ما 1042 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی 

جەستە و فۆڕمی هەموو دیاردەکان بە مرۆڤیشەوە ڕەهەندی مادی ئافێنراوەکانن وناخ و ڕۆح  یان وزەی پاڵنەری ژین لە هەر ئافرێنراوێکدا پێوەندی بە ڕەهەندی مەعنەوی ژیانەوە هەیە. واتە جەستە کراسی بەر ناخە و کاتێ دیاردەیەک یان ئافرێنراوێک دەبینین ڕواڵەتی ناخی ئەو دیاردە دەبینین. 

 

کاکەییەکان کێن؟ (٤)

ئازاد کەریمی

 

سەبارەت بە وشەی کاک یان کاکە، بەواتای "یەکەم" یان "سەرۆک و پێشەنگ و پێشڕەو، پێشەوا" هاتوە. هەر لە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستاوە لە ناو کولتوری کوردیدا باو بووە و هەر ئێستاش بە واتای سەرۆک لە ناو شێخانی تەریقەتی قادری و هەروەها لە ناو جەماوەری کوردیدا بە واتای برای گەورە ناوبوێر دەکرێت و، یارسانەکانی باشووری کوردستانیش بە کاکەیی بەناوبانگن. دەکرێ بگوترێ وشەیەکی هەرە کۆنی کوردییە و پێوەندی بە چەمکێکی گێنۆتیک واتە سۆفییانە و عارفانەوە هەیە.

با ساناتر بڵێم، هەرلە کۆنەوە بیرمەندانی کورد بڕوایان بە دوو ڕەهەندی بوونی ژیان بووە.: - ڕەهەندی مادی ٢- ڕەهەندی مەعنەوی.

جەستە و فۆڕمی هەموو دیاردەکان بە مرۆڤیشەوە ڕەهەندی مادی ئافێنراوەکانن وناخ و ڕۆح  یان وزەی پاڵنەری ژین لە هەر ئافرێنراوێکدا پێوەندی بە ڕەهەندی مەعنەوی ژیانەوە هەیە. واتە جەستە کراسی بەر ناخە و کاتێ دیاردەیەک یان ئافرێنراوێک دەبینین ڕواڵەتی ناخی ئەو دیاردە دەبینین. کەواتە ئافرێنەر یان خالق، ڕۆحی تێهەڵکێشی جسم و جەستە کردوە با دیار وخویا بێت ومانای مادی پەیدا بکات.

کاتێ باسی سپینتەی مایندە و ئەنگەرەی مایندە دەکەین، فلەشبەکمان کردوە بۆچۆنیەتی پەیدا بوونی ژیان لە چیروانۆکی زوروان دا. ناکرێ بیر لە فەرهەنگی ڕەسەنی کوردی بکەیتەوە و نەگەڕێیتەوە بۆ چیروانۆکی ژیان و زوروان. بەردی بناغەی بیر و بیرمەندی لە کولتوری کوردیدا پێوەندی بە اساطیر (ئوستورەکان یان چیروانۆکەکان)ەوە هەیە. لەسەرووی هەمووشیانەوە چیروانۆکی زوروان. لەبەر ئەوەی خاڵی دەسپێکی هەموو ئایینە کوردیەکان هەر لە کۆنەوە هەتا ئیسلام و دوای ئیسلامیش لە چەمکی خێر و شەڕ و چۆنیەتی "دەرکەوتە" یان تجلی (ئەمشاسپەند / ئاڤێستا) خێر و شەڕەوە سەرچاوە دەگرن. هەروەها جۆری ڕوانینی مرۆڤی کورد بۆ هەبوون و ژیان و جیهان ونەبوون دەستنیشان و درەوشاوە و بەرچاویی دەکا. ئەمەش کلیلی کرانەوەی هێما فەلسەفیەکانی ڕوانینی کوردە و فەرهەنگی ئەو نەتەوە ڕەچاو دەکات و دەیناسێنێ و لەناو فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکەدا دەیناسێتەوە. بۆ وێنە جۆری پۆشینی جلوبەرگ (بەدەر لەوەی بۆچ وەرزێک یان کەش و هەوایەک دەپۆشرێ) ڕەنگدانەوەی جۆری ڕوانینی هەر گەلێکە بۆ خۆی. بەتایبەتی کوردەکان هەر لە کۆنەوە ڕەنگ و فۆڕمی دوورینی جلوبەرگیان بۆ دەربڕینی مەبەستەکانیان بەکار هێناوە. ئەوەش هۆکاری ناسینەوەیان بووە لە خەڵکی دیکە، ئەمە بۆ توێژینەوەی جۆری بیرکردنەوەی ئەم خەڵکە لەم هەڵکەوتە جوغرافیاییەدا زۆر بنەڕەتییە.

بە گوێرەی چیروانۆکی زوروان یان ڕۆحی هەتاهەتایی (خواوەندی کات و دەم و زەمان) لە ئایینی میتراییدا، کاتێ زوروان ئافراندنی کۆتایی پێهێنا بیری لەوە کردەوە کارێکی بێکەڵکی کردوە، لەم چەوتی و ڕاڕاییەوە ئەنگەرەی مایندە درووست بوو بەڵام ڕاستی وهەقیقەت کە لە ویژدان و بڕواوە سەرچاوە دەگرێ نەیتوانی چاوپۆشی لەوە بکات کە هەڵەبوون و ڕاڕایی هەموو مانای هەبوون داگیر بکات، هەر بۆیە سپینتەی مایندە لە بڕوا و ڕاستییەوە درووست بوو بۆ ئەوەی دژایەتی چەوت بوون و دوودڵی بکات. ئەنگەرە و سپینتە لە دەروونی زورواندا هاتنە بەرهەم و گەورە بوون، بەڵام ئەنگەرە فێڵی کرد و بۆ ئەوەی زووتر لە دایک ببێ زگی زوروانی دڕی و هاتە دنیاوە. شەڕی ئەم دوو چەمکە دەست پێدەکات و زوروان ناچاریان دەکات هەر یەک لەو دوو برا ماوەی هەزارساڵ فەرمانی دنیا بکەن. بەو مانایە هەزارساڵ ئەنگەرە دنیا بگرێتە دەست و دوای ئەوە سپینتە فەرمانڕەوای جیهان بێت. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نیە لەماوەی هەزارساڵەی حوکمی هەریەک لەو دوو چەمکەدا، خراپی یان چاکی بە تەواویی لەناو بچن بەڵام هێزی هەریەک لە ئەنگەرە یان سپینتە لە ماوەی دەسەڵاتدارییاندا زاڵە. ئافرێنەرواتە زوروان، ئیزەدی میترای خولقاند بۆ ئەوەی دادوەروناوبژیوانی ئەو دوو چەمکە واتە سپینتە (خێر) و ئەنگەرە ( شەڕ) بێت... هەر بۆیە ئازیزترین و نزیکترین ئیزەدی زوروان بووهەروەها ئەو دەسەڵاتەشی پێدرا بوو کاروباری جیهان بە نوێنەرایەتی زوروان ڕاپەڕێنێ. میترا خواوەندی "شید" یان خەرمانەی خۆرو هەروەها یەکەم تیشکی خۆر (کاک ڕم یان کەیڕم) بوو کە لە کاتی شەوەکی (شەفەق) دا لە ئاسۆ واتە لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێ هەروەها خواوەندی خۆشەویستی و بڕیاروپەیمان بووه و ئەرکی پاراستنی تین و تیشکی ئەستێرەی ڕۆژ واتە خۆری پێڕاسپێردرا بوو. خۆر خانووی میترا بوو.پێش ئەوەی کاک ڕم یان یەکەم تیشکی خۆر (کە پێشەنگ وپێشەوای تیشکەکانی ڕۆژە. تیشکەکانی خۆر، خەرمانەی دەوری خۆریان "شید" پێکدێنن. کاک ڕم یەکەم تیشکی شیدی خۆر، میترا ئیزەدی شیدە) دەربکەوێت، "خۆرئوژ" یان ئەو پەلەوەرەی ئەڵێ "خۆرهات!" واتە کەڵەشێر، بانگ دەدات و مزگێنی دەدات خۆرخەریکە دەردەکەوێ. دیارە کەڵەشێر ڕاستبێژە و لایەنگری سپینتەی مایندەیە و بانگبێژی سپینتەی مایندە پیرۆزە و دەبێ ڕێزی بۆ بگیردرێت. میتراییەکان یان مەهرانیەکان ڕێزی تایبەتییان بۆ خۆرئوژ هەبوو، دیارە هەر ئەوەش بوو بە هۆکاری ئەوەی لە دوای هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان ناوی خۆرئوژ وەک هێمایێکی مێهرانی گۆڕدرا بۆ کەڵەشێر، کەڵەباب یان دیکل و قەدەغەی خواردنی گۆشتی ئەم پەلەوەرە لەسەر کوردانی نۆموسڵمان هەڵگیراو سەبارەت بە ئیزەدی میترا یان "مەهرو"هەروەک گوترا ئیزەدی پارێزەری ئەستێرەی ڕۆژ وخواوەندی تیشکی خۆر بە تایبەتی یەکەم تیشکی خۆر واتە کاک ڕمەیە وا پێشەنگی هەموو تیشکەکانی خۆرە و تیژایی و شەوقێکی چاوتەزێنی هەیە. خواوەند یان ئیزەدی ئەستێرەی ڕۆژ یان خۆر ناوی "سۆر"یان "شۆر"ە و ئێستاش کوردانی مەڵبەندی ئاردەڵان وجاف و گۆران هەرچەندە موسڵمانن سوێند بە سۆڵە یان شۆڵەی نوور دەخۆن، سۆڵە یان شۆڵە هەمان سۆر یان شۆرە.

سۆر لەگەڵ میترا جیاوازە

 

میترە یان میهرە وشەیەکی ئاڤێستاییە، کوردانی کەونار بە مەهرو ناساندوویانە. خواوەندی خۆشەویستی و ژنومێردایەتی، بڕیاروپەیمان و دادپەروەری و ئازایەتی بووە. ئایینی مەهرانی یان میترایی لە مەزۆپۆتامیا واتە ڕۆژاوای کوردستانی جوغرافیایی و لە مەڵبەندی سۆریش یان هۆریش کە ئێستا لە کوردستانی تورکیادایە سەریهەڵداوەتەوە (دیارە سۆریاش بە گوێرەی ئۆستورەکان لە سۆریاش واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی پاراستنی تیشکەکانی خۆری بە میترا سپارد و سوێندی وەفاداری بۆ خوارد). غازییەکان کاتێ هاتنە باکووری کوردستان ناویان ناوە حران! ئایینی مەهرانی ئایینی دەوڵەتە کوردیە کەونارەکانی میتانی وهیتی، ئورارتو، ماننا و شاهەنشاهی ماد بووە. بەڵگەش ئەوەیە بەردەنووسێک بە ڕێزمانی بزماری دۆزراوەتەوە سەبارەت بە پەیماننامەیەکی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە کوردیەی سەردەمانی کۆن (میتانی و هیتی)و تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ١٥سەدە پێش زایین و تێیدا سوێند بە ئیزەد میترا خوراوە. مەهرو(میترا) نازناوی "نەبەز" یان نەبەرزی پێدەبەخشری کاتێ  دوژمنەکانی دەبەزێنێ.چیروانۆکی میترا دەگێڕێتەوە: میترا لە ناخی بەردێکەوە دێتە دەرەوە کە لە ئەشکەوتێکدایە.پاشان لە گەڵ گایێکی ئاسمانی زۆران دەگرێت و دەیبەزێنێ و دەیباتە ناو ئەشکەوتێکەوە و کاردێک دەچەقێنێتە ناوشانی گاکەوە و قوربانی دەکات. سەگ و مار و دووپشک و قاڵاوی لێ پەیدا دەبن. لە شوێنی برینی سەرشانی دەوارەکەوە سێ چڵ گەنم و نمامێکی مێو شین دەبن. دوومەشخەڵدار بە مەشخەڵی ئاگرەوە لە لای ڕاست و چەپی میتراوە ڕاوەستاون یەکیان ناوی "کاوە"یە ومەشخەڵەکەی بەرەو سەرەوە ڕاگرتوە وئەوی دیکەشیان ناوی"کاوە بەد"ە و مەشخەڵە ئاگرەکەی بەرەو خوارەوە گرتوە. کاوە هێمای پیت، سپیایی و بەرەکەتە و کاوەبەد هێمای شوومی و ڕەشی و نەحسی یە. ئەو دوو مەشخەڵدارە ئاماژەن بۆ سپینتە یان ژیان وئەنگەرە یان مەرگ.کاتێ میترا دەیەوێ دەرکەوتەی مادی و جەستەیی هەبێ وەک پەلەوەری مەهرو یان تاوس خۆی نیشان دەدات. بۆیە بە ئیکە تاوس یان یەکەم تاوس ناسراوە،تاوسەکانی دیکە بە زەردەشتیشەوە لە لایەن میتراوە سروشەکانی زوروان یان ئەهورامەزدایان پێگەییشتوە و ئەوانیش بە خەڵکیان گەیاندوە.

 

گەڕان بۆ بابەت