نەژاد عزیز سورمێ

وەهمێکى چەند خۆشە
مرۆڤى دڵ هەلا هەلا
هەمو جیهان
لە قەرتاڵەیەکدا کۆبکەیەوە

 

 

 

پایز بێ و پەنجەرەت بەسەر گۆلى قورینگان بڕوانێ

 

نەژاد عزیز سورمێ

 

وشە لێوى بریندار کردم

جوانیەکى فێڵاوى... گەچڵاو...

بۆسەى چرا کزەکانى ڕێگا

لە غەریبیدا، دوور لە لێوان

پیاڵەى پڕى لێ  ڕژاندم....

بێدەنگیەک

لەشەڕى ناوخۆى گوڵەکانى کەنار

دەزرنگێتەوە.

شەوقى شاربەدەر...

هەتاوى شەشدەر لێ گیراو،

باڵوێزى ڕووبارە یەکگرتووەکانى بەهەشت

لە مەملەکەتى قورینگان

بڵێسەى ئەشکەوتەکانى سرووش

نهێنى کوژانەوە و هەڵبوونیان هێنا...

حکوومەتى عیشقیان دامەزراند...

وەلێ داخ سروودى تەمەن

لەگەڵ تاوە بارانێکدا ڕۆیی..

پەنجەرەى عومر لەدەرەوەى گۆشەکانى سۆز

بەسەر چاوەڕوانى ئەزەلیی نیشتمانەکەمدا دەڕوانێ . 

 

 

پایز بێ و پەنجەرەت

بەسەر گۆلى قورینگان بڕوانێ

سۆز و سەنگدڵى پێکەوە دەبینى...

دەتوانى شنەى نەرم بپۆشى

گیرفانت لەشەونم پڕ بکەى..

لەگەڵ خەمەکانت کۆببیەوە

باس لە بارودۆخ و پێشهاتە هەنووکەییەکان بکەن.

هەر ئیمێلێکت بوێ

بەگەردنى قورینگانى بنێرى..

 

 

وەهمێکى چەند خۆشە

مرۆڤى دڵ هەلا هەلا

هەمو جیهان

لە قەرتاڵەیەکدا کۆبکەیەوە..

شیرەى هێدمە بوونە...

بەخششى ژاڵە.

لەکەش و هەواى تاریکستان

لە خۆشەویستیەک دەچێ

هیچ حکوومەتێک دانى پێدا نانێ

هیچ فراکسیۆنێکى پەرلەمان پشتگیرى لێ ناکا

هەمیشە ون

هەمیشە تەنیا

هەمیشە بێ وێنە…

 

 

گەڕان بۆ بابەت