ما 5472 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

 

خەمبارانە بەم نیوەشەوە بەدواى چیدا دەگەڕێن؟ بڵێى
ڕێگایان بدەن پەیژەیەک بە خەونەکانیان هەڵبنێن؟

 

خۆشەویستى بە پێوانەى ڕێختەر

نەژاد عزیز سورمێ

(1)

پەڵە هەورێک لە شکۆفەى گریانى من پەیدابوو/ ڕۆیی

ڕۆیی بەسەر کێڵگەى تردا بارى/ ئەو بێ ئاگا نوقمى

شەقامە بەژاوە ژاوەکانى لەزەت بوو/ من لە کۆڵیتە

هێمنەکانى ڕۆحەوە/ گڕوگاڵى پەپوولە ڕەنگاو ڕەنگەکانم

دەدى/ نوکتەم بۆ ئەفسانە دەگێڕایەوە/ (با)م پۆشتە

دەکرد و گەردانەم لە باران دەهۆنیەوە

 

سترانى ڕۆحى دەچڕى

هەناسەى لە لێواران شین بوو

لوتکەى لە بەفر یاخى

شکۆى لەسەر جادان کەوتوو.

(2)

دڵى دوور لە خۆشەویستى/ دوور لە مەیل/ نزیک لە

پیاڵە، لەکەیل بوون/ بەڵام تیشکێک بە پەیکانى بێ

ئامانى شەهلاوە ئەوەتا لەدوور ڕا دیارە/ ڕووبارێکى

خەواڵووە/ لەڕازێکى ئاشکراو خەیاڵێکى نوستوو

دەچێ.../ دڵى دوور لە خۆشەویستى... تاسەى ئاڵۆدەیی

 

گریانێک لەچاوى هەڵوەداى ڕۆژپەڕ

دەڵێى هەورى هاوینانە،

نە پەرت دەبێ، نەدەبارێ

شازادەى قامیشەڵان

نەشئەى سایە فێنکەکان

بەفر دەیلاوێنێتەوە

بەهار سڵاوى لێ دەکا

شازادەى قامیشەڵان

قژى لە هەور دەسوێ

مەمکى لە نوور.

(3)

ئەو کانیە بەختى لێ قووتداین/ ڕۆحمان نوزەى لێ

بڕاوە، بەدوامانەوەیە بە ئاستەم هەناسە دەدا/ درەخشانە

درەخشانە بەر ئاستانەى خەراباتان/ تەنپۆڵایە ئەو بەفرە

ناتوێتەوە/ بە ببار بە ببار بە ببارانى

 

 

ئەو شۆستانەى

خۆزگە ناکامەکانى نیشتیمانیان لێ کەوتبوو

کەس بەلایان دا ناڕوا

تەنیا

بێ ئاودەنگ

سەرکز... چاوەڕوان

لە کێڵگەیەکى بەردراو

لە گوندێکى وێران ئەچن

ناوى لە هیچ لیستێکى ئاوەدانکردنەوەدا نییە

ئەو سبەیەى لە خەونا دەیبووت

ئاڵ بردیەوە

ئەو بێ مەیلیەى لە کوخەکاندا دەژى و

لە تارمایی کازیوەدا دەردەکەوێ

بەڕوومەتى چرچ و لۆچى لێڕەواردا دێتە خوارێ

سرووشت، سەرچاوەى پاکیزەیی

ئەو ڕێیە بەسامە نەبوو

ئاگردز نائومێدى و ڕەنجبەخەسارى بۆ هێنا

ئاگردز....

ئاگر....دز...

(4)

لەڕەوتى باران بێزار نەبووم/ بزانە من لەڕەوتى باران بێزار

نەبووم/ ئەو ڕەخشەى شەوانە دەیدایە کێو، شەیدا

درەوشاوە... ڕێگاى ون کردووە لەشەتاوان دەخوولێتەوە

شینگێڕ دیسان بۆچى کۆبوونەتەوە؟/ ئەو گیانلەبەرە

خەمبارانە بەم نیوەشەوە بەدواى چیدا دەگەڕێن؟ بڵێى

ڕێگایان بدەن پەیژەیەک بە خەونەکانیان هەڵبنێن؟

 

هەست... بە تەسلیم بوونى نیگا

خەون.... بە ئاوازى سەقەت

ژیان... بەبێ پێناویی و بێدەنگى

نەوت .... بە خۆراک

(5)

بیرت چۆن بۆ دروست کردنى ئەو هاڕمۆرنیایە چوو؟/ ئاى لە

سەداێى پایزێ/ ئاى لە جواناوى شیعرە کەزى درێژەکان

ئاى لە ورشەى کوانوو/ لە زەردەخەنەى هیوابڕِاو/ لە پەنجەى

لە گۆچوو/ لەزرینگانەوەى کەژاوە/ ئاى لە چى نا؟

 

گریانێک لە چاوى هەڵوەداى ڕۆژپەڕ

دەڵێى هەورى هاوینانە

نەپەرت دەبێ، نەدەبارێ

خوایە بە دوعاى چ هەتیوێک

بە سوجدەى چ عابدێک

 بەناڵە ناڵى چ نەخۆشێک

 بە شەبەقى چ خوێنێکى بە ناهەق ڕژاو

ئەو دەسەڵاتە (بێدیماهی)ەت بەعیشق داوە؟

لە شەختە چرۆ دەردەکاو

لە بەهاران دەیوەرێنێ....

خوایە ئەوە چ بەڵایەکە

بۆ عەبدى خۆتت ناردووە؟

ختووکەى ڕهێڵە دەداو

چیا دادێنێ؟

چ بەڵایەکە

لە ڕۆشناییا زوڵمەت و

لە زوڵمەت دا ڕۆشنایی بەرپا دەکا...؟

خوایە.... ئەوە.... چ... بەڵایەکە

بۆ عەبدى خۆتت ناردووە؟

 

 

گەڕان بۆ بابەت