ما 5031 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئاە، نیشتمان چەندە لێرەوە و بەم دووربینەوە روونتر و گەشتر و رەنگاوڕەنگتر دەینواند! کە جێی هێشت بیست و پێنج ساڵی تەمەن بوو و، ئیستا شەست و پێنج ساڵیەتی. بەڵام نیشتمان هەروا گەنج بوو،.. یاخود رەنگە پیر. نازانێ. نیشتمان هیچ کاتێک تەمەنی خۆی نانوێنێتەوە. 

 

سەرۆک بێتاقەت دەبێ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کە چل ساڵ لە سەرنەکەوتنی پلانی شۆڕش گوزەرا، سەرۆک بڕیاری دا بچێتە سەر بەرزترین چیای رووەوە نیشتمان و لەوێوە هەم رابردوو و هەم ئیستا و هەم داهاتوو بەسەربکاتەوە. ئەوەی کە هەڵە لە چیدا بووە و بۆ وای لێهات. چیاکان ئەوەند بەرز و دۆڵەکان ئەوەندە قوڵ بوون کە نە مرۆڤ و نە شار و نە هیچ گوندێک دیارنەبوون. تەنیا سروشت و سروشت و سروشت. سەرۆک بیری کردەوە رەنگە خەتای ئەمەبێت. خەتای بەرزیی ئەو شوێنانەی وا ئەوان خۆیان تیا حەشاردابوو. گوناحی باوەشی تەبیعەت. ئەوەیکە شوێنە بەرزەکان ئەوەندە لە خودا و لە ئاسمان و لە مەلایکەکان نزیکن، لە خەڵک نزیک نەبوون. بەڵام نا، بە دەست راوەشاندن لە هەوادا ئەم بیرە سەیروسەمەرانەی لەخۆی دوورخستەوە. ئەوسا دەستی کرد بە گیرفانیدا و موبایلە 'فۆڕ ئێس' ەکەی دەرهێنا و وێنەی لە نیشتمان گرت، وێنە دوور و نزیکەکان، ئەو وێنانەی جاری وابوو ئاسمانیان زیاتر تێدا دەردەکەوتن و جاری وایش چیا و لوتکەکان، بەڵام هەستی کرد وێنەکان شتێکیان کەمە، خۆی،... سەرۆک! ئا خودی سەرۆکیان کەم بوو. هەربۆیە دووای ئەوەی چەند وێنەیەکی لەخۆی گرت (وێنەکانی بەدڵ نەبوو، تیایاندا چرچەکانی ژێرملی زۆرتر دەهاتنە بەرچاو)، دەستووری دا یەکێک لە هاوڕێیان وێنەی لێبگرێت. لە هیچ کام لە وێنەکاندا سەرۆک سەیری کامێراکەی نەکرد. ئەو تەنیا لە دوورەکانی دەڕوانی (دوور بنواڕە، ئاسۆ روونە!)، بۆیە هاوڕێ وێنەکێشەکە تەنیا توانی نیوەی روخسار و پشتە سەر و پشتە ملی سەرۆک هەڵبگرێتەوەو، بەس.

ئەوسا لەدووای ماوەیەک گوتی دەیەوێ تا ئەو بەرزاییەی ئەوبەر کە تەنیا سەد میترێک دوور بوو بە تەنیا بچێ. گوتی حەز دەکا بیربکاتەوە. هاوڕێکان بە دڕدۆنگی قسەکەیان وەرگرت. هەرچەند تا توانیان چاوەکانیان تیژکرد و چەکەکانیشیان بە مەبەستی ئامادەیی زیاتر بۆ بەرنگاربوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو لە جیاتی سەرشان بە دەستەوە گرت.

سەرۆک لەوێ گیرسایەوە. لەسەر بەردێک دانیشت و ئەمجارە لە جیاتی موبایلەکەی، دووربینەکەی بەدەستەوە گرت، ئەو دووربینەی کاتێک بە رێگادا دەڕۆیشت بە پەتەکەی ملیەوە سەمای دەکرد و خۆی بە سەر سک و لای راست و چەپی کەلەکەکانیدا دەکوتا.

ئاە، نیشتمان چەندە لێرەوە و بەم دووربینەوە روونتر و گەشتر و رەنگاوڕەنگتر دەینواند! کە جێی هێشت بیست و پێنج ساڵی تەمەن بوو و، ئیستا شەست و پێنج ساڵیەتی. بەڵام نیشتمان هەروا گەنج بوو،.. یاخود رەنگە پیر. نازانێ. نیشتمان هیچ کاتێک تەمەنی خۆی نانوێنێتەوە. ئەمە یەکێک لەو شتانەیە زۆری توڕەدەکا. ئاخر گەر نیشتمان وەک مرۆڤ خەمی کات و خەمی تەمەنی هەبوایە، ئەوجار ئەوەندە بێخەم و بێ دەربەست پاڵی لێنەدەدایەوە! پاڵدانەوەیەک بەقەدەر چل ساڵ.

گەر لەو خوارەوە 'با' لە پشتیەوە دەهات و لە پەیکەری هەڵدەپێچا، خۆشبەختانە ئیستا لەسەر ئەم کەلە لە رووبەڕوویەوە دەهات، رێک لە نیشتمانەوە. لەوێوە، بۆنی نیشتمانی دەهێنا، بۆنێک تێکەڵ لە گیا و خۆڵ و هەتاو و تەنیایی کێوەکان،... دیمەنە برژاوەکانی بەر تیشکی خۆر. رەنگە گەر جوانتر سەرنجی هەڵخستایە، بۆنی دەنگ و هەرای خەڵک و قەرەبەڵغیی شەقامەکانیش. بەڵام نا، جگە لە بۆنێکی تر، هیچی تر نەهات. ئەویش بۆنی چل ساڵ و، بۆنی ئەو رێگایەی وا سەرۆک چل ساڵ لەوە پێش لێیەوە بەرەو ئێرە هەنگاوی بەسەردا هەڵهێنابوو. بۆنی گەنجیەتی خەونەکانی، ئەوەیکە رێگاکان چەندە بۆ رۆیشتن بوون ئەوەندەیش بۆ گەڕانەوە بوون. سەرۆک چەندە دڵی خەمین دەبێ. هەست دەکا ناوسکی دێشێ. ژانێکی ئەوەندە پیس کە پەیکەری وێکدێتەوە و بۆ ماوەیەک گرمۆڵە دەبێ. هاوڕێیان لە خوارەوە ئەمە دەبینن و خەم هەڵیاندەگرێ. یەکیان دەبزوێ بۆ ئەوەی فریای سەرۆک بکەوێ، بەڵام ئەوانی تر ئاماژەی دەدەنێ کە تا سەرۆک بۆ خۆی دەنگ نەکا واباشترە راوەستن. رادەوستن. ئەوسا سەرۆک وەک ماری بەرهەتاو قەف قەف پەیکەری لوول خواردووی دەکاتەوە. دەکرێتەوە. بەو دەستانەوە یەکیان دووربینەکەی پێیە و ئەوی تریان موبایلە فۆڕ ئێسەکە.

روو وەردەگێڕێ و سەیری هاوڕێکانی دەکاتەوە، سەیری ئەو ماشینەی سەد میترێک لە خوار ئەوانەوە سپی دەکاتەوە. لەگەڵ دوو ماشینەکەی تر وا یەکیان دۆشکەی لەسەرە. ئەو دوو قەنناسە بەدەستانەیش وا لە دووشوێنی جیاوازدا کێشکیان گرتووە. 'چ دیمەنێکی حیماسی!' سەرۆک هەمیشە حەزی لەم جۆرە دیمەنانە بووە، ئەوەتەی هەیە و هەبووە. ئەسڵەن لای ئەو نەک نیشتمان، بەڵکو ژیان خۆی لە خۆیدا حێماسەیە. سەرتاپا. هەر لە جنسی حیماسە دروستکرابوو. گەر حیماسە نەبێ، ژیان وەکوو ئەم کێو و شاخ و دۆڵانە پڕدەبن لە دەنگی بای پڕ لە بێتاقەتی و پڕ لە لوورەی خۆخواردنەوە. ئەسڵەن نیشتمان بەم وێنەوە نیشتمانە. سەرۆک بزەیەکی دێتێ. ئەوەیکە لەم بیرکردنەوەیەدا تەنیا نیە و زۆرکەسی تریش لەگەڵیان، خەنی دەکا. هەڵبەت ئەگەرچی زۆری پێچوو تا بیانهێنێتە سەر ئەم بیروڕایە. بەڵام بە خۆشییەوە توانیبووی. ئەم توانایەیش تەنیا هی خۆی نەبوو. نا نا، هی خۆی بوو. لێرەدا هەستایە سەرپێ. بێگومان هی خۆمە، لەبیرم نەچێ زۆرکەسی تر زۆر شتی تریان گوت، بەڵام ئەوەی من زال بوو، ئا،... ئەوەی من.

وشەی 'زاڵ' لە ناو مێشکیدا دێت و دەڕوا. ئەوەیکە لە دووای چڵ ساڵ 'زاڵ' نەیتوانیبوو بەو رێگایەدا ئەو پێیدا هاتبوو بیگەڕێنێتەوە، کەمێک دڕدۆنگی دەکا. لە کاتێکدا بە دووربینەکەی لە شوانێک و بزنەکانی لەو دووردوورانەدا ورددەبێتەوە، لە بەر خۆیەوە دەڵێ گرینگ ئەوەیە ئەمە زاڵ بوو و ئیستایش زاڵە و زاڵیش دەمێنێتەوە. پاراستنی ئەمەیش ئەرکە.

ئاگای لێیە یەکێک لە بزنەکان لەوانی تر هەڵدەدێرێ و بەپشت ئەو رەوەزە بەردەدا سەردەکەوێ کە دەیگەیەنێتە پانتاییەکی رووتەن. بزنەکە هەر دەڕوا و دەڕوا. سەرۆک کتوپڕ چەندە رقی هەم لە شوانەکە و هەم لە بزنەکە دەبێتەوە. لای وایە سەرتاسەری مێژوو ئەمەیە و بەس. چ وێنە و دیمەنێکی پڕمانا! ئەوانەی وا ماندوویی و لەوەڕ دایاندەبڕێ. بگرە تەنانەت ئەم چل ساڵەیش. بەڵام چی دەتوانێ بکا؟ مەگەر قەراربوو هەموو دونیا بکوژێ و زەختیان بکاتەسەر؟ وێنەیەک لە بزنەکە و شوانەکە دەگرێ، هەرچەند لە دەرکەوتنیان زۆر دڵنیا نیە.

'با' لێوەکانی وشک دەکا، بگرە ناودەمیشی. زمانێکی نیوەتەڕ بە لێوە وشکەکانیدا دەگێڕێ. قومقومە ئاوەکە لای ئەو نیە، بە هاوڕێکانیەتی. دەست دەبا گەڵایەک لە لاسکێکی بنەکورتەی تەنیشتی دەکاتەوە و دەیخاتە ناودەمی و دەیجوێ. تامێکی تاڵ دەڕژێتە ناو دەم و... ناو رۆحییەوە. 'ئەم شاخانە دەتوانن چەندە تاڵ بن!... کە تاڵیشن!' لە فەیسبووکدا بینیویەتی و خوێندوویەتیەوە کە ئێستاکە چەندە خەڵکی سەرقاڵی چوونە کێو و گەڕان بە ناویاندان. ئەو گروپانەی شاخیان بۆ گەڕان و بۆ لەززەت و بۆ هێشتنەوەی گەنجیەتی و سەلامەتی دەوێ. بیستبووی جاروبار دەگەنە ئێرەیش، کێوەکانی سەرسنوور. دووربینەکەی هەڵدێنێتەوە بە هیوای دیتنی یەکیان. بەڵام کوێستان لەوە تەنیاتر دەنوێنێ کە بتوانێ وێنای گروپێکی وەها لە ناو دڵ و دەروونی خۆیدا بکا. بزەیەکی تاڵ لێوەکانی دەگەزێ. ساڵان، تەنیا دوو جۆر خەڵک روویان دەکردە کێوەکان، یەکەم، شوان و لادێیەکان و، دووهەم ئەمان. کەچی ئیستا جۆرێکی تریش پەیدابوونە. جۆرێک کە لەززەت بەشێک لە فەلسەفەی پەیدابوونەکەیەتی. 'چ نەسڵێک!' بەڵام سەرۆک دێتەوە بیری کە ئەویش حەزی بەم رێگایانە بوو و، کاتی خۆی لەززەتی لێدەبینین. هەرچەند لەززەتێک لەجۆرێکی دی. کتوپڕ تێدەگا لەززەت لەپشت زۆر شت خۆی حەشارداوە، تەنانەت لە پشت ئەو بزنەی خۆی لە مێگەلەکە هەڵاوارد و ئەو شوانەیش وا بێخەم پاڵی لێداوەتەوە و، بە سیمای برژاوی بەرهەتاوییەوە بیر لە ئێوارە دەکاتەوە.  

ئەم بیرە بێزراوەیش بە راوەشاندنی دەستەکانی، لەخۆی دووردەکاتەوە. لای ئەو ناکرێ ئەو هەموو خوێنە بۆ لەززەت رژابێتن. ئەسڵەن ئەوانەی مێژووی شۆڕش بە لەززەتەوە گرێ دەدەن، خائینن. بەڵام نا، وچانێکی کورت دەدا. دیسان لە فەیسبووکدا بینیویەتی هاوڕێیان وێنەکان لەسەر دیوارەکەی خۆیان دادەنێن و بە حەسرەتەوە باس لەو ساڵانە دەکەن، ساڵانی چیا و جەولە و خوێن و ئارەق و ماندووبوون. هاوڕێیانی دەرەوە. "ئاە هاوڕێیانی دەرەوە!" سەرۆک هەوڵدەدا هۆکارەی ئەم کارەی ئەوان بۆ پیری و بۆ دوورەوڵاتی بگێڕێتەوە، بەڵام نا، ئەو هاوڕێیانە بە لەززەتەوە باسی ئەو ساڵانە دەکەن. ئەو ساڵانەی کە قەراربوو تەنیا ساڵەکانی رێگا بن و نەک لەززەت. ئەو لەززەتانەی بەڵێن بوو دوواتر بێن. سەرۆک بە ئەژنۆی خۆیدا دەکێشێ. تووڕەیە،... یەکجار. لای ئەو تەنیا ژیانی پڕ لە خێر و خۆشی و پڕ لە بێهوودەیی ئەورووپا و وڵاتانی رۆژئاوا دەتوانن سەرچاوەی وەها هەستێک بن. لەوێیە کە مرۆڤی بەتاڵ لە هەنووکە کتوپڕ پڕدەبێتەوە لە رابردوو، ئەویش پڕبوونەوەیەکی پڕ لە لەززەت! بزەیەکی تاڵ دەنیشێتە سەر لێوەکانی. سەرۆک دەزانێ کە رابردوو کۆڵەکەی ئەساسیی شوناسە، بەڵام پێی وانەبوو تا ئەم رادەیە. "نا، ناکرێ وەها شوێنی رێگا و ئامانج بگۆڕدرێن،... ناکرێ وەها ئەمیان بچێتە شوێنی ئەویان و ئەویان شوێنی ئەم!"

سەیرێکی ئایفۆنەکەی و دووربینەکەی دەستی دەکاتەوە. ئەوسا سەیری ئەو نیشتمانەی کە ساڵانی ساڵ بوو یان بە دووربین و ئیستاکە لە دووای شۆڕشی تێکنۆلۆژی یان دەبا بە کامێرای ئایفۆن بیرەوەرییەکانی لێهەڵبگرێتەوە. ئەو بیرەوەرییانەی دوواتر دەتوانێ لە کامپیوترەکەیدا خەزنیان بکا و کاتی بێتاقەتییەکانی بەسەریان بکاتەوە. "بیروەرییەکانی دە، یان بیست ساڵی داهاتوو،... گەر تەمەن ئیزن بدا!" ئەوجا رەنگە بۆ یەکەم جار سەرۆک بیر لە کات دەکاتەوە. دەزانێ هەموو مرۆڤە بەتەمەنەکان هەمیشە گلەیی لە کات دەکەن، ئەوەیکە نەیانزانی تەمەن چلۆن رۆیشت و لە کۆتاییەکانی خۆی نزیک کەوتەوە، بەڵام قەت تا ئیستاکە کە بەسەر ئەم شاخەوە دانیشتووە بە جوانی لەم قسانە و لەم هەستە نەگەیشتبوو. هەست دەکا ئەو لەم بوارەدا زیاتر لە هەرکەسێکی تر مافی گلەیی هەیە. ئەمەیش نەک لەبەر خۆی بەلكو لەبەر ئەو نیشتمانەی ئەو هەموو ژیانی بۆ دابوو. "نیشتمان؟" ئەم پرسیارە لەمێشکی دەدا. بەڕاستی شوێنێک کە ئەو تەنیا بیست و پێنج ساڵی تێداژیابوو بۆ ئەو نیشتمان بوو، یان ئەو شوێنەی چل ساڵی تیا بەسەربردبوو؟ سەرۆک زۆر خێرا وەڵامی ئەم پرسیارە پڕ لە دڕدۆنگییەی خۆی دەداتەوە "بێگومان بیست و پێنج ساڵی سەرەتا!"ئەوسا بەو ئاکامە دەگا کە ئەقڵ و شعور و هەست لە هەر شوێنێک سەرەتا شکڵی گرت ئەوا ئەو شوێنە دەبێ بە نیشتمان.

سەرۆک بەم بیرە زۆر خەنی دەبێ، باشتر وایە بڵێین زۆر هەست بە سوکی جەستەی و دەربازبوونێکی کتوپڕی لە ژانێکی یەکجار قورس دەکا. لادەکاتەوە و سەیری هاوڕێکانی دەکا. سەیری ئایفۆنەکە و دووربینەکەی. "کەواتە نیشتمان ئەوەیە لێرە لە دەروونی مێشکی مندایە!"

لە کاتێکدا رادەبێ و روو لە خوار ملەکە دەکا، بڕیاردەدا بۆ هەمیشە، واتە بۆ ئەو چەندین ساڵەی تەمەنی کە بە دەستییەوە ماوە، درێژە بە تێکۆشان بدا. بیردەکاتەوە ئیتر پێویستیش نیە بێت و لێرە بە دووربین یان ئایفۆن لە نیشتمان بڕوانێ و وێنەی لێ هەڵبگرێتەوە. ئەو تەنیا پێویستە بگەڕێتەوە بۆ بیرەوەرییەکانی بیست و پێنج ساڵی سەرەتای تەمەن، یان گەر بیر ئیزنی نەدا ئەوا بۆ وێنەکان، وێنەی ناو ئایفۆنەکە و ناو کامپیوترەکەی. نیشتمان هەمیشە لەوێیە،... هەمیشە.   

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت