ما 2504 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی

کۆمەڵێ لە کوردانی کەونار شوێنکەوتووی هزروکردەوەی گێومەرد بوون و بە گێومەردیان واتە گێومەرتیان یان گێومەتیان بەناوبانگ بوون، ئەوان فەلسەفەی ژیانی" گرشا گێومەرد"یان کردبوو بە وێنای هەڵسوکەوت و ژیانی ڕۆژانەیان لەم جیهانەدا، گێومەرتیان بڕوایان بە حیکمەت و هزر و دەروونگەرایی وزانایی بوو. 

 

کاکەییەکان کێن؟ ٣

ئازاد کەریمی

ئایینی مەزداپەرستی لە لایەن زەردەشتەوە ناسێندرابوو. بە هۆی ئامۆژگارییەکانی زەردەشت وا لە کۆنترین پەرتووکی پیرۆزی ئایینی کوردانی قەدیم واتە ئاڤێستا و لە کەونارترین بەشی ئاڤێستا واتە گاتا کە بریتین لە ڕازو نیازەکانی خودی زەردەشت لە گەڵ ئاهورامەزدا یان پەروەردەکاری ئافرێنەردا هاتوە و، لایەنگرانی ئەم ئایینە هان دەدات خەریکی کشتوکاڵ و باخداری وئاژەڵداری بن، دەردەکەوێ. تەمەنی ئەم ئایینە زیاتر لە هەشت هەزارساڵ نیە بە هۆی ئەوەی دوای کۆتایی پێهاتنی سەردەمی ئەشکەوتنشینی، باپیرانی گەلی کورد فێری ڕاهێنانی گەنم و جۆ بۆ کشت وکاڵ وهەروەها شێوازی ڕاگرتنی ئاژەڵی وەک مەڕ، بزن، گا، وشتر، کەر، ئەسپ، سەگ وهەروەها جۆرەکانی پەلەوەر بەتایبەتی مریشک و کەڵەشێر بوون. باپیرانی کورد لە دارستانە بەربڵاوەکانی کوێستانی زاگرۆس و تاوردا فێری باخداری بوون وبە هۆی ئەوەی دەیانویست ئاگایان لەکاتەکانی زاوزێی ئاژەڵەکان وهەروەها هاتنی وەرزەکانی کێڵاندن،وەشاندن وئاودێری کردن ودروێنە وگێرە وخەرمان وجۆخین بێ دەستیان بە ژماردنی ڕۆژگاروشەوگار، ناسینی ئاسمان وخۆر،مانگ وئەستێرە وشوێنی هەسارە و ئەستێرەکان بوون و ڕۆژمێر و ئەستێرەوانی و خوداناسین و چارەنووس و جیهانە دیارونادیارەکان و درووست کردنی چیروانۆکەکان کرد. ئەوەی ڕاستی بێ پێش ئەوەی زەردەشت دەست بکات بە نووسینی ئامۆژگاریەکانی و پەرتووکی گاتا بنووسێ کوردەکانی کوردستانی کەونار بڕوایان بە ڕۆح یان وزەی ژیان و ژیاندن و ژیاندنەوە هەبوو، دەیانزانی وزە یان هێزێکی گیانبەخش کە پرۆسەی زیندووبوون وزیندووکردنەوەی لە پاش بێگیان بوون واتە مەرگ بەڕێوە دەبات کارەکانی خۆی بە شێوازێکی سیستەماتیک و نەگۆڕ، خولێ نە خولێ، دووپات دەکاتەوە و ئەمە یاسایێکە و بێگۆڕانکاری دووبارە دەبێتەوە... بە هۆی ئەوەی کێڵگەکان کانگا و سەرچاوەی داهاتەکانی ژیانی کوردەکان بوو، هەروەها لەو سۆنگەوە کە هەموو ڕووەکەکان لە زەوییەوە شین دەبن ومرۆڤیش کاتێ دەمرێ و تووشی داپڵۆخان و ڕزاندن دەبێ و دەبێتەوە بە خاک هەر بۆیە چیرۆکی لە خۆڵ درووست بوونی مرۆڤیان هەڵبەست و لەفەرهەنگی ئەخلاقی و باوەڕمەندانەی کۆنترین شارستانیەتی کوردەکان واتە کاشپی یەکان و دواتر سومەریەکان ڕەنگی دایەوە و ماجەرای ئافراندن لە وڵاتی ئادان واتە شوێنی ئیزدی خاک کە ناوی "ئا" یە و"ئێئا" و "ئاتاخما" واتە یەکەم ژن و پیاولە خاکی ئەوێ درووست دەکرێن و دواتربە هۆی خواردنی میوەی داری ژیان و داری زانایی لە بەهەشتی ئاسمانی وهەتاهەتایی کە لە ئاسماندایە دەردەکرێن و خودا دەیاننێرێتەوە هەمان وڵاتی ئادان بۆئەوەی خەریکی ژیان بن تاکوو دەمرن و ڕۆحیان دەگەڕێتەوە بۆ لای ئافرێنەر. بەڵام ناخیان دەبێ لە حەوت قۆناغ دەرباز ببێ تاکوو بگاتەوە بە سەرچاوەی ژیان واتە خودا یان زوروانی بێکۆتایی. سەردەمانێک کوردانی کەونار بڕوایان بەوە بوو یەکەم مرۆڤەکان "گم" وخوشکەکەی بوون و نڤشە ئینسانیەکان لەوانەوە زاون. بەڵام دوای پەیدابوونی زەردەشت و ئایینەکەی نەک لە گاتا کە فەرمایشتەکانی پیەغەمەر زەردەشتە، بەڵام لە بەشەکانی دیکەی ئاڤێستادا وا موپتەکان و زانایانی ئایینی زەردەشتی لە چەرخە جۆراوجۆرەکاندا کۆیان کردوەتەوە ونووسیویانەتەوە بەتایبەت لە بەشێکی ونبووی ئاڤێستادا واتە "چڕداد" باسی یەکەم مرۆڤ و چیرۆکی درووست بوونی نڤشی مرۆڤەکان دەکات، بەڵام کورتەی ئەم چیرۆکە لە بەشێکی دیکەی ئاڤێستادا کە لە بەردەستدایە و ناوی "دینکردە"(٢)یە باسکراوە و دەڵێ: "خۆیی دۆس" واتە هاوسەرگیری نێوان خزمان کارێکی ڕەوایە بۆ وێنە "وەرمز" خواوەندی ئاسمان لەگەڵ کچەکەی خۆی واتە "مەتی سپیندار" خواوەندی زەوی هاوسەرگیری کرد و یەکەم مرۆڤ واتە "گێومەرت" یان گێومەرد لەو دووخواوەندە درووست بوو. توخم یان نوتفەی گێومەرد ماوەی چل ساڵ لەسەر زەویدا مایەوە،کوردانی کەونار ژمارەی چل یان بۆماوە یان ئەندازەیەکی ژمارەنەکراوبەکاردەهێنا... لە گاباری شەشەمی ئافراندن دا وەرمز بڕیار دەدا گێومەرد بکات بە مرۆڤ وئەم کارە حەفتا ڕۆژی پێچوو، پاشان بۆ سێ هەزار ساڵ گێومەرد بێ بزاڤ و جووڵە مایەوە و لەم ماوەدا هیچ کارێکی نەدەکرد بەڵام بیری لە زانایی دەکردەوە. کاتێ ئەهرێمەنە و سوپای دێوەکان پەلاماری زەوییاندا گێومەرد پڕ ببوو لە زانایی وکەوتە بزاوتن و جووڵەوە و شەڕی لەگەڵ دێوەکان کرد و شکستێ پێهێنان و نازناوی گرشا (گردشا) یان شای کوێستان واتە "شای کوردستان"ی پێبەخشرا. سی ساڵ دوای ئەو سەرکەوتنە ژیا... پاشان مرد و بە لای چەپدا کەوت و توخمەکانی هەڵوەرانە سەر زەوی... ئیزەدی"نێری سینگ" ئەرکی پاراستنی سێ چارەک و خواوەند "مەتی سپیندار" ئەرکی پاراستنی چارەکێکی توخمەکانی گێومەرد واتە شای کوێستانی لە ئەستۆ گرت. لە توخمی گێومەرد جووتێ مرۆڤ (نێرومێ) بە چەشنی ڕێواس ڕووان وناویان "مشیگ" و"مشیاگ" بوو.

گێومەرد خەڵکی فێرێ کشتوکاڵ کرد، پێستەی پڵنگی لەبەرخۆی کرد و بە پڵنگان واتە پڵنگپۆش ناوبانگی دەرکرد. هەروەها ئامۆژگاری ئەوە کە: مرۆڤ لە کاتی خواردنی ژەمەکاندا با بێدەنگ بێ تاکوو سرووشت بەشی خۆی لەو خواردنە ببات و هەمووبەشەکانی لەش لە بیر کردنەوەدا بێ بۆ ئەوەی ئەو خواردنە زیاترین بەهرە و قازانج بگەیێنێتە جەستە و هەر بەو هۆیەشەوە ناخ، ئارام وهێورببێتەوە.

کوڕەکەی واتە "سیاومەگ" لە شەڕی دێوەکاندا کەوتە بەر دەستی سیادێو - کوڕی ئەهرێمەنە- و کوژرا. گردشا واتە شای کوردستانی کەونار زۆردڵتەنگ بوو، دەستووری بە کوڕی سیاومەگ واتە "شەنگە" یان هۆشەنگ دا شەڕی دێوەکان بکات و تۆڵەی باوکی بستێنێتەوە، شەنگە ئەم کارەی کرد و "سیادێو"ی کوشت.

کۆمەڵێ لە کوردانی کەونار شوێنکەوتووی هزروکردەوەی گێومەرد بوون و بە گێومەردیان واتە گێومەرتیان یان گێومەتیان بەناوبانگ بوون، ئەوان فەلسەفەی ژیانی" گرشا گێومەرد"یان کردبوو بە وێنای هەڵسوکەوت و ژیانی ڕۆژانەیان لەم جیهانەدا، گێومەرتیان بڕوایان بە حیکمەت و هزر و دەروونگەرایی وزانایی بوو. ئەوان زانایی یان سەرچاوەی ژیانی هەتاهەتایی دەزانی، بڕوایان بە شاهەنشایی هزرو زانایی لە ژیانی هەتاهەتاییدا بوو، لەو سۆنگەوە کۆششیان دەکرد لە زاناییدا بێکۆتایی بوونی ناخ و ویژدان بگەیێنە لووتکەی بیرکردنەوە. بە لای ئەوانەوە گێومەرد هێمای ئەم بزاڤە فەلسەفی و بیرمەندیە بوو، هەر بۆیە شوێنکەوتەی ئەو بوون. چیروانۆکی گێومەرد سیمای ڕاستەقینەی زانابوون و بڕوامەند بوونی مرۆڤی کۆمەڵگەی کوردستانی کەونار بەو حەقیقەتە نیشان دەدات کە باوەڕی بەوە هەیە مرۆڤ بەشێکە لە سرووشت.

ئەوان ڕێزی تایبەتییان بۆ "گا" یان دەوارهەبوو، لەبەر ئەوەی گێومەرد خاوەنی گایێک بووکە لە دوای مردنی گێومەرد وکوژرانی گاکەی، مرۆڤ لە گێومەرد و هەموو بوونەوەران لەو گاوە درووست ببوون. چیروانۆکی گای پیرۆزی گێومەرد دووبارە بوونەوەی چیروانۆکی گای پیرۆزی میترایە وا دەبێ قوربانی بکرێ و لە جەستەیەوە بوونەوەران درووست ببن. بەڵێ حیکمەتی گێومەردی یان گێوماتی بەشێک لە ئایینی میترایی کوردی بوو.

 

 

                                                                                                     Bilderesultat for ‫اهل حق‬‎         

گەڕان بۆ بابەت