نه‌سرین مهاجر
جوبره‌ئیل‌و سه‌لاحه‌دین له کاتی که‌وتنه خواره‌وه‌یان له مه‌ودای چه‌ند هه‌زار مه‌ترییه‌وه مه‌رگی خۆیان به‌چاو ده‌بینن، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک به‌سه‌رسوڕمان و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌هیچ ئازارێک بکه‌ن له‌سه‌ر دورگه‌ی ئینگلیز (به‌ریتانیا) ده‌که‌ونه خوارێ.
نیگایه‌ک له‌ودیوی ترسه‌وه
نه‌سرین مهاجر
زۆر ئه‌سته‌مه ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێ له رۆمانی (ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان)ی سه‌لمان روشدی بدوێ، بێ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی، نووسه‌ری کتێبه‌که پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانه‌که‌ی تێی که‌وتووه. وه‌ک سه‌لمان روشدی ده‌ڵێ: (من رۆمانێکی پێنج سه‌د لاپه‌ره‌ییم نووسیوه، رۆمانێکی ئه‌ده‌بی چڕ‌وپڕ. که ته‌نانه‌ت سووکایه‌تی به‌و مرۆڤانه‌شه که هێشتا نه‌یانخوێندۆته‌وه. باشه، ئێوه چاوه‌ڕوانی گفتوگۆ‌و ره‌خنه‌گرتنتان هه‌یه، که به بڕوای من له خۆیدا وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی یاسایی هونه‌ره. ئه‌وه‌ی بیری لێ ناکه‌نه‌وه هه‌ڕه‌شه کردن‌و تۆقاندنی ده‌زگای چاپه‌مه‌نی و کوشتن‌و تیرۆری نووسه‌ری ئه‌و کتێبه‌یه).
ده‌رکردنی فه‌توای کوشتنی سه‌لمان روشدی له‌لایه‌ن رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه‌وه (خومه‌ینی)و هه‌روه‌ها هه‌وڵ‌و کۆششی لایه‌ن‌و ته‌یاره ئیسلامییه‌کان بۆ جێ‌به‌جێ کردنی ئه‌و فتوایه‌و له هه‌مووان گرنگتر نه‌مانی خومه‌ینی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م فتوایه (وه‌ک درێژه پێدانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ وڵاتی عێراق) (1) له‌لایه‌ن خومه‌ینی‌یه‌وه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، کارێکی وای کردووه ژیانی نوسه‌رێک بۆ هه‌میشه له هه‌ڵپه‌سارده‌ییدا بمێنێته‌وه و ئاواتی پێناسه کردنێکی نێو شه‌قام لای روشدی وه‌ک به‌دیهاتنی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی گه‌وره بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد بێت. له لایه‌ک توند‌و تیژی‌و تۆقاندنی هێزو ته‌یاره ئیسلامییه‌کان چ له ئێران و چ له وڵاتانی ئیسلامی ده‌وروبه‌ر بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که رۆشنبیرانی ئه‌و وڵاتانه له خویندنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه جیهانییه بێ‌به‌ش بمێننه‌وه و خه‌ونی تێگه‌یشتن و وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌م رۆمانه لای زۆربه‌ی رۆشنبیر‌و خوێنده‌واری ئێمه هه‌ر به هێزو توانای جارانی بمێنێته‌وه. له‌لایه‌کی دیکه بێ‌ده‌نگ مانه‌وه‌ی رۆشنبیرانی کورد له‌ئاست ئه‌م بابه‌ته (2) وای کردووه له‌نێو به‌شێکی زۆر له رۆشنبیران و جه‌ماوه‌ری ئێمه‌دا ئه‌و سیما دزێو شه‌ڕه‌نگێزیانه‌ی که له لایه‌ن ته‌یاره ئیسلامییه‌کانه‌وه بۆ سه‌لمان روشدی‌و رۆمانی (ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان) داڕێژراوه جێ بگرێ‌و هیچ ده‌رفه‌تێک بۆ مشتومڕو دوان له‌مه‌ڕ ئه‌و چه‌مکانه نه‌مێنێته‌وه که سه‌لمان به هۆی دژایه‌تی کردنیانه‌وه خۆی کرده قوربانی.
ره‌نگه دوان له‌مه‌ڕ چونێه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی سیاسی، چونیه‌تی ده‌رکردنی فتوای کوشتنی سه‌لامن روشدی‌و ئاکامه‌کانی ئه‌و فتوایه هه‌ریه‌ک بۆخۆیان بابه‌تێک بن که پێویستیان به‌وه بێت به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ شرۆڤه بکرێن، به‌ڵام مه‌به‌ستی من له‌م باسه‌دا خوێندنه‌وه‌و خستنه رووی وێنه‌یه‌کی بچووکی ئه‌م رۆمانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بکرێ خوێنده‌وارانی ئێمه‌ش تا راده‌یه‌ک ئاگاداری نێوه‌رۆک‌و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌م رۆمانه بن.
رۆمانی (ئایه‌ته شيیتانییه‌کان) که‌له‌سه‌ر شێوازی ریالیزمی جادویی نووسراوه، له‌راستیدا چ له‌لایه‌نی ئه‌ده‌بی‌و چه له‌لایه‌نی ئه‌و ریساله‌ته‌ی که هه‌ڵگریه‌تی ده‌کرێ به رۆمانێکی سه‌رکه‌وتووی بژمێرین. له بواری ئه‌ده‌بی شێوازی داڕشتنه‌که‌یه‌وه نووسه‌ر به که‌ڵک وه‌رگرتن له زمانێکی شیرین‌و سه‌رنج راکێش توانیویه‌تی ده‌رگای تێگه‌یشتن له ڕووی خوێنه‌ردا بکاته‌وه‌و به‌ره‌و پێشهات‌و کاره‌ساته‌کانی نێو رۆمانه‌که په‌لکێشی بکات. پێم وا نییه ئه‌م که‌سانه‌ی لایه‌نگری رۆمان خوێندنه‌وه بن، دژایه‌ته‌ی له‌ته‌ک ئه‌م رۆمانه‌دا بکه‌ن‌و ره‌نگه به‌شێکی زۆر له ئایینه پێشکه‌وتووخوازه‌کانیش (وه‌ک مه‌جید محه‌مه‌دی) پێیان ده‌ڵێ (ئایینه لیبراله‌کان) پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه ئاڵوگۆڕ له بۆچوونه‌کانی پێشووی خۆیاندا پێک بێنن، چونکه ناوه‌رۆکی ئه‌م رۆمانه رون‌و ئاشکرایه ئه‌ویش دژایه‌تی کردنه له‌گه‌ڵ ئایدیا‌و بۆچوونه کۆن‌و دواکه‌وتووه‌کان، که مێژوو ئایین به‌شێک له‌م ئایدیایانه پێک دێنن.
(ئایین پێناسه‌ی سه‌ره‌کی به‌شێکی زۆر له کۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌کانه) ئه‌م ئه‌نجامه به‌رهه‌می ئه‌و هه‌وڵ‌و کۆششانه‌یه که لێکۆڵه‌ره مارکسی‌و رۆژئاواییه‌کان له‌مه‌ڕ ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه ئه‌نجامیان داوه. ره‌نگه بۆ ناسینی به‌شێکی به‌رچاو له‌م وڵاتانه (هیند، ئێران، وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و...) پێش هه‌موو شتێک پێویست به‌وه بێ ئه‌و کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه ببینینه‌وه که ئه‌م کۆمه‌ڵانه پشتیان پێ به‌ستووه‌و، ده‌کرێ به راشکاوی بوترێ که ئه‌م کۆڵه‌که سه‌ره‌کیه‌ش ئایینه. (روشدی) له یه‌کێک له وتوێژه‌کانی دا ده‌ڵێت: (من په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی بنه‌ماڵه‌یه‌کم که فکره‌ی ئایینی به‌ته‌واوه‌تی به‌سه‌ریدا زاڵ بووه.. من‌و هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌م هه‌موو کاتی سپێده‌یه‌ک که له خه‌و راده‌په‌ڕین ده‌بوو کتێبێک ماچ بکه‌ین، پاشان تا سه‌رمان به‌رزی بکه‌ینه‌وه‌و دواجار به حورمه‌ته‌وه له شوێنه تایبه‌تییه‌که‌ی خۆی دایبنێین. ئه‌نجام دان‌و درێژه‌کێشانی ئه‌م کرداره هانی دام بيڕیاری ئه‌وه بده‌م ئه‌و نهێنیه‌ی له‌و کتێبه‌دایه و لای من ماوه‌ته‌وه له به‌ریه‌کی هه‌ڵوه‌شێنم و له چه‌ند و چۆنییه‌کانی ئاگاداربم. بۆیه پاش چه‌ند ساڵێک له دیراسه‌و شڕۆڤه کردنی ئه‌م کتێبه له هه‌موو رازه‌کانی گه‌یشتم. قۆڵم لێ‌هه‌ڵماڵی و رۆمانی (ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان)م نووسی.
ئه‌گه‌ر له جیهانی ئه‌ڕۆو به‌تایبه‌ت له ئاپۆڕای کۆمه‌ڵگه دواکه‌وتووه‌کانی هاوچه‌شنی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا دین‌و شته پیرۆز کراوه‌کان هێشتا پیرۆزی‌و گه‌وره‌ییکه‌یان هه‌ر پێ ده‌درێ‌و هه‌یبه‌تیان ده‌پارێزرێ، ئیدی له بارودۆخێکی وه‌هادا زۆر ئه‌سته‌مه که‌سێک بتوانێ چه بانوی شیکاری یان هه‌ر مه‌به‌ستێکی تره‌وه هه‌وڵی خستنه رووی دیوی ناوه‌وه‌ی ئه‌م شته پیرۆز کراوانه بدات.. چونکه عورف و یاسا‌و رێسا ئاسمانییه‌کان ئه‌مه ده‌بێته گومان بردن له خوڵقێنه‌ره‌که‌یان‌و ئه‌وه‌ی ئه‌م گومانه‌ش ده‌کا به مولحید ده‌ژمرێردرێ و ره‌نگه سووکترین سزاش بۆ ئه‌م مولحیدانه مه‌رگ، به‌رده‌باران و له‌سێداره‌دان بێت. ئه‌مه‌ش بووته هۆی ئه‌وه که له مێژووی ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه‌و ئه‌وانی تریشدا زۆر به که‌می ئه‌وه ده‌بیندرێ که که‌سێک توانیبێتی خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌م باسانه بدات. روشدی هه‌رچه‌ند مرۆیه‌کی رۆژهه‌ڵاتییه (هیندی)و خاوه‌ن که‌لتورو داب‌و نه‌ریتێکی رۆژهه‌ڵاتیانه‌یه به‌ڵام وه‌ک ده‌بینین له داڕشتن‌و نووسینه‌وه‌ی ده‌قی سه‌ره‌کی ئه‌م رۆمانه‌دا له زمانی ئینگلیزی که‌ڵکی وه‌رگرتووه‌و وڵاتێکی عیلمانی وه‌ک به‌ریتانیا به‌رهه‌مه‌که‌ی به‌چاپ گه‌یاندوه. دیاره ئه‌مه ده‌کرێ له چه‌ند ره‌هه‌نده‌وه بخوێندرێته‌وه. وه‌ک (د. صادق العڤم) ده‌ڵێت: (ره‌نگه ئه‌مه وه‌رچه‌رخانێک بێت به‌ره‌و به‌جیهانی بوونی رۆشنبیری) و... به‌ڵام من پێم وایه خاڵی سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ترسان له چه‌قۆو شمشێره بێ کالاکانی دینیه‌کانی. ئه‌وانه‌ی به چاوی نووستووه‌وه شمشێره‌کانیان له ئاسماندا هه‌ڵده‌سوورینن‌و دڵیان به‌ورد و گه‌وره ناسووتێ.(3) هێرش بردنی ئه‌وڕۆی ئیسلامییه‌کان بۆ سه‌ر په‌رتووک‌و ده‌قه نادینی‌و دژه دینییه‌کان‌ه به‌گشتی هه‌موو ئه‌و ره‌وتانه‌ی که نایانهه‌وێ چی دیکه له نه‌زانی و دواکه‌وتووییدا بمێننه‌وه، وه‌ک هێرش بردنه‌کانی عومه‌ر و عه‌لی بۆ سه‌ر نائیسلامییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه دێته پێش چاو! دێن! ده‌بڕن! ده‌کوژن! ته‌نیا به‌و مه‌به‌سته‌ی بۆچوونه‌کانی خۆیان بسه‌پێنن.
ئه‌مانه‌ن که له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو سته‌م‌و ئاسته‌نگانه‌ی له‌ژیانی مرۆڤایه‌تیدا پێکی دێنن، بانگی رزگاری دانی مرۆڤیش هه‌ڵده‌بڕن.
سه‌لمان روشدی له ڕۆمانی (ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان)دا به‌و مێردمنداڵه ده‌چێ که له خه‌ونێکی ترسناک راپه‌ری بێ‌و هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونه ترسناکه‌که‌ی بدات.
سه‌لمان له (ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان)دا کۆسپ و ته‌گه‌ره نانه‌وه ئاینیه ده‌مارگیره‌کان، خه‌ونه خه‌یاڵییه‌کان، ده‌ست تێوه‌ردان له سروشت، ئاڵوگۆڕه‌کانی سه‌رده‌م‌و...ی وه‌ک خه‌ونێکی مه‌ترسیدار خستۆته روو که گه‌ر بێین و هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانی ئه‌م دیارده سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه لێک بده‌ینه‌وه جێگای متمانه پێ کردنه. روشدی له چه‌ند وتووێژێیدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کردۆته‌وه که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له‌و رۆمانه‌دا دین نیه به‌ڵکو مه‌به‌ستی له‌و که‌سانه‌یه که شوێن ئه‌و بۆچوونه که‌وتوون. به‌م پێیه ده‌کرێ بڵێین ئه‌م به‌رهه‌مه هه‌وڵێکه بۆ خستنه ڕووی سه‌رلێشواوی فه‌رهه‌نگی مرۆیه کۆچه‌ره‌کان، که به بڕوای روشدی دین یه‌کێک له فاکته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م سه‌رلێشێواویه‌یه.
به‌و ورده زانیارییه‌وه که له مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که وه‌ده‌ستمان هێنا، لێره‌روه هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاوێک به نێوه‌رۆکی رۆمانه‌که‌دا بخشێنین بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌که‌مان زیاتر لا روون ببێته‌وه. رۆمانی (ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان) به ته‌قینه‌وه‌ی فڕۆکه‌یه‌ک ده‌ست پێ ده‌کات. دوو هێندی نه‌ژاد به ناوه‌کانی جوبره‌ئیل (ئه‌کته‌ری سینمایی)و سه‌لاحه‌دین (هونه‌رمه‌ند له بواری لاسایی کردنه‌وه (تقلید)ی ده‌نگ) ته‌نیا ده‌ربازبووانی ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ن که به هۆی سه‌ره‌ڕۆیی عه‌شیره‌تی (سیک)ه‌وه له‌سه‌ر ده‌ریا ده‌که‌وێته خوارێ.
جوبره‌ئیل‌و سه‌لاحه‌دین له کاتی که‌وتنه خواره‌وه‌یان له مه‌ودای چه‌ند هه‌زار مه‌ترییه‌وه مه‌رگی خۆیان به‌چاو ده‌بینن، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک به‌سه‌رسوڕمان و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌هیچ ئازارێک بکه‌ن له‌سه‌ر دورگه‌ی ئینگلیز (به‌ریتانیا) ده‌که‌ونه خوارێ. له کاتی که‌وتنه خواره‌وه‌دا پێ ده‌چێ جوبره‌ئیل به‌سه‌ره‌وه له عه‌رز درابێ چونکه له پاش که‌وتنه خواره‌که‌ی له هێزێکی بیرکردنه‌وه‌ی مه‌زن به‌هره‌مه‌ند ده‌بێ‌و به‌م پێیه خۆی له جه‌سته‌ی حه‌زره‌تی جوبره‌ئیل (حۆری په‌یام هێنه‌ر)دا ده‌بینێته‌وه.. چاره‌نووسی سه‌لاحه‌دین به بارێکی دیکه‌دا ده‌شکێته‌وه! سه‌لاحه‌دین، له‌لایه‌ن پیاوانی ئاسایشی ئینگلیزییه‌وه ده‌گیرێ‌و زۆر بێ به‌زه‌ییانه ئازار ده‌درێ‌و، هه‌ر له‌وێڕایه که ده‌بێته شه‌یتانی راسته‌قینه‌و پێشینه‌ی خۆی له‌بیر ده‌باته‌وه. شه‌یتان (سه‌لاحه‌دین) رابردووی خۆی بێ‌که‌ڵک ده‌زانێ‌و له ناخی دڵه‌وه عاشقی شاژنی ئینگلیزی ده‌بێ. به‌ڵام جوبره‌ئیل به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌لاحه‌دین که تووشی فه‌وتانی فه‌رهه‌نگی هاتووه، ناتوانێ رابردووی خۆی له‌بیر به‌رێته‌وه. جوبره‌ئیل له کاتی که‌وتنه خواره‌وه‌ی له فڕۆکه‌که‌دا دووچاری کۆمه‌ڵه خه‌ێاڵێک ده‌بێ‌و له‌ناکاو مێشکی له بۆچوونه ئایینییه کۆنه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی و ئیسلامی ده‌ئاخنرێ بۆ ده‌رباز بوون له‌م بارودۆخه جوبره‌ئیل کڵاوێک ده‌کڕێ‌و له‌سه‌ری ده‌نێ‌و دواجار ده‌خه‌وێ، به‌ڵام خه‌یاڵه‌کان لێی ناگه‌ڕێن و هه‌موو شه‌وێک له‌و خاڵه‌وه که پساون سه‌رله‌نوێ گرێ ده‌خۆنه‌وه‌و وه‌ک گلۆله به‌نێک سه‌رانسه‌ری ژیانی لێک ده‌ئاڵێنن. ئه‌م خه‌یاڵانه وا له جوبره‌ئیل ده‌که‌ن رێگه‌ی بیابان بگرێته پیش‌و پاش پێوانی رێگه‌یه‌کی دوورودرێژ بگاته شارێک که ناوی نه‌زان‌ئاوایه‌و له‌وێ له‌گه‌ڵ بازرگانێک به‌ناوی (ماهوه‌ند) ئاشنا ده‌بێت. ئه‌م پێوه‌ندی‌یه درێژه ده‌کێشێ، تا شه‌وێک ماهوه‌ند هه‌ست ده‌کا که جوبره‌ئیل له‌ته‌کیدا قسه ده‌کات. ئه‌مه ئاڵۆزییه‌کی سه‌یر له ده‌روونیدا ساز ده‌کات. بۆیه به په‌شۆکاوییه‌وه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ خێزانه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه خێزانه‌که‌ی ئارامی ده‌کاته‌وه‌و پێی ده‌ڵێ: ئه‌و په‌یامه جێگه‌ی هیچ ترس‌وو دڵه‌ڕاوکێیه‌ک نییه، وا دیاره ئه‌و به پێغه‌مبه‌ری هه‌ڵبژێردراوه. به‌م پێیه ماهوه‌ند باوه‌ڕ به خودا دێنێ‌و سه‌رقاڵی بڵاکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌که‌ی ده‌بێ، که ئایینی (په‌یڕه‌و کردنی) ناوه.
ماهوه‌ند سه‌ره‌تا له خزمه نزیکه‌کانی خۆیه‌وه ده‌ست پێده‌کاو دواتر هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دا که خه‌ڵکانی تریش بێنێته سه‌ر دینه‌که‌ی خۆی.
جوبره‌ئیل، له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو خه‌ون‌و خه‌یاڵه تاڵاندا هیچ رێگایه‌کی جیا له خۆڕاگری نییه‌و، جیا له خۆخواردنه‌وه و گیروگرفت چی دیکه‌ی ده‌ست ناکه‌وێ. به‌ڵام ماهوه‌ند تا دێ زێتر مه‌زنی خۆی‌و په‌یامه‌که‌ی له‌نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا ده‌چه‌سپێنێ.
خه‌ڵکی نه‌زان‌ئاوا، پاش ماوه‌یه‌ک هه‌ست به مه‌ترسی (مه‌زن بوونه‌وه‌ی ماهوه‌ند و دینه‌که‌ی) ده‌که‌ن‌و گوشارێکی زۆر ده‌خه‌نه سه‌ر ماهوه‌ندو ناچار به هه‌ڵاتنی ده‌که‌ن. به‌ڵام دواتر ماهوه‌ند ده‌توانێ هێزێکی گه‌وره له ده‌وری خۆی خڕ کاته‌وه‌و شه‌ڕێکی زۆر له‌گه‌ڵ ناحه‌زانی خۆی بکاو ده‌ره‌نجام به‌چۆکیان دابێنێ‌و، له‌وێش هه‌موو ده‌نگه نه‌یاره‌کانی خۆی سه‌رکوت ده‌کات.
ئه‌وپه‌ڕی رسته کوفراوییه‌کانی روشدی له‌وبه‌شه‌دا ده‌رده‌که‌وێ که باس له چۆنییه‌تی بازرگانی کردنی ماهوه‌ند ده‌کا که له حه‌قیقه‌تدا به‌ڕێوه‌بردنی حه‌ره‌مخانەه‌که (ملهه) که ناوی رووپۆشی (حجاب) لێ ناوه. له‌و حه‌ره‌مخانه‌یه‌دا دوازده سۆزانی سه‌رقاڵی راپه‌راندنی ئیش‌و کاره‌کانن‌و مشته‌رییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی عه‌شیره‌ته‌که‌ش شه‌و و رۆژ به ده‌وری ئه‌و خانووه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌رفه‌تێکدا خۆی تێکه‌س‌و زاری تینوویان له‌و کانیاوه عه‌شقه‌دا ته‌ڕ بکه‌نه‌وه.
به‌شێکی دیکه له‌م رۆمانه که ناوی رۆمانه‌که‌ش ده‌گرێته‌وه (ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان) ئه‌وه‌یه که له‌لایه‌ن جوبره‌ئیله‌وه په‌یامێک به ماهوه‌ند ده‌درێ، که هه‌ر یه‌ک له باوه‌ڕداره‌کانی ده‌توانن له‌پاڵ خودا سێ فریشته یان هه‌ر شتێکی دیکه بپه‌رستن. ماهوه‌ند ئه‌م په‌یامه‌ی خودا به دار‌و ده‌سته‌که‌ی راده‌گه‌یه‌نێ. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک جوبره‌ئیل ئاگاداری ماهوند ده‌کاته‌وه که ئه‌و په‌یامه له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه نه‌هاتووه به‌ڵکو ئه‌وه شه‌یتان (سه‌لاحه‌دین) بووه که ئه‌و په‌یامه‌ی، به‌درۆ، به‌و راگه‌یاندووه.
ئه‌م ریوایه‌ته جیا له روشدی و له پێش روشدیش له‌لایه‌ن چه‌ند بیرمه‌ندێکی تره‌وه وه‌ک (گبری) گێڕدراوه‌ته‌وه‌و سه‌رچاوه‌ی مێژوویی هه‌یه. باسێک که له‌و پێوه‌ندیه‌دا ده‌کرێ ئه‌وه‌یه که له سوڕه‌ی (نجم)دا دوابه‌دوای ئایه‌ته‌کانی نۆزده‌و بیست، دوو ئایه‌ت له پێوه‌ندی بت‌و بت په‌ره‌سته‌کانه‌وه بووه که پێغه‌مبه‌ره بۆ دڵخۆش کردن‌و فریودانی دوژمنه‌کانی خۆی له‌و سوڕه‌یه‌دا دایناون‌و به‌و بیانووه‌ی که ئه‌و ئایه‌تانه‌ش له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه هاتوون له سوڕه‌که‌دا ده‌یانسڕێته‌وه.
له خوێندنه‌وه ئه‌و رۆمانه‌دا مرۆ به‌ره‌و ئه‌و گومانه ده‌چێ که ره‌نگه ئه‌م کتێبه هه‌مووی دروستکراوی شه‌یتان بێ و یه‌که‌م که‌سیش که ئه‌و گومانه دێنێته گۆڕێ سه‌لمانی فارسییه (4) که به ماهوه‌ند ده‌ڵێ: ( من به گومانم له‌وه‌ی که ئه‌م ئایه‌تانه‌ی دیکه‌ش هه‌ر ده‌ستکردی شه‌یتان بن). ماهوه‌ند له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: ئه‌م گومانه‌ی تۆ بێ حورمه‌تی کردن به ئایینی پیرۆزی ئیسلامه‌و سزای ئه‌و که‌سانه‌ش که بێ‌حورمه‌تی به‌و ئایینه ده‌که‌ن مه‌رگه.
سه‌لمان روشدی هه‌وڵ ده‌دا چاره‌نووسی خۆی به چاره‌نووسی سه‌لمانی فارسییه‌وه گرێ بداته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌کی زیره‌کانه خۆی له به‌رگی سه‌لمان بهاوێ.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و تێڕامانه‌ئه‌وه‌یه که ماهوه‌ند له‌و سه‌رده‌مه‌دا له گوناهه‌که‌ی سه‌لمان خۆش ده‌بێ، به‌ڵام نه خومه‌ینی ره‌حمه‌تی و نه بیچووله ئاخونده‌کانی به‌جێماوی پاش ئه‌ویش، هێشتا ئه‌م گوناهه‌ی سه‌لمان روشدیان نه‌به‌خشیوه. به‌ڕای من ئه‌م ئیسلامه سیاسییه‌ی ئه‌مان دایانمه‌زراندووه‌و کاری پێ ده‌که‌ن ره‌نگه له‌لایه‌نی هۆشیارییه‌وه هێشتا نه‌گه‌یشتبێته ئه‌و ئاسته‌ی که ماهوه‌ند تییدا ده‌ژیا.
سه‌لمان روشدی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌باشی ئاگاداری ده‌مارگیری ئایینیه‌کانی سه‌رده‌می خۆیه‌تی به‌ڵام اۆر ئازایانه تاوی قه‌ڵه‌م ده‌داو هه‌وڵی ریسواکردنیان ئه‌دات.
ئه‌و له رۆمانی ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کاندا هه‌وڵی ده‌ستنیشان کردنی ئه‌و دیارده قێزه‌وه‌ن و کوێرو بێ هاوساره ده‌دا که خۆی بووه قوربانییه‌که‌ی. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو گرفته‌کان وه‌ک روشدی خۆی ده‌ڵێ: (خوڵقانی ئه‌م بارودۆخه گرژه به‌هۆی ویستێکی ره‌واوه‌یه. له‌پێناو شتێکدایه که ئێمه زۆر به قووڵی باوه‌ڕمان پێیه‌تی. که‌واته ده‌ره‌تانی خه‌بات کردنی بۆ هه‌یه و شایانی خه‌بات کردنه.)
په‌ڕاویزه‌کان:
1_ خومه‌ینی له کاتی خۆیدا فتوای ئه‌وه‌ی داب‌و که ده‌بێ هه‌تا دوایین که‌سی خه‌ڵکی ئێران له ته‌ک وڵاتی عێراقدا شه‌ڕ بکات به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ئه‌م فتوایه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و پاش هه‌شت ساڵ درێژه‌دانی شه‌ڕ ملی بۆ ئاشتی دانواند.
2_ بێ‌ده‌نگ مانه‌وه‌ی رۆشنبیرانی کورد ناگه‌ڕێته‌وه بۆ بوده‌ڵه‌یی و ترسنۆکی ئه‌وان، به‌ڵام وه‌ک ئاماژه‌ی پێ کراوه به‌هۆی له‌به‌رده‌ست نه‌بوونی ئه‌م به‌رهه‌مه‌یه که ناتوانرێ له پانتایی رۆشنبیری ئه‌وڕۆی کوردی‌دا قسه‌و باسێکی جیددی له‌سه‌ر بکرێ.
3_ نموونه‌یه‌کی به‌رچاو بۆ ئه‌م کرده‌وانه ئه‌و ره‌شه‌کوژییه‌ی ئافره‌تان‌و، هه‌روه‌ها ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌یه که ئه‌وڕۆکه ئێمه له کوردستاندا به‌چاوی خۆمان ده‌یانبینین.
4_ سه‌لمان فارسی خزمه‌تکارێکی ئێرانی ماهوه‌ند بووه که ئه‌رکی له‌به‌ر کردنی ئه‌و ئایه‌تانه‌ی له ئه‌ستۆ بووه که له‌لایه‌ن جوبره‌ئیله‌وه به ماهوه‌ند راگه‌یه‌ندراون.
سه‌رچاوه‌کان:
· له ساڵی 1994دا ده‌قێکی ته‌رجه‌مه‌کراوی فارسی ئه‌م رۆمانه‌و ده‌سکه‌وت که هیچ ناوونیشانێکی وه‌رگێڕه‌که‌ی پێوه نه‌بو_ دیاره براده‌رێک له ئه‌ورووپاوه هێنابویه کوردستان_ بۆیه یه‌ک رۆژ وه‌ک ئه‌مانه‌ت رۆمانه‌که‌م لێ خواست‌و خوێندمه‌وه، به‌ڵام مه‌جالی ئه‌وه‌ی نه‌دامێ نوسخه‌ی لێ هه‌ڵگرم.
· وتووێژی رۆژنامه‌ی تایمی ئه‌مریکی له‌گه‌ڵ سه‌لمان روشدی.
· چه‌ند وتووێژێکی روشدی که له گۆڤاره فارسییه‌کانی وه‌ک (چشم‌انداز و ...) له هه‌نده‌ران بڵاو کراونه‌ته‌وه.
سەلمان روشدی
سەرچاوە: قەڵەمی ژمارە ٢