لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان
له‌سه‌ر بانهکهشهوه، کۆتره‌کان ئهیانگماند. منیش لای خۆم بیرم ئه‌کرده‌وه: "کۆتره‌کانیش ده‌بێ ئاڵمانی بخوێنن؟' هه‌ر جارێکیش له‌سه‌ر کاغه‌زه‌که سه‌رم به‌رز ئه‌کرده‌وه، ده‌مدی مامۆستا هامیل بێجووڵه له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی دانیشتووه و چاو له شتێکه‌وه بۆ شتێکی تر ئه‌گوێزێته‌وه
دوایین وانه
ئالفۆنس داوده
لەئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان
ئه‌و به‌یانییه زۆر دره‌نگ چووم بۆ فێرگه، له ترسی سه‌رکۆنه‌ی مامۆستا م ـ هامیل، به‌تایبه‌ت له‌به‌رئه‌وه‌ی وتبووی که وانه‌ی "ئاوه‌ڵناوی کرداری" participle مان لێده‌پرسێته‌وه و منیش یه‌ک وشه‌م لێنه‌ده‌زانی، ده‌روونم زۆر ئاڵۆز بوو.
بۆ تاوێک بیرم له‌وه کرده‌وه نه‌چمه قوتابخانه و ئه‌و ڕۆژه له ده‌ره‌وه بمێنمه‌وه. ڕۆژێکی گه‌رم و ڕووناک بوو؛ له که‌ناری نزاره‌که‌ی دێ، باڵندان جریوه جریویان بوو؛ له ده‌شته‌که‌ی پشت کارخانه‌ی داربڕینهکهشهوه سه‌ربازانی پڕووسی خه‌ریکی ڕاهێنانی سه‌ربازی بوون. ئه‌مانه هه‌موو دڵڕفێنتر بوون له وانه‌ی ڕێزمان. به‌ڵام توانای خۆڕاگرتن له منا به‌هێز بوو، بۆیه به بێوه‌ستان و به په‌له به‌ره‌و قوتابخانه ڕامکرد.
له ڕێدا که له هۆڵی شاره‌وانی تێپه‌ڕیم، کۆمه‌ڵێ خه‌ڵکم له‌به‌ر ته‌خته‌ی ڕاگه‌یاندنه‌کاندا بینی. له‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی ڕابردوودا هه‌موو هه‌واڵه ناخۆشه‌کان لێره‌وه بڵاو ده‌بوونه‌وه ـــ شه‌ڕه دۆڕاوه‌کان، بانگ کردن بۆ سه‌ربازی، فه‌رمانه‌کانی سه‌رکرده‌ی له‌شکری ناوچه ـــ به بێ ئه‌وه‌ی ڕاوه‌ستم له‌مه بیرم ئه‌کرده‌وه: "ئاخۆ ، ئیتر ده‌بێ چ هه‌واڵ بێ؟''
به‌و په‌له‌په‌ل و ڕاکردنه که گه‌یشتمه لایان، دیتم، "واچتێری" ئاسنگه‌ر و به‌رده‌سته‌که‌ی خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی ئاگاداریهکهن. واچتێر بانگی لێکردم: "براله په‌له مه‌که، کاتت زۆره بگه‌یته قوتابخانه!"
لام وابوو گاڵته‌م پێ ئه‌کا، به هه‌ناسه‌بڕکێ خۆم گه‌یانده باخچه چکۆله‌که‌ی مامۆستا هامیل.
به گشتی که قوتابخانه ده‌ست پێ ئه‌کات، به هۆی کردنه‌وه و به‌ستنه‌وه‌ی مێزه نووسینه‌کان، ئه‌و وانانه‌ی قوتابیان هه‌موو پێکه‌وه ده‌ست له‌سه‌ر گوێ، به ده‌نگی به‌رز ئه‌یڵێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جوان تێیبگه‌ن، له ده‌نگی خهتکێشه گه‌وره‌که‌ی مامۆستا که ئه‌یکێشێ به‌سه‌ر مێزه‌که‌دا، ده‌نگه ده‌نگ و هه‌راهه‌رایه‌کی زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه که له ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه به جوانی ده‌بیسترێت. لام سه‌یر بوو که ئێستا هه‌موو ئه‌مانه کپ و خامۆش بوون.
لای خۆم وام دانابوو، له‌م بشێوی و ههراههرایهدا بێ ئه‌وه‌ی که‌س بمبینێ، بچمه سه‌ر جێگه‌ی خۆم و لێی دانیشم. به‌ڵام بێگومان ئه‌وڕۆژه هه‌موو شتێک وه‌ک به‌یانیی یه‌کشه‌ممه ئارام و بێده‌نگ بوو. له په‌نجه‌ره‌که‌وه هاوپۆله‌کانی خۆمم دی، هه‌موو له‌سه‌ر جێگای خۆیانن. مامۆستاش به خهتکێشه ئاسنینه ترسناکه‌که‌یه‌وه له ژێر باڵیدا، له نێو پۆله‌که‌دا ده‌هات و ده‌چوو. ناچار بووم ده‌رکه‌که بکه‌مه‌وه و به به‌رچاوی هه‌موانه‌وه بچمه ژوور. جا تۆ بیهێنه به‌رچاوت چه‌ند سوور هه‌ڵگه‌ڕام و چه‌ند ترسام.
که‌چی هیچ ڕووی نه‌دا. مامۆستا هامیل زۆر به نه‌رمی و میهره‌بانییه‌وه وتی: "فڕانزه چکۆل زوو بچۆ سه‌ر جێگه‌ی خۆت دانیشه، ئێمه به‌بێ تۆ ده‌ستمان پێ‌کرد." به‌سه‌ر کورسییه‌کاندا بازمدا و له‌سه‌ر جێگای خۆم دانیشتم. هه‌تا ئه‌و کاته‌ی دڵه‌خورپه و ترس و لهرزهکهم نیشته‌وه نه‌مدیبوو که مامۆستاکه‌مان چاکه‌ته سه‌وزه جوانه‌که‌ی و کراسێکی نه‌خشداری له‌به‌ردایه و کڵاوێکی ڕه‌شی گچکه‌ی ئاوریشم چنی له‌سه‌ر نابوو. ئه‌مانه‌ی قه‌ت له‌به‌ر نه‌ده‌کرد مه‌گه‌ر له ڕۆژانی پشکنین و سه‌ردان یان ڕۆژانی خه‌ڵاتکردن.
بێجگه له‌مه هه‌موو قوتابخانه‌م سه‌یر و مۆن ئه‌هاته به‌رچاو. به‌ڵام شتێک که زۆر سه‌رم لێی سووڕمابوو ئه‌مه بوو، که بینیم له‌سه‌ر کورسییه‌کانی پشته‌وه‌ی پۆله‌که‌مان که هه‌میشه چۆڵ بوون، خه‌ڵکی دێ وه‌ک خۆمان به ئارامی دانیشتوون؛ هاوزێڕ(Hauser) ی پیره مێرد به کڵاوه سێ سووچهکهیهوه، سه‌رۆکی پێشووی شاروانی، سه‌رۆکی پێشووی پۆستخانه و زۆر که‌سی دیکه‌ش له لایانه‌وه. هه‌موو ئه‌مانه مات و مه‌لوول ئه‌هاتنه به‌رچاو؛ هاوزێڕ کتێبه کۆنه "ئهلف وبێ" یەکهی هێنابوو، له‌سه‌ر ئه‌ژنۆکانی کردبوویه‌وه و چاویلکه‌که‌ی له‌سه‌ر په‌ڕه‌کانی دانابوو.
له کاتێکدا ئه‌من سه‌رم له‌مه سووڕمابوو، مامۆستا هامیل چووه سه‌ر کورسییه‌که‌ی و هه‌ر به‌و ده‌نگه نه‌رم و ئازایانهیهوه که له‌گه‌ڵ من ئه‌دوا، وتی: "ڕۆڵه‌کانم، ئه‌مه دوایین وانه‌ی منه به ئێوه‌ی ئه‌ده‌م. له به‌رلینه‌وه فه‌رمان هاتوه که؛ له قوتابخانه‌کانی "ئالزاس و لورێن" (Alsace-- Lorr) ته‌نیا زمانی ئاڵمانی ده‌بێ بوترێته‌وه. مامۆستای تازه سبه‌ی ئه‌گاتێ. ئه‌مه دوا وانه‌ی فه‌رانسه‌یی ئێوه‌یه. له ئێوه‌م ئه‌وێ گوێڕایه‌ڵ بن و زۆر وریا بن. ئه‌م وشانه وه‌ک هه‌وره تریشقه له سه‌رم دران!
ئای بهدبهختینه؛ ئه‌وه ئه‌مه بوو له‌به‌ر ده‌رکی شاره‌وانی هه‌ڵیانواسیبوو! دوایین وانه‌ی فهرانسهییهکهم! له‌به‌رچی، من که به‌زه‌حمه‌ت ده‌زانم چۆن بنووسم، نابێ ئیتر فێر ببم! که‌وایه ئه‌بێ لێره ته‌واوی بکه‌م! ئاخ چه‌ند به‌داخ و په‌ژیوانم بۆ ئه‌و کاتانه‌ی له‌به‌ر خلیسکان و گه‌ڕان به دوای هێلکه چۆلهکاندا، وانه‌کانم فێر نه‌بووم!
کتێبه‌کانم که تا تاوێ پێش له‌مه، هه‌ڵگرتنیان بۆم هێند زه‌حمه‌ت و ماندووکه‌ر بوون؛ ئێستاکه به‌تایبه‌ت کتێبه ڕێزمانه‌که و مێژووی پیاوه پێرۆزه‌کان بوونه هاوڕێی کۆنم، که ئیتر نه‌مده‌توانی ده‌ستیان لێبه‌رده‌م. بیری مامۆستا هامیلیش که ده‌ڕوا و ئیتر قه‌ت نایبینمه‌وه، وایلێکردم که خهتکێشهکهی و تووڕه‌بوونه‌که‌ی له‌بیر به‌رمه‌وه.
هه‌ژارە! ئه‌وه به شانازی دوا وانه‌که‌ی بوو، جل و به‌رگی یه‌کشه‌ممه‌ی له‌به‌ر کردبوو. ئێستا ئه‌زانم بۆچی پیاوه به‌ساڵاچووه‌کانی دێ له پشت پۆله‌که‌وه دانیشتبوون. چونکه ئه‌وانیش ناڕه‌حه‌تن که ئیتر ناتوانن زۆرتر بچن بۆ قوتابخانه. ئه‌مه شیوه‌یه‌کی ڕێزگرتنی ئه‌وان بوو له مامۆستا هامیل، بۆ چل ساڵ خزمه‌تی وه‌فادارانه و پیشاندانی ڕێز بۆ نیشتمانه‌که‌یان که ئیتر هی ئه‌وان نه‌بوو.
له کاتێکدا بیرم له‌مانه ئه‌کرده‌وه، ناوی خۆمم هاته گوێ که بانگیان کردم. نۆره‌م بوو وانه‌که‌م له‌به‌ر بخوێنمه‌وه. بۆ ده‌بوو نه‌توانم ئه‌و ده‌ستووره ڕێزمانییه ناخۆشه‌ی 'participle' له سه‌ر تا دوا به بێههڵه به‌ده‌نگی به‌رز بخوێنمه‌وه؟ به‌ڵام هه‌ر له یه‌که‌م وشه‌دا، تێکه‌ڵ و پێکهڵم کرد. له‌وێ چه‌ق ڕاوه‌ستام. ده‌ستم به مێزه‌که‌وه بوو، دڵم لێی ئه‌دا، نه‌مده‌وێرا سه‌ر هه‌ڵێنم. بیستم مامۆستا هامیل وتی:
"لۆمه‌ت ناکه‌م فرانزه چکۆل؛ ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر هه‌ستی ناخۆشت هه‌یه. بزانه ئه‌وه چییه، هه‌موو ڕۆژێک به‌خۆمان ئه‌ڵێین: کوڕه کاتێکی زۆرم هه‌یه، سبه‌ی فێری ئه‌بم! ئێسته تۆ ده‌بینی گه‌یشتووینه کوێ. ئۆف چ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه بۆ "ئالزاس" فێربوون دوائه‌خا بۆ سبه‌ی. ئێستا ئه‌و پیاوانه هۆ له‌وێ هه‌قیانه به‌تۆ بڵێن: تۆ خۆت بهفهرانسهیی ئه‌زانی به‌ڵام هێشتا ناتوانی به زمانی خۆت قسه بکه‌ی و بنووسی؟ به‌ڵام تۆ خراپترین نیت فرانزه چکۆل، ئێمه هه‌موو ده‌بێ ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر خۆمان سه‌رزه‌نشت بکه‌ین."
دایک و باوکت زۆر ده‌ربه‌ستی فێربوونی تۆ نه‌بوون. ئه‌وان ئه‌مه‌یان لا چاکتر بوو تۆ بنێرن بۆ مه‌زرا یان کارگه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ختێک پووڵ زیاتر په‌یدا بکه‌ی. منیش بۆ سه‌رزه‌نشت ده‌بم، مه‌گه‌ر نهمدهناردی بۆ ئاودانی گوڵه‌کانم، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌رسه‌که‌ت فێرکه‌م؟ کاتێکیش ده‌چووم بۆ ڕاوه‌ماسی مه‌ره‌خه‌سیم به‌تۆ نه‌ده‌دا؟''
هه‌ر ئاوا مامۆستا هامیل له شتێکه‌وه بۆ شتێکی تر له‌سه‌ر زمانی فه‌رانسه‌یی قسه‌ی کرد. ئه‌و گوتی که: فه‌رانسه‌یی جوانترین، خاوێنترین و لۆژیکترین زمانی دنیایه؛ ئێمه ده‌بێ ئه‌م زمانه له نێوخۆمانا ڕاگرین و قه‌ت له‌بیرمان نه‌چێته‌وه. چونکه گه‌لێک که ده‌بێته ژێرده‌سته و کۆیله، تا ئه‌وکاته‌ی زمانه‌که‌ی خۆی ڕاگرتووه وه‌ک ئه‌وه وایه کلیلی زیندانه‌که‌ی به‌لاوه بێت. پاشان ئه‌و کتێبه ڕێزمانه‌که‌ی کرده‌وه و ده‌رسه‌که‌ی بۆ خوێندینه‌وه. ئه‌من سه‌رم سووڕمابوو که ده‌مبینی چه‌ند جوان له ده‌رسه‌که تێده‌گه‌یشتم . مامۆستا هه‌رچی ده‌گوت زۆر زۆر ئاسان ده‌هاته به‌رچاوم! بیرئه‌که‌مه‌وه، قه‌ت ئاوا به وردی گوێم نه‌دابووه وانه‌کانم. مامۆستاش قه‌ت ئاوا به هێواشی و له‌سه‌رەخۆ وانه‌کانی بۆ شی نهدهکردبووینهوه. وادیاربوو مامۆستا هامیل ده‌یهه‌ویست پێش له‌وه‌ی بڕوا هه‌رچی که ده‌یزانی فێرمان بکات و به‌جارێ هه‌مووی بخاته مێشکمانه‌وه.
دوای ڕێزمان نۆره‌ی نووسین هات. ئه‌و ڕۆژه مامۆستا کۆپی تازه‌ی بۆ هینابووین، به ده‌سخه‌تێکی زۆر جوان نووسرابوو: فه‌رانسه، ئالزاس. فه‌رانسه، ئالزاس. ئه‌و وشانه وه‌ک ئاڵایه‌کی بچووک ده‌چوون له هه‌موو شوێنێکی پۆله‌که به‌سه‌ر مێزه‌کانه‌وه ده‌شه‌کانه‌وه. ده‌بوو دیتبات چۆن هه‌موو ده‌ستیان کرد به کار و چه‌ند پۆله‌که ئارام و بێده‌نگ بوو! ته‌نیا ده‌نگێ کە دەبیسرا جیڕه‌ی پێنووسه‌کان بوو که له‌سه‌ر کاغه‌زه‌کان ده‌هات. له‌و کاته‌دا چه‌ند دانه‌یه‌ک قالۆنچه فڕینه نێو پۆله‌که، به‌ڵام که‌س، که‌مترین سه‌رنجیان نه‌دانێ.
له‌سه‌ر بانهکهشهوه، کۆتره‌کان ئهیانگماند. منیش لای خۆم بیرم ئه‌کرده‌وه: "کۆتره‌کانیش ده‌بێ ئاڵمانی بخوێنن؟' هه‌ر جارێکیش له‌سه‌ر کاغه‌زه‌که سه‌رم به‌رز ئه‌کرده‌وه، ده‌مدی مامۆستا هامیل بێجووڵه له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی دانیشتووه و چاو له شتێکه‌وه بۆ شتێکی تر ئه‌گوێزێته‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ شته‌کانی ئه‌و پۆله چۆن ده‌بینێ هه‌ر ئاوا له مێشکی خۆ‌یا ڕایانگرێ.
تۆ بیهێنه به‌رچاو! بۆ چل ساڵ لێره ژیاوه، هه‌ر ئاله‌م شوێنه، باخچه‌که‌ی له‌ودیو په‌نجه‌ره‌که‌وه و پۆله‌که‌یشی له‌به‌رده‌م خۆ‌یا، هه‌ر ئاوا که ده‌بینرێ. ته‌نیا مێز و کورسییه‌کان سوابوون و ڕه‌نگیان پێوه نه‌مابوو؛ دارگوێزی نێو باخچه‌که هه‌ڵکشاوتر ببوو؛ ته‌رزی ئه‌و لاولاوه‌ی خۆی چهقاندبووی هه‌تا میچه‌که له ده‌وری په‌نجه‌ره‌که ئاڵا بوو. ئه‌بێ چه‌ند دڵی شکابێ که ئه‌مانه به‌جێ ده‌هێڵێ، یان ده‌بینێ خوشکه‌که‌ی به‌ملاولادا ده‌ڕوا و جانتاکانی ئه‌پێچێته‌وه! چونکه ده‌بێ سبه‌ی ئێره به‌جێ بهێڵن.
به‌ڵام مامۆستا ئازایه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه تا کۆتایی هه‌ر وانه‌یه‌ک گوێی بۆ هه‌ڵخا. پاش نووسین، ده‌رسی مێژوومان هه‌بوو. دوایی مناڵه‌کان به گۆرانی:
با، بێ، بی، بۆ، بوو, یان خوێند. له‌و خواره‌وه، له پشت پۆله‌که‌وه "هاوزێڕ"ی پیر چاویلکه‌کانی له چاو کردبوو. کتێبه "ئهلف و بێ" یەکهی به هه‌ر دوو ده‌ستان گرتبوو و له‌گه‌ڵ ئه‌وان وشه‌کانی حونجه ده‌کرد. ده‌تتوانی ببینی ئه‌ویش گریانی ئه‌هات؛ له‌هه‌ستی هه‌ڵچووی خۆی ده‌نگی ئه‌له‌رزی، چه‌ند سه‌یربوو بتبینیایه هه‌موومان ئه‌مانویست پێبکه‌نین و بگریین. ئای چه‌ند چاک له‌بیرمه، ئه‌و دوایین وانه‌یه!
له‌ناکاو کاتژمێره‌که‌ی کلیسا زه‌نگی دوانزه‌ی لێدا. دوای دۆعای ئەنجلیۆس. (دۆعای رۆمان کاتوولیکەکان) هه‌ر له‌و کاته‌شدا شهیپووڕی پرووسییه‌کان که له مه‌شق و ڕاهێنان ئه‌گه‌ڕانه‌وه، له ژێر په‌نجه‌ره‌که‌مان ده‌نگی دایه‌وه. مامۆستا هامیل به ڕه‌نگێکی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌وه له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی هه‌ستایه سه‌رپێ. قه‌تم ئه‌وه‌نده به‌به‌رزی نه‌دیبوو. هه‌ستا و گوتی:'' هاوڕێکانم، من ـــ من ـــ'' شتێک به‌رده‌می گرت، بۆیه نه‌یتوانی درێژه بدا.
دوایی ئاوڕی دایه‌وه بۆ لای ته‌خته‌ڕه‌شه‌که، له‌تێ گه‌چی هه‌ڵگرت و له په‌یوه‌ندی به‌و هه‌لومه‌رجه‌وه به هه‌موو هێزی خۆی تا ئه‌و جێگه‌ی توانی به پیتی گه‌وره نووسیی: "بژی فه‌رانسه!" پاشان وه‌ستا و سه‌ری نا به دیواره‌که‌وه و به بێ قسه‌یه‌ک به ده‌ست ئیشاره‌ی بەرەو ئێمه کرد : '' قوتابخانه ته‌واو بوو ــ ده‌توانن بڕۆنه‌وه.''