سەرۆکیان دەکرد بە دوو لەتەوە بە دەم پیاسەوە باسی سیاسەت و باسی حیزب و باسی پەڕینەوە لە دەریای ئیژەیان دەکرد.

سەرۆک کە مەست و سەرسوڕماوی سەرکەوتنەکانی خۆی بوو لە کاتێکدا لە بەردەم پەنجەرەی ژوورەکەی خۆی لە سەر کورسییەکەی دانیشتبوو و لە دەرەوەی دەڕوانی، لەبیری کار و کردەی گەورەی تردا بوو کە کتوپڕ بیری شەهیدان کەوتەوە. بیری کردەوە لەمێژە کاروانی شەهیدان کەمیان کردووە و ئیتر وەک ساڵان خوێنی هاوڕێیان و هەڤاڵان ناڕژێتە سەر زەوی. سەرۆک رەپ هەستایە سەرپێ. "باشە بۆ تا ئیستا بیری لەمە نەکردبووەوە؟" لە کاتێکدا کونی مشتی گرێدراوی لە سەر چەناگەی چەرمگیدا بوو، بە ناو ژوورەکەدا بۆ ماوەیەک هات و چوو. ئەوسا بڕیارێکی تری دەرکرد. "هاوڕێیان! وەک دەزانن دانی شەهید پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر و زەروورە بۆ شۆڕشەکەمان. وە ماوەیەکە ئەم رەوتە رووی لە کزی کردووە، بگرە هەر نەشماوە. جا بۆ ئەوەی جارێکی تر شۆڕش بە گڕ و تینێکی ترەوە بێتەوە مەیدان و دوژمن بە چۆک دابێنین و خەڵک و گەنجان وەک جاران، یاخود زیاتر لە جاران روومان تێبکەنەوە و باسمان بکەن، دەبێ شەهید بدەین!"

پەنجاساڵەکان دیسان بە زیرەکیی سەرۆک سەریان سوڕما و شانازییان نەک تەنیا بە ئەوەوە بەڵکو بە خۆشیانەوە دەکرد کە ئەندامی وەها حیزبێک بوون. بەڵام پرسیار ئەوە بوو کێ قەرار بوو شەهید بێ؟ سەرۆک بەناچار دانیشت و بە قوڵی بیری لەم کێشەیەیش کردەوە. "چ هەڵەیەکی گەورە بوو خانەنشینکردنی پەنجاساڵەکان!" ئەوسا دانیشت و بە قوڵی و فراوانی لە سەر شەڕەکانی جیهانی خوێندەوە. بە خۆشییەوە یاسایەک هەبوو "یاسای بەنگهێشتکردنەوەی هاووڵاتیان لە کاتی پێویستی و بەرگری نیشتمانیدا کاتێک وڵات لەژێر مەترسیدایە. جا لە هەر تەمەنێکدا،... هەر ئەوەندەی دەستی چەک بگرێ و بتوانێ شتێک بکا و ئەرکێک لەئەستۆ بگرێ." سەرۆک بزەیەک نیشتە سەر لێوی. ئەوسا قەرارێکی نوێی دەرکرد. بڕیاری کۆنگرە هەڵوەشایەوە و پەنجاساڵەکان گەڕانەوە.

لەو ساڵەوە پەنجاساڵەکان دەکوژرێن و سەرۆک خوتبە لە سەر قارەمانیان دەردەکا و بەرپرسانی بەشی قوتابیان و ژنان و گەنجان و ... لە رۆژنامە و مانگنامەکانیاندا ژیاننامەکانیان دەنووسنەوە و شانازی بە هەبوونیانەوە دەکەن. سەرۆک ئیستا ئیتر دڵنیایە لەوەی کە ناوی لە مێژوودا دەمێنێتەوە و تەنانەت بە ناچاریش بێ هەر دەبێ نەوەکانی داهاتوو باسی بکەن. ئەو لە کاتێکدا بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی شانازی بەخۆیەوە دەکا وەک کەسێکی بلیمەت و هەڵسەنگێنەری بیرتیژی دۆخ.

ساڵان گوزەرا و سەرۆک هەر خەریکی بلیمەتییەکانی خۆی بوو و لە راستیدا ئاگای لە ساڵەکان نەبوو. چونکە لای ئەو شۆڕش ئەوەندە گرینگ بوو و ئەوەندە جیهانی ئەوی گرتبووە خۆ کە نەیدەزانی کات و زەمەن چییە. تا کتوپڕ رۆژێک هەستی کرد قاچی وەک جاران جەستەی ناکێشێ و لە کاتی نووسین و نانخواردنیشدا دەستەکانی دەلەرزێن. تا جەستە و وزەی ئیزنی دەدا بەپەلە هەستایە سەرپێ و چوو بۆ بەر ئاوێنەکە. لەوێ جوان لە خۆی رووانی. بە دیتنی خۆی داچڵەکا. قەت باوەڕی نەدەکرد وەهای بەسەرهاتبێ،... وەها پیر و چرچ و سەر و ریش سپی. بەو ژێرملەوە کە پێستەکەی بە شێوەیەکی ترسناک داژەنیبوو و، بەو چاوانەوە کە ئیستاکە بە زەحمەت لەبەر برۆ و پێستی گرمۆڵە، بەدەرەوە بوو. ئاە، کە چ خەمێک لە دڵی گەڕا. هەرلەو کاتەدا لە ئاوێنەکە سەیری خۆی دەکرد بیری لە جێگری خۆی کردەوە "باشە کێ دەتوانێ ببێ بە جێگری؟" هەرچی بیری کردەوە کەسی بەدی نەکرد. ئەو کە جارێکی تر پەنجاساڵەکانی خانەنشین کردبووەوە، دەبا وازیان لێ بێنێ. گەنجەکانیش کە هێشتاکە بێ ئەزموون و خام و نەکوڵاوبوون. ئەوانەی دەورووبەری خۆیشی سەرەڕای بەئەمەگبوون و دڵسۆزیان وەها نەبوون کە بتوانێ حسێبی بەسەرۆکبوونیان لەگەڵ بکا. بیری کوڕەکانی خۆی کەوتەوە. یەکیان رۆژ تا ئێوارە خەریکی چۆلەکە کوشتن بوو، دووهەمدانەیان لە ترسی قوتابخانە ئاشق ببوو و سێهەمینیشیان هەمیشە سوێندی دەخوارد کە شۆڕش گەورەترین هەڵەی بیری مرۆڤ هەر لە سەرتای مێژووەوە هەتا ئیستاکە بووە. بیری کردەوە تەنیا رێگا، مانەوەی خۆی بوو،... بەڵام چی لە گەڵ پیری بکا؟

سەرئەنجام بلیتی تەیارەی گرت و سەفەری ئەورووپای کرد. لەوێ نەشتەرگەرییەکی پێستیان بۆ کرد و پاشان دکتۆر پێی وت بۆ ئەوەی نەک تەنیا لە روخساردا بەڵکوو بۆ ئەوەی لە دڵ و دەروون و حاڵ و هەوای رۆحیشیدا هەست بە گەنجیەتی بکا، دەبێ بۆ ماوەیەک لە قەراخ دەریا لە کاتێکدا هەمیشە ئاوێنەیەکی بە دەستەوەیە و سەیری روخساری خۆی دەکا، لە ناو ژنە لەش و لار جوانەکاندا دابنیشێ (دکتۆرەکە پێی گوتبوو بۆ ئەوەی بە جەستەی پیری خۆی جاڕزنەبێ، واباشە نیو سانتیم کرێمی سپی لێ بدات و قەتیش سەیری نەکات!).

سەرئەنجام سەرۆک لەپاش چەند مانگ گەڕایەوە بۆ نیشتمان. پەنجاساڵەکانی ئەو ساڵانە و پەنجا ساڵەکانی ئیستایش بە دیتنی وەها واقیان وڕما و وەها خۆشحاڵ هەڵگەڕان کە چۆکیان دادایە سەر زەوی و دەستیان کرد بە گریان. لە دڵەوە سوپاسی خودایان کرد کە سەرۆکی بۆ جەوان کردبوونەوە و تەڕ و تازە جارێکی تر بۆی هێنابوونەوە.

سەرۆک کە ئیستاکە چاویلکەیەکی رەشی هاوینە و بەرهەتاویشی لێدەدا، رۆژێک هەستی بە ژانێکی زۆر پیس لەناو سکیدا کرد. سەرەتا زۆر گوێی نەدایە و پێی وابوو تەنیا پێچێکی کاتیە و زوو تەواو دەبێ. بۆیە لە سەر کورسییەکەی داچەمییەوە و سەری خستە سەر مێزەکەی بەردەمی، بەڵام ژانەکە تا دەهات زیادی دەکرد و خراپتر دەبوو. سەرۆک کە بە هەر دوو دەستی بە توندی لێواری مێزەکەی گرتبوو، هەوڵی دا هاواربکا و یارمەتی لە خزمەتکاری بەردەرگاکەی بخوازێ. ئەو خزمەتکارەی هەمیشە چایی بۆ دەهێنا و سەرمێزەکەی بە پەڕۆیەکی تەڕ خاوێن دەکردەوە. بیری لە قەنداخێکی گەرم کردەوە "بێگومان کارسازە و چاکم دەکاتەوە." بەڵام هەرچی کرد جگە لە قرخەقرخێکی ناو گەرووی هیچ دەنگێکی تر لە دەمییەوە نەهاتە دەر. سەرۆک کەوتە سەر زەویی نێوان مێز و کورسییەکەی. خوێنێکی سەیری هەڵهێنایەوە. کاتی خۆی کاتێک لە ئەورووپا بوو لەوێ بیستبووی هەندێ نەخۆش دوگمەیەکیان بە ملەوەیە بۆ ئەوەی لە کاتی تەنگانەدا بتوانن بۆ سەنتەری فریاکەوتن زەنگ بدەن. چەند لەم کاتەدا حەزی بەم دوگمەیە بوو. لەبەر خۆیەوە زۆر بە ئاستەم  و بە زەحمەت گوتی "ئاە، چەندە دوگمەیەک دەیتوانی شۆڕش نەجات بدات!"

بۆ رۆژی دوواتر سەرۆکیان لە قەبرستانی تەنیشت خانووەکانی سەرکردایەتی ناشت. هەرچی پەنجا ساڵەی ساڵەکانی پێشوو و پەنجاساڵەکانی ئیستا بوو کۆببوونەوە و فرمێسکیان دەڕشت.

لەو رۆژەوە سەرۆک مرد، لە ژوورێکی تەنیشتی ژوورەکەی جارانیدا هاوڕێیەکی سەرکردایەتی بە چاویلکە رەشەکانی سەرۆکەوە لە سەر کورسییەکەی دانیشتووە و خەون بە گواستنەوەی ژوورەکەی بۆ ژووری سەرۆک دەبینێ، لە ژوورەی دووهەم دا هاوڕێیەکی تر سەیری ئاوێنەکەی بەردەمی دەکا و بیر لە نەشتەرگەریی روخسار دەکاتەوەو، لە ژووری سێهەمیشدا هاوڕێیەکی تر کە پێی وایە رەمزی سەرکەوتنەکانی سەرۆک لە هێنان و بردنی پەنجاساڵەکان بوو و بەس، هەربۆیە پێی وایە گەر ئەو بچێتە ژوورەکەی سەرۆک ئەوا دەتوانێ درێژە بە هەمان سیاسەتی سەرۆک بداتەوە و شۆڕش بخاتەوە قاوخی جارانی خۆی. ئەو نایشارێتەوەو با ئاشکرا دەڵێ لەو دووانەکەی تر شیاوترە بۆ گواستنەوە.

پەنجا ساڵەکان کە نازانن سەرئەنجام هاوڕێی ناو کامە ژوور دەگوازێتەوە بۆ ژوورەکە، ئیستایش لە پاش تێپەڕینی ساڵانی ساڵ بە سەر مەرگی سەرۆک، پێیان وایە سەرئەنجام رۆژێک سەرۆک رێگایەک لەو دونیا بۆ گەڕانەوە بۆ ئەم دونیا دەدۆزێتەوە و کۆتایی بە بیرەبیرەی ئەو سێ ژوورە دێنێ. ئەو سێ ژوورەی وەک ژووری سەرۆک بۆنێکی سەیری پیریی گرتووە.     

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت