ما 1640 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەرۆخ نێعمەتپوور

ئەو قاتری دەویست نەک قاتر! دەستی بۆ میکرۆفۆنەکە برد،... لە میللەت گەیەنێ، ئەوەیکە لە نێوان قاتر و قاتر جیاوازی هەیە، ئەوەیکە قاتر پیاوکوژە و خەڵکی دەکوژێ و نیشتمان و شۆڕش و گەل بەر بادی فەنا دەدا، بەڵام قاتری دووهەم لە رەگەزی ئاژەڵە و باری پێ دەبەن و چەرخی ئابووریی وڵاتیی پێوە بەڕێوە دەبەن. 

 

پۆلیسیی دووجار نهێنیی سەرۆک

فەرۆخ نێعمەتپوور

هەواڵیان بە سەرۆک دا هەموو شوێنێکی وڵات پڕبووە لە سیخوڕ و جاسووسی دوژمن. وتیان تەنیا لە سنوورەکانەوە ئەمدیویان ناکەن، بەڵکو خەڵکێکی زۆریشیان لەناوخۆی وڵات کڕیوە. وتیان گەر سەرۆک رێگاچارەیەک نەدۆزێتەوە، ئەوا هەم نیشتمان و هەم شۆڕش لەبەر مەترسییەکی گەورەدان. هەموو شتێک لێکدەترازێ.

سەرۆک بە بیستنی ئەم هەواڵە و بە تایبەت ژنەڤتنی ناوی  نیشتمان و شۆرش، رەپ هەستایە سەرپێ. لەیەک چرکەدا هەموو مێژووی نیشتمان و شۆڕشی وەک فیلمێکی چەند چرکەیی هاتەوە بەرچاو. لەناو ژوورەکەدا بیرمەندانە ئەم سەراوسەرێکی کرد و، سەرئەنجام لەدووای ئەوەی پەنجەیەکی خستە سەر چەناکەی، وتی دەزگایەکی پۆریسی نهێنی دروست دەکەین (ماوەیەکە سەرۆک بەتووش نەخۆشییەوە بووەو وەک جاران پیتی 'ل' ێی بۆنایێت و لەجیاتی 'ل' دەڵێ 'ر'، هەمیشەیش رێی باریک نەک قەلەو). سەرۆک درێژەی دایە، ئا، پۆریسی نهێنی. گوتیان قوربان لەمێژە ئەم دەزگایەمان هەیە، رێکخراوێکی پان و بەرین، بەڵام بەویشەوە هیچمان پێ نەکراوە، وەک بڵێی بە نهێنیی کارەکانمانیان زانیووە، خوێندوویانینەوە. سەرۆک لەناو چاوانی رووانین و ئەوسا بە دەنگێکی کپ، بەڵام لە قووڵایی قورگەوە کە هەمیشە لە هەر مرۆڤێکدا نیشانەی ئیرادەیەکی بەهێزە، گوتی دەزگا دەزگا ناخوا، پۆریس پۆریسیش ناخوا،... . تەنیا شتێک کە سەرۆک بیری لێنەدەکردەوە ئەوە بوو کە بۆچی خەڵکێکی وەها زۆر ئامادەبوون خۆیان بە دەزگا سیخوڕییەکانی بێگانە بفرۆشن.

هەموو سەریان لە بلیمەتیی سەرۆک سووڕما.

ئەوسا رێکخراوێکی تر دامەزرا. لە چاوتروکانێکدا. کەس نەیزانی سەرۆک چلۆن کتوپڕ ئەو هەموو مرۆڤەی کۆکردەوە کە ئامادەبوون لە پێناوی نیشتمان و شۆرش دا هەرچییان لەدەست دەهات، فیدای کەن. بەتایبەت تەواو ئامادەی بە گژداچوونەوەی سیخوڕە نوێیەکان و پلانە تازەکانی دوژمن بوون. بەڵام کتوپڕ زانیان کێشەیەکی گەورەیان هەیە. ئەویش ئەوەی کە پۆلیسەکان کە دووجار نهێنی بوون (جارێک لەخەڵک و جارەکەی تریش لە پۆلیسەکانی دەستەی یەکەم)، هەڵدەکەوت کەس نەیاناسێتەوە و زۆر راحەت لە سەرۆک و لە دەسەڵات ون بن. سەرۆک لەمە یەکجار دەترسا. مەترسیی لەدەست چوونی سەرەداوی کار و رووداوەکان لەخۆ بێخۆی کرد. بۆیە دووای ئەوەی ئەم هەواڵەشیان دایە، ئەم سەراوسەرێکی ژوورەکەی کرد و لە دووای ئەوەی پەنجەیەکی دیسان خستەوە سەر چەناکەی، گوتی 'سیر'یان بدەنێ، بەهەر هەموویان. سیر؟ ئا، سیر، بەهەر هەموویان. بەم شێوەیە پۆریسی دووجار نهێنی نەک تەنیا دەبا لە کاتی قاوڵتی و نیوەڕۆ و شیو لەگەڵ خواردنەکەیان سیربخۆن، بەڵکو دەبا وەک گوڵەبەڕۆژە لەگیرفانیشیاندا بێت و تاوە تاوە یەک دووانێک بخۆن، بیکرمێنن، یاخود قوتی بدەن.

ئەوەندەی پێنەچوو هەموو وڵات بۆنی سیری گرت. کونە و کەلەبەر نەما بۆن نەگرێ. کووچە و کۆڵان، شەقام، چاخانە، مزگەوت، سەرتاشخانە، قوتابخانە و، دایرەکان،...هەتا دەگەیشتە سەربانی ئاودەست، ژێر تەختی خەوی ژووری نووستن، حەمام و تەنانەت باخچەکانیش، هەر هەمووی بۆنی قێزەونی سیر بوو.

خەڵکی کە لە پەیدابوونی لەنەکاوی ئەم بۆنە یەکجار ناخۆش و سەرئێش هێنەرە سەریان سووڕمابوو، سەرەتا هەوڵیان دا بە شۆردن و گوڵاو پڕژێنکردنی هەموو شوێنێک، ئەم گرفتە بڕەوێننەوە، بەڵام بێسوود بوو. بۆنەکە دەڵێی لە زەمین و زەمانەوە دەدەڵا، دەڵێی لە تان و پۆی هەموو 'بوون' دا جێی خۆش کردبوو، بگرە هەر دەڵێی دونیا بە هەموو شتەکانییەوە لەم بۆنە چێکرابوو. ئەوسا کە زانیان هیچ شتێک دادیان نادا، کۆبوونەوە و بڕیاریان دا رووبکەنە سەرۆک.

هەر لەو ماوەیەدا، واتە لەوکاتەوەی هەواڵەکەیان بە سەرۆک دابوو هەتا ئیستا کە خەڵکەکە بڕیاریان دابوو بچنە لای سەرۆک، لە زۆربەی شوێنەکانی وڵات، بەتایبەت لەو شوێنانەی هەست دەکرا بۆنی سیر یەکجار خەستترە، زۆر کەس بەشێوەیەکی نهێنی و سەیر کوژرابوون و تەرمەکانیان بێ سەروشوێن کرابوون. راستییەکەی ئەوە بوو شەڕێکی نهێنی تەواوی نیشتمانی گرتبووەوە. شەڕێک کە خەڵکی پێیان نەدەزانی. شەڕێک لە سێبەر و لە تاریکاییەکاندا، بە بێ جێ هێشتنی هیچ نیشانەیەک. ئەمە سەرۆکی یەکجار خەمگین کردبوو.

کە حەشیمەتەکە گەیشتنە بەرەوە. لە شوێنێک کە مەیدانێکی گەورە بوو، کۆبوونەوە هەتا سەرۆک هاتە بەر ئەو باڵکۆنە کۆن و جوان و لەمێژینەی وا ساڵانی ساڵ لەوێوە نوتقە گەورە و گرینگەکانی دابوو. ئەو باڵکۆنەی جاری وابوو لەوێوە بڕنۆکەی بە دەستێک (تەنیا بە دەستێک) گرتبوو و تەقەی لە ئاسمان کردبوو (سەرۆک جاری وابوو بە ئەنقەست بە بێ هیچ نیشانە گرتنێک تەقەی دەکرد. دەیگوت دوژمنانمان ئەوەندە زۆرن کە هەر چۆنێک تەقە بکەیت یەکیان هەر دەئەنگێویت! راستییەکەی ئەوە بوو سەرۆک دەی ئەنگاوتن. هەر رۆژەی لە شوێنێکی نیشتمان سەرەخۆشی و شین و رۆڕۆ بوو.)

بەڵام ئەو رۆژە بڕیار نەبوو هیچ نوتقێک بدا. هاتبوو تەنیا گوێ لە قسەی گەل بگرێت. ئەوسا گوێی لە گلەییەکان بوو. ئەوەیکە لەبەر بۆنی سیر، ژیان و خواردن و خەویان لێ حەرام بووە، ئەوەیکە هەناسەکێشان زۆر ئەستەمە و دەڵێی جەستەیان خەریک بوو لە ناوەوە دادەڕزا، تەنانەت باسی ئیشق بازییەکانیشیان کرد، ئەوەیکە دڵدار تەنیا بۆنی سیر دەدا و ماچەکەیشی وەها لێو دەگەزێ کە دەڵێی دووپشک پێتەوە دەدا. داوایانکرد سەرۆک هەرچی زووتر چارەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە و دیسان ژیان بگەڕێنێتەوە سەر دۆخی جاران.

سەرۆک کە دەیزانی خەڵکی تەنیا بە گشتی ئاگاداری وەزعی نیشتمان کراونەتەوە (کاتی خۆی لە خوتبەیەکدا باسی پیلانە نوێیەکانی دوژمن و گرینگی بەرپەچدانەوەیانی کردبوو) و، بە وردی ئاگایان لە شێوازی کارەکان نەبوو، پاش ئەم سەراوسەرکردنێکی باڵکۆنەکە و لە دووای ئەوەی پەنجەیەکی خستەوە سەر چەناکەی، وتی ئەم دۆخە ناهەموارە تەنیا بە یەک شت چارەسەر دەکرێ، ئەویش گرتن و بەسزا گەیاندنی قاترەکان! خەڵکی کە لەم وەڵامە سەریان سووڕمابوو، بە تەعەجوبەوە لەیەکتریان رووانی. "قاتر!" ئا، قاتر، ئەم بۆنی سیرە تەنیا بە گرتن و کوشتنی قاترەکان کۆتایی دێ، ئێوە دەبێ هاوکاریی نیشتمان و گەل و شۆرش بکەن!  سەرۆک ئەمەی گوت و ئیتر لە چاوان ون بوو.

ئەمری سەرۆک دەم بە دەم و گوێ بە گوێ هەموو نیشتمانی گرتەوە. هەموو وڵات بۆ رەوینەوەی بۆنی ناخۆش و بێزارکەری سیر، کەوتنە گەڕان بە شوێن قاترکان و کۆکردنەوەیان و تەحویل دانیان بە سەرۆک. ئەوەندەی نەخایاند لە سەرتاسەری وڵاتەوە هەرچییان دەست کەتبوو، کۆیان کردنەوە و بەرەو مەیدانی بەر باڵکۆنەکەی سەرۆک وەڕێیان خستن. هەواڵە خۆشەکە بە گوێی سەرۆکیش گەیشت. هاوڕێیان وتیان کە لە هەموو شوێنێکی نیشتمانەوە قاترە نگریسەکان بە دەستی بەهێزی گەل گیراون و خەریکن بەرەو ئێرە دەیانهێنن، وتیان جارێکی تر دوژمن لە بەر دەم قەڵای بەهێزی شۆڕش چۆکی داداوە و دیسان سەرکەوتنێکی تر وەک هەمیشە تۆمارکراوە.

سەرۆک بە بیستنی ئەم هەواڵە فرمانی دەرکرد کە مەیدان و باڵکۆنەکە جوان جوان بە هەر شێوازێکی کە دەستی دەدا بڕازێننەوە، ئەوسا لەبەر خۆیەوە گوتی کە رەنگە ئەم رۆژە بکا بە رۆژێکی نەتەوەیی، رۆژێکی سووری نەتەوەیی کە خەڵک تەنیا شایی تیا بگێڕن و نەچنە سەر کار. بەس شایی.

پاش ئەوەی سەرۆک جوانترین جلەکانی لەبەر کرد و خۆی بۆ نوتقێکی گرینگ ئامادە کرد، لەو پێنج جادەوە وا دەهاتنەوە سەر مەیدانەکە، هەواڵ هات جەماعەت بەڕێوەن و خەریکن دەگەن. سەرۆک لە دوورەوە چاوی لەو رەشاییە بوو کە وەک مار دەبزوا، دەخشا و هەتا دەهات نزیک و نزیکتر دەکەوتەوە. سەرۆک کە باوەڕی نەدەکرد دوژمن خاوەنی ئەوەندە قاتر و سیخوڕ و پیاوکوژ لەم نیشتمانەدا بێت و، ئەوەندە ئاسان بە دەستی بەهێزی گەل بەداوەوە بن، لە پان و بەرینیی رەشاییەکە ترسێک دایگرت. ترسی زۆرتر بوونی زیندانی لە پاسەوان. هەربۆیە هەستایە سەر پێ و چووە سەر باڵکۆنەکە (ئەمە بە پێچەوانەی نەریت بوو. ئەو دەبوایە یەک جار و ئەویش تەنیا بۆ خوتبەدان لەوێ خۆی پیشان بدات). سەرۆک لەوێوە سەیری بەرزایی شوێنەکەی خۆی کرد. دە میتر دەبوو. بەو پاسەوانانەوە لە خوارەوە لەبەر دەمی دەرگای بیناکەدا کێشکیان دەدا. بەڵام سەرۆک هیشتا دڵنیا نەبوو. هەستی کرد ئەوەی کە نابێ بقەومێ، گەر رۆژێک بقەومێ، ئەو چەندە دەتوانێ بێ پەنا بێ. درەنگ بوو، تازە چار نەبوو. باشتر وابوو خۆی بداتە دەست قەدەر و چاوەڕوان بێت. بە گوێرەی ئەزموونی ژیانی دەیزانی جاری وایە مرۆڤ (بە خۆیشییەوە) زیاد لە رادە شتەکان زل دەکاتەوە. بۆیە دیسان ئەم سەراوسەرێكی ژوورەکەی کردەوە و، پەنجەیەکی خستەوە سەر چەناکەی و داوای لێوانێک ئاوی سارد ساردی کرد.

حەشیمەتەکە گەیشتە مەیدانەکە. سەرۆک بە پێچەوانەی جاران هەستی کرد گوێی لەو دەنگە تایبەت و ئاشنایەی جاران نیە کە بە هۆی زۆریی خەڵک لە شوێنێک چێدەبێ، هەروەها گوێی لەدەنگی ئەو هەنگاوانە بوو کە جیاوازبوون لە دەنگی هەنگاوەکانی جاران. چ قەومابوو؟ نەکا قاترەکان و سیخوڕەکانی دوژمن لە جنس و رەگەزێکی تر بن؟ بێگومان وەهایە. ئەی ئەوە نیە چەندە دۆزینەوەو گرتیان دژوار بوو!

ئەمر دەرکرا. پەردەکانیان لادا و سەرۆک بە کەش و فشەوە هاتە سەر باڵکۆنەکە. وەک هەمیشە دەستەکانی بەرزکردەوە و چاوەکانی بچوک و لە قوڵایی حەشیمەتی بەردەمی رووانی، لەو جۆرە رووانینانە کە هەمووان بە بێ ئەوەی کەسێکی تایبەتیان تیا گوڵبژێر بکا، دەبینێ. نیگایەک وەک نیگای خودا، ئاراستەیەک بەرەو گشتییەت، شتێک وەک خودی نیگا بە بێ شتێک تێیدا بۆ بینین، شتێک وەک لەوێ بوون تەنیا لەبەر ئەوەی لەوێ بی. ئەوسا بە سەرسوڕمانەوە لە جیاتی خەڵک، لەجیاتی جەماوەری جاران، دەریایەک قاتری بینی نەک قاتر! قاترەکان لمبۆزیان بە پاشەڵی یەکترەوە نابوو و تێکچڕژابوون. گەر ئەوەی دوواوە دەرفەتی بدایە، کلکێکیان هەڵدەسووڕاند و دیانەکانیان دەردەخست (پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانە). ئەوسا ئەو دەریایە لە مێشوولە و مێش کە بە سەر سەریانەوە ئاسمانی مەیدانەکەی لێڵ کردبوو. وەک ئێوارە. سەرۆک کە لەم گاڵتەجاڕییە نەدەگەیشت بە سەرسوڕمان و تەعەجوب و تووڕەییەوە سەیری هاوڕێکانی کرد. نیگای هاوڕێیان ئاسایی بوو. ئاە، کەس تێنەگەیشتبوو! ئەو قاتری دەویست نەک قاتر! دەستی بۆ میکرۆفۆنەکە برد بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەرکی سەرۆکایەتی خۆی بەجێ بگەیەنێ و لە میللەت گەیەنێ، ئەوەیکە لە نێوان قاتر و قاتر جیاوازی هەیە، ئەوەیکە قاتر پیاوکوژە و خەڵکی دەکوژێ و نیشتمان و شۆڕش و گەل بەر بادی فەنا دەدا، بەڵام قاتری دووهەم لە رەگەزی ئاژەڵە و باری پێ دەبەن و چەرخی ئابووریی وڵاتیی پێوە بەڕێوە دەبەن. دوو قاتر کە یەکجار جیاوازییان هەیە. بەڵام ئەوەیکە چۆن ئەمە لە خەڵک بگەیەنێ،... ئارام سەری هەڵبڕیەوەو لە رەشاییەکەی بەردەمی رووانیەوە. ئەوجا دیسان ئەم سەراوسەرێکی باڵکۆنەکەی کردەوە و دووای ئەوەی پەنجەیەکی خستەوە سەر چەناکەی، بە دەنگی بەرز بە قاترەکانی گوت، خۆشحاڵم بەوەی دەتانبینم، سەرۆکی چاک ئەو کەسەیە وا سەرۆکی هەموو بەشەکانی نیشتمانە،... ئەوەی وا دەتوانێ هەموو دەرفەتێک بکا بە دەرفەت! دەمەوێ پێتان بڵێم کە نیشتمان و شۆڕش لەبەر دەم مەترسییەکی گەورەدایە و هەر بۆیە پێویستمان بە یارمەتی هەموو کەس و هەموو شتێکە، ئەرکی ئێوە دۆزینەوە و تەسلیم کردنی قاترەکانە، هەتا ئەم نیشتمانە لە قاترەکان پاک و خاوێن نەکرێتەوە نابێ هەدا بدەین،... بۆمان نیە پشوو بدەین، دوژمن... .

قاترەکان لەتاو مێش و مێشوولەکان و لە تاو بێ جێگایی تەنیا پێیان دەکرا گەردن بکێشن، سەر بەرزبکەنەوە و ریزی سپیی دیانەکانیان دەربخەن، بەو چاوانەوە لەوانە بوو لە خانی چاوەکانیان بێنە دەرەوە.

سەرۆک بۆ یەکەمجار دووای ساڵانی ساڵ هەستی خۆشی سەرکەوتن رووی تیکردەوە. ئەو ئەمجارە ئیتر دڵنیا بوو کە دەتوانێ قاترەکان بگرێ.

 

 

گەڕان بۆ بابەت