فەڕۆخ نێعمەتپوور
ده‌شێ کاتێ فه‌ره‌یدوونیش دێت‌و جێگای زوحاک ده‌گرێته‌وه، هیچ پهیامو بارودۆخێکی نوێی ئه‌وتۆی پێ نه‌بێت. چونکه له بنه‌ڕه‌تدا پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی تێڕوانینێکی نوێی پێ نیه. بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی وا گرنگ ئه‌وه‌یه که زوحاک لا ببات و، فه‌ره‌یدوون بخاته جێی.
کۆمه‌ڵگای سه‌ره‌ڕۆ
فەڕۆخ نێعمەتپوور
کتێبی ''جامعه‌شانسی خودکامگی'' له نووسینی ''عه‌لی ره‌زا قولی'' راڤه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسیی زوحاکی مار له‌سه‌ر شانه. هه‌روه‌ک نووسه‌ر خۆی له پیشه‌کی ئه‌م کتێبه‌دا ده‌ڵێ: "چیرۆکی زوحاک چرکه‌یه‌ک له بیرکردنه‌وه‌و تیڕوانینی ئیرانییهکانه سه‌باره‌ت به پیکهاته‌ی سیاسی- کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان...، چرکه‌یه‌ک که هه‌زاران ساڵی گرته‌وه!"
تێڕوانینی نووسه‌ر بۆ چه‌مکی ''سه‌ره‌ڕۆیی'' تێڕوانینێکی کۆمه‌ڵناسانه‌یه. له‌م گۆشه‌نیگایه‌دا تاوانباری سه‌ره‌کی له مانه‌وه‌ی دوور‌و دریژی مێژوویی ئەم چەمکە خودی پیکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه. لیره‌دا ئه‌وه ''سەرهڕۆ و موسته‌بید'' نیه که کۆمه‌ڵگایه‌ک به دریژایی هه‌زاران ساڵ بهدهستهمۆیو به نه‌گۆڕی ده‌هێلێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه کۆمه‌ڵگایه که سه‌رەڕای هه‌موو راپهڕینو جموجۆله‌کانی له ناوه‌وه خاوه‌نی زه‌ینێکی فراوانی پیشکهوتووخوازانه نیه‌و سیما و پلانێکی روونی له چۆنیه‌تی ئاڵوگۆڕ له‌به‌ر ده‌ست دا نیه، هەربۆیە دیسان ''سه‌ره‌ڕۆ'' به‌رهه‌م دینێته‌وه. له مێژوویه‌کی وه‌هادا سوڵتانه‌کان یه‌ک له دوای یه‌ک دێنه مهیدانو له زه‌مینه‌یه‌کی عه‌شیره‌تی دا به‌رده‌وام پیناسه‌ی عه‌شیره‌یی ده‌به‌خشنه رواڵه‌تی سیاسی وڵات‌و هه‌ر له‌و کاته‌دا ئه‌م پێکهاته ئه‌قڵی- عه‌شیره‌ییه هه‌وڵی پادشاکان رۆژ له دوای رۆژ زیاتر مسۆگه‌ر ده‌کات. بێ هۆ نیه که سیسته‌مێکی وا تازه له دوای دووهەزار و پێنج سەد ساڵ تووشی تێکشکان ده‌بێت، ئه‌ویش دیان تێکشکانێکی سلبی که سه‌ر له نوێ له رواله‌تێکی دیکه‌دا ره‌گه‌زه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی عه‌شیره‌تی زیاتر به‌رهه‌م دینێته‌وه.
سوڵتان مه‌حموود، سولتان مەسعود، ته‌یمور، نادرشا، ئاقا محمد خان‌و، ناسره‌دین شا به شوێنی یه‌کدا دین‌و ئه‌وه‌ی شاهیدین شه‌ڕو کوشتارو لێکترازان‌و نائه‌منی‌و قات‌و قڕی‌و نه‌گبه‌تیه. له زه‌مینه‌یه‌کی وه‌هادا که شاکان زۆر ساده له‌سەر بنه‌مای ههرجو مه‌رجێکی زۆر نائاسایی ته‌نیا به پاڵپشتی چه‌ک و هیز جێگۆڕکێیان پی ده‌کرێ، ده‌شێ کاتێ فه‌ره‌یدوونیش دێت‌و جێگای زوحاک ده‌گرێته‌وه، هیچ پهیامو بارودۆخێکی نوێی ئه‌وتۆی پێ نه‌بێت. چونکه له بنه‌ڕه‌تدا پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی تێڕوانینێکی نوێی پێ نیه. بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی وا گرنگ ئه‌وه‌یه که زوحاک لا ببات و، فه‌ره‌یدوون بخاته جێی. ئیتر ئاگای له میکانیزمه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداریی فه‌ره‌یدوون نیه‌و هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆی گرنگ نین. لای ئه‌و ئه‌وه‌نده به‌سه که پاشای نوێ وه‌ک خۆی عادڵ‌و دادگه‌ر بێت، ئیتر کاره‌کان له خۆرا چاک ده‌بن! له‌م تێڕوانینه‌دا که تێڕوانینێکی عه‌شیره‌ییه، تاکگه‌راییه‌کی پیش شارستانیه‌ت زاڵه که تییدا 'کۆ' هه‌موو شتێکی خۆی ده‌خاته به‌رده‌ستی تاک و ئیتر واز له ئه‌رکه‌کانی خۆی دێنێ. لێره‌دا ئیتر هیچ میکانیزمێکی مه‌ده‌نی نابیندرێ له پیناوی ریکخستنی میکانیزمی کار کردنی تاکو کۆ.
نووسه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌یه که سیسته‌مه تاکهکهسیهکهکانی رۆژئاوا به هۆی بوونی ئه‌شراف و توێژی ئاریستۆکراسی زۆر به‌هێز، قه‌ت نه‌یانتوانی ببنه خاوه‌نی ده‌سه‌لاتێکی رههاو موتڵه‌ق، به‌ڵام له ئێران توێژی ئەریستۆکرات نه‌یانتوانی به شیوه‌یه‌کی جیددی و وه‌ک چینێک له دابه‌شکردنی ده‌سه‌لاتی سیاسی دا به‌شداری بکه‌ن. که ئه‌مه هه‌م زه‌مینه‌ی پتری ''سه‌ره‌ڕۆیی رۆژهه‌ڵاتیانه‌ی'' رهخساندو هه‌م له باری مێژووییه‌وه به‌ری گرتووه له سه‌رهه‌ڵدانی سروشتیانه‌ی دیموکراسی لیبراڵ له‌م وڵاتانه‌دا.
نووسه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یه که له سیسته‌می سیاسی رۆژئاوادا 'شا' به‌هۆی هیزی سه‌ربازییه‌وه نه‌ده‌هاته سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌لات، هه‌روه‌ها به هۆی هیزی سه‌ربازیشه‌وه حکومه‌تی به‌ڕێوه نه‌ده‌برد، به‌ڵکو پێکهاته‌یه‌کی مه‌ده‌نیی به‌ربڵاو ژیربینای ئه‌م حکومه‌ته‌ی درووست کردوه.
به پیچهوانهوە، سیسته‌می پاشایه‌تی له ئێران له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر هیزی سه‌ربازی راوه‌ستا. ئه‌مه به مانای بزربوونی پیکهاته‌ی مه‌ده‌نی بوو، واته ئه‌و پیکهاته‌یه‌ی که ده‌شیا به هۆیه‌وه خاوه‌نی پرۆسه‌یه‌کی سروشتیانه‌ی گۆڕان بین، هه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌شه که ده‌بیته هۆی بزربوونی فه‌رهه‌نگی ریفۆرمیسیتیو رێگا چاره‌ی سه‌ربازی به قوڵی ره‌گ داده‌کوتێ.
سه‌باره‌ت به بنه‌ما ماددییه‌کانی سیسته‌می سیاسی ئاسیا، مارکس‌و ئینگلس کاتێ خۆی له‌سه‌ری دواون. که‌می ئاو و فراوانی ناوچه بونه‌ته هۆی ئه‌وه که سیسته‌میکی گه‌یاندنی ئاو هه‌بێت. ئه‌م سیسته‌مه پرۆژه‌یه‌کی گشتگیر‌و ناوه‌ندی بووه‌و هه‌ر ئه‌مه شوینێکی بنه‌ڕه‌تی تری به ده‌وله‌ت به‌خشیوه. لێره‌وه ده‌وڵه‌ت ده‌سه‌لاتی پتری په‌یدا کردوه ((فیتفۆگڵ ده‌کۆشێ بیسه‌لمینی که مارکس له دوارۆژه‌کانی ته‌مه‌نی خۆی، پیگه‌یشتنی یه‌ک هێڵی مێژوویی وه‌لا ناوه‌و سیسته‌می ئاسیایی وه‌ک سیسته‌مێکی جیا شکلبهندی کردووه...[1])) مارکس پیی وابوو که نه‌بوونی مڵکایه‌تی، سیما‌و نیشانه‌ی سه‌ره‌کی سیسته‌می ئاسیایی نیه، مه‌سه‌له‌ی سەره‌کی کۆنترۆل کردنی ئابووریه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه[2])). بێگومان ئه‌مه هۆکاری سەره‌کی بوو له‌وه‌ی که ((کشتکاران و پیشه‌وه‌ران له کۆمه‌ڵی ئاسیایی دا به مه‌به‌ستی جیاواز‌و بۆ ئه‌نجامی جۆراوجۆر خه‌باتیان ده‌کرد به‌ڵام داوای ئازادی سیاسی‌و حکومه‌تی دیموکراسیان له به‌رنامه‌ی خه‌باتی خۆیان دا نهگونجاندوه[3])).
***
بۆ گه‌لی کورد که هاوبه‌شی میژووی ئیرانه ئه‌وه‌نده‌ی که هاتنی داگیرکه‌ری ده‌ره‌کی گرفتی سه‌ره‌کی بووه، لابردنی پێکهاته‌ی عه‌شیره‌تی (له بواری عهقڵو سیاسه‌ت دا) له گۆڕێ دا نه‌بووه. ئه‌مه خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کی رابردووی بووه. ئیستاش ئه‌م کێشه‌یه به به‌هیزی خۆی ماوه‌ته‌وه، به‌لام گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی له زه‌مینه‌دا دروست بووه.
ئه‌گه‌ر کورد جاران بۆ لابردنی سته‌می نەته‌وه‌یی بیری له پیکهاته‌ی مه‌ده‌نی نه‌کردۆته‌وه، ئه‌وا ئیستا به هۆی ئالوگۆڕه‌کانی سه‌رده‌م پیکهاته‌ی مه‌ده‌نی زه‌مینه‌یه‌کی له‌باری بۆ ره‌خساندوه.
راسته که ئێمه به پیچه‌وانه‌ی رۆشنبیرانی فارس سۆزێکی شیاومان هه‌یه بۆ میرنشینه کوردییهکانو (ئه‌وانه‌ی وا له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه سڕانه‌وه) رۆشنبیرانی فارس ئه‌م حاڵه‌ته‌یان تێدا نیه، به‌ڵام بۆ رزگاربوون له سته‌می میللی له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئیمه ناچارین له رێگای ره‌خنه‌گرتن له پیکهاته‌ی عه‌شیره‌ییه‌وه گوزه‌ر بکه‌ین. واته جۆرێک له راسانی مه‌ده‌نی ببێ به لایه‌نێکی سه‌ره‌کی پرۆژه‌که‌مان. ئه‌مه‌ش ئاسانه چونکه به مه‌ده‌نی کردن ئیستا ره‌وتێکی سه‌پێنراوی جیهانیه‌و ئه‌و ولاتانه‌ی کوردیشیان تێدا ده‌ژی که‌م تاکورت له ناوی دان.
گه‌ر ده‌مانه‌وێ فهرهیدوونهکهمان نه‌بێته زوحاک، پیویسته فهردگهراییهکی شارستانیانه له خۆمان دا جێگیر بکه‌ین. واته ئه‌و فهردییهتهی که له عه‌ینی گرنگی دان به تاک، (کۆ) فه‌رامۆش ناکا، یاخود له عه‌ینی گرنگی دان به کۆ، (تاک) له‌بیر خۆی ناباته‌وه.
په‌راویزه‌کان
[1] گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت ژماره 1 کۆمهتی شارستانی له رۆژهه‌ڵات، خویندنه‌وه‌یه‌کی کتیبی سته‌می رۆژهه‌ڵات، هابرماس، و: محمد جواد مصطفی.
[2] گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت ژماره 1 کۆمهتی شارستانی له رۆژهه‌ڵات، خویندنه‌وه‌یه‌کی کتیبی سته‌می رۆژهه‌ڵات، هابرماس، و: محمد جواد مصطفی.
[3] گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت ژماره 1 کۆمهتی شارستانی له رۆژهه‌ڵات، خویندنه‌وه‌یه‌کی کتیبی سته‌می رۆژهه‌ڵات، هابرماس، و: محمد جواد مصطفی.
سەرچاوە: گۆڤاری قەڵەم ژمارە ٣